تاوانەکانی بازرگانی بە مرۆڤەوە لە عێراق ڕوو له‌ زیاد بوون ده‌كات

بەغدا- محەمەد جبوری

هەندێک لە کاربەدەستانی عێراقی دەڵێن، لەمدواییانەدا لە ئەنجامی داگیرکارییەکانی ئەمریکا و هێرشی چەتەکانی داعش و زیادبوونی هەژاری لەپاڵ نەبوونی یاسا و زیادبوونی گروپە چەکدارەکان و هەروەها گەندەڵی، تاوانەکانی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە لە عێراق زیادیان کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکاری زیادبوونی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە بۆ ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە دەگەڕێنێتەوە کە لە عێراق ڕوودەدەن کە دەستدرێژی سێکسی، بەکارهێنانی منداڵان و کۆیلەکردنی ژنان و کچان بەدەستی گروپە چەکدارەکان، هەروەها بەکارهێنانی منداڵان لە کردەوە چەکدارییەکان و ناچارکردنیان بە سواڵکردن لەناو کۆچە و کۆڵانی شارەکان، بەشیکن لەو تاوانانە.

دەزگا ئاسایشییەکانیش هەندێک جار ڕایدەگەیەنن کە گروپێکیان گرتووە کە بازرگانییان بە مرۆڤەوە کردووە لەناو یانە شەوانەکاندا، بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی کە بۆ ڕۆژنیوزی باس کردووە؛ دەستی هەندێک لە کاربەدەستانی باڵای حکومەت دەستیان لەم بازرگانییە مەترسیدارانەدا هەیە.

هەر ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە کە ژمارەی ئەو گروپانەی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەکەن لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ١٤ تۆڕ.

لەمبارەیەوە قوسەی عەباس ئەندامی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕۆژنیوزی وت: بازرگانی بە  جەستەی مرۆڤەوە لە وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەمە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە و پێویستە بەپێی یاسا بکەرانی سزابدرێن.

هاوکات عەباس دەڵێت؛ کەسانێک کە بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەکەن، لە دۆخی هەژاری و ئاڵۆزیی دارایی سوود وەردەگرن، گومان هەیە کە کەسانی پلەبەرز لە پشت ئەو تاوانانەوە بن.

عباس داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات کە هەڵمەتەکانیان دژی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤ، فرۆشتنی کچان و یانە شەوانەکان، بەرفراوان بکەن تا ڕێگە لەم دیاردەیە بگیرێت، چونکە کاریگەریی نەرێنی و قورسی لەسەر کۆمەڵگای عێراق دەبێت.

ناوەندی چاودێری قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤەوە لە عێراق، لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا تۆماریکردووە؛ “١٣ تاوانی بازرگانی بە مرۆڤەوە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە تۆمار کراوە کە بریتین لە بازرگانی بە منداڵانەوە بۆ سواڵکەری لە بازاڕەکان، بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و بەکارهێنانی ژنان لە تۆڕەکانی کاری سێکسی.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە: دەڵاڵ، بازرگان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو حکومەت دەستیان لەو تۆڕە بازرگانیانەدا هەیە و سوود لە دەسەڵاتیان لەناو دەزگا ئەمییەکان وەردەگرن.

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاشکرایدەکات کە سێ تۆڕی بازرگانی بە مرۆڤەوە لە بەغدا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، قوربانییەکان پەلکێش دەکەن کە لەلایەن دەڵاڵەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، تا ئەندامێکی جەستەی ئەو قوربانیانە بە پارەیەک بە بڕی ‘حەوت بۆ ١٠’ ملیۆن دیناری عێراقی (شەش بۆ هەشت هەزار دۆلار) بکڕن، لەو پارەیەش قوربانییەکە تەنیا ١٠٪ی وەردەگرێت.

لایەنێک کە خۆی بە “پشتیوانی پزیشکی” دەناسێنێت، بەڵێنی دۆزینەوەی بەڵگە ناسنامەیی ساختەکانی بریکاری ساختەی داوە، کە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی ئەندامی جەستەی مرۆڤەکان دەکات بە وەرگرتنی بڕی سێ بۆ پێنج ملیۆن دیناری عێراقی، هەروەها بەکارهێنانی ژنان لەناو کارە سێکسییەکان ئەوەش لە بەرامبەر پارەیەکی زیاتر.

بەم بۆنەشەوە دامودەزگاکانی حکومەت، یاسایەکیان لەدژی بارزگانی بە مرۆڤەوە بە ژمارەی ٢٨ لە ساڵی ٢٠١٢ دەرکرد کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکرا.

سەرەڕای پەسەندی ئەم یاسایە و دەستنیشانکردنی ڕێبازی چاودێری و سزادانی، بەڵام دۆخەکە پێچەوانەیە و ئەو تاوانانە زیاد دەبن، لە دەستپێکی مانگی ١ی ٢٠٢١ـدا ئاژانسی هەواڵگێری سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە گروپێک بازرگانی مرۆڤیان لە پارێزگای واست دەستگیرکردووە.

لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەندامانی ئەم گروپە، دانیان بەوەدا نابوو کە ١٧ کردەوەی بازرگانییان بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە لە پارێزگای واست ئەنجامداوە، هەروەها پەیوەندیدار بەم گروپەوە، تۆڕێک لە بەغدا هەبوو کە مانگی دووی ئەمساڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاند کە ئەندامێکی ئەو تۆرەیان دەستگیر کردووە، لە کاتێکدا هەوڵیداوە چەند کچێک لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا بفرۆشێت.

بەپێی سەرژمێریی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، بەغدای پایتەختی عێراق لە تاوانەکانی بازرگانی  بە مرۆڤەوە لە ئاستی یەکەمی پارێزگاکانی عێراق دایە، دوای ئەویش هەولێر، سلێمانی، دیوانیە و بابل دێن

هەروەها چێکی بکە

سلێمانی: ئێوارەخوانێک ڕێکخرا

  لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، ئێوارە خوانێک چەندین خێزان و ماڵباتی کۆکردەوە. ئێوارەی دووشەممە ٢٥/٤/٢٠٢٢بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *