شەهید سهيل خورشيد عزيز کێیە؟

ئا/ سەرکەوت پەرێشان

 

شەهید سهيل خورشيد عزيز کێیە؟
-لەدیارترین کەسایەتیە کاریگەرەکانی شاری کفری لە سەدەی ٢١دا.
ناوی ناسراوی (مامۆستا شەماڵ کفری)
ناوی تەواوی(سهیل خورشید عزیز عبدالرحمان)

بنەڕەت_و_ڕەچەڵەکیان.
خانەوادەی (مامۆستا شەماڵ) بنەچەیان خەڵکی گوندی (کانی گۆمە)ن لەناوچەی سلێمانی.
ڕەچەڵەکی خانەوادەکەیان لە تیرەی (مرالی – مراد علی) عەشیرەتی گەورەی (دەلۆ)ن نزیکایەتیان لەگەڵ تیرەی (زۆڵفا)یشدا هەیە.
لەسەردەمی باپیرە گەورەی مام (ئەوڕەحان) کاروانچی و بارزگان بووە ، بەو هویەوە خانەوادەکەیان ساڵی ١٨٩٦ هاتووەتە شاری کفری ، ئێستەیش لەزهنی خەڵکە دێرینەکەی شاری کفری باپیرەی بە (ئەوڕەحمان کاروانچی) ناوبانگە.

لەڕووی_خێزانیەوە.
(مامۆستا شەماڵ) لەساڵی١٩٦٠ لەکفری لەدایك بووە ، کوڕی بنەماڵەیەکی کوردی ڕەسنە باوکی (مامۆستا خورشید) مامۆستا و پەروەردەکارێکی دێرێنی شارەکەیە ، دایکی پورە (شوکریە امین چاوش) لەعەشیرەتی ڕۆژبەیانیە.
پێنج خوشک دوو برا بوون ، ساڵی ١٩٨٧ ژیانی هاوسەرگری پێکهێناوە.

لەڕووی_کۆمەڵایەتیەوە.
(مامۆستا شەماڵ) پیاوێکی سەلار و سەنگینی شار بوو ، زمان شیرین و لەسەرخۆ و هێور بوو ، زۆر ڕێزی بەرامبەری دەگرت ، ئامادەبووی زۆربەی کۆڕ و سیمنار و کوبوونەوە جەماوەریەکانی شار بوو. کەسایەتیەکی پەسەندی هەموو چین و توێژەکانی شار بوو.

لەڕووی_ڕۆشنبیری_مەعریفیەوە
بەگشتی بنەماڵەی مام (عەزیز ئەوڕەحمان) بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و خوێنەوارن بڕوانامەی باڵایان هەیە. لەنایاندا خودی (مامۆستا شەماڵ) ساڵی ١٩٦٦ خراوەتە بەرخوێندن ، قۆناغەکانی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەیی لەشاری کفری تەواو دەکات ، ساڵی ١٩٧٨ لەکولێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی زانکۆی بەغداد وەردەگیرێت پاشان ساڵی ١٩٨٢ دەبێتە هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاری کشتوکاڵی ، لەساڵی ١٩٨٣ وەک ئەندازیاری کشتوکاڵی دادەمزرێ لە قەزاو ناحیەکانی سنوری پارێزگای دیالی دەوام دەکات ، لەدوای ڕاپەرینەوە ، لە بەڕێوبەرێتی کشتوکاڵی کفری دەمێنێتەوە ، تا ڕۆژی شەهیدبوونی.
زمانی کوردی و عەرەبی و تورکی بەباشی زانیوە.

بەرهەمەکانی.
(مامۆستا شەماڵ) لەسەر ڕۆشنای پسپۆڕیەکەی شارەزاییەکی باشی هەبوو لە جوگرافیای ناوچەکە و بەخوێندنەوەی قوڵی بۆ گۆڕانکاری خاکی کوردستان و شوێاندنی سنورەکانی کوردستانی گەورە ، لەم پێاوەدا لێ بڕاوانە شاندەداتە بەر خەمێکی گەورە ، دەست دەکاتە کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمێنتە مێژوویەکان ، هێندە ورد و لەسەرخۆ کاری دەکرد هیچ کەس توانای ڕەخنە گرتنی نەبوو لە نوسینەکانی ، پاشان لەدەیەی دووەمی سەدەی ٢١ وە وەک مێژوو نوسێکی شارەزا دەرکەوت ، چەند کتێبێکی گەیاندە چاپ، شاڕەزایەکی لێزان بوو لە مێژووی قۆناغی نوێ و هاوچەرخی جیهان و کوردستان و وڵاتانی دەروبەر لە سایتەکان و ڕۆژنامەکان سەدان ووتار و لێۆڵینەوەی مەیدانی کشتوکاڵی و جوگرافی و مێژووی بڵاو کردوەتەوە ، خاوەنی (١١) بەرهەمی چاپکراوە ، لەگرنگترینیان
-ئەتڵەسێکی پێنج بەرگی دیاری کردنی سنوری کارگێڕی پارێزگای کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان تێیدا بەڕوونی نەخشەی سنوری ناوچە تەعریبکراوەکانی کێشا بوو.
-صفحات من تاریخ کفری
-ئابوری ناوچەی کفری
-کێشانی نەخشەی سنوری ئیدارەی گەرمیان
-نەخشەی ڕاکێشانی ئاوی بەنداوی باوەشاسوار بۆ زەویه کشتوکاڵیەکانی دامێنی دەربەنتاڵه.
-دروستکردنی دیزاینی نمونەی بازاڕی قەیسەری کفری لەگەڵ هاوڕێی خۆی کاک (حەمە سۆران مامۆستا غازی سالار) بەشێوەی پلاستیکی.
-پێشکەش کردنی چەندین پرۆپۆزڵی گرنگ بە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ چارەسەری کیشەی کەشتیارانی کوردستان
-چەندن توێژینەوە و سمیناری گرنگی ئەنجام داوە.
-بەرهەمی ئامادەکراوی چاپنەکراوی لەبەردەستا بوو.

لەڕووی_هەستی_نەتەوایەتیەوە
تەواوی خانەوادەی (مامۆستا شەماڵ) واتە بنەماڵەی مام (عەزیز ئەوڕەحمان) هەموویان نیشتیمان پەروەر و پشتیوانی شۆڕشی کوردی بوون و هەن ، خاڵین لە خانەت و جاسوسی و جاشێتی دژی نەتەوەی خۆیان ، هەرگیز ڕۆژێ ئەندامێتی بەعسیان قەبوڵ نەکردووە ، باوکی (مامۆستا خورشید) هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شاوروانی کفری بوو ، خودی (مامۆستا شەماڵ) بەشداری کارای لە جوڵانەوەی سیاسیدا هەبووە.
-ساڵی ١٩٩٥ ئەندامی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بووە
-ساڵی٢٠٠٥ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی چارەسەر بووە
-ساڵی٢٠١٢ ئەندامی جوڵانەوەی هاوڵاتی ئازاد و یەکسان بووە.
-ساڵی ٢٠١٤ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادیی و هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی  بووە ، پاشان ئەندامی مرۆڤێکی ئازادی خواز و نیشتیمان پەروەردەر بوو.

خەونەکانی
(مامۆستا شەماڵ) خاوەنی خەون ڕۆئیایەکی زۆر مەزن بوو ، خەونی هەمیشەی نەهێشتی گەندەڵی و ڕادەست کردنی دەسەڵات بە دەستێکی پاك و پارێزراو بوو ، خەونی هەمیشەیی تێکدانی نەخشەی نەگریسی سایکس بیکۆی ١٩٢٠ و یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە بوو ، کەتێدا کورد ببێتە خاوەنی کییان و خاک و ئاڵای خۆی ، لەم ڕاستە ڕێگەیدا بەتەنهای ببووە جەمسەرێکی گەورەی خەباتی کوردایەتی و هەمیشە خەمی سەرەکی هۆشیارکردنەوەی دەوروبەرەکەی بوو لە ناسینی دوژمنانی کورد ، لەم پێناوەدا ببووە قوتابخانەیەکی ڕاستەقینی کوردایەتی بۆ کوردی ویژدان زندوو ، هەربۆیە خەڵکی هۆشیار ئیتر لەوە تێگەیشتبوون کە بەرەی کوردایەتی واتە ڕێگەکەی مامۆستا شەماڵ.
ئەم زاتە مەزنە هەرگیز و هیچ کات سڵی نەکرد لەگەیشتن بەئامانجە باڵاکانی خۆی.
بیری وردی کوردی خۆی کارخانەی موشەک و پێنوسەکەی پڕ باروت بوو گلولەی کوردایەتی بوو هەمیشە تۆپخانەی سەنگەری کوشتنی دوژمنانی کورد بوو ، هەر بۆیە نوسینەکانی و مەبدەئی پیرۆزی چاوی دوژمنانی گەلەکەمانی تار کردبوو و ڕۆژگاریانی کردبووە شەوە زەنگ ، بۆیە بەپەلانێکی ترسنۆکانەی ڕەش ، لە ڕۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ دوو کەس لەدەرەوەی شار بە چاوساغی و ڕێگەخۆشکردنی خاک فرۆشان و جاشەکانی شار لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە قیزەوتنرین و دڕندانەترین شێوە تــ،یــ،ــرۆری یان کرد.
ئەوپەڕی شەرمەزاریە بۆ بەرپرسانی سنورەکە ، نەیانتوانی مەراسیمێکی شایستەی بەخاک سپادنی بۆ ساز بکەن و ئامادەی پرسەکەیشی نەبوون
لەپاش خۆی ئەوەی ماوەتەوە بۆ ئێمه قوتابخانەیەکی هزری ناسێونالیستی پاکی کوردانە و هاوژینەکەی و چوار گۆڵی باخی کوردایەتیە بەناوی (مامۆستا ماردین ، مامۆستا ڕەنج ، کاکە کاوە ، کاکە ئامەد). هەر لەناوی مناڵەکانیەوە ڕوحی کوردایەتی ئەم خانەوادەیە دەبینین.
لە ئێستەدا. خانەوادەکەیان سەروی (٥٠٠) کەسن.

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *