بۆ رای گشتی

لە چوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی، رێبەر و دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری ئێراق، سەری رێز و نەوازش بۆ بیرەوەری بەڕێزیان دادەنەوێنین و پابەندبوونی خۆمان بە رێبازی ئازادیخوازی و نیشتمانپەرەوەرییان دووپات دەكەینەوە.
لە مێژووی هەر نەتەوەییەكدا كەسانێك دەردەكەون كە بە زانابوونی مێژوویی، لێهاتوویی سیاسی و هەڵویًستی شۆڕشگێڕی مۆركی خۆیان لە رووداو و پێشهاتەكان دەدەن و دەبنە بەشێك لە ناسنامە و مێژووی ئەو نەتەوەیە. سەرۆك مام جەلال تاڵەبانیش ئەو كەسایەتییەیە كە بە زیاتر لە نیو سەدە خەبات و تێكۆشان لە پێناو ماف و ئازادییەكانی گەلی كورددا شوێنپەنجەی لە سەر دەسكەوتەكانی هەر چوار بەشی كورستان و بە تایبەتیش باشووری كوردستان دیارە. هەر لەم پێگەیەوە توانی لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوین و ئێراقیش ببێتە ناونیشانی پێكەوەژیان، ئاشتی، دانۆستان و چارەسەری كێشەكان. ئەو دۆستایەتی و هاوڕێیەتییەی كە لە نێوان سەرۆك مام جەلال، رێبەر ئاپۆ و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەددا بونیادنرا بوو بە هەوێنی یەكێتی نەتەوەیی گەلی كورد لە هەر چواربەشی كوردستان و دەسكەوتی مەزنی نیشتمانی و دیموكراتی لێكەوتەوە كە تا ئێستاش هەر بەردەوامن. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا كە دوژمنانی گەلی كورد هەوڵی لەناوبردنی دەسكەوتەكانی گەلی كورد دەدەن، پابەندبوون بە میراسی شۆڕشگێڕی، نەتەوەیی و نیشتمانپەرەوەری ئەم دۆستایەتییە كلیلی تێپەڕبوونە لە قەیرانەكان و بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكان.
لە چوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلالدا بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆمانی دەزانین كە بۆ خاوەن دەركەوتن لە میرات و بیروەرەی ئەو سەركردە مەزنەی گەلەكەمان پەرە بە تێكۆشانی یەكێتی نەتەوەیی و خۆڕاگری لە دژی داگیركەران بدەین و لەسەر بنەمانی ئاشتی و دادپەرەوەری و یەكسانی ژیانێكی ئازاد و دیموكراتی لە هەموو كوردستاندا بونیاد بنێین. هیوادارین كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پشتبەستن بە میراتی نەتەوەیی و دیموكراسی سەرۆك مام جەلال بتوانێت بەهێزتر لە جاران لە سەر گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان و ئێراق رۆڵ بگێڕێت.

لەگەڵ رێزدا

كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK
03.10.2021

هەروەها چێکی بکە

زیندانەكانی سروشت و ژینگە لە هەرێمی كوردستان

ئەبوبەكر مەجید چەند ناشیرین و جێگەی داخە! ئەو هەموو دار و گوڵ و گەڵا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *