لەتەنیشت ھەرداگیرکارییەک خیانەتکارییش ھەیە

خالید مستەفا

 دەوڵەتی تورک، سی ساڵ زیاترە، لە رێگەی تۆڕە جاسوسیی و پەروەردەیی و ئابوریی و راگەیاندنەکانیەوە زەمینەسازیی دەکات، بۆ داگیرکاریی و تێکدانی زھنیەتی تاکی کورد، بەتایبەت لەم بەشەی باشوری کوردستان. ھاوکات دەسەڵاتی بنەماڵەگەریی بەرژەوەندییخواز و مشەخۆریش وەک بەشێک لە دامەزراوەی شەڕی تایبەت، ھاندەر و ھاوکار بووە، بۆ ئەو پرۆژە داگیرکارییە و بەشێک بووە لەئامرازی جێبەجێکردن، وەک بێھیواکردن و بێ پەروەردەکردن و تێکدانی کولتوور و فەرھەنگی رەسەن و ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی و کوردەواریی. لەو چوارچێوەیەدا ھەموو کار ئاسانیی و هاوکاریییەکی پێشکەش کردون و دەرگای واڵاکردووە، بۆ ئەوەی بەسەدان و ھەزاران کوڕ و کچی کورد لە فێرگەو دامەزراوە کانی داگیرکارییدا بەو پرۆسەیەدا براون، ئێستا بەشێکیان لێ بوونەتە فەرخە جاسوس و جۆرە بوونەوەرێک ھەموو شتێکیان پێ باشە تەنھا کوردبوون و کولتوور و ھونەر و بەرھەمی کوردیی نەبێت!؟ بەرھەمەکەی ئەو، تاکە دابڕێندرا و داشۆراوەیە نەمێژوو، نە کولتوور و رەسەنایەتیی خۆی ناناسێت، بە شێوەیەکە بۆ ھەموو خراپەکاریەک کراوە و ئامادەیە، تەنھا لەگەڵ خۆیدا ناکۆک و ناتەبایتە! لە ئێستا دا ئەو نەوەیە، ساختار(پێکاهاتە)ی ئەو دەسەڵاتە وابەستەیە پێکدێنێ و خۆراکی مانەوەی پێ ئەدات، بۆیە سیخوڕییکردن، هاوکاریی کردنی داگیرکەران لەلای نیشتمانپەروەرییە، تاڵانییی و گەندەڵییی و مشەخۆریی، لای ئەو زانایی و دڵسۆزیی و ئازایەتییە!

 ئەو بێدەنگیی و بێ ھەڵوێستییەی ئێستا ھەیە لەبەرامبەر داگیرکاریی، لەبەرامبەر خیانەت و ملھوڕیی سیاسیی، گەندەڵیی و تاڵانیی بەشێکە لەو دەرئەنجامە تراژیدییە کە گوزارشت لەو تاکە بێھۆشکراوە دەکات، لە بەرامبەر مافەسەرەتاییەکانی خۆی و دەستدرێژیەکانی داگیرکەر بۆسەر خاک و کەرامەت و مرۆڤبوون و کوردبوونی! ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەی ئێستا کە لە مێژووی سیاسیی ئێمە دا ھاوشێوەی نەبووە، کۆمەڵگەی بە ئاقارێکی زۆر مەترسییداردابردووە، ئاستی تێگەی کۆمەڵگەی ئەوەندە داڕوخاندوە! ئامادەیە ھەر ھێز و حکومەتێک قبوڵ بکات، تەنھا ئەوەی خۆی نەبێت کە ھەر بە رەنج و خوێنی خۆی دروستی کردووە!

مێژووی سەد ساڵی تورکیا، بۆ دژایەتیی دۆزی کورددان ئاشکراو روونە، پێویستی بە شرۆڤەکردنی زۆر نییە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی عەدنان مەندەریس-ەوە هەتا باخچەلیی و ئەردۆغان، یەک درووشم دەڵێنەوە: “یەک دەوڵەت، یەک میللەت، یەک ئاڵا، یەک زمان” یان کوردی باش ئەوکوردەیە کە مردوە، بە وشەی کورد و کوردستان دونیایان لێ تاریک دادێت، چاویان بە ئاوەدانیی و جوانیی کوردستان و سروشتەکەی ھەڵنایەت!؟

پێویستە ھەر تاکێکی ھۆشیاری کورد، ئەو راستییانە باش ببینێت و لە دەوری ئەو حەقیقەتە دا خۆی بۆ رووبەروو بوونەوەی فیکریی و کولتووریی و پەروەردەیی هەتا سەربازیی ئامادەبکات.

داگیرکاریی ئەمجارە، ھەر درووستکردنی پشتێنەی ئەمنیی نییە؟ ھاتنی سەدان تانک و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا، ھەر ھێرشی سەربازیی و سیاسیی نییە؟ تەنھا بریتی نییە لە چۆڵکردنی گوندەکان و سوتاندنی دارستان و تێکدانی ژینگە! زۆر لەوە گەورەتر و ئامانجدارترە!

ھێرش و داگیرکاریی فاشیزمی تورکیی، بۆسەر ئەو ناوچە گرنگانەی کوردستان، چیاکانی زاگرۆس لە سنوری باکور و باشور و تا زنجیرەی چیاکانی قەندیل، بۆ لێدانە لە رۆحیەتی شۆڕشگێڕیی و بەرەنگاریی، بۆ لێدانە لە ھزری ئازاد و ئازادیی ژن، بۆ داگیرکردنی سەرچاوەی سروشت و ژیان و ژیاری ھەزاران ساڵەی کورددانە. لێدانە لە ھزری سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و خۆبەرێوەبەریی و پێکەوەژیانی گەلان کە لە ھیچ سەردەمێکدا کورد خاوەنی ھزرو ھێزی ئەوها تۆکمە و خاوەن پرۆژە نەبووە کە ئەمڕۆ گەریلای ئازادیی نوێنەرایەتیی دەکات و دەی پارێزێت، سەدان و ھەزاران ساڵ پێش ئێستاش جەنگاوەرانی کورد، ئەو ناوچانەیان لە سوپا داگیرکارەکانی و ئەسکەندەری مەکەدۆنیی، سوپاکانی فتوحات و مەغۆل ھەر پاراستووە، ھەر بۆیە گەلی کورد دوای ئەو ھەموو کۆمەڵکوژیی و پیلانگێڕیی و گەلەکۆمە جیھانییانە و خیانەتکارییە ھەر بەردەوامە و پێشەنگایەتییش بۆ ژیانی ئازاد دەکات، ھۆکار ئەوەیە ھەمووان بێدەنگن لە ئاستی ناوخۆ و هەتا ھەرێمیی و جیھانیی لە راستییانەوە بۆ ئەو سەری چەپی دونیا، ئەوەی دژی ئەو ھێرشانەیە تەنھا ویژدانی مرۆڤایەتیی و رۆحی کوردی ئازادە کە ئەمڕۆ ھێزی گەریلای ئازادیی کوردستان، نوێنەرایەتیی دەکات و رووبەرووی دەبێتەوە، بۆیە ھەر گرووپێک یان حیزبێک پێیوابێت بەلاوازکردن و لە ناوبردنی گەریلا سەرئێشەی لەکۆڵ دەبێتەوە، لە کورت بینیی و گەمژەیی زیاتر نییە، گۆرەپانەکانی ئێستای شەڕ سنورەکانی باکور و باشور و چیاکانی زاگرۆس و زنجیرەچیاکانی قەندیل کە قوڵایی ستراتیژیی پاراستنی نەتەوەییمانە، پاراستنی و بەرگریی لێکردنی ئەرکی ھەر تێکۆشەر و ئازادییخوازێکی نیشتمان پەروەرە.

سەد ساڵە، ھیچ داگیرکەرێک نەگەیشتۆتە ئەو جوگرافیا گرنگە، نەوەک ھەر لە رووی ستراتیژیی و ئاسیشی نەتەوەیی، بەڵکو لەرووی ھاوسەنگیی ژینگەیی و خۆراکەوە ھەزاران ساڵە بۆ کورددان قەڵا و گۆڕەپانی پشتەوەی ژیان و مانەوە و بەردەوام بوونیەتی لەبەرامبەر ھەموو ھێرش و داگیرکاریی سوپا دڕندەکان.

هەروەها چێکی بکە

بۆ دووەمین ساڵیادی شەهیدی پێشەنگ مامۆستا شەماڵ

سەید خالید سەرەتا لە کەسەیەتی شەهید مامۆستا شەماڵدا، بەرێزو وەفادارییەوە سەرجەم شەهیدانی رێی ئازادیی کوردستان، …