سه‌ردار ستار
بەشی یەکەم
وه‌ڵامێك بۆ كۆڕه‌كه‌ی د.بورهان یاسین
پێشه‌كی:
به‌دره‌نگ وه‌ختیش بێ به‌هۆی دووریم له ئامێره‌كانی راگه‌یاندن و بارودۆخی ئه‌مڕۆ شۆڕشی كوردستان، به‌ڵام دیسانیش به‌پێویستم زانی له‌سه‌ر كۆڕه‌كه‌ی د.بورهان یاسین هه‌ندێك تێبینی و سه‌رنج و ره‌خنه بخه‌مه روو كه پێویسته خه‌ڵكی كوردستان بیزانێت، چونكه د.بورهان بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی سه‌ره‌كی كه به‌رگرینامه و په‌رتووكه‌كا‌نی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه وه‌ك سه‌رچاوه به‌كاربێنێت، به‌ڵكو هه‌ستاوه به‌گوێره‌ی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌یتر كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ پارادایم و فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆوه نییه، كۆمه‌ڵێك تۆمه‌ت و ره‌خنه‌ی داوه‌ته پاڵ رێبه‌ر ئاپۆوه كه دوور و نزیك په‌یوه‌ندیان به جیهانبینی و فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆوه نییه.
بۆیه پێویست ده‌كات سه‌ره‌تا به‌ش به‌ش وه‌ڵامی كۆڕه‌كه بدرێته‌وه، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كه من له‌و نووسینه به‌كاری دێنم خودی به‌رگرینامه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ و به‌ڵگه و دۆكمێنته‌كانی په‌كه‌كه‌ن كه رێبه‌ر ئاپۆ خۆی ده‌ڵێت؛ “به‌رگرینامه‌كانم له‌كوێبن من له‌وێم”.
وه‌كو به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر هزری رێبه‌ر ئاپۆ و ره‌خنه‌كردن و تێبینی و سه‌ره‌نجدان، جێگای ده‌ستخۆشیه، چونكه دیاره هزری رێبه‌ر ئاپۆ بۆته جێگای بایه‌خی د.بورهان، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش تێبینی و سه‌ره‌نجی خودی كۆڕگێڕه كه ناتواندرێت بگو‌ترێت بۆ به‌وشێوه‌یه بیرده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ستپێك پێویسته بگو‌ترێت ئه‌ویش به ره‌مه‌كی ره‌خنه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه كردنه. پێویست بوو د.بورهان هه‌ر پێنج به‌رگرینامه‌كه‌ی به زمانی كوردی بخوێندبووایه‌وه، یان دیسان ده‌كرا به زمانی ئینگلیزیش بخوێنێته‌وه، چونكه له ئێستا له‌گه‌ڵ دوو شێوه‌زاری كوردی ” كورمانجی ژوورین و كورمانجی ناوین” به‌گشتی به‌رگرینامه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ به حه‌وت زمانی جیهانی له‌به‌رده‌ستدان، بۆ ئه‌وه‌ی زانستیانه‌تر لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی به‌ئه‌نجام گه‌یشتبووایه، نه‌وه‌ك گریمانه‌و گومانی خۆی باس بكات. ئه‌وه‌ش ئاسایه ده‌بێ د.بورهان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی په‌كه‌كه ناكۆكبێ، یان ره‌خنه‌و سه‌ره‌نجی له‌سه‌ر هه‌بێ، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بكات، واتا خودی سه‌رچاوه‌كانی په‌كه‌كه به‌كاربێنێت، نمونه هیچ یه‌ك له به‌ڵگه‌كانی كۆنگره و كۆنفرانسه‌كانی په‌كه‌كه‌ی به‌كارنه‌هێناوه كه تائێستا په‌كه‌كه یازده كۆنگره و سێ كۆنفرانسی ئه‌نجامداوه، هه‌روه‌ها په‌كه‌كه ستراتیژی تێكۆشانی خۆی له ساڵی 2000 و له كۆنگره‌ی حه‌وتمه‌وه گۆڕیوه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه ناكرێ بگوترێ د.بورهان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی كردووه. چونكه ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی باسیان ده‌كات هیچ كه‌سیان ناوه‌ندی بڕیار نین له په‌كه‌كه‌دا، له په‌كه‌كه و هه‌موو پارت و رێكخستنێك ناوه‌ندی بڕیار سه‌رۆك و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و كۆنگره و كۆنفرانسه‌كانن، به‌ڵام ئه‌و سه‌رچاوانه له‌لایه‌ن د.بورهانه‌وه به‌كارنه‌هاتوون. له‌و سۆنگه‌یه‌وه د.بورهان كۆڕه‌كه‌ی به‌بێلایه‌نی و ئه‌كادیمیانه به‌ڕێوه‌نه‌بردووه، له چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆڕه‌كه‌ی و به‌هه‌مان لۆژیك ره‌خنه‌ی د.بورهان پێویسته بكرێت.
حه‌زم ده‌كرد نوێكاریه‌ك له ئه‌كادیمسینان و سیاسه‌تمه‌دارانی باشوور هه‌بووایه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپان، كه خۆیان به ناوه‌ندی پێشكه‌وتنه‌كان به‌ناوده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه هه‌مان نه‌فه‌سی ساڵانی نۆوه‌ت و ئه‌قڵیه‌ته حیزبگه‌رایه‌كه‌ی په‌ده‌كه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه، دیسانیش پێویسته ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی كه د.بورهان به‌ناوی ره‌خنه و سه‌ره‌نج باسیان ده‌كات ده‌بێ به‌سه‌ریدا تێنه‌په‌ڕین و راستی هزر و فه‌لسه‌فه و بیری رێبه‌ر ئاپۆ چۆنه، وه‌كو خۆی باس بكرێن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم، ئه‌و شێوه بیركردنه‌وه و چه‌واشه‌كاریه ته‌نها تێڕوانینی د.بورهان نییه، به‌ڵكو ئه‌مه ده‌زگایه‌كی شه‌ڕی تایبه‌ت هه‌یه ئه‌مه به‌ڕێوه‌ده‌بات، ماوه‌ی 45 ساڵه بۆ ئه‌وه‌ی هزری ئازادیخوازی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموكراتیانه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دروست نه‌بێت، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كاریان كردووه، تاكو هزری رێبه‌ر ئاپۆ بشێوێنن. بۆیه پێویستی به وه‌ڵامدانه‌وه و له‌سه‌ر نووسین هه‌یه، له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌لكترۆنی و دیجیتاڵ، بۆیه له رێگای ئه‌م نووسینه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و كۆڕه‌ی د.بورهان یاسین ده‌ده‌مه‌وه.
- به‌شی یه‌كه‌م:
كۆڕه‌كه‌ی د.بورهان یاسین كه له‌ژێر سه‌ردێڕی ” عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه بۆ دژه – ده‌وڵه‌ت” رۆژی 1ی شوباتی 2020 له كۆمه‌ڵه‌ی كولتوری كوردی دانیمارك – ئیسهۆی ئه‌نجامدراوه.
به‌كارهێنانی ئه‌و مانشێته، بۆ ره‌خنه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت هه‌ڵه‌یه، چونكه رێبه‌ر ئاپۆ ده‌وڵه‌تی له‌لایه‌نی مێژووی و فه‌لسه‌فی و ئایدیۆلۆژی ره‌تكردۆته‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای داڕشتنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت، واتا ده‌كرێ كۆمه‌ڵگه بێ ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌بچێ، هزری نوێی خۆی بونیادناوه‌ته‌وه. ئه‌وه به‌و واتایه نایه‌ت كه دوژمنیاتی ده‌وڵه‌ت و رووخانی ده‌وڵه‌تی كردۆته ئه‌ركی خۆی ، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت وه‌ك چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌ی كورد و گه‌لانیش به‌گشتی نابینێت، هه‌مانكات سیسته‌می به‌ڕێوه‌چوونی كۆمه‌ڵگه و ژیانی مرۆڤایه‌تیش له‌سه‌ر بنه‌مای بێ ده‌وڵه‌تی بونیاد ده‌نێت. ئه‌مه‌شی له‌یه‌كه‌م به‌رگرینامه‌ی كه له 28ی مایسی 1999 پێشكه‌شی دادگای ئیمرالی كرد به‌ناوی كردبوو، هه‌روه‌ها له به‌رگرینامه‌ی له ده‌وڵه‌تی راهیبی سومه‌ره‌وه به‌ره‌و شارستانی دیموكراتی كه پێشكه‌ش به‌دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا كراوه‌ن و هه‌روه‌ها به‌رگرینامه‌ی مرۆڤی ئازاد كه پێشكه‌شی دادگای ئه‌سینای یۆنان كراوه ئاماژه‌ی پێكردوه.
له به‌رگرینامه‌ی به‌رگریكردن له‌گه‌لێك و پێنج به‌رگرینامه‌ی له‌ژێر سه‌ردێڕی مانفیستۆی شارستانی دیموكراتیش كه دواین به‌رهه‌می رێبه‌ر ئاپۆن و ئه‌وانیش پێشكه‌ش به دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا كراون، له‌هیچیان نه‌گووتراوه كه له “دژی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆم” وه‌ك ئه‌وه‌ی د.بورهان به‌كاری هێناوه، به‌ڵكو رێبه‌ر ئاپۆ زۆرتر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه، كۆمه‌ڵ و گرووپ و نه‌ته‌وه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تن، ناچارنین بۆ گه‌یشتن به‌ئازادی به‌دوای دروست كردنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌بن، چونكه چاره‌سه‌ری بێ ده‌وڵه‌تیش هه‌یه. رێبه‌ر ئاپۆ له‌و به‌رگرینامه‌نه‌ی پارادایمی خۆی و هێڵی جیاوازی خۆ به‌ئاشكرا داڕشتوه، ئه‌مه‌ش زۆر به‌ڕوونی دیاری كردووه كه هزری ئه‌و جێگره‌وه‌ی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه، له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكرات و ئازادی ژن و ژینگه پارێز، ستراتیژی خۆی ئاشكرا كردووه. بۆ ئه‌مه‌ش پێویست ده‌كات بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕ و دیموكرات و ئازادیخوازه‌كان نه‌كه‌ونه‌وه هه‌ڵه‌ی دوو سه‌ده‌ی رابردوو، له ژێر ناوی رزگار بوون له ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری، ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی بونیادبنێن كه ئه‌نجام بووه هۆكاری ئاو به‌ئاشی سیسته‌می ده‌وڵه‌تگه‌رای مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریدا كردن، ده‌وڵه‌ته سۆسیالیسته‌كانی نمونه‌ی ” یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و كۆریا باكوور و ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات و تا گه‌یشته ئه‌لبانیا و ڤێتنام و چین” نمونه‌ی زه‌قن. كاتێك رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌وانه ره‌خنه ده‌كات، بێگومان بێ چاره‌سه‌ری له‌شوێنی خۆی ناخولێته‌وه، هه‌مانكات خۆی راده‌ستی پرۆژه‌و هزری ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی لیبڕالیست و مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریش نه‌كردووه.
كاتێك ئه‌و سه‌رنج و ره‌خنانه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات باس بكرێن، پێویسته خوێندنه‌وه مێژووییه‌كه‌ی و سه‌ره‌نجه‌كانی بۆ ئه‌مڕۆش باس بكرێن، واتا ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت كه دوانه‌یه‌كی لێكجیا نه‌كراوه‌ن، ده‌بێ ئاماژه‌یان پێ بدرێت كه له حه‌وت هه‌زار ساڵی ته‌مه‌نیان چ كاره‌ساتێكیان بۆ مرۆڤایه‌تی دروست كردووه، بێجگه له شه‌ڕ و كوشتن و داگیركاری و تاڵان و چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لان و جیاكاری ره‌گه‌زی و ره‌نگی بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی، چی‌تریان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه!. ئه‌و بارودۆخه قه‌یراناوی و نه‌خۆشه‌ی كه ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی پێیگه‌یشتووه ئه‌نجامی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته؟ یان ئه‌و مێژووه‌ی كه به كۆمه‌ڵگه‌ی سروشتیه‌وه ده‌ستپێده‌كات و به ژیاری “شارستانی” دیموكراتیانه به‌رده‌وام ده‌كات؟ یان ئه‌و رێبازانه‌ی كه رێبه‌ر ئاپۆ بۆ چاره‌سه‌ری به‌كاریاندێنێت؟. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه، ئه‌وه‌شی هاته سه‌ر كه ده‌وڵه‌ت به دڕندانه‌ترین شێوه‌ی كه ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی فۆڕمی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له 200 ساڵی رابردوو هه‌ژموونگه‌رای خۆی پێ به‌ڕێوه‌ده‌بات و ئه‌مڕۆش له‌ژێر ناوی ئایدیۆلۆژیای لیبڕالیزم و نیۆ لیبڕالیزم خۆی ده‌گۆڕێت و به‌ناوی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری وه‌كو مۆرانه كه‌وتۆته گیانی كۆمه‌ڵگه و سه‌پاندنی هه‌ژموونگه‌رای خۆی.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش باس بكرێت له سه‌ده‌ی رابردوو و له رۆژی ئه‌مڕۆشدا، هزری ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه و سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری چه‌نده رێگربوونه له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد و گه‌لانی تریش، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش بگو‌ترێت ئایا ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه كامه له‌و كێشانه‌ی چاره‌سه‌ی كردوون، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له باكووری ئه‌فریقیاوه تاكو عێراق رووخان، ئه‌وانه‌ی نه‌ش رووخاون وه‌ك توركیا و ئێران چ كاره‌ساتیان بۆ گه‌لی كورد و گه‌لانیتر دروست كردووه، هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ش بكرێت، ئایا بارودۆخی ئه‌مڕۆی سوریا و عێراق بۆچی به‌م رۆژه گه‌یشتووه؟. نمونه‌ی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی مۆدێرن لای د. بورهان ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكایه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزاندرێت ئه‌وه‌ی كوردستانی كردۆته چوار پارچه، ئه‌وه ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی ئینگلیز و فه‌ڕه‌نسا بوون، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رێگری سه‌ره‌كی ده‌كات له چاره‌سه‌ری پرسی كورد ئه‌وا ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و رووسیان. واتا ئه‌گه‌ر واده‌زاندرێت ئه‌وا ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی فارسی و توركی و عه‌ره‌بین ناهێڵن كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ربێت، ئه‌وه به‌هه‌ڵه‌چوونێكی گه‌وره‌یه، چونكه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نها وه‌ك به‌كرێگیراوێكی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارین. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزاندرێت، ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا خۆیان به دیموكرات و پێشكه‌وتنخواز داده‌نێن، به‌ڵام له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گشتی جیهانیشدا پێیان ده‌گوترێت ئیمپریالیزم، یان به زمانی ئێستا به هه‌ژموونگه‌رای سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری به‌ناو ده‌كرێن. شێوازی بیركردنه‌وه‌و ئه‌و شوێنگه‌یی كه د.بورهان لێی ده‌ژی و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش هزری ئۆریانتالیستی” رۆژهه‌ڵاتگه‌رای”ه، ئه‌و شێوازه له‌بیركردنه‌وه‌ش گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستان به نه‌زان و بچووك و پاشكه‌وتوو ده‌بینێت و به‌جیهانی سێیه‌می به‌ناو ده‌كات. واتا ئه‌و مرۆڤانه‌ی ته‌نها بۆ ژێرده‌ستی و شه‌ڕ و ئاژاوه باشن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیست و مۆدێرنیسته سه‌رمایه‌داره‌كان به‌رده‌وام شه‌ڕ و ئاشوبیان له‌نێوان گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه په‌ره‌پێداوه، بۆیه هه‌ر رێبازێك بۆ چاره‌سه‌ری كه له‌لایه‌ن گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه پێشنیار بكرێت، بێگومان به‌بێ سوود و بێ ئه‌نجام به‌ناوی ده‌كه‌ن. چونكه بیركردنه‌وه‌و ژیری و چاره‌سه‌ری و دیموكراتیه‌ت و ئازادی ده‌بێ له ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێت! وه‌ك چۆن ناویان له پرۆسه‌ی رووخانی رژێمی به‌عس له‌ساڵی 2003 ناوه “پرۆسه‌ی ئازادی!”، ئه‌مه‌ش راستیه‌كه ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه سه‌قه‌ته و له‌ده‌ره‌وه‌ی شه‌ڕ و كوشتن و زوڵم و چه‌وسانه‌وه هیچیتری له‌گه‌ڵ خۆی نه‌هێناوه و ناشهێنێت.
رێبه‌ر ئاپۆ، باوه‌ڕی به‌شێوازێك له چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌یه كه له‌نێوان گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌بچێت، واتا بێ ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌وه، گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كێشه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراتیانه پێكه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. به‌هه‌مان شێوه كێشه‌ی كوردیش كه دڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ده‌تواندرێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی سه‌ر كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت. بۆیه ئه‌و مانشێته یان سه‌ردێڕه‌ی به‌كاریهێنا‌وه، هیچ په‌یوه‌ندی به‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆوه نییه، چونكه رێبه‌ر ئاپۆ له چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه ده‌گه‌ڕێت بۆ كێشه‌ی كورد و گه‌لانی تریش له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه، هه‌تا له‌هه‌ندێك شوێن باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌ته‌كان، به‌تایبه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، “جۆرێك له خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كوردان هه‌بووه، یان هه‌ر له‌و سه‌رده‌مانه سه‌رۆك و رێبه‌ری راپه‌ڕین و به‌رخودانی كوردان به‌دیل گیراون، نمونه‌ی شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هری و میر به‌درخان، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك به دوورخستنه‌وه ئازاد كراون”.
رێبه‌ر ئاپۆ له پارادایمی نوێی خۆیدا لۆژیكی ره‌ش و سپی ره‌تكردۆته‌وه، واتا یان له‌گه‌ڵی به یان له‌دژی به، به‌ڵكو له بچووكترین ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێت تاكو ئاشتی تێدا به‌رقه‌رار بێت و كێشه‌ی كورد و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ی له‌ناودا چاره‌سه‌ر بێت و چیتر خوێن نه‌ڕژێ و ئه‌و خوێنه‌ی ده‌شڕژێ بوه‌ستێندرێت. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش له به‌رگرینامه‌ی به‌رگریكردن له‌گه‌لێكدا ده‌ڵێت، ” له‌نێوان ره‌نگی ره‌ش و سپی، زۆر ره‌نگیتر هه‌یه، پێویسته ببیندرێن”. بۆ ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ی له‌خۆی گرتووه سه‌باره‌ت به پرسه‌كانی دۆگماتیزم و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت، ئه‌و قاڵبه‌ی تێپه‌ڕاند كه “یان ئه‌وه‌تا كێشه‌كان به ڕێگای ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ر بن یان ئه‌وه‌تا هیچ”. واتا له‌نێوان ره‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژی و فه‌لسه‌فی رێبه‌ر ئاپۆ، له‌گه‌ڵ ده‌رفه‌ت و رێبازه‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌بێ هه‌ردوو دووریه‌كه ببیندرێت. رێبه‌ر ئاپۆ له‌یه‌ك كاتدا هه‌م داهێنه‌ر و هزرمه‌ندی پارادایمێكی نوێیه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌مان كات سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین پارتی كوردستانیه كه په‌كه‌كه یه.
“رێبه‌ر ئاپۆ له‌یه‌ك كاتدا هه‌م داهێنه‌ر و هزرمه‌ندی پارادایمێكی نوێیه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌مان كات سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین پارتی كوردستانیه كه په‌كه‌كه یه”
ده‌بێ له‌سه‌ر دوو خاڵیتریش راوه‌سته بكرێت، یه‌كه‌م بۆچی له مانگی شوبات ئه‌و كۆڕه رێكخراوه؟ كه رێكه‌وته له‌گه‌ڵ 21مین ساڵوه‌گه‌ڕی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ. له‌لایه‌ن زیاتر له 33 ده‌وڵه‌ت و به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و یۆنان و رووسیا و زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورپا و رووسیا و به چاوساغی و بێده‌نگ كردنی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی باشوور، رێبه‌ر ئاپۆ له 15ی شوباتی 1999 له ده‌وڵه‌تی كینیا به‌دیل گیرا. بۆچی د.بورهان له‌و رێكه‌وته ئه‌و كۆڕه‌ی ئه‌نجامداوه، بێگومان په‌یوه‌ستن به‌یه‌كتره‌وه، ده‌یانه‌وێت بڵێن ئه‌و پیلانگێڕیه‌ی له‌سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ له 22مین ساڵیش به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ین، یان ده‌ڵێن، ئه‌و گۆشه‌گیری و توانه‌وه‌یه‌ی له ئیمرالی له‌سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ین، یان هیچ رێگایه‌كی ترتان نییه، له‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌سلیم بوون به مۆدێل و شێوازه‌كانی ژێر ده‌سته‌ی سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری!.
ئه‌و مۆدێرنیزمه‌ی ئه‌وروپا كه د.بورهان باوه‌ڕیی پێی هه‌یه، جاری یه‌كه‌م رێبه‌ر ئاپۆ ساڵی 1998 به‌هاتنی بۆ ئه‌وروپا تاقیكرده‌وه و خودی خۆی له‌ده‌رگای دیموكراتییه‌ت و مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كانی ئه‌وروپای دا، به‌ڵام به كاره‌ساتی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی و دیل كه‌وتنی به ئه‌نجام بوو. هه‌روه‌ها بۆ جاری دووه‌میش په‌كه‌كه به شاندێكی فه‌رمی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی تورك كه‌وته گفتوگۆ له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویج له‌ساڵی 2008، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا نه‌ك ئه‌ركی نێوه‌ندگیریان نه‌خسته سه‌رشانی خۆیان، به‌ڵكو ئه‌وانیش له ناوه‌ندی پاریس رێگایان كرده‌وه له سه‌ره‌تای ساڵی 2013 بۆ هێرش كردنه سه‌ر ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری په‌كه‌كه هه‌ڤاڵ ساكینه جانسز و هاوڕێیانی فیدان و له‌یلا و شه‌هیدیان كردن. دواتریش بینیمان له‌و ده‌مه‌ی كه ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌به‌رده‌م رووخان دابوو له مانگی یازده‌ی 2015 ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا پشتگیری كرده‌وه و به‌هێزی كردۆته‌وه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سوپای توركیای له‌سه‌ر پێ راگرتووه، ئه‌وا ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌مریكایه بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه و رێبه‌ر ئاپۆی پێی بێكاریگه‌ر بكه‌ن به باوه‌ڕی خۆیان، هه‌روه‌ها بڕیاری ئه‌مریكا بۆ خه‌ڵات دانان له‌سه‌ر سه‌ری سێ له ئه‌ندامانی سه‌رپه‌رشتیارانی شۆڕشی كوردستان “جه‌میل بایك، دوران كه‌ڵكان و موراد قه‌ره‌یلان”، ئه‌وه‌ش خزمه‌تێكی هه‌ره مه‌زن بوو تاكو ره‌وایه‌تی بداته هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر باشوور و رۆژئاوای كوردستان و پێداگری بكرێت له‌سه‌ر به‌رده‌وامی بێ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد.
په‌كه‌كه و كه‌جه‌كه له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆی باشووری كوردستان له ئه‌یلولی 2017، هه‌ڵوێستی دژیان به‌كارنه‌هێنا، هه‌روه‌ها راپرسیان به‌مافێكی سه‌ره‌تایی خه‌ڵكی باشوور بینی، به‌ڵام ئه‌وه‌شیان روونكرده‌وه كه ئه‌و پیلانگێڕیانه‌ی له‌پشت ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌چن چین و كێ هانده‌ریه‌تی، بۆ به‌لارێدابردنی رێبازی چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه كه له‌لایه‌ن رێبه‌ر ئاپۆوه به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌یه‌كێك له‌چاوپێكه‌وتنه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ له 2006 له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كانی گووتویه‌تی، “دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه ئه‌ركی ئێمه‌یه، ده‌وڵه‌تیش با بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور بێت”. واتا ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی نه‌كردۆته ئه‌ركی خۆی، به‌ڵكو هۆشیار كردنه‌وه و رێكخستن كردن و خزمه‌تكردن و به‌ڕێوه‌بردنی دیموكراتیانه‌ی له سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كردۆته ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی و هه‌ڤاڵانی.
بۆ ئه‌وه‌ی ناوی د.بورهان یاسین زۆر دووباره نه‌بێته‌وه، وه‌كو رێزێك ده‌سته‌واژه‌ی كۆڕگێڕم به‌كارهێناوه.
- به‌شی دووه‌م:
ناوه‌ڕۆكی كۆڕه‌كه
- پێشه‌كی گووته‌ی كۆڕگێڕ: (بابه‌ته‌كه‌م ئایدیۆلۆژی نییه، چاوه‌ڕێ مه‌كه‌ن من له‌گه‌ڵ بم یان له‌دژ بم، له‌گه‌ڵم بن تاكۆتایی بابه‌ته‌كه، ئه‌وكات من كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجامم ده‌بێ، هه‌روه‌ها خۆشت ده‌رئه‌نجامت ئه‌بێ له بابه‌ته‌كه‌ی من، چونكه ئه‌و مه‌عریفه‌یی تۆ هه‌ڵتگرتووه… له‌هیچ جێگایه‌كی بابه‌ته‌كه خۆت عاسی مه‌كه، له‌سه‌ر هیچ وشه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌ك یان قسه‌یه‌ك كه مه‌راقت ده‌كات و ده‌وه‌ستی له‌وێ، به‌ڵكو له‌گه‌ڵم به تاكۆتایی بابه‌ته‌كه، ئه‌وكات هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گشتی بۆ بابه‌ته‌كه ده‌كه‌یت. ئه‌و بابه‌ته‌ی من به ئینگلیزی زۆری له‌سه‌ر نووسراوه، به‌ڵام به‌كوردی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی له‌سه‌ر نه‌كراوه، ئه‌و تایتڵه‌م بۆ بابه‌ته‌كه زۆر به‌ئاگاداری هه‌ڵبژاردووه، ناڵێم عه‌بدوڵڵا ئۆجالان له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆوه بۆ وازهێنان له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵكو ده‌ڵێم بۆ دژه – ده‌وڵه‌ت. كاتێكیش ده‌بێته دژه – ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌ت نه‌ك ته‌نها وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی كورد، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت بۆ مرۆڤایه‌تی وه‌ك خراپ ده‌بینێ).
“وه‌ستانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و خودی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌كه‌ی، لوتكه‌ی پێشه‌نگایه‌تی كردنه بۆ جیهانێكی نوێ و ئازاد و دیموكرات”
وه‌ڵام: بابه‌ته‌كه‌ت ئایدیۆلۆژییه، چونكه له‌سه‌ر پرسێكی ئایدیۆلۆژی قسه ده‌كه‌یت، هه‌روه‌ها ده‌ته‌وێت ده‌سته‌واژه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌ك هه‌ڵسه‌نگێنی و ئه‌نجامه‌كه‌ی به گوێگرانت بڵێی “سه‌یر بكه‌ن من چۆن راستبووم”. هه‌مانكات تۆ له‌سه‌ر بیری كه‌سێكیتر قسه ده‌كه‌یت كه له‌جیهانی ئه‌مڕۆ به بیرمه‌ند و خاوه‌ن فۆڕم داده‌ندرێت له تێكۆشانی فه‌لسه‌فی و ئایدیۆلۆژیدا، ئه‌مه هونه‌ری لیبڕالیسته‌كانه، بۆ ئه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیایی خۆیان به‌وه‌ی به‌رامبه‌ر بده‌نه قبوڵ كردن، ده‌ڵێن ئێمه باسی ئایدیۆلۆژیا ناكه‌ین، بۆیه وه‌ك سه‌ره‌تا ده‌بێ لایه‌نی ئایدیۆلۆژی خۆت ئاشكرا بكه‌یت، تاكو بوێربیت له هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ته‌كه‌ت. ده‌ڵێت چاوه‌ڕێ نه‌بن من له‌گه‌ڵ بم یان له‌دژ، بێگومان به هه‌ڵبژاردنی ئه‌و سه‌ردێڕه بۆ بابه‌ته‌كه‌ت، زۆر ئاشكرایه كه تۆ له‌دژی بیرۆكه و ده‌سته‌واژه‌ی رێبه‌ر ئۆجالانی، پێویست ناكات گوێگر تاكۆتایی له‌گه‌ڵت بێ، به‌ڵام ده‌ته‌وێت گوێگر به‌و كۆڕه‌ی خۆت بۆمبارانی هزری بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی كه پێشووتر رێبه‌ر ئاپۆ و تێكۆشانی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی كورد له‌سه‌ری كردووه، بێكاریگه‌ری بكه‌یت و له‌كۆتاییدا ته‌سلیمی بگریت. واتا له‌شوێنی ده‌سته‌واژه و زاراوه‌كانی شۆڕشگێڕی و دیموكراسی رادیكاڵ، ئه‌وانه‌ی لیبڕالیزم و ده‌وڵه‌تگه‌را و مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری له‌شوێنی بڕوێنی.
به‌كوردی زۆر لێكۆڵینه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان وادیاره په‌رتوكخانه‌ی كوردی و عه‌ره‌بی بچووك ده‌بینن، بۆیه نه‌هاتوون به‌دواداچوون بۆ لێكۆڵینه‌وه ئه‌كادیمیاكانی كوردی بكه‌ن، نووسه‌ری عه‌ره‌بی عێراقی عه‌لی غه‌وار زیاتر له چوار پێنج لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌یه، هه‌روه‌ها زیاتر له 20 لێكۆڵینه‌وه له زانكۆكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی و میسر كراون، هه‌روه‌ها زیاتر له 50 كه‌سایه‌تی بیانیش لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كۆی هزری رێبه‌ر ئاپۆ هه‌یه. دیسانیش ئاساییه تۆ له‌سه‌ر كام سه‌رچاوه ده‌وه‌ستی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته له‌سه‌ری بووه‌ستی و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ی خودی په‌رتووك و نووسراوه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆیه نه‌ك كه‌سیتر، چونكه ئه‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌شیان كردووه هزری خۆیان گووتوه، ده‌كرێ به پۆزه‌تیف یان نێگه‌تیف قسه‌یان كردبێ، به‌ڵام خودی ئه‌و هزره‌ی گفتوگۆی ده‌كه‌ی هزری رێبه‌ر ئاپۆیه، بۆیه ده‌بێ سه‌رچاوه‌كانت، په‌رتووك و لێكۆڵینه‌وه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ بن. بۆیه له‌و باره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ت ناكه‌وێته چوارچێوه‌ی ئه‌كادیمیه‌وه، به‌ڵكو ده‌ته‌وێت له‌لایه‌نی باوه‌ڕی ئایدیۆلۆژی و سیاسی خۆته‌وه هزره‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ چه‌واشه بكه‌یت و به‌ناوی ره‌خنه كردنیشه‌وه گومان بخه‌یته سه‌ری گوێگر. ئه‌وه‌یان راسته سه‌ردێڕی “تایتڵ”ی بابه‌ته‌كه‌ت زۆر به‌ئاگاداریه‌وه هه‌ڵبژاردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به لێدان له هزری رێبه‌ر ئاپۆ خۆت وه‌ك پاڵه‌وانێك بۆ سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری پیشان بده‌یت، چونكه مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری خاڵێكیش كه له‌سه‌ر پێی گرتووه ئه‌ویش پفكردنه له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌په‌رستی كۆمه‌ڵگه، به‌وه‌ی كه ده‌یه‌وێت گوایه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دروست ده‌كات، وه‌ك تاكه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، (به‌ڵام سه‌یر بكه‌ن ئه‌وا رێبه‌رێكی هزری هه‌یه كه نه‌ك ته‌نها له‌دژی ده‌وڵه‌تی كوردیه، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت بۆ گشتی مرۆڤایه‌تی به مه‌ترسی ده‌بینێت، بۆیه پێویسته له‌دژی بووه‌ستینه‌وه)، حه‌قیقه‌تی په‌یامه‌كه‌ت به‌و شێوه‌یه‌یه. رێبه‌ر ئاپۆ نه‌یگووتوه دژه ده‌وڵه‌تم به‌بێ به‌ڵگه و به‌دیل، به‌ڵكو له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌كی هزری، فكری فه‌لسه‌فی راستینه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاشكرا كردووه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ره‌تی كردۆته‌وه، هه‌مانكات شێوازی چاره‌سه‌ری ده‌وڵه‌ت، نه‌بۆ پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگه و نه‌بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یش، به‌ڕێگای چاره‌سه‌ری نابینێت. لێره‌وه د.بورهان ده‌یه‌وێت بڵێت، رێبه‌ر ئاپۆ له دژی قه‌واره‌یه‌كه بۆ گه‌لی كورد، جا ئه‌مه به‌هه‌ر ناوێك ده‌بێت باببێت. له راستیدا ده‌بێ هه‌موو مرۆڤه ئازادیخوازه‌كان له‌دژی هه‌ر شێواز و رێبازێك بن كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بانگێشه‌ی بۆ ده‌كات، چونكه سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیسته‌م دوژمنی مرۆڤایه‌تی و گه‌لان و كولتوره‌كان و ئازادییه‌كانیه‌تی، بۆیه وه‌ستانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و خودی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌كه‌ی، لوتكه‌ی پێشه‌نگایه‌تی كردنه بۆ جیهانێكی نوێ و ئازاد و دیموكرات.
2. سه‌ره‌تای بابه‌تی كۆڕگێڕ:
- بونیادی بابه‌ت كه پێكهاتووه له: 1- پرسیاره‌كانی باسه‌كه، چوارچێوه‌ی تیۆری، سه‌رچاوه‌كان و چه‌مكه هه‌ره گرنگه‌كان” ئه‌و گۆڕانكاریانه چین كه له‌سه‌ره‌تای 1990كانه‌وه، به‌سه‌ر هزر و دیدی ئۆجالانه‌وه هاتوون، چین ئه‌و فاكته‌رانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كاریگه‌ریان هه‌بووه له ئاراسته‌ی گۆڕانكاری له هزری ئۆجالاندا؟”. 2- هۆكاره هه‌ره گرنگه‌كانی گۆڕانكاری له فكری ئۆجالاندا” پرسیارێكی چوارچێوه‌یی و هه‌ره گشتگیر، چی كۆنه‌یه و چی تازه‌یه له هزری ئۆجالاندا”. 3- مۆرای بوكچین، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هزری ئۆجالان له‌بیست ساڵی رابردوو دا، ” ماركس بۆ ماركسیه‌كان چی بوو، مۆرای بۆكچینیش بۆ ئۆجالان هه‌مان شته”!. 4- تێزی ئۆجالان له مه‌سه‌له‌ی “كۆنفیدرالی دیموكراتیدا”. 5- ده‌رئه‌نجام.
- وه‌ڵامی یه‌كه‌م:
وه‌ك به‌شی یه‌كه‌م له بابه‌ته‌كه‌ی كه:
1- به بونیادی بابه‌ت ده‌ستپێده‌كات هه‌ڵه‌یه بۆچی؟ چونكه سه‌ره‌تا ده‌بوا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌بنه‌ما گرتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بووایه له كوردستان، هه‌روه‌ها پرسی نه‌بوونی هزری نه‌ته‌وه‌یی و بیركردنه‌وه‌ی كوردستانی بووایه، چونكه كاتێك رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ستی به تێكۆشان كرد و په‌كه‌كه‌ی دامه‌زراند، له باكووری كوردستان شتێك به‌ناوی كورد و كوردستان نه‌مابوو. جوڵانه‌وه‌ی ئه‌یلولی م.بارزانی شكستی هێنابوو، جوڵانه‌وه‌كانی تریش له باشوور تازه له‌سه‌روبه‌ندی گفتوگۆ و دامه‌زراندن دابوون، بۆیه بیر و هزری تێكۆشان له‌پێناو نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه له‌ژێر به‌رداشی هاڕاندن دایه و وڵاتێك كه له‌فه‌رهه‌نگی كه‌سێكدا نه‌ماوه، بۆیه ده‌ستپێكردن له‌و كات و سه‌رده‌مه‌دا و به‌و هزر و فه‌لسه‌فه‌یه ئه‌مه‌یان جێگای تێڕامان و سه‌ر‌نجه، واتا ده‌كرا وه‌ك سه‌ره‌تای بابه‌ت كۆڕگێڕ هه‌ندێك له‌سه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه وه‌ستابووایه كه رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه‌ی تێدا ده‌ركه‌وتووه، گۆڕانكاری له‌چی ده‌كه‌یت كه هێشتا مێژووی ئه‌و تێكۆشانه‌ت وه‌بیر خه‌ڵك نه‌هێناوه‌ته‌وه، واتا ئه‌و تێكۆشانه به‌بێ ره‌گ و ریشه ده‌ستی پێنه‌كردووه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆرێك له پارت و رێكخراوی تر هه‌بوون، به‌ڵام بۆچی ئه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ سه‌ر‌نجی كۆمه‌ڵگه‌ی راكێشا و خه‌ڵكی لێ كۆبووه‌وه‌و بووه رێكخستنێكی سه‌رتاسه‌ری كوردستانی، وه‌ك سه‌ره‌تا له باكوور، دواتریش له گشتی كوردستان. بۆیه پێویسته ئه‌وه بزاندرێت، گه‌لی كورد پێویستی هه‌بوو به ناسینی بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی خۆی و وڵاتی خۆی، هه‌روه‌ها پێویستی به فه‌لسه‌فه‌یه‌ك هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێ بونیادی نه‌ته‌وه و وڵاتی له‌سه‌ر دروست ببێته‌وه كه جارێكی‌تر وه‌كو جوڵانه‌وه‌ی ئه‌یلول شكست نه‌هێنێت.
2- ده‌بێ بگو‌ترێت، پێویستیه‌كانی گۆڕان و وه‌رچه‌رخان لای رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه، له‌بنه‌مادا ده‌ركه‌وتنی رێبه‌ر ئاپۆ له‌پێناو گۆڕانكارییه، دۆخێكی چه‌قبه‌ستوو و داگیركه‌ری له كوردستان هه‌بوو، رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌مه‌ی په‌سند نه‌كرد و بۆیه ده‌ستی به گۆڕانكارییه‌ك كرد، به‌هه‌مان شێوه ئه‌م گۆڕانكارییه هه‌تا چوو مه‌زنتری كرد، بۆیه خۆی ده‌ڵێت، له سه‌ره‌تا ته‌نها دوو وشه‌م ده‌زانی ئه‌ویش، “كوردستان داگیركراوه” بوو، واتا لێره‌وه ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین رێبه‌ر ئاپۆ هه‌ر رۆژ له‌ناو گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانی مه‌زن دابووه، بۆیه‌ش شۆڕشگێڕی مه‌زنی تورك “مه‌هری به‌للی” ناوی له‌و دیداره‌ی نا ” وه‌رچه‌رخانی مه‌زن” كه له‌ساڵی 1994 له‌گه‌ڵ رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌نجامیداوه‌و له چوارچێوه‌ی په‌رتووكێك بڵاوكراوه‌ته‌وه. هه‌ر قۆناخێكیش به‌گوێره‌ی خۆی پێویستی به‌گۆڕانكاری هه‌یه، نه‌ك په‌شیمان بوونه‌وه، له‌نێوان گۆڕانكاری و په‌شیمان بوونه‌وه جیاوازی هه‌یه، هه‌مان كات ئه‌وه‌ش قه‌ده‌ر نییه كه تۆ له ناو بازنه‌یه‌كدا بخولێیته‌وه، به‌ڵكو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی ده‌بێ به‌رده‌وام له‌ناو نوێكاری دابێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆڕگێڕ ئاگاداری مێژووی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه نییه، بۆیه هیچ قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر تێكۆشانی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتای رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه نه‌كردووه، خۆی له‌خۆیدا بونیادی راسته‌قینه و ستوونه سه‌ره‌كیه‌كانی په‌كه‌كه له‌و ساڵانه داندراون، وه‌ك چۆن كۆنگره‌ی یه‌كه‌م بۆ دامه‌زراندنی په‌كه‌كه چه‌نده گرنگه، ئه‌وا كۆنگره‌ی دووه‌میش دوای كوده‌تاكه‌ی 12ی ئه‌یلولی 1980، هه‌مانكات گه‌ڕانه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ وڵات و ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕی چه‌كداری و ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی چه‌كداری گرنگتره، به‌هه‌مانشێوه كۆنگره‌ی سێیه‌مین و كۆنگره‌ی چواره‌مینیش. بۆیه ناتوانی مێژووی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه له‌یه‌كتری به‌پچڕیت و به‌گوێره‌ی خۆت له شوێنێك بكه‌ویته ناوی، هه‌ر بۆیه ده‌بووایه كۆڕگێڕ كاتێك رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه‌ی تاوتوێ ده‌كات هه‌مووی پێكه‌وه تاوتوێ بكردبا ، چونكه رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت، “حه‌قیقه‌ت یه‌ك پارچه‌یه”.
3 کۆمێنتەکان
ئاگاداریەکان رێبه‌ر ئاپۆ له ئاوی حه‌یات روونتره (بەشی دووەم) – ته‌ڤگه‌ر
ئاگاداریەکان رێبه‌ر ئاپۆ له ئاوی حه‌یات روونتره (بەشی سێیەم) – ته‌ڤگه‌ر
ئاگاداریەکان رێبه‌ر ئاپۆ له ئاوی حه‌یات روونتره (بەشی چوارەم و کۆتایی) – ته‌ڤگه‌ر