“لە هێرش بۆ سەر نووسینگەی هەولێری کەنەکە یەکێتی نەتەوەیی کرایە ئامانج”!

کەنەکە ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر نووسینگەکەیان لە هەولێر لەلایەن دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانییەوە دژی یەکێتی نەتەوەیی پیلانی بۆ دانراوە و جێبەجێ کراوە، جەختیشیکردەوە، لە دژی هەموو هێرشەکان رادەوەستین و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزین.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی هێرشی چەکداری بۆسەر نووسینگەی هەولێریان و هەروەها هێرشەکەی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە کە بە ناونیشانی “لە هێرش بۆ سەر نووسینگەی هەولێری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یەکێتی نەتەوەیی کراوە بە ئامانج!” بڵاویکردووەتەوە، بە شێوەیەیە:

رۆژی ٢٠٢٣.٠٩.١٨ کاتژمێر یەک و نیوی پاش نیوەڕۆ، هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر نووسینگەی ك ن ك لە هەولێر و بەرپرسی نوسینگە و ئەندامی ك ن ك، دێنیز جەودەت بولبون شەهید کرا. ئەم هێرشە هەروا بەڕێکەوت نییە. بە ئامانجگرتنی نووسینگەی ك ن ك لە چوارچێوەی بڕیار و پەیامێکی ستراتیژێکی فراواندایە. ئامانجی ئەو هێرشە تەنیا نووسینگە و خەباتکار و ئەندامێکی ك ن ك نییە. لەو هێرشەدا یەکێتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، ناخ و مێشکی ستراتیژیی گەلی کوردستان بە ئامانج گیراوە. دوژمنان بەو هێرشانە ئەوە پشتڕاست ئەکەنەوە کە چەند لە یەکێتی و یەکریزی ئێمە ئەترسن و چەند پێی قەڵسن. پێویستە هەموو کوردێک ئەو راستییە بزانێت و بەو پێیەش هەنگاو بنێت.

ئێمە هێرشکاران ئەناسین، ئەمە هەر درێژەی ئەو هێرشانەیە کە ئەکرێنە سەر رۆژئاوای کوردستان، شەنگاڵ، مەخمور، زاپ، مەتینا، ئاڤاشین، سلێمانی و هەموو باشووری کوردستان. ئەو هێرشە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانییەوە پیلانی بۆ دانراوە و جێبەجێ کراوە.

نووسینگەی ك ن ك لە ناو شاری هەولێرە. شەو و رۆژ لەژێر چاودێری ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێردایە. چەندین کامێرای چاودێریی لەو دەوروبەرەدا هەن. ئەگەر بکوژان نەپارێزرێن، چۆن ئاوا بە رۆژی رووناک جەسارەت ئەکەن دەست بوەشێنن و پەلاماری نووسینگەی ك ن ك بدەن و مرۆڤ تیرۆر بکەن؟ چۆن دەزگای میت ئاوەها بە ئاسانی لەو شارەدا تەراتێن دەکەن و کەسانی خۆفرۆش ئەکەنە سیخوڕ و بکوژی نیشتمانپەروەران؟ کێ مۆڵەتی بە ئەوان داوەو رێگایان بۆ خۆش ئەکات؟

ئەو کارە تیرۆریستییە زۆر پرسیار لەخۆئەگرێت. وەڵامدەری ئەو پرسیارانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرن. ئەگەر رۆژێک زووتر ئەو تاوانکارانە نەگیرێن و ئەوانەی لە پشتییەوەن ئاشکرا نەکرێن و نەدرێنە دادگا، ئەوا بەرپرسیار دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرە.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن. هەر کەمێک دوای هێرشەکەی هەولێر پەلاماری فرۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی دراو هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرانە ئامانج. ئەجمای ئەو هێرشەش شەهیدبوونی ٣ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣ پێشمەرگەی دیکە بوو. رۆژێک پێش ئەو هێرشانەش لە شەنگاڵ ٣ فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی شەنگاڵ (یەبەشە) شەهید کران. لە هەمان کاتیشدا لە رۆژئاوا، لە مینبەج، قامیشلو، عامودا و ترپەسپی، شەڕڤان و کارمەندانی ئاسایش کرانە ئامانج و شەهید و برینداری لێکەوتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی گەریلا بە چەکی قەدەغکراو و کیمیایی بە هەموو شێوازێک هەر بەردەوامە.

دەوڵەتی تورکیا بە گشتی لەگەڵ گەلی کوردستان لە شەڕێکی سەختدایە. ئەو شەرەش نەک هەر دژی هێزێکی کوردستانییە، بەڵکو دژی هەموو گەلی کورد و هەموو کوردستانە. ئەو دەولەتە نەک تەنیا هەر خۆی، بەڵکو دەوڵەتانی تری داگیرکەریش لە دژی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خۆی ئەخاتە جووڵە. پێوستە هەموو کورد و هێزە کوردستانییەکان ئەو راستییە بزانن بە پێی ئەو راستییەش کار بکەن. هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا، هاوکاریکردنی داگیرکەران خیانەتە، هێڵی سوورە. نابێت هیچ کوردێک و هیچ هێزێکی کوردستانیی ئەو هێڵە ببەزێنن.

هێرش بۆسەر نووسینگەی ك ن ك بەئامانجگرتنی یەکێتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە. لە دژی ئەو هێرشەو هەموو هێرشەکانی دی، پێویستە هێڵی نەتەوەیی بەهێز و پتەو بکرێت و هەموو هێزە کوردستانییەکان یەکڕیز بن. لەو بارەیەوە سەرەتا لە پارت و رێکخراوەکانی ئەندامی ك ن ك، هەروەها بانگەوازیی لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکانی دیکەش دەکەین لەدژی ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن. لە دژی هەموو هێرشەکانی داگیرکەران یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە یەک هەنگاو بەرەو دواوە ناچین. خاوەندارێتی لە شەهیدانمان دەکەین، لە دژی هەموو هێرشەکان رادەوەستین و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی ئەپارێزین. لە کەسێتی شەهید دێنیزدا، شەهیدانی فڕۆکەخانەی عەربەتدا، شەهیدانی شەنگاڵ و رۆژئاوادا، هەموو شەهیدانی کوردستان بە شکۆوە بەبیردێنینەوە و سەری رێز لە بەرامبەریان دائەنەوێنین. سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و هەموو گەلی کوردستان ئەکەین.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

٢٠٢٣.٠٩.١٩ برۆکسل

 

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …