بەڕێزان
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەڕلەمانی عێراق
وەک دەزانن لە ڕۆژی(٢٠/٥/٢٠٢٣) هێزێکی سەربازی سەر بە حکومەتی عێڕاق هێرشێکی ناڕەوای بە چەکی قورسەوە کردە سەر (کەمپی مەخمور) و لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی پەنابەر لەو کەمپە بە سەختی بە گولەی ئەو هێزە ئەمنیە بریندار بوون و ئەگەری گیانلەدەسدانی یەکێکیان لە ئارادایە.
بەڕێزان لای هەموان ئاشکرایە ئەو پەنابەرانەی کەمپی مەخمور ماوەی ٢٩ ساڵە لە باکوری کوردستانەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان و لەبەر هەڵوێستی کوردانەیان و لەبەر زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکیا کۆچبەری ئەم هەرێمە بوون و باشوری کوردستانیان وەک پەناگەیەک شک بردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسیەکان هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان پێ ڕەوا نەبینن و لە کۆتایی ساڵی نەوەدەکاندا لە جێگەیەکی زۆر خراپ حکومەتی رووخاوی بەعس لەو کەمپەی ئێستا تیایدا نیشتەجێن جێگەی کردنەوە…
جێگەی ئاماژەپێکردنە ڕێکخراوی(un) لەساڵی (٢٠١١)وە بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵ ئەم کەمپە کرد و بە حساب لەژێر سەرپەرشتی ئەو ڕێکخراوەدا بەڕێوە دەبرێت، بەڵام بەردەوام پێشێلی یاسایی و دەستوری لە لایەن حکومەتی هەرێم و عێراق بەرامبەر خەڵکی مەدەنی ئەم کەمپە دەکرێت و هیچ کات ئەو مافەی کە هەر پەنابەرێکی ئاسایی هەیەتی نەدراوە پێیان کەچی هیچ کات ئەو ڕێکخراوە بەرگری لە مافی ئەو پەنابەرانە نەکردوە، ئەمە جگە لەوەی کە دەوڵەتی تورکیا چەند جارێک هێرشی ناڕەوا و بۆردومانی کردوون و چەندین کەسی مەدەنی شەهید و بریندار کردوە، کە ئەرکی حکومەتی هەرێم و عێراقە بیانپارێزێت و نەهێڵێت هیچ دەستدرێژیەکیان بکرێتە سەر.
بەڕێزان دوای ئەو ئاڵۆزیەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا دروست بوو، شاندێکی سەربازی لەگەڵ بەرێوەبەرانی کەمپەکە دانیشتنیان کردوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەوڵەتی تورکیا بە حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندوە کە ئەگەر ئەو کەمپە پەرش و بڵاو نەکرێت و دژایەتی نەکرێن تورکیا شەڕی ئاو لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکات، هەر بۆیە تورکیا فەرزی کردوە لەسەر عێراق کە دەبێت چواردەوری ئەو کەمپە تەلبەند بکرێت و بورجی مراقەبەیان لەسەر بێت و دواتریش وردەوردە پەرش و بڵاویان بکەن هەموو ئەو پلانانەش بە هاوبەشی و هەماهەنگی لە نێوان تورکیا و حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام ئەدرێ….
ئەو پەنابەرانە (٢٩) ساڵە لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندان و بە فەرمی هاتون و داوای مافی پەنابەرێتیان کردوە، لە هەر وڵاتێکی دنیادا بوونایە ئێستا دەبوونە هاوڵاتی ئەو وڵاتە و ڕەگەزنامەیان پێدەدرا، تا ئێستا چەندین جار حکومەتی عێراق و هەرێم ماڵ بە ماڵی ئەو کەمپە لێکۆڵینەوەیان کردوە، تا ئێستا هیچ ئەشکالێکی قانونیان نەبوە!
لە بری ئەوەی کارئاسانیان بۆ بکەن و ڕەگەزنامەیان بدەنێ پارتی دیموکراتی کوردستان چوار ساڵە ڕێگەی هاتووچۆی لێ گرتوون و دەیان هەزار کەسی بێ کار و بێ خوێندن کردوە و جوڵەی لێ بڕیون.
بە جۆرێک کە ناهێڵێت ژنی دووگیان دەربازی نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانی ببێت و چەندین دایکی دووگیان کۆرپەکەیان لەدەست داوە، هیچ کات و سەردەمێک حکومەتی عێراق ئەوەندە بێ ئیرادە نەبوە دەوڵەتێکی وەک تورکیا بڕیاری بەسەردا بسەپێنێت و ئەمری پێ بکات.
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ئەو پێشێلکاریەی حکومەتی عێراق ئیدانە دەکەین و بە توندی ئەو هەڵوێستە شەرمەزار دەکەین و داوا دەکەین کە چیدیکە خەڵکی خۆڕاگری کەمپی مەخمور نەکەنە ناو ململانێ سیاسیەکانی خۆتان و بە ڕێگەی یاسا نێودەوڵەتیەکان کێشەی سنورەکان و ئاو لەگەڵ تورکیادا چارەسەر بکەن.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
23/5/2023