“ئۆجالان ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەمانە”

سلاڤۆی ژیژەک 

 

ئۆجالان کەسێکی جیهانی سێیەم نییە وا ئێمە بەزەییمان پێیدا بێتەوە بۆیە هاوسۆزین لەگەڵیدا، نەخێر؛ ئەو بەتەواوەتی بەشێکە لە ئێمە. لە ڕووی ڕۆحییەوە بە کەسێکی نزیک لە خۆمانی دەزانین. ئێمەی خۆرئاوایی دەبێت لێوەی فێر بین“.

هاوسۆزیی من بۆ ئۆجالانی دەستگیرکراو، هاوسۆزییەکی بێمەرجە. تێکۆشانی ئەو تێکۆشانی منە. ئۆجالان خودان پێشنیارییەکی نوێیە لە هەمبەر تێکۆشانی فێمینیستیی و شێوەکانی دیکەی تێکۆشاندا، ئەمە بەدەر لەوەی ئۆجالان ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەمانە تاوەکوو خۆمان لە تەڵەی گفتوگۆ دابەشکارەکانی کولتووری هەڵوەشاندنەوە بەدوور بگرین.

بەهۆی سێ هۆکاری سەرەکییەوە هاوسۆزیی خۆم بۆ ئۆجالان دەردەبڕم

یەکەم: لە ئاستە گشتییەکەدا، ئەوەی بەسەر کورداندا دێت لە تورکیا هەمان ڕەوشی موسوڵمانانە لە کشمیر و بەشەکانی دیکەی جیهان. بە واتایەکی دیکە، حکومەتە دەسەڵاتگەرەکەی ئەردۆغان لە تورکیا و حکومەتەکەی نارێندرا مۆدی لە هیندستان هیچ کۆمەڵەیەکی بەرخودانیی پەسەند ناکەن و دەیانەوێت هەرچی زووە تەواوی ئەندامانی ئەو کۆمەڵانە چەک بکەن. دۆخی ئەم کۆمەڵانە بۆ حکومەتە دەسەڵاتگەرەکان جێی پەسەندیی نییە. ئەوان ئەم کۆمەڵە دیموکراتخوازە دژبەرانەی خۆیان بە تیرۆریست ناودێر دەکەن. دەکرێت ئێستا بپرسیت بۆچی وا دەکەن؟ وەڵامی منیش تەنێ هەر ئەمەیە؛ لەپێناو ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتگەرێتی خۆیان.

چرکەساتی ڕۆشنکەرەوەی ئاشتی

هۆکاری دووەم لەسەر ئاستی قۆناغێکی تایبەت سەرنج دەخاتە سەر چارەنووسی کوردان نەوەک تەنیا لە تورکیا بەڵكوو دۆخی ئەوان بە گشتی. کوردان لە تەواوی جیهاندا تاکە نوێنەری ئاشکراکردنی بێواتایی و پووچێتی دەوڵەتن. ئەوان لەنێو چوار دەوڵەتدا دابەشکراون؛ ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا. لێ لەم دەیانەی دوو سێ دەیەی ڕابردوودا، مێژوو لە باکوری سوریا و باکوری عێراق گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. سات لە دوای سات کوردەکان سەلماندووییانە، هەر کاتێک هەلێک ببەخشن، بۆ ئەوەی دۆخی کۆمەڵایەتییان پێش بخەن، یانژی خۆسەرییەکی تەواویان هەبێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەیان بە ڕێکخستن بکەن، ئەوا کارێکی ناوازە ئەنجام دەدەن. بۆ ئەمەش با دۆخی ئێستای باکوری عێراق و باکوری سوریاتان لە یاد بێت. کوردەکان کۆمەڵەیەکی کەمینەی سەرەتایی و بەربەریی نین، وەلێ ئەوان ئەو کۆمەڵەی ڕۆشنکەرەوەی دۆخی ئەو بەشەکانی ئەو چوار دەوڵەتەن کە لەسەرەوە ناویان هاتووە. ئەوان نوێنەرایەتی گەردوونێتیی مرۆڤایەتی دەکەن، هەر بۆیەشە بوونەتە تاعوونی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەمڕۆ. ئەوەی بەسەر ئەوان دێت، دەخەری ئەوەیە ئێمە لەمڕۆدا لەبەردەم گەیشتنین بە ناسیۆنالیزمێکی دەسەڵاتگەرا.

ئێمە لەپێناو ئازادیماندا دەجەنگین

هەروەها لەو کاتەوەی ئەم جووڵەیە بەرەو ناسیۆنالیزم لە هەر شوێن دەبینرێت، هۆکاری دڵسۆزییمان بۆ کوردەکانیش دەردەکەوێت. هاوسۆزیی ئێمە تەنیا بۆ کۆمەڵەک خەڵك نییە. بەڵكوو ئەمە هەمووان دەگرێتەوە. چەندێک بتوانین هاوکاریی کوردەکان بکەین لە خەباتیاندا بۆ ئازادیی، ئەوەندەش بۆ ئازادیی خۆمان تێکۆشاوین.

ئۆجالان ئایدیاڵێکی باوەڕپێنەکراوە

جا لە کۆتایدا، کات کاتی قسەکردنە دەربارەی چرکەساتەکە؛ چرکەساتە هەڵاوێردەکە: با ئەوە لە بیر نەکەین ئۆجالان تەنێ نوێنەرایەتی پڕۆژەیەکی مەزنی سیاسیی ناکات؛ وەک ”کوردی ئازاد”. نابێت لەیاد بکەین، ئەو هاوکات تاکێکی گۆشەگیرکراوی نێو زیندانە کە وەک جولیان ئاسانج پەیوەندییەکی کەم یاخود هەر هیچ پەیوەندییەکی بە پارێزەرەکانییەوە نەماوە. هەروەها تا ئەو شوێنەی ئاگادارم، گەشەسەندنە ڕووناکبیریی و هزرییەکانی ئۆجالان لە زینداندا لە ڕادەبەدەر ناوازە بووە، ئەو لە زینداندا تێگەیشتنی زیاتری بەدەست هێناوە لە بوارەکانی وەک فێمێنیزم و دەروونشیکاریی و تیۆری مۆدێرن. بە واتایەکی تر، ئەو ئایدیاڵێکی باوەڕپێنەکراوە لەو واتەیەدا کە ئەو تێكۆشانی کۆمەڵەیەکی چەوساوەی ئاوێزانی تێکۆشانی ئێمە کردووە لە خۆرئاوا، ئەمەش بە گرنگترین تیۆرە هاوچەرخەکانی سەردەمەکەمان لە وێنەی فێمینیزم و دەرخستنی شێوە نوێکانی چەوساندنەوە.

بە تەواوەتی ئۆجالان بەشێکە لە ئێمە

دووبارەی دەکەمەوە، ئۆجالان کەسێکی جیهانی سێیەم نییە وا ئێمە بەزەییمان پێیدا بێتەوە بۆیە هاوسۆزین لەگەڵیدا، نەخێر؛ ئەو بەتەواوەتی بەشێکە لە ئێمە. لە ڕووی ڕۆحییەوە بە کەسێکی نزیک لە خۆمانی دەزانین. ئێمەی خۆرئاوایی دەبێت لێوەی فێر بین. ئەو شێوەیەکی نوێمان پێشکەش دەکات وا چۆن خەبات لەپێناو فێمینیزم و و پرسەکانی دیکە بکەین، ئەمە بەدەر لەوەی ئۆجالان ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەمانە تاوەکوو خۆمان لە تەڵەی گفتوگۆ دابەشکارەکانی کولتووری هەڵوەشاندنەوە بەدوور بگرین، هاوکات چۆن بتوانین ئەو خەباتانەی کە وەک خەباتی خۆرئاوایی خۆیان بەیان دەکەن ئاوێزانی هاوسۆزیی جیهانیی و تێکۆشانی ئازادیی جیهانیی ببن.

ئەو دەوڵەتە تورکییەی کە ئاشتی رەت دەکاتەوە

هەروەها هەرگیز نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە لە کەسایەتی ئۆجالاندا ئێمە لەگەڵ سیمبولێکدا ڕووبەڕوو نین. هەرگیز نابێت ئەوە لەبیر بکەین ئێمە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤێکی ڕاستەقینەدا دەکەین کە وەک ئەوانی دی ترپەی دڵی لێ دەدات، بەڵام ئۆجالان مرۆڤێکی زیرەک و لە ڕادەبەدەر تێگەیشتووە، بیرمەندێکە کە نادادپەروەرانە ئازار دەدرێت. ئۆجالان دەستی ئاشتی بۆ دەوڵەتی تورکیا درێژ کردووە و بانگەشە بۆ ئاشتی دەکات نەوەک تێکۆشانی چەکداریی. دەوڵەتی تورکیا نایەوێت دەستپێشخەرییە بناسێت و، پێویستیشی بە ئۆجالانە تاوەکوو بە تیرۆریست بیناسێنێت تاوەکوو ڕەوایەتی بدات بە کردە و هەڵسوکەوتە دەسەڵاتگەراکانی.

تا کۆتایی من لە هاوسۆزییدام

بۆیە دووبارە دەیڵێمەوە؛ تا کۆتایی هاوسۆزیی ئۆجالانم، تەنانەت پێشم وایە دەبێت هەنگاوێک زیاتر لە هاوسۆزیش بڕۆین. لە شوێنێکدا ئەکرێت هاوسۆزی کەسێک بیت کە ئازار دەدرێت، لێ نەخێر؛ ئێمە پێشنیاری زیاتر دەکەین. ئۆجالان کەسێک نییە تەنێ لە دوورەوە هاوسۆزی بیت، ئەو کەسێکە لە ئێمە، کاتێک لە پێناو ئەودا دەجەنگین، ئەوا لەپێناو خۆماندا دەجەنگین.

 

وەرگێڕانی شادیار شۆڕش

هەروەها چێکی بکە

ڕووی خیانەتی ناوخۆیی!

 ئاتاکان ئارارات   حکومەتی تورک لە چوارچێوەی لکاندنی هەرێمی کوردستانی کوردستان بە تورکیاوە، سەدان گوندی …