بۆ دووەمین ساڵیادی شەهیدی پێشەنگ مامۆستا شەماڵ

سەید خالید

سەرەتا لە کەسەیەتی شەهید مامۆستا شەماڵدا، بەرێزو وەفادارییەوە سەرجەم شەهیدانی رێی ئازادیی کوردستان، وەبیردێنینەوە و لە بەرامبەریاندا سەرمان دائەنەوێنین.

پەیوەست بوونی ئێمە، بە ئامانج و خەون و خەیاڵی ئەوان، فەلسەفەی ژیان و تێکۆشانی ئێمەیە.

دەبێت داگیرکەران بزانن، سەد ئەوەنەی تر هێزیان هەبێت گۆڕەپانی تێکۆشان، هەرگیز بۆ دوژمنان و خۆفرۆشان چۆڵنابێت، تورکە فاشستەکان، سەد ساڵ دەبێت بەردەوامن لە کۆمەڵكوژیی و پیلانگێڕیی و تیرۆرکردنی کەسایەتییە رۆشنبیرو شۆڕشگێڕەکانمان. لەتیرۆری موسا عەنتەرەوە،  تا تیرۆرکردنی مامۆستا شەماڵ و تا دەگاتە تیرۆرکردنی ھەر دوو راگەیاندکاری ژن  “گوڵستان تارا و ھێرۆ بەھائەدین” و ئەوانی دیکەش، ئەو شاڵاوی تیرۆرە لەسەردەمی عەدنان مەندەریسەوە دەستی پێکردووە و ئەردۆغان و باخچەلیش درێژەی پێئەدەن.

لە بەرامبەردا گەلی ئێمە و بزوتنەوە ئازادییخوازییەکەی، گوڕو تینی زیاتری بەتێکۆشانداوە و موکووڕ تر و پێداگرتر بووە، بۆ پاراستنی بوون و بەدەست هێنانی مافە نەتەوەیی و سیاسیی و کوولتوورییەکانی. ئەوەی پێوویستە یار و نەیار بیزانێت، ئەوەیە سروشت و خەسڵەتی ئەو تەڤگەرە و فەلسەفەی تێکۆشانەکەی، بە شەهیدەکانیەوە باڵای کردوە و نوێ بووەتەوە و گەورەتر و بەهێز تربووە. شەهادەتی مامۆستا سوھیل خورشید، ناسراو بە شەماڵ-یش بۆ هەڤاڵانی و رێکخستنەکەی، هەر ئەوە دەبێت و بەو رێڕەوە شکۆدارەدا بەردەوام دەبێت.

مامۆستا شەماڵ، لەهەر لایەکی کەسایەتییە کەی بدوێی دونیایەک ئەزمون و چاوگی زانیارییە، لە بوار ھونەر، کولتوور، مێژوو…ھتد. هەزاران روپەل، پێویستە بۆ ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و فێربوون، لایەنی کۆمەڵایەتیی و رۆشنفکرییەکەی لە بواری مێژوویی و ئارکۆلۆژیی و کولتووریی و جڤات ناسییدا، لە ئاستێکی فراواندا پێویستی بە هەڵسەنگاندن هەیە. ئەو کەسایەتییەک بوو، چەندە رێکخستنی بوو، ئەوەندەش لە بواری نووسین و رۆشنبیریدا خاوەن زانست و پێگە و جێگە بوو کە دەبێت کەسانی شارەزا و هاورێیانی، لەو بوارەدا  قوڵ بوونەوەی زیاتری بۆ بکەن.

من وەک رێی ھەڤاڵێکی ئەو مرۆڤە، شۆڕشگێڕ و رۆشنبیرە، لەو دەرفەتە کەمەدا کە تەنها لەرووی رێکخستنی و کەسایەتییەوە، شتێک بڵیین، زۆر زەحمەتە بتوانیین حەقی پێبدەین، هەرچییەک بنووسین، لە ئاستی ئەو مرۆڤە تاقانەیەدا، ناکاتە دڵۆپیک لەو دەریا مەزنەی کە مامۆستا بە ئاکار و رەوشتی بەرزو رۆشنبیریی و هەست و نەستیەوە، لە ژیاندا دروستی کردبوو.

مامۆستا شەماڵ، هەر سروشتی خۆی سادە و خۆنەویست و خۆشەویست بوو، هەرچی بەها و ئەخلاقی مرۆڤایەتیی بوو، لە خۆیدا بەرجەستەی کردبوو، بێگەرد بوو، وەک ئاوی سازگاری چیاکانی زاگرۆس. ئەو دابڕابوو لە هەموو  پیسییەکانی سیستمی مۆدێرنیزم! هەڵسوکەوتوو گفتار و کرداری ئەو پێوان بوو، بۆ ئێمە و بۆ هەڤاڵانی لەناو تەڤگەری ئازادییدا. 

نزیکایەتی من و مامۆستا شەماڵ، لەسەرەتایی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەستی پێکرد، واتا لە یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی لە ١٧/١٠/٢٠١٤

هەر لە یەکەم دانیشتندا، وامزانی ساڵانێکە پێکەوەین، هەر بە جەستە لەیەک دوو بووین، روحمان هەستمان، لە مێژبوو بەیەک گەیشبوون. بۆیە هەر زوو بووینە دۆست و هەڤاڵی چەندین ساڵە، چانسێکی گەورەبوو ناسینی مرۆڤێکی وا خاکیی و خۆماڵیی و بەئەزموون لەناو ئەوتێکۆشانەدا. هەر هەڤاڵێک لەناو رێکخستندابا یان لەدەرەوەی رێکخستن، نزیکی کەوتبایە، هەستی بەوە دەکرد کە نزیکایەتییەکەی هاوڕێیەتییەکەی لە ناخەوەیە و لەقوڵایی و خۆشەویستییەوە سەرچاودەگرێت، هیچ کاتێک نەت دەتوانی فەرامۆشیی بکەی، و ریزی لێنەگریت.

مامۆستا هیچ کات، لە بەرامبەر کێشە و پرسەکاندا، بێ وەڵام نەدەبوو، بەو ئارامیی و ئەو ئەزموونەی هەیبوو بێئەوەی لە پرەنسیپەکانی رێکخستن لابدات دەستپیشخەریی و چارەسەریی پێشدەخست.  لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا پەرێزێکی جوان و ھەڤاڵێتییەکی بەهادارمان لە کار و تێکۆشان بە یادەوەریی تاڵ و شیرین تێپەڕاند. سەختە لە بیرکردن و فەرامۆشکردنی ئەو ھەموو یادگارییانە، ھەموو ساتێک لەھەر شەرت و مەرجێکدا بێت، تۆ رێنیشاندەرمانی. 

یاد و یادەدوەرییت بۆ ھەمیشە لە رۆح و هزرماندا، لە بەرزتریین شوێندا رادەگریین، رۆحت ئاسودەبێت، تێکۆشان بەردەوامە تا بەدیھێنانی خەون و ھیوا و  ئامانجەکانت.

هەروەها چێکی بکە

لەبەردەم سیاسەتی عێراقی فیدراڵدا شوک دەبین

لەبەردەم سیاسەتی عێراقی فیدراڵدا شوک دەبین نەورۆز فازڵ دۆخی باشوری کوردستان و تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادییخواز …