ڤۆن دەرلاین: چونکە ژنم لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان سووکایەتیم پێکرا

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند: چونکە ژن بووم، لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان سووکایەتیم پێکرا، من بەهۆی پۆستەکەمەوە دەتوانم بەرگری لە خۆم بکەم بەڵام ملیۆنان ژن لە تورکیا ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.

دوێنێ، ئورسولا ڤۆن دەرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر ئەو سووکایەتییەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێکراوە قسەیکرد.

ڤۆن دەرلاین ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغاندا، چونکە ژنێکم، سووکایەتی بە پۆست و پێگەکەشم کرا، وەک ژنێک بێڕێزیم پێکرا و لەوێ هەستم بە تەنیاییەکی قووڵ کرد.

ڤۆن دەرلاین ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا ڕێگەیەکی زۆر ماوە تا هەڵسوکەوتێکی یەکسان لەگەڵ ژنان بکرێت و وتی: من بەهۆی پۆستەکەمەوە دەتوانم بەرگری لە خۆم بکەم بەڵام ملیۆنان ژن لە تورکیا ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، کە هەر ڕۆژ سووکایەتییان پێدەکرێت و هەزاران حاڵەت خراپتر لەوەی بەسەر مندا هات بەسەر ئەواندا دێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕاشیگەیاند: کۆنوانسیۆنی ئیستەنبوڵ، ئامرازێکی گرنگ بۆ پشتگیریی ژنان بوو، بەڵام دەوڵەتی تورک بە کشانەوە لەو پەیمانە، پەیامێکی ترسناکی دایە ژنان.

ڤۆن دەرلاین هەروەها توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی بە تاوان وەسفکرد و وتی: ئەم کردەوانە دەبێت هەر بەم وەسفەوە بناسرێن و بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.

ڤۆن دەرلاین لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا مەرجی دانا و وتی: ڕێزگرتن لە ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە مەرجی سەرەکیی بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانە، هەروەها کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ دراوسێیەکان لە دەریای ناوەڕاست و قبوڵکردن و جێبەجێی کردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، مەرجەکانی دیکەن بۆ ئەو بابەتە، کە ئەنقەرە بە ڕەچاوکردنیان دەتوانێت هیواداربێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا و دانوستانە بازرگانییەکانی چاک بکاتەوە.

دەستپێکی ئەم مانگە ڤۆن دەرلاین و شارڵ میشل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا، جێگەیەکی هاوتا بۆ فۆن دەرلاین دیاری نەکرابوو و بە ناچاری دوای چەند چرکەیەک لەسەر قەنەفەیەک دوور لە ئەردۆغان و میشل دانیشت، ئەم هەڵسوکەوتەی دەوڵەتی تورک، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا.

هەروەها چێکی بکە

ژنانی تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لەبارەی ٨ی مارسەوە بڵاوکردەوە

هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی تێكۆشەر و ڕەنجدەر پیڕۆزبێت ‎بە درێژای مێژوویەكی هەزاران ساڵە، ژنان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *