هامیار رەشید _ کەلار
هاوسەرۆکی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند، ئێمەی ژنان پێویستە پێشەنگایەتیی دەنگێکی بڵند بکەین! لەبەرامبەر داگیرکاریی سوپای تورکیا بڵێین نا. داوایشمان لە ژنانی هەرێمی کوردستان هەیە هەڵويستی جددییان هەبێت، لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و تێکدەری ژینگە بووستینەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی و بە سەبایەکردنی وەکو ژنانی شەنگال دووبارە نەبێتەوە.
شەیما عەدنان هاوسەرۆکی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، باسی هەڵوێست و کاری ژنان ئەکات دژ بەو داگیرکارییە و بە ماڵپەڕی تەڤگەری راگەیاند: ئاشکرایە لای هەمووان کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، هێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان چڕکردوونەتەوە، بەتایبەت لە سنوری ئامێدی بە رۆژی روناک هێزی رەوانەکردوە و بەشێکی زۆری ژینگە و گوندەکانی ئەو دەڤەرەی سوتاندوە! هەروەها داگیری کردوە، ئەمەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەیکات سڕینەوەی کولتورمانە، داگیرکردنی خاک و گۆڕینی جیۆگرافیامانە.
جەختیکردەوە: ئێمەی ژنانی باشوری کوردستان، پێویستە پێشەنگایەتیی دەنگێکی بڵند بکەین! لەبەرامبەر داگیرکاریی سوپای تورکیا بۆسەرخاک و گوندو ژن و منداڵمان و بڵێین نا.
هاوسەرۆکی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی هێمای بۆ ئەوەشکرد، گرنگە لەیلا قاسم بکەینە پێشەنگ بۆ فراوانکردنی ئاستی تێکۆشانمان، پێشەنگایەتیی ئاواکردنی یەکێتی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا بکەین، ئێستا کاتی ئەوەیە بە هەموو بیروڕا جیاوازەکانەوە بێینە لای یەک و یەکێتیی نەتەوەیی دروست بکەین بۆ دەرکردنی دوژمن لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە داوامان لە تەواوی ژنانی هەرێمی کوردستان هەیە: لە پەرلەمانتاران، چالاکوانان، نووسەران، رۆشنبیران و مامۆستایان و دایکانی شەهیدان هەڵويستێکی جددییان هەبێت، لەبەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و تێکدەری ژینگە بووستینەوە، بۆ ئەوەی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی و بە سەبایەکردنی وەکو ژنانی شەنگال و عەفرین دووبارە نەبێتەوە.