د.کامەران مەنتک: ئەمریکا یارییەکی قێزەون بەرامبەر کورد دەکات

 

– سێ ڕۆژە تورکیا هێرشێکی نوێی بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکردووە، ئێمە دەزانین کە ئەمە جاری یەکەم نییە تورکیا ئەم هێرشانە دەکات، پێتان وایە جیاوازیی ئەم هێرشە لە هێرشەکانی ڕابردوو چییە؟

 

“تورکیا دەیەوێت ناوچە شاخاوییەکان لەدەست کورد دەربهێنێت“

 

د.کامەران مەنتک: تورکیا ستراتیژێکی ڕوونی بەرامبەر کورد و باشوری کوردستان هەیە، هەوڵدەدات هەموو دەرفەتەکان بقۆزێتەوە پەلاماری باشور بدات و بەشێک لە ستراتیژەکانی جێبەجێ بکات، ئەو هێرشەی ئێستای تورکیا لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا تاڕادەیەک گرژیی تێکەوتووە، ئەمە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی، ستراتیژە گەورەکەی ئەوەیە باشوری کوردستان کە بە بەشێک لە وڵاتەکەیانی دەزانن بیگەڕێننەوە سەر تورکیا، بەڵام ستراتیژە لاوەکییەکەیان ئەوەیە ئەو ناوچە سنوورییە شاخاوییانەی کە نزیکەی سەد ساڵە شوێنی بەرگرییکردنی کوردە، لەدەست کوردی دەربهێنێت و هەوڵبدات دیمۆگرافیاکەی بگۆڕێت، کەواتە ئەو پەندە کوردییەی کە دەڵێت ئێمە لە چیاکان زیاتر دۆستمان نییە، دەیانەوێت چیاکانیش لە کورد وەربگرنەوە.

 

– ١٤ی نیسانی ئەمساڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە هەمان ئەو بڕیارەی دووپاتکردەوە، کە ساڵی ٢٠١٨ ئیدارەی واشنتۆن دەریکرد بەوەی کە پاداشت دەدات لەبەرامبەر وەرگرتنی زانیاریی دەربارەی جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان، ٢٣ی نیسانیش ئەردۆغان و جۆ بایدن پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، دوای ئەم دوو ڕووداوەش هێرشی تورکیا دەستیپێکرد، پێتوایە ئەم هێرشە پەیوەندیی بەو ڕووداوانەوە هەبێت؟

 

“ئەمریکا کورد وەک کارتێکی چروک بەکاریدەهێنێت“

 

د.کامەران مەنتک: ئەمریکا یارییەکی قێزەون بەرامبەر کورد دەکات، کورد دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە، کە تاکە نەتەوەیەکە تائێستا ئەمریکا وەک کارتێکی چروک بەکاریدەهێنێت و هەرکاتێکیش نەیەوێت فڕێی دەدات، لەبەر ئەوە تورکیا لەلایەک کوردی دابەشکردووە بۆ کوردی باش و کوردی خراپ، کوردی باش ئەوانەن کە تاکو ئێستا کاریان پێیانە و زیاتر گوێڕایەڵی سیاسەتەکانی ئەوانن، کوردی خراپیش ئەوانەن کە بەهەموو شێوەیەک دژیان دەوەستێتەوە، بۆیە ئەمریکاش بەردەوام پشتیوانیی سیاسەتەکانی تورکیا دەکات، تەنانەت بابەتی ئەرمەنییەکانیش زیاتر جۆرە فشارێک بوو بۆ ئەوەی تورکیا ناچار بە هەندێک سازش بکات، بەڵام تورکیا یاریی سیاسیی خۆی دەکات و هەوڵدەدات ئەمریکا ناچار بکات داواکارییەکانی جێبەجێ بکات.

 

– پێشبینی دەکەیت ئەردۆغان و بایدن ڕێککەوتنێکیان لەسەر کورد کردبێت؟ چونکە دوای بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیش لەلایەن بایدنەوە، ئەردۆغان هیچ هەڵوێستێکی نەبوو؟

“هەموو گومانێک لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا جێی خۆی دەکاتەوە“

 

د.کامەران مەنتک: بێ گومان، هەموو گومانێک لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا جێی خۆی دەکاتەوە، پێموایە بابەتی ئەرمەنییەکانیش زیاتر مەعنەوییە، ئەگینا لەبواری کردەییدا ناتوانێت ڕۆڵێکی ئەوتۆ ببینێت، هەرکاتێک بابەتەکە گەیەندرایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر بدرێت و تاوانەکە لەسەر تورکیا بچەسپێندرێت، ئەوکاتە دەبێت بابەتێکی یاسایی، بەڵام تاوەکو ئێستا نەبووەتە بابەتێکی یاسایی و زیاتر وەک کارتێکی سیاسیی بەکاردەهێندرێت، بۆیە تورکیا زیاتر سیاسەت لەسەر ئەرزی واقع دەکات، ئەوەی وادەکات تورکیا زیاتر یارییەکانی بکات نزیکبوونەوەیەتی لە ڕووسیا بۆ یارییکردن لەسەر دوو پەت.

 

– هاوکاتی ئەم هێرشانە میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمی سوریا چەند ڕۆژێکە لە قامیشلۆ هێرش ئەنجام دەدەن، هاوکات فشارەکانیش لەسەر شەنگال زیادییکردووە، پێتوایە ئەم ڕووداوانە تاچەند پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە؟

“هەوڵدەدرێت پابەندیی نیشتمانیی لە باشوری کوردستان نەمێنێت“

 

د.کامەران مەنتک: پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە حەزدەکەم ئاماژە بە خاڵێک بکەم، لەکاتێکدا کوردستان بە هەستیارترین قۆناغی خۆیدا دەڕوات و خەریکە وڵاتەکەی سووتماک دەکرێت و دیمۆگرافیای دەگۆڕێت و گەورەترین هێزی ناتۆ ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەشێکی زۆری میدیا و ڕۆشنبیران و تاکی کوردیی بایەخ بەو بابەتە نادەن، ئەوەش چەقبەستوویی دۆخی باشوری کوردستان نیشاندەدات، بەتایبەت کە هەوڵدەدرێت پابەندیی نیشتمانیی لە باشوری کوردستان نەمێنێت، ئەو پەلامارانە لە هەر نەتەوەیەکی زیندوو بێت ئێستا هەموو شەقامەکان پڕببوون لە خەڵک، نە خەڵکی باشور و نە خەڵکی پارچەکانی دیکە وەک پێویست هەڵوێستیان نەنواندووە، تەنانەت کوردەکانی دەرەوەش کە مەودایەکی فراوانیان هەیە ئەوانیش هیچی ئەوتۆیان نەکردووە.

 

“چوارگۆشەی قامیشلۆ بۆ هەولێر خەریکە دەبێتە ناوچەیەک بۆ یەکلاییبوونەوەی پرسە جیهانییەکان“

 

سەبارەت بە پرسیارەکەش، من پێش ماوەیەک وتارێکم نووسی بەناونیشانی ‘هەولێر وەک گۆڕەپانێکی شەڕی نوێ‌ واتە ئەو ڕووداوانەی لە کوردستان ڕوودەدەن ناتواندرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت ئەگەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە جیهانییەکان نەبێت، ئێستا هەولێریش بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، بەردەوام فڕۆکە بە ئاسمانی هەولێردا دەسووڕێتەوە، ڕەنگە جیاوازبێت لە قامیشلۆ کە لەوێ شەڕێکی زەمینییە بەڵام لە هەولێر شەڕە سەربازییە ئاسمانییەکە دەستیپێکردووە، کەواتە چوارگۆشەی قامیشلۆ بۆ هەولێر خەریکە دەبێتە ناوچەیەک بۆ یەکلاییبوونەوەی پرسە جیهانییەکان، ناوچەکە بەرەو گۆڕەپانی شەڕ دەچێت.

ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەندییان بە گۆڕانکارییەکانی تایوان و ئۆکرانیاوە هەیە، ئۆکرانیا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، چونکە لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە دێتە دەریای سپی و دەگاتە ڕۆژئاوای کوردستان، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوسیا دوورگەی قرم دەگەڕێنێەوە شەڕ لە کۆبانێ ڕوودەدات، دواتر دەبینین عەفرین داگیرکرا، بۆیە پێدەچێت پرسە جیهانییەکان لەسەر حسابی کورد یەکلایی بکرێتەوە.

 

– پێویستە هێزە سیاسییەکان بەرامبەر ئەم ڕووداوانە چی بکەن؟

“هێزە سیاسییەکان ئیرادەی سیاسییان بەتەواویی لەدەستداوە“

 

د.کامەران مەنتک: بەڕاستی من هیچ ئومێدێکم بە هێزە سیاسییەکانی کوردستان نەماوە، چونکە هێزەکانی کوردستان ئێستا وەک بەنج بەکاردەهێندرێن بۆ ئەوەی پرسی کورد لەبیر خەڵک ببەنەوە، ئەگینا لە بنەڕەتدا ئیرادەی سیاسییان بەتەواویی لەدەستداوە، بۆنموونە ئێستا خەڵکی کوردستان لەبری ئەوەی هەڵوێستی بەرامبەر پەلاماری تورکیا هەبێت، کەچی ڕووبەڕووی پارتی و یەکێتی دەبێتەوە و گلەییەکانی لەوان دەکات، تورکیا ئەو هێزانەی هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی تووڕەیی خەڵکی کوردستان لەبری ئەوەی ئاراستەی ئەو بکرێت ئاراستەی ئەو دوو حزبە بکرێت، ئەو دوو حزبە وەک داشی دامە دانراون بۆ ئەوەی تووڕەیی خەڵک خاڵیی بکەنەوە و خەڵک ئاگاداری سیاسەتی تورکیا و ئێران و سیاسەتە هەرێمایەتییەکانی دیکە نەبێت، بۆیە پێموایە دەبێت خەڵکی کوردستان هۆشیارانەتر بیربکاتەوە، چونکە کوردستان بە هەستیارترین قۆناغدا تێپەڕدەبێت و ڕەنگە هەموو شتێک لەدەستبدات.

هەروەها چێکی بکە

کرێسپۆ: تا ئۆجالان لە زینداندا بێت تورکیا دیموکراسیی بە خۆیەوە نابینێت

ماتیۆس کرێسپۆ، رێکخەری سکرتاریەتی نەتەوەیی سێنتراڵ سندیکاڵ ئی پۆپۆلار کۆنلۆتاسی بەڕازیل، ڕایگەیاند، ئەوان پێداگرن لەسەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *