ساڵح موسلیم: ئەگەر تورکیا پرسی کورد چارەسەر نەکات بە تەواوەتی دەڕوخێت

هاوسەرۆکی پەیەدە رایدەگەیەنێت، ناکرێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نکۆڵیی لێبکرێت و بەهەند وەرنەگیرێت، وتیشی، ئەگەر دەوڵەتی تورک پرسی کورد چارەسەر نەکات، بە تەواوەتی دەڕوخێت.

ساڵح موسلیم – هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات  باس لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

‘تورکیا گرنگیی ژیۆپۆلیتیکی خۆی لە دەستداوە’

ئاماژەی بەوەکرد کە جوگرافیای تورکیا هەم بۆ جیهان و هەمیش بۆ تورکیا گرنگە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، “لە ساڵی ١٩٥٢دا تورکیا دوای ئەوەی بووە ئەندامی ناتۆ، بەرامبەر سۆسیالیستەکانی سۆڤیەت وەستایەوە. تورکیا هەم پەیوەندی بە ئاسیا و هەم بە ئەوروپاوە هەبوو و خاوەنی رووبەرێکی فراوانە. بەڵام بە رووخانی سۆڤیەت تایبەتمەندی ژیۆپۆلیتیک و گرنگی تورکیا بەلای ناتۆوە تائاستێک دابەزی. بەتایبەتی کە لە شەڕی سارددا ناتۆ تورکیای لە بەرامبەر سۆڤیەت بەکاردەهێنا. تورکیا لە شەڕی ساردی بەرامبەر بە یەکێتی سۆڤیەت وەک کەمپێک بوو”.

“پشتیوانی سەرمایەداری لە تورکیا پەیوەندی بە کوردانەوە هەیە’

ئەوەی خستەڕوو کە سەرمایەداری، بە تایبەتی سەرمایەداری جیهانی لە ساڵانی ١٩٩٠ هەوڵیدا ئارامی و سەقامگیریەک بۆخۆی لو تورکیا دەستەبەر بکات و بەرفراوانی بکات و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی: “لەو سەردەمەدا تورگوت ئۆزال لە تورکیا لەسەر حوکم بوو و هەوڵیدا هەندێک پرۆژە بخاتەگەڕ. بۆ ئەوەی سەرمایەداری بتوانێت خۆی لەوێ جێگیر بکات و ئاستی بازرگانی و سود بەرزتر بکاتەوە. یەک لە پلانەکانیان ئەوەبوو کە ئارامیەک لە کوردستان بچەسپێنن و ویستیان پرسی کورد لەناوخۆی تورکیا چارەسەر بکەن. بەڵام بەداخەوە پلانەکەیان سەرینەگرت. بەهۆیەوە هەم ئاستی ژیۆپۆلیستیکی تورکیا دابەزی، هەمیش نەیتوانی ئارامی لە ناوخۆی خۆیدا دەستەبەر بکات. ئەگەر تورکیا بیتوانیبایە ئارامی لەناو خۆیدا بەدیبهێنێت، دەیتوانی لە رووی وزە و بازرگانیەوە لەسەر ئاستی جیهان باڵادەستی هەبووایە. هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە نەهاتە دی، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و رووخانی سۆڤیەت بوو. بەهۆی چارەسەرنەکردی ئەو کێشەیەوە دەوڵەتی تورک پێگەی ستراتیژیکی خۆی لەدەستدا.

وەک دەزانین پرسی کورد لە تورکیا گەورەترین کێشەیە و تا چارەسەر نەکرێت، هەرگیز تورکیا ئارامی بە خۆیەوە نابینێت. لەبەر سیاسەتی ئەردۆغان کە دەبێت ‘کورد سیاسەتی کۆماری تورکیا قەبوڵ بکات’، لە بەرامبەر هێزە سەرمایەدارییەکان دۆڕاندی. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەدا نەک هەر گەلی کورد، بەڵکوو تەواوی گەلانی تورکیا قوربانیان دا”.

‘شەڕی غەززە ئەنجامی پێکدادان و بەریەککەوتی سەرمایەدارییە’

ئاماژەشی  بۆ شەری ئیسرائیل و حەماس کرد و وتی، “زۆر توێژەر و لێۆڵەر دەڵێن ئەو شەڕەی ئێستا لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لەئارادایە، بەرەنجامی رێکنەکەوتنی سەرمایەدارەکانە. رێگەی ئاوریشم کە جاران دەخوازرا لە نێوان تورکیا و ئێراندا سەرلەنوێ بەرەو ئەوروپا بکرێتەوە، هەردوو وڵاتیش خوازیاری ئەوەبوون. بەڵام لەکۆبوونەوەی هیندستاندا داواکرا ئەو رێگەیە بگۆڕدرێت و بە سەرووی وڵاتانی کەندان و سعودیە بگاتە دەریای سپی و لەوێشەوە بگاتە یۆنان. ئەو پێشنیازە هەم تورکیا و هەم ئێرانی لە پلانەکە کردە دەرەوە. دەوترێت تورکیا بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو پرۆژەیە ئەم شەڕەی هەڵگیرساندووە. لە زۆریەی هەڵسەنگاندنەکاندا باس لەوە دەکرێت کە بۆ رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە تورکیا فەرمانی هێرشی بە حەماسداوە. بە بەشداری تورکیا، بە هەڵگیرساندنی ئەو شەڕە ویستیان ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بکەنەوە. رەنگە ئەو شەڕە بەرفراوانتر بێت. لە وەها دۆخێکدا لوبنان، ئوردون و سوریاش لە شەڕەکەوە دەگلێن. لە ئەگەرێکی بەو جۆرەدا هەمووشتێک ئاڵۆز دەبێت. نازانین دۆخەکە دەگاتە کوێ. بەڵام بۆ ئەم قۆناغە دۆخی سوریا زۆر گرنگە. بۆ نمونە پڕۆژەی سەرەتایی کە ئاماژەمان پێکرد، سوریای دەخستە دەرەوە. پێشتر ویستیان کە هێڵی گاز بە باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا تێپەڕێنن، خۆی لە خۆیدا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەکرا. زۆر وڵاتی وەک قەتەر دەیانویست ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوەش نەکرا. لەبەر ئەوەی نەیانتوانی پڕۆژەکانی دیکەی خۆیان جێبەجێ بکەن، جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. بێگومان ئەگەر ئەم پرۆژەیەی ئەم دواییە سەربگرێت، ئەوە لۆژیکیترینیانە. بەڵام نازانین کە تا چ ئاستێک لەسەر ئەو پرۆژەیە رێکدەکەون. بەڵام شتێک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ لێکدانەوەیەکیان بۆ گەلی کورد نەکردبوو و بەهەندیان وەرنەگرتبوو. ئێستا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا خۆبەڕێوەبەرییەک دامەزراوە، ئەو خۆبەڕێوەبەریەش سیستمێکە. هێزە هەژمونخواز و رۆژئاواییەکان هەموویان دەتوانن ئەو سیستمە قەبوڵ بکەن. ئەوەش چارەسەری لێدەکەوێتەوە. بەڵام دەوڵەتانی هەرێمەکە ئەوە قەبوڵ ناکەن. تورکیا، سوریا و ئێران ئەوە قەبوڵ ناکەن. لەبەر ئەوەش هێشتا ئێمە لەناو ئەم شەڕەداین. بەڵام تائێستاش گرنگی خۆی لەدەست نەداوە. ئێمە هیوادارین کە هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ چواردەورمان ئارامی دەستەبەر بێت. بەڵام بە بڕوای من، بابەتەکەی غەززە زۆر شت دەگۆڕێت. رەنگە شەڕەکە دژوارتر بێت. هەندێک شت دەگۆڕێت، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە بە شەڕ بێت، یاخود بە شێوەیەکی جیاواز، ئەوە نازانین. رەنگە ئەو شەڕە بە چەندین وڵاتدا بڵاوببێتەوە. لوبنان، میسر، ئوردن ئەگەری هەیە بەشداربن. واتە دیار نییە کە ئەو شەڕە لە کوێ دەوەستێت، بەڵام هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتی دەگۆڕدرێن”.

سیاسەتی ئەردۆغان، سیاسەتی نکۆڵیکردنە لەگەلی کورد’

ئەوەشی خستەڕوو کە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئەردۆغانەوە، تورکیا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو رووخان  و هەڵوەشانەوە دەچێت  و تی: ” لە ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠١٣دا دەسەڵاتداری ئەردۆغان هەموو ئەو پرۆژانەی کە بە لایەنە هەژمووخوازەکانی پێشکەش کردبوو، پەسەند کرابوون. لەو کاتەدا ە تورکیا جوڵەی ئورئاسایا هاتە ئاراوە. ئوراسیاش یەکێتی تورکییە و وەک عوسمانی پێشوو و وەک یەکێتی عەرەبەکان دەیویست دابمەزرێت. بەڵام ئەو جوڵانەوەیە لە ساڵی ٢٠١٣دا بە پێچەوانەوە بە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا شکایەوە و دەسەڵاتی خستە ژێر رکێف. لەو کاتەوە سیاسەتی ئەردۆغان گۆڕدرا و ئیتر هەموو شتێکی بە گوێرەی خۆی بەڕێوەبرد. ئەردۆغان لێرەدا سیاسەتی خۆی لەسەر دوو لایەندا بەڕێوەبرد. لەلایەکەوە خۆی لە ناتۆ دانەبڕاند، لەلاکەی دیکەشەوە پەیوەندی لەگەڵ رووسیا دروست کرد. ئەمەشی لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵات ئەنجامدا.ئەردۆغان ئەو سیاسەتەی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەش پەیڕەوکرد و پەیوەندی و دانوستانەکانی هەر هەموویان لە خزمەت سیاسەتی ناوخۆییدابوون؛ کوردان لەناوببات و پرسی کورد بە بێ چارەسەری بهێڵێتەوە، هەموو شتێکی خستە خزمەت دەسەڵاتداری حکومەتەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی مسوڵمان”.

‘تورکیا لە هەموو روویەکەوە مایەپووچ بووە’

هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە لەپێناو بەرژەوەندیی ئەردۆغان، هەموو تورکیا کراوەتە قوربانی و رایگەیاند، “بەهۆی ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتداری ئەردۆغان، تورکیا هەم لە رووی ئابوری و هەمیش لە رووی سیاسی و دیپلۆماسیەوە مایەپووچ بوو. کاتێک ئاکەپە بە هاوکاری مەهەپە جارێکی دیکە دەسەڵاتی گرتەوە دەست، وتمان کە تالیبان هاتوونە سەر سنوورەکەمان. تورکیا لە دیپلۆماسیدا دۆڕاندوویەتی، ئیتر هیچ هێزێک نایەوێت دیداری لەگەڵ بکات. دەسەڵاتداری ئاکەپە لە شەڕی غەزەدا گوایە لە ژێر ناوی یارمەتیدا هەوڵیدا رۆژەڤێکی سیاسی جێبەجێ بکات، بەڵام دەرکەوت کە هەموو هەوڵەکانی پوچەڵبوونەوە، سیاسەتەکەی کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی داڕێژرابوون، شکستیان هێنا. بۆ ئەوەی ئەردۆغان کەسایەتی خۆی بەرجستە بکاتەوە، ستراتیژی و ژیۆپۆلیتیکی تورکیا لەدەستدا. هەموو تورکیای کردە قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. دەبینین کە رۆژانە تورکیا لە پرسی دیموکراسی دووردەکەوێتەوە و تەنانەت یاساکانی ناوخۆی وڵاتەکەشی جێبەجێ ناکات. هەندێک یاسا و رێسا کە بە پێی ئەوروپا داڕێژراون، رۆژانە لەوانە دووردەکەوێتەوە. هەموو رۆژێک رۆژنامەوانان دەستگیردەکرێن و بە هەزاران مرۆڤ و سیاسەتمەدار دەڕفێندرێن. سەرجەم دامودەزگاکانی دادوەریان خستە ژێر دەسەڵات و هەموو دادگاکانی دەستووریان پشتگوێ خست. هەروەها بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا و مافەکانی مرۆڤیش پێشێل دەکات. ئێستا بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت و دیارە کە تورکیا بەرەو داڕوخانێکی گەورە دەچێت”.

‘بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد هەوڵ خرانەگەڕ’

هاوسەرۆکی پەیەدە، باسی لە کاریگەریی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کرد و وتی، “سیستیمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەسەرتاسەری جیهان بە دەست هێزەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا بڵاوبووەتەوە. زۆر هێز یاخود دەووڵەت لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە بەکاردەهێندرێن. یەک لەو دەوڵەتانەی سەرمایەداری بەکاریدەهێنێت تورکیایە. تورکیاش لەناو پڕۆژەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا دیاریکرابوو، جێگەی گرتبوو. بۆ ئەوەس هێزەکانی سەرمایەداری پشتییان بە تورکیا بەست، لەبەر ئەوەی تورکیا هەم لە ناوچەکەدایە و هەمیش ئەندامی ناتۆیە و جگەلەوەش بۆ ئەوەی هێزی سەربازی تورکیا بەکاربهێنن. لەسەر ئەو بنەمایە تورکیا بووە ئاکتەرێک کە گوێ لە رێنمایی و فەرمانەکان بگرێت و جێبەجێیان بکات. لەو کاتەدا پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە دەیویست کە پرسی کورد چارەسەر بکرێت، بەڵام بە داخەوە تورکیا خۆی دوور ڕاگرت و قەبوڵی نەکرد. ئەو کاتە لە ئۆسلۆ زۆر کۆبوونەوە و دانیشتنی جیاجیا سازکران، بۆ ئەوەی پرسی کورد چارەسەر بکرێت و لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش دیدار ئەنجامدران. رێبەر ئۆجالان بۆ ئەوەی ئەو قۆناغەی چارەسەری بگاتە ئەنجام و لە کوردستان ئارامی بێتە کایەوە، هەوڵی زۆریدا. بەڵام دواتر بە هۆی کاریگەری شەڕی تایبەت هەڵوێستی دەوڵەتان گۆڕدرا”.

‘کورد بە شەڕ خۆی سەلماند’

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەیدە ئەوەی خستەڕوو کە تورکیا لە بەرامبەر هێزە جیهانییەکان بووەتە بەڵا و بەم وتی: “ئەوەی ناتۆ لە ساڵی ١٩٥٢ەوە تا ئێستا دەیکات، ئەوەیە کە هەموو کات بە گوێرەی پەیوەندی و هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ تورکیا دەجوڵێتەوە. پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیان پێکەوە دامەزراند. تورکیا زۆر سودی لەوە وەرگرت. بەهۆی ئەوەی پارە و سەرمایەیەکی زۆری تورکیا خرایە ئەو پرۆژەوە. ناتۆ ئێستا دەیەوێت لە تورکیا رزگاری بێت، بەڵام چۆن نازانێت. بەهۆی ئەوەی تورکیا بووە بە بەڵا بەسەریانەوە و ئاستەنگ بۆ پڕۆژەکانی ئەوان ساز دەکات. لە بەر ئەوەی کاتێک ویستیان پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە جێبەجێ بکەن، تورکیا ئەو کاتە وتی ‘ دەبێت کورد لەو پڕۆژەیەدا نەبێت’. بەڵام ٥٠ ملیۆن مرۆڤی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین. چۆن چاوپۆشیان لێبکرێت و بە نەبوو دابنرێن؟ کورد لەو کاتەدا خۆیان بە شەڕ سەلماند و بوونە بەشێک لەو پڕۆژەیە. تورکیا بە سیاسەتی چەوتی خۆی، وایکرد کە هەموو ناوچەکە زیانی پێبگات و پڕۆژەی هێزە جیهانییەکان کە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دانابوو، راگیرا و تووشی ئاستەنگ و کێشە بوو. لەبەر ئەوە ئێستا ناتوانین بڵێین تورکیا بەشێکە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. چونکە بووەتە بەربەستێک لەبەردەم هێزە هەژموونخوازەکان و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەوان”.

 

هەروەها چێکی بکە

هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران

کەمێک پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانییەوە، هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران. …