پرۆفیسۆر نۆرمان پیچ: تورکیا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات

پرۆفیسۆری یاسای نێونەتەوەیی نۆرمان پیچ ڕایگەیاند ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆ-جا-لان کە زانیاری لەبارەیەوە نییە، دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە.

پرۆفیسۆر نۆرمان پیچ رایدەگەیەنێت، دەوڵەت و دامەزراوەکانی ئەوروپا بەهۆی ئەندامێتیی ناتۆ و پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ دەبن بەرامبەر پێشێلکارییەکان، وتییشی، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسپێشخەریی نێونەتەوەییەکان هەوڵی خۆیان بدەن.

هەفتەی پێشوو ٩٩ کەسایەتی لە ئەڵمانیا وەک نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەندیکا و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ئاشتیی و مافەکای مرۆڤ، چالاکوان و ئەکادیمیست و یاساناس و ڕۆژنامەوان، نامەیان نارد بۆ سەرۆکی کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) ئالان میشێل. تێیدا ڕەخنە لە بێدەنگی سی پی تی و گیراوە و داواکراوە لەبارەی گۆشەگیریی ئیمراڵی ڕۆڵ بگێڕێت.

 

پرۆفیسۆری یاسا نێونەتەوەییەکان نۆرمان پیچ لەوبارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات  کرد: بە بۆچوونی من ئەو ڕەوشەی کە عەبدوڵا ئۆ-جا-لان چەندین ساڵە تێیدا دەژی، بەتەواوی نایاساییە. ئەو هەلومەرجەی کە تێیدا دەستبەسەرە، پێچەوانەی ڕێبازە یاساییەکانە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانی کردووە. زیاتر لە سێ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی تونددایە، بنەماڵە و نوێنەرە یاساییەکانی ناتوانن چاویان پێ بکەوێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر بۆ سەردانی ئۆ-جا-لان چوومە تورکیا، بەڵام هەمیشە بیانوو دەهێنرایەوە. لەو کاتەدا ئاستی گۆشەگیریی ئەوەندە توند نەبوو، بەڵام هێشتا نەماندەتوانی سەردانی بکەین. بەپێی کاتیگۆرییەکانی یاسای نێونەتەوەیی ئەم جۆرە گۆشەگیرییە دژی یاسای نێونەتەوەییە. هیچ گومانێک لەم بابەتەدا نییە. سی پی تی پێشتر لێکۆڵینەوەی لەوێ ئەنجامداوە و دژی وەستاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکە ئەوەیە؛ ئەردۆغان و حکومەتەکانی تورکیا لە زۆر ڕووەوە خەمساردانە نزیک دەبنەوە، واتە ناچار نەکراوە بەو کارە. واتە لە پشت سی پی تی و بڕیارەکەیەوە کە ناتوانرێت بە خۆی جێبەجێ بکرێت، یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت بڕیارەکانی سی پی تی جێبەجێی بکەن. ئەردۆغان و بێگومان تورکیا هۆکاری سیاسیی جیاواز زۆر گرنگن بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە لایەکی ترەوە تورکیا بەربەستێکە لەبەردەم ئەو پەنابەرانەی لە ئەفغانستان، سوریا و وڵاتانی هاوشێوەیانەوە دەخوازن بگەنە ئەوروپا. بۆیە ناتوانن فشار لە ئەردۆغان بکەن.

یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت یاسا نێونەتەوەییەکان بپارێزێت

ئەم ئەشکەنجەی گۆشەگیرییە، واتای ئەوەیە، کاریگەری بەڕێز ئۆ-جا-لان لەسەر جڤاکی کورد زۆر مەزنە. لەمە دەترسن، دەیانەوێت کاریگەرییەکەی بسڕنەوە. نایانەوێت لە هەڵوێستی گۆشەگیری و دابەشکردنی گەلی کورد دووربکەونەوە. لەم ڕەوشەدا یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت ئۆ-جا-لان و ڕاستتر بڵێین یاسا نێونەتەوەییەکان بپارێزێت، نایەوێت بیپارێزێت.

پێویستە هەوڵەکان لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بن

ڕێکخراوێکی تر هەیە بە ناوی کۆمیتەی لاوەکی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئێس پی تی) ئەمە ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، دامەزراوەیەکی تازەترە، هەروەها بەرپرسیارە لە ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕوودانی ئەشکەنجەدان بگرێت. ئەم کۆمیتە لاوەکییە هێشتا چالاک نییە. من پێشنیار دەکەم دژی ئەم پراکتیکانەی پچڕاندنی پەیوەندی کە بە ئاشکرا دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە، نەوەک هەر لە ئاستی ئەوروپا، بەڵکو لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەوڵدان هەبێت.

دانانی پەکەکە لە لیستەکەدا هەڵەیە

نموونەیەکمان هەیە، بەرامبەر بە مامەڵەکردن و گۆشەگیرکردنی جولیان ئاسانج، بەرخۆدانێکی نێونەتەوەیی مەزن هەیە. لە سەرانسەری جیهاندا هێواش هێواش دەگەنە ئەم خاڵە. بەداخەوە بۆ ئۆ-جا-لان ڕەوشەکە بەم شێوەیە نییە، چونکە تا ئێستاش پەکەکە لە ئەوروپا بە “رێکخراوی تیرۆریستی” دادەنرێت. پێم وایە ئەمە هەڵەیە. ئێستا بڕیارێکی دادگای باڵا لە بەلژیکا هەیە و بەپێی ئەم بڕیارە دەگوترێت “نەخێر، پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە”. دەزانم سویسراش پەکەکەی نەخستۆتە ناو لیستەکەوە. پێویستی بە گۆڕانکارییەکی سیاسیی راستەقینە هەیە. پەکەکە پارتێکی سیاسییە بێجگە لە خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری گەل هیچی تر ناخوازێت. ئەم داواکارییە لە هەر وڵاتێکی دیموکراتیکدا شیاوی جێبەجێکردنە.

ئێوە باسی بڕیاری دادگای باڵای بەلژیکاتان کرد، هاوکات بڕیاری دیوانی دادی ئەوروپاش هەیە، سەرەڕای ئەمە کۆمەڵە کوردییەکان لە ئەڵمانیا ڕووبەڕووی هەڵکوتانەسەری پۆلیس بوونەوە، کوردان ڕووبەڕووی زیندانیکردن و سزادان دەبنەوە، پاساوەکەش پەیوەندییە لەگەڵ پەکەکە، ئەم سیاسەتەی ئەڵمانیا چۆن شرۆڤە دەکەن؟

بەداخەوە ئەمە سیاسەتێکی هەڵەیە، ئەمە لە چوارچێوەیە ناتۆدایە، لەچوارچێوەی پەیوەندی سیاسی نێوان تورکیا و ئەڵمانیایە. بەهۆی ستراتیژی تورکیاوەیە بۆ دوورخستنەوەی پەنابەران لە دەرەوەی ئەوروپا، بۆیە پەیوەندیان لەگەڵ ئەردۆغان باشە. ئەمەش واتە نەوەک هەر ملیاران دۆلایان داوە بە ئەوروپا، هاوکات داخوازییە سیاسییەکانی ئەردۆغانیشیان بەجێ گەیاندووە. ئەمەمان لە پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ بینی. ئەردۆغان ئەم پرسە وەک چەکێک بەکاردەهێنێت دژی پەکەکە و حکومەتەکان. بەڕای من ئەمە سیاسەتێکی هەڵەیە. ئەم پرۆسەیە لە ئاستی یاساییدا نییە، بەڵکو لە ئاستی سیاسییدا بەڕێوەدەچێت. لێرەشدا هاوشێوەی چەندین بواری نێونەتەوەیی، پێویستە لە سیاسەتی ئەڵمانیاشدا گۆڕانکاری جدی بەدی بێت.

لە مانگی دواییدا، لە چاپەمەنیدا هەواڵ و دیمەن هەن کە دەوڵەتی تورک دیسانەوە چەکی کیمایی یان چەکی قەدە‌غەکراو بەکاردەهێنێت. بەگوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان، دەوڵەتی تورک دەتوانێت دژی گەریلا چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت؟

نەخێر بێگومان دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە، هێرشکارییەکانی تورکیا، داگیرکردنی ناوچەکانی سوریا و بەتایبەت عەفرین، پێشێلکاری مەزنی یاسا نێونەتەوەییەکان و سەروەریی سوریایە. هەردووکی بەتەواوی دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە، کێشەکە ئەمەیە، جیهانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەنێوشیاندا ئەڵمانیا، ئەندامانی ناتۆ چاوی خۆیان لەمە دەپۆشن.

بۆردوومانی کۆبانێش دژی یاسا نێونەتەوەییەکان بوو. ئێستاش بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کە ئەم بابەتە لەمێژە لە ڕۆژەڤدایە، بەهەمانشێوە پێشێلکارییەکی جددی سەروەری خاکی عێراقە. خاڵی دووەم، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ماوەیەکی زۆرە قەدەغە کراوە. من دەزانم کە ئەستەمە بە وردی ئەمە پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام پێویستە ڕاوێژ بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانیش کە دەتوانن لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەن، بۆ ئەوەی مۆڵەت بۆ ئەم پشتڕاستکردنەوەیە وەربگرن. ئەو کاتە ڕای گشتی باشتر ئاگادار دەبێت. ئەو بانگەشانەی کە من باوەڕم پێیانە و دەزانم ڕاستە، ئەوەیە کە لەوێ چەکی کیمیایی بەکارهاتووە، تەنانەت بڕوام وایە بەم دواییانە لە قامیشلۆش بەکارهاتووە.

بەکورتی، هەم پێشێلکردنی خاکی دەوڵەتان هەیە، هەم بەکارهێنانی ئەو چەکانە هەیە کە بەپێی یاسا نێونەتەوەیی و مرۆڤایەتییەکان قەدەغەکراون.

دەوڵەتی تورک نایەوێت هەڵبژاردنە هەرێمییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام بدرێت، لەگەڵ هەڕەشەکاندا هێرشی خۆی زیاتر دەکات. دەستوردانی تورکیا لەم بابەتەدا لەڕووی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە چۆن شرۆڤە دەکەن؟

بێگومان دەستوەردان لە ڕۆژئاوا قبووڵ ناکرێت و دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە، ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی سوریایە. نوێنەرانی ڕۆژئاوا دەڵێن کە خۆبەڕێوەبەری و خۆسەرییان دەوێت، نەوەک جیابوونەوە لە سوریا. من وا تێدەگەم، تورکیا تەواوی باکوری سوریا، لە فوراتەوە تا دەریا وەک خاکی خۆی دەبینێت.

 

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …