هودا-پار داعشێک لە بەرگی ئاکەپەدا

زاگرۆس هیوا

“هەردوو ئەم گروپە زۆرترین کۆمەڵکوژی و تاوانیان لە دژی گەلی کورد ئەنجام داوە. داعش لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان چییە، حیزب‌اللە‌ش و رووە تازەکەی کە هودا-پارە لە باکوور هەمان شتن”.

“گەورەترین هەنگاوی دەوڵەتی کۆماری تورکیا و سیاسەتی تورکیا هەنگاوی Hüda-Parە. پاش ١٠ ساڵ هەموومان دەیبینین کە ئەم هەنگاوە چەندە ستراتیژیک بووە و دەوڵەتی تورکیا بەم هەنگاوە چۆن لە سیاسەتی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا [مەبەستی باکووری کوردستانە] گوڕی بە موحافەزەکاری داوە.…… Hüda-Par هەنگاوێکی زۆر ستراتیژیکە. هەژمار و چەندایەتی هێندە گرنگ نییە. ئەمانە رەنگە سەد هەزار یان سەد و پەنجا هەزار کەس بن. بەڵام هەندێک هەنگاوی دەوڵەتەکان هەنگاوی چۆنایەتین، نەک هەنگاوی چەندایەتی. دەوڵەتی تورکیا لێرەدا هەنگاوێکی زۆر ستراتیژیکی و گرنگی ناوە. ئێوە سوودی ئەم هەنگاوە پاش دە ساڵی دیکە دەبینن. ئەمەش کاری ئەردۆغانە.”

ئەمانە بەشێکن لە قسەکانی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی پێشووی کابینەکەی ئەردۆغان کە لە شەوی ٢٢ی گوڵانی ٢٠٢٣ لە وەڵامی پرسیارەکانی ئەحمەد هاکانی پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی CNN Türk گوتوویەتی. ئەمانە گووتنی هەروا ئاسایی نیین. رەنگدانەوەی سیاسەتێکی قووڵی دەۆڵەتی تورکیان بەرامبەر بە کورد کە لە سوارەکانی حەمێدییەوە تاکو ئێستا بەردەوامە.

Hüda-Par چییە؟

Hüda-Par کورتکراوەی ( Hür Dava Partisi- پارتی دۆزی ئازاد)ە. دامەزرێنەرانی ئەم پارتە ئەندامانی پێشووی رێکخراوی “حیزب‌اللە‌‍‍”ن و ناوی پارتەکەیان وا داڕشتۆتەوە کە هەر واتای “حیزب‌اللە‌‍‍” بدات. پارتی خودا (هودا).

“حیزب‌اللە‌” چییە؟

لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٩٠دا، خەباتی پەکەکە چ لە شار و چ لە شاخ لە پەرەسەندنێکی بەهێزدا بوو. دەوڵەتی تورکیا توانای بەرەنگاربوونەوەی گەریلای لە شاخدا نەمابوو و هەندێک هەرێمی وەک بۆتان و زاگرۆس بە شێوەیەکی دیفاکتۆ کەوتبوونە ژێر کۆنترۆڵی گەریلا. لە ناو شارەکانیش دەوڵەت هەرچەندە بە هەزاران خەڵکی دەگرت و زیندانی دەکرد، بەڵام سەرهەڵدانەکان هەر بەگوڕتر دەبوون و هاوشێوەی راپەرینی ١٩٩١ی باشووری کوردستان خەڵک لە هەموو شوێنێک سەرهەڵدانیان دەکرد.

تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا ناچار ما بە نێوەندگیری مام جەلال داوای ئاگربەست بکات و گووتی دان بە راستینەی کورددا دەنێن و بۆ گفتوگۆ لە سەر سیستەمی فیدراڵیش ئامادەین. بەڵام بە گلۆپی سەوزی بەریتانیا، تورگوت ئۆزال کوژرا، دەوڵەتی تورکیا هەم لە شاخ و هەم لە شار ئۆپەراسیونی نوێی دەست پێکرد. پێنج هەزار (٥٠٠٠) گوند ئەنفال کران. پێنج ملیۆن خەڵک گوازرانەوە بۆ شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا. لە ناو شارەکانیش رێکخراویJITEM (ئەمنیەت و ئیستخباراتی ژاندارمری) و “حیزب‌اللە‌‍‍” لە لایەن یەکێک لە فەرماندارەکانی سوپاوە(Arif Doğan) دامەزرێنران و ئەمانە دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژی خەڵکی نیشتمانپەروەری باکووری کوردستان.

بە هەزاران سیاسەتمەدار (وەک نموونە وەدات ئایدین)، نووسەر (وەک نموونە موسا عەنتەر)، رۆژنامەنووس(وەک مەتین گۆێکتەپە)، پارێزەر، مامۆستا، قوتابی و هتد بوونە قوربانی. دایکی ئەم قوربانییانە کە ناویان دایکانی شەممەیە هێشتاش لە ئێسک و پرۆسکی رۆڵەکانیان دەگەڕێن.

حیزب‌اللە و JITEM خەڵکیان دەڕفاند و پاش چەند رۆژ جەنازەکەیان لە دۆڵێک، لە دەشتێک، لە کەنار رووبارێک فڕێ دەدا. یان ئەوەتا بە زیندوویی دەیانخستنە ناو بیری تێزابەوە (کە بە بیرەکانی BOTAŞ ناسراون) و ئاسەواریان نەدەهێشتن. بە گوێرەی ئاماری رەسمی دەوڵەت بە گشتی ١٧٥٠٠ کەس کوژران و بێ سەروشوێن بوون. دەوڵەت سەرەتا هەوڵی دەدا خۆی لەم تاوانانە بێبەری بکات و وەک زیانەکانی شەڕی پەکەکە و “حیزب‌اللە‌‍‍” نیشانی بدات تا ئەو کاتە کە لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچوو کە بە رووداوی سوسورلوک (Susurluk) ناسراوە دەستی دەوڵەت لە هەموو ئەم تاوانەنەدا ئاشکرا بوو و سولەیمان دەمیرێلی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا بە ناچاری دانی بەوەدا نا کە “دەوڵەت بۆی هەیە جار و بار لە یاسا دەربچێت”. ئێدی تاوانەکانی دەوڵەت و JİTEM و حیزب‌اللە ئاشکرا ببوون، بەڵام هەر نکۆڵییان لێ دەکرد.

ساڵ هات و چوو، پەکەکە ستراتیژی خۆی لە سەرهەڵدانی چەکدارییەوە بۆ سیاسەتی دیمۆکراتی گۆڕی و تا ماوەی پێنج ساڵ ئاگربەست بوو. ئێدی دەوڵەت پێویستی بە حیزب‌اللە نەمابوو. بەڵام ئەم ماکینەی تاوانە خوێنی زۆری بۆ دەوڵەت رشتبوو و پێویست بوو چارەیەکی بۆ بکرێت. دەوڵەت بۆ ئەوەی کە خۆی پیر و پاک نیشان بدات، هێرشی کردە سەر حیزب‌اللە و لە ماوەی هەفتەیەکدا پاکتاوی کرد. سەرۆکەکەیانی کوشت و چی کادێری بەڕێوەبەریان هەبوو هەموویانی خستە زیندانەوە و سزای هەتا هەتایی پێ دان. بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەردۆغان دەوڵەت هیوای لە سەر ئەوە هەڵچنیبوو کە ئەم کەسە بە هەندێک کرانەوەی گوایە دیموکراتی و بە بەکارهێنانی گووتاری ئیسلامی و دانانی دەمامکی ئایینی بتوانێت سۆزی کوردانی باکوور بۆ لای خۆی رابکێشێت و ستراتیژی سیاسەتی دیمۆکراتی پەکەکە تووشی شکست بکات. بەڵام تادەهات دەمامکی فاشیستانەی ئەردۆغان ئاشکراتر دەبوو، سیاسەتی دیمۆکراتی کورد و هێزە دیمۆکراتییەکانی تورکیا پەرەی دەسەند و لە ساڵی ٢٠٠٧دا نوێنەرانی گەل چوونە پەرلەمان.

لە ساڵی ٢٠١١ ژمارەی ئەم پەرلەمەنتارانە زیاتر بوون. هەر بۆیە ئەردۆغان کەوتە پەلەقاژەی ئەوەی کە هێزێکی توندئاژۆی ئیسلامی سیاسی لە شێوەی حەماس لە ناو کورددا دروست بکات و بەم شێوەیە سیاسەتی دیمۆکراتی پاکتاو بکات. بۆ ئەم مەبەستە ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١١ لە پەرلەماندا یاسایەکی تایبەت بە حیزب‌اللە‌ی دەرکرد و لە هەمان ساڵدا زیاتر لە ٣٠ کەس لەو سەرچەتانەی حیزب‌اللە کە حوکمی هەتاهەتاییان هەبوو لە زیندان بەردران و لە رێگەی ئەمانەوە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ حیزبێک بە ناوی Hüda-Par دامەزرێنرا. پاشان لە ساڵی ٢٠١٨دا سەدان کەسی دیکەی لەم تاوانبارانە لە زیندان بەردا. ئەم حیزبە بۆ ماوەی دە ساڵ بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمان بوو، بەڵام وێڕای بەکارهێنانی هەموو دەرفەت و ئیمکاناتی دەوڵەت نەیتوانی تەنانەت یەک شارەوانیش بەدەست بهێنێت. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیشدا نەک یەک کورسی بەڵکۆ لنگە کورسییەکێشی دەست نەکەوت. هەربۆیە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣دا ئەردۆغان هەموو بەربژێرەکانی Hüda-Parی بە لیستی AKPوە دابەزاند تاکو بتوانێت لە رێگەی چەند کورسییەکی پەرلەمانەوە رەوایەتییەک بەم گروپە بدات.

ئێستاش هەموو میدیای سەر بە AKP – کە لە سەدا نەوەدی میدیای تورکیا پێک دەهێنن – لە خزمەتی پرۆپاگەندەکردن بۆ Hüda-Par دان. Hüda-Par و باشووری کوردستان رەنگە ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە کە Hüda-Par چ پەیوەندییەکی بە باشووری کوردستانەوە هەیە. پەیوەندی زۆری هەیە، چونکە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەردۆغان لە باشووری کوردستان PDKیە و وەکو پێویستییەکی ئەو هاوپەیمانییە پێویستە ئەجیندای ئەردۆغان پەیڕەو بکات.

PDK لە دوو رێگاوە ئەم ئەجیندایەی ئەردۆغان پەیڕەو دەکات.

یەکەم لە رێگای سیاسییەوە. هەر زوو PDK نوێنەرایەتییەکی بۆ Hüda-Par لە هەولێر کردەوە و لە ئاستی باڵادا ئیعترافی پێکردن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردن. ئەگەر لە بیرمان بێت کاتێک کە داعش نیوەی ئێراقی داگیرکرد، تاکە هێزێک لە دونیا کە کۆنسۆلخانەی لە لای داعش هەبوو تورکیا بوو و تاکە هێزی کوردی کە وەکو دراوسێیەکی نوێ ئیعترافی بە داعش کرد PDK بوو، چۆنکە ئەمە پێویستییەکی هاوپەیمانێتی نێوان ئەردۆغان و PDK بوو.

رێگای دووەم ئەوەیە کە لە رێگای میدیاوە Hüda-Par بە جەماوەری باشووری کوردستان بناسێندرێت و وەکو هێزێک کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی باکووری کوردستان دەکات پێشان بدرێت. Hüda-Par یەکەم جار لە میدیاکانی سەر بە PDK دەرکەوت و هەموو هەوڵی ئەم میدیایانە درەوشاندنەوەی Hüda-Par بوو. هەم بەرلە هەڵبژاردن و هەم پاش هەڵبژاردن هەوڵدرا کە زۆرترین رۆماڵ بۆ Hüda-Par بکرێت.

ئەگەر لە بیرمان بێت میدیا بێ رکابەرەکانی سەر بە PDK یەکەم میدیای بە ناو کوردی بوون کە مایکرۆفۆنیان بۆ چەتەکانی داعش (دراوسێیە نوێیەکەی باشووری کوردستان)درێژکردەوە و هەوڵیان دا رەوایەتییان پێ ببەخشن.

Hüda-Par و هێزە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ ئەوەی سیاسەتی بەکرێگیراوێتی خۆی بۆ داگیرکەران لە رای گشتی گەلی کوردستان بشارێتەوە، هەوڵ دەدات کە هەموو کەس و لایەنێک بەم سیاسەتەوە بگلێنێ و بەکرێگیراوێتی بکاتە دیاردەیەکی گشتگیر. هەربۆیە زۆر هەوڵیدا کە ببنە پردی پەیوەندی لە نێوان Hüda-Par و هێزەکانی دیکەی باشووری کوردستان، بە تایبەت هێزە ئیسلامییەکان. لێرەدا دینی ئیسلام وەکو ئامرازێک بەکارهات بۆ پتەوکردن و پەرەپێدان بەو پەیوەندییە. شتێک کە جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە هێزە ئیسلامییەکانی باشوور چۆن وا بە ئاسانی کەوتنە داوی ئەم سیاسەتەی PDKوە.

هێزە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان لە دژی دیکتاتۆرییەتی سەددام حوسێن تێکۆشانیان کردووە، قوربانییان داوە و لە سەر ئەم بنەمایە، وێڕای هەموو کەموکۆڕییەکانیان، لە ناو کۆمەڵگای باشووری کوردستاندا تا ئاستێک لە رەوایەتیان هەیە. بە هێزی خۆیان دەچنە پەرلەمان و دەچنە ناو حکومەتیشەوە. بەڵام Hüda-Par هەر لە سەرەتاوە لە باوەشی دیکتاتۆرێک وەک ئەردۆغاندا چەکەرەی کردووە و گەورە بووە، هەر لە باوەشی ئەردۆغانیشەوە چوونە ناو پەرلەمان. ئەگینا ئەم گروپە نە توانای چوونە پەرلەمانی هەیە و نە ئەوەندە دەنگ دێنێت کە ببێتە موختاری گوندێکیش. چۆنکە گەلی باکووری کوردستان باش دەزانێت کە ئەم گروپە هیچ پەیوەندییەکی نە بە ئیسلامەوە هەیە و نە بە کوردایەتییەوە.

لێرەدا پێویست دەکات هێزە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن، بە هەڵوێستی خۆیاندا بچنەوە و میدیا سێبەرەکانی خۆیان نەکەنە بڵندگۆیەک بۆ Hüda-Par. پێویستە دەرک بەو راستییە بکرێت کە Hüda-Par برای دینی نییە. هەم دوژمنی برایە و هەم دوژمنی دین. Hüda-Par و داعش سیاسەتی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا وا پێویست دەکات کە لە هەندێک شوێن تاوانی جەنگی ئەنجام بدات. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە لە سەری نەکەوێت هەوڵ دەدات لە رێگای هێزی پرۆکسییەوە ئەم تاوانانە ئەنجام بدات. لەم رووەوە هەم Hüda-Par (حیزب‌اللە)و هەم داعش لەلایەن دەزگای شەڕی تایبەتی تورکیاوە دامەزرێنراون و هەموو کارێکیان دەکەوێتە خزمەت سیاسەتی جینۆسایدەو، داگیرکاری و فراوانخوازی تورکیاوە. هەر دووکیان دوو رووی یەک پوولن.

هەردوو ئەم گروپە زۆرترین کۆمەڵکوژی و تاوانیان لە دژی گەلی کورد ئەنجام داوە. داعش لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان چییە، حیزب‌اللە‌ش و رووە تازەکەی کە Hüda-Parە لە باکوور هەمان شتن. هەربۆیە هێزە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان هەروەکو چۆن لە بەرامبەر داعش یەکیانگرت و سەرکەوتن هەر بەم شێوەیەش پێویستە لە بەرامبەر Hüda-Parیش خاوەن هەڵوێست بن و نەهێڵن کە ئەردۆغان رەوایەتی بە زیهنیەتی داعش بدات لە ناو سیاسەتی کوردیدا.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …