تەقینەوەکەی کرمان بە فەرمانی ئەردۆغان کراوە

ئامەد شاهۆ

تەقینەوەکەی رۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانبار لە شاری کرمان لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسمی یادکردنەوەی قاسم سلێمانی ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوەتەوە کە بە تێکڕا بووە مایەی نیگەرانی، پەژارە و خەمباری گەلانی ئێران. لەهەمان کاتدا گەلێک هەڕەشە و گوڕەشەی لێکەوەتەوە کە نیگەرانی و ترسی بۆ  داگرسان و بەربڵاوبوونی شەڕێکی نوێ و ماڵوێرانکەر لە ناوچەکە زیاتر کرد.

کردەوەی مەترسیدارتر بەڕۆکی رژێم دەگرێتەوە

هەڵبەت دوای رۆژێک چەتەکانی داعش بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوە مەرگبارەیان لەئەستۆ گرت، بەس چەندێک باوەڕپێکراو و متمانەبەخشە، لەداهاتوودا دیار دەبێت. سەرەڕای ئەوەش تەقینەوەیەکی تەم و مژاوییە کە ئامانجە بنەڕەتیەکانی هێشتا بۆ رای گشتی ناڕوونن. بەڵام ئەوەی کە روونە سیاسەتەکانی رژێم لەدژی گەلانی ناوخۆی ئێران و گەلانی ناوچەکە و لووت بەرزی و هاش و هووش کردنی بەرپرسانی رژێم ئەو ئەنجامەی بە دوای خۆی هێنا. واتا رژێم لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ ئاوڕێکی لە ویست و داخوازی رەوای گەلانی ئێران نەداوەتەوە، بە پێچەوانەشەوە چاوپۆشی لەدرووشمەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کرد کە ئەوە بۆ خۆی زەنگێکی مەترسیدارە. لەهەمان کاتدا پەیوەندیە شاراوەکانی لەگەڵ ئەمریکا وەک هەلێکی زێڕین بۆ سەرکوت و چەوساندنەوەی گەلان قواستەوە و ماشینی لەسێدارەدانی لەدژی پێشەنگەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و دژبەرانی رژێم خستەگەڕ کە لەم قۆناخەدا زیاترین رێژەی سێدارەدان ئەنجام درا. واتا بەرپرسانی رژێم بە شێوەیەکی چەواشەکارانە ئاهەنگی سەرکەوتن بە سەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی یان گێڕا. بەس بە راستی رژێم بەو شەڕە تایبەتەی کە بەڕێوەی برد و دەبات، چ دەستکەوتی بە دەست هێنا؟ گریمان کە رژێم سەرتاسەری کۆمەڵگاکانی ئێرانی کۆنتڕۆڵ کردبێت و مەترسیەکانی لەسەر خۆی رواندبێتەوە و شۆڕشی ژنیشی دامرکاندبێ و هەموو دژبەرەکانی خۆی بێ کاریگەر و لاواز کردبێ! سەرەڕای ئەو بانگەشانە، بۆچی ئەو تەقینەوەیە لەکات و ساتێکی وا گرنگ کە تەدبیری ئەمنی لەلووتکەدایە، پێکهات؟

 زیهنیەتی رژێم بۆ خۆی هیچ جیاوازییەکی لەو بابەتە نییە، چون ئەو کردەوە بەرهەمی زیاتر لەساڵێک لەسەرکوت و چەوساندنەوەی گەلان و تایبەت ژنانە کە رژێم ئەنجامی داوە. بۆیە رژێم بۆ خۆی تووی توندوتیژی، کوشتن، لەسێدارەدان و تۆقاندنی تا ئێستا بڵاو کردوەتەوە کە لەکرمان بەو شێوەیە بەرهەمەکەی دەرتۆقی کە خودی رژێمی سەرسام و بەنج کرد. ئەگەر رژێم لەحەقیقەتدا وانەی باشی لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەربخستایە و هەڵمەتی گۆڕانکاری بنەڕەتی لەپێناو دیمۆکراتیزە کردنی ئێران هەڵبگرتایە، داخۆ ئەو شەڕ و پشێوی و ئاڵۆزیانەی کە لەهەناوی رژێمدا بەڕێوە دەچێت، ئایا ئەو تەقینەوەی کرمان روویدەدا، یان کردەوەی لەوە مەترسیدارتر لەداهاتووی نزیکدا بەڕۆکی رژێم ناگرێتەوە کە خەڵکی بێتاوان زیاتر ببنە قوربانی؟!

ئەردۆغان باوکی داعشە

ئەوەی سەرنج راکێشە رژێم بە تۆمەتبارکردنی لایەنێک دەیەوێت، شۆڤینزم و دوژمنایەتی گوڕتر بکات و ئەوەش بخاتە خزمەتی بەرژەوەندی تەسکی دەسەڵاتدازی خۆی. واتا بە تۆمەتبارکردنی لایەنێک راستییەک پەردەپۆش دەکات. چون ئەوەش لەکاتێکدایە کە داعش ئەو تەقینەوە مەرگبارەی لەئەستۆ گرت. بەس جێگای پرسیار ئەوەیە لەم ١٠ ساڵەی دواییدا کام دەوڵەت پشتیوان و مۆڵگەی چەتەکانی داعش بووە؟ ئەو چەتانە لەکوێ راهێنانیان پێ کراوە و پڕچەک و چۆڵ کراون و دەکرێن؟ گرووپەکانی سەر بە داعش لەباکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە ئاڵای کام وڵاتەوە لەدژی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە شەڕ دەکەن؟ خەلیفەی داعش و بەرپرسەکانی لەکام وڵات داڵدە دروان و دەدرێن؟ ئەوەی کە کەس ناتوانێت حاشای لێ بکات، داعشی راستەقینە، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بۆ خۆیانن. چون ئەردۆغان و باخچەلی باوکی داعشن. واتا بە بێ فەرمانی ئەردۆغان و هاوپەیمانانی، داعش کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام نادات. تەنانەت هەڕەشە و گوڕەشەکانی داعش و بە ئامانج گرتنی هەندێک وڵاتی دیکە لەکاتی بە ئەستۆ گرتنی تەقینەوەکەی کرمان، تەنیا لەتورکیا دەوەشێتەوە. ئەوەی روونە تا بە ئەمڕۆش دەوڵەتی فاشیستی تورکیا داڵدەی چەتەکانی داعشی داوە و پشتیوانییان لێدەکات و لەپێناو مەرامە چەپەڵەکانیان لەدژی گەلانی هەرێمەکە بە کاریان دەبات. بۆیە ئەو تەقینەوەیە دابڕاو لەئەردۆغان و هاوپەیمانانی نییە. چون دەبێت داعش دوو تەقینەوەی مەرگبار ئەنجام بدات و ئەردۆغان و یارانی لێی بێ بەری بن و لەو بابەتە بێ ئاگا بن و بێ شەرمانە خۆ بە خەمخۆری گەلانی ئێران وێنا بکەن. واتا دوور لەچاوەڕوانی نییە کە ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ گوشار دەخەنە سەر تورکیا، ئەردۆغان بە رێگای هەڕەشەی داعش دەستەمۆیان دەکات. بۆیە حکومەتی ئاکەپە بۆ خۆی گەورەترین و مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەر پێکەوە ژیانی گەلان، ئارامی و ئاشتی لەناوچەکەیە. چون داعش بۆ خۆی دەمامکی راستەقینەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیایە، کە ئەردۆغان لەپشتیەتی.

رژێم بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلان مار لەئاستینی خۆی بەخێو دەکات

بەو پێیە بۆچی رژێمی داگیرکەری ئێران لەگەڵ دەوڵەتێک ناو پەیوەندیدایە کە مۆڵگەی چەتەکانی داعشە. رژێم لەو پەیوەندیانە چ قازانجێک دەکات؟ ئیبراهیم رەئیسی بڕیار وا بوو کە رۆژێک دوای تەقینەوەکە سەردانی تورکیا بکات و دیدار لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام بدات. بەس تەقینەوەکە ئەو دیدارەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست. داخۆ ئەو دواخستنە لەسەر تێکچوونی هەندێک حیساب و کتاب نییە؟ بێگومان لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامی ئەم بابەتە لێکەوتەی قورسی بۆ ئێران دەبێت. ئەگەر وا نەبێت پێویستە رژێمی ئێران سەرجەم پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا رابگرێت و رەئیسی بە هیچ شێوەیەک دیدار لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام نەدات. گەلانی ئێران کەی لەو بابەتە دڵنیا دەبنەوە کە رژێم بۆ خۆی دەستی لەگەڵ تورکیا تێکەڵ نییە، پێویستە پێداچوونەوەی جیدی لەسەر سیاسەتەکانیان لەبەرامبەر تورکیا بکەنەوە. چون کاربەدەستانی رژێم بەو پەیوەندیانەیان مار لەئاستینی خۆیان بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلانی ئێران بەخێو دەکەن. ئەگەر ئێران ملکەجی تورکیا ببێت و بکەوێتە ناو داوی ئەردۆغانەوە، ئەوا دەکەوێتە ناو یارییەک کە دۆڕاندن چارەنووسی دەبێت و پێویستە رۆژ لەدوای رۆژ گەلانی ناوخۆی ئێران باجی ئەو پەیوەندیە ناتەندرۆستیانە بدەن.

 ئایا دەوڵەتی فاشیستی تورکیا زۆر بە پیلان و بەرنامەبۆداڕێژراو لەپشت ئەم کردەوە تیرۆریستیەوە نییە؟ گریمان ئەگەر ئیسرائیلیش لەم کردەوەدا دەستی هەبێ، بێگومان بە رێگای ئەردۆغانەوە فەرمان بە چەتەکانی داعش بۆ ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە دەرکراوە. چون داعش سەرجەم فەرمانەکانی خۆی لەئەردۆغان وەردەگرێت. بەس ئەردۆغان بۆ ئەوەی شک و گومانەکان لەسەر خۆی بڕوێنێتەوە و پەنجەی تۆمەتەکانی بۆ نەکێشرێت، چەند رۆژ بەر لەتەقینەوەکەی کرمان، بە رێگای میدیاکانیەوە دەستگیرکردنی ٣٠ کەس لەچەتەکانی داعشی راگەیاند. داخۆ بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ خۆی بەشێک لەپیلانەکە نییە و بۆ شاردنەوە و چەواشەکاری پەیوەندی ئەردۆغان و داعش بڵاو نەکرایەوە کە گوایا ئەردۆغان لەدژی داعش شەڕ دەکات؟!.

ئەردۆغان و رەئیسی بۆ کوژراوانی تەقینەوەکەی کرمان فرمێسکی تیمساح دەڕێژن

ئەگەر وابێت بۆچی رژێمی داگیرکەری ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ کوژراوانی ئەو تەقینەوەیە فرمێسکی تیمساح دەڕێژن. داخۆ کاربەدەستانی رژێم ئەو حەقیقەتە نازانن و نابینن؟ یان بۆچی چاوپۆشی لەو راستییە دەکەن و نیشانەی هەڵە بۆ نووکی تووڕەیی گەلان دادەنێن؟ واتا رۆژێک دوای ئەو تەقینەوەیە ئەردۆغان و ئیبراهیم رەئیسی بە تەلەفۆنی پێکەوە قسەیان کرد و ئەردۆغان وەک یەکەمین دەوڵەت خەمباری و دڵنەگەرانی خۆی ئاراستەی رەئیسی کرد. داخۆ کۆی قسەکانی هەر دوو لایەن چ بووبێت؟ لەسەر چ بابەتێک رێکەوتبن و لەبەر چ بەرژەوەندی هاوبەشیان، دەیانەوێت راستییەکان ئاوەژۆ و چەواشە بکەن؟ ئەگەر کاربەدەستانی رژێم ئێران لەبەردەوامی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا پێداگری بکەن و لەداهاتووشدا رەئیسی سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ ئەردۆغان دیدار ئەنجام بدات، مەترسیەکان بۆ سەر گەلانی ناوخۆی ئێران زیاتر دەبێت. چون ئەردۆغان و هاوپەیمانانی، چەتەکانی داعش وەک چەکوشی تەسلیمیەت و بۆمبی چێندراو لەدژی ئێران بە کار دەبەن. تایبەت لە کاتێکدا رژێمی ئێران لەدژی بەرژەوەندیەکانی تورکیا سەرەڕۆیی و دژایەتی بکات، ئەوا بە رێگای هەڕەشەی داعشەوە پەلکێشی پیلانەکانی تورکیا دەکرێت.

بۆیە گەلانی ئێران پێویستە لەبرەودانی پەیوەندیەکانی ئێران و تورکیا هەراسان بن و بە پەیوەندیەکی مەترسیدار لەقەڵەمی بدەن. چون چ هێز و لایەنێک لەم قۆناخەدا لەگەڵ ئەردۆغان ناو پەیوەندیدا بێت، بەواتای پەیوەندی لەگەڵ داعشە. تێکەڵ بوون لەکردەوەی تیرۆریستی و کۆمەڵکوژکردنی گەلانە. بۆیە بە جێگای ئەوەی کە ئەمڕۆ گەلانی ئێران بە فیتی رژێم، ناچار دەکرێن کە درووشم لەدژی هەندێک وڵات کە دوژمنی سوێندخواردووی رژێمن، بدەن. بە پێچەوانەوە پێویستە دوابەدوای کردەوە تیرۆریستیەکەی کرمان، درووشم لەدژی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و ئەو دەوڵەتەی لەگەڵ تورکیا ناو پەیوەندیدایە، بەرز بکەنەوە و تێکۆشان لەدژی ئەو عەقڵیەتە بەهێزتر بکەن.

ئەردۆغان چەتەکانی داعش وەک بۆمبێکی تەوقیدکراو لەدژی گەلان بە کار دەبات

 گەلی کورد باشترین ئەزموونی شەڕی لەبەرامبەر داعش هەیە. تایبەت ئەو ناوچانەی کە لەباکوور و رۆژئاوای سوریا لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون، بووتە مۆڵگەی چەتەکانی داعش و ئەو ناوچانەش لەلایەن تورکیاوە رادەستی چەتەکانی داعش کراوە. واتا ئەمڕۆ ئەردۆغان، چەتەکانی داعش وەک بۆمبێکی تەوقیدکراو بۆ هەڕەشە و گوڕەشەی وڵاتان بە کار دەبات و خۆی بە خەلیفەی داعش لەقەڵەم دەدات، بەو پێیە ئەردۆغان بەرپرسیاری راستەوخۆی ئەو تەقینەوەیە. ئەوەش باشترین بەڵگەی پەیوەندی داعش و تورکیا لەگەڵ یەکدییە کە گەلانی ئێران تایبەت ئاکادیمسین، سیاسەتمەدار، رۆشنبیران، هونەرمەندان، ژنان و گەنجان ناچار بەوە دەکات کە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی لەسەر درووشمی بریقەداری بە ناو دۆستایەتی و برایەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا بکەن و فریوی ئەو ستایش و چەواشەکاریانە نەخۆن. چون هەر پەیوەندیەکی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەروانگەی گەلەوە بە واتای سەفەقەی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بۆ گوڕکردنی کێشە و ناکۆکیەکان و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان بۆ مانەوەیانە لەسەر دەسەڵات. بۆیە پێویستی بەوە هەیە کە گەلانی ئێران لەدژی سیاسەتی ملهۆڕانە و فاشیستیانەی ئەردۆغان و هاوپەیمانانی بوەستن. چون بێدەنگی رەوایەت بە کۆمەڵکوژی گەلان و پەیوەندی ناتەندروستانەی رژێم دەبەخشێت.

باشترین بژاردە بۆ رێگری لەبەردەوام بوونی ئەو کردەوانە ئەوەیە کە رژێم پێداچوونەوە بە عەقڵیەتی کۆنەپارێزانەی خۆی بهێنێت و لەبازنەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دوورەپەرێزی بکات و لەزووترین کاتدا هەنگاو بۆ چارەسەری پرسە کەڵەکەکراوەکانی ناوخۆی ئێران هەڵبگرێت. تایبەت پێویستە دان بە هەبوون، ئیرادە، باوەڕی و جیاوازیەکانی ناوخۆی ئێراندا بنێت و گەلانیش لەدژی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کە هاوپەیمان و مۆڵگەی سەرەکی داعشە و سەرچاوەی تێکدانی ئارامی، ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانن، تێکۆشانیان گوڕتر و بەهێزتر بکەن.

هەروەها چێکی بکە

هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران

کەمێک پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانییەوە، هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران. …