شۆڕش بە وتەی یەکەم دەست پێدەکات

عادل عوسمان
سیستەمی دەسەڵات کاتێک بکوژ، تاڵانکەر، وێرانکەرو قۆرخکار دەبێت، ئیتر کۆمەڵگە لە بەرامبەری هەستیار و وەڵامدەر دەبێت. وەڵامەکان جیاوازییان دەبێت، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی، سروشتی و گەردونی دەبن. وەڵامەکان پەیوەستی سیستەمە سیاسی و هەبوونە کۆمەڵایەتیەکان دەبن. وتەی یەکەم لەوەڵامدانەوە بەرەنگاریە بەرامبەر زوڵم و ستەم و پاوانخوازی سەپاندن. ئاستی خواست، هوشیاری و دەستنیشان کردنی کێشە لەوەڵامدانەوەدا گرنگەو ئاراستەی شۆڕش، ڕیفۆرم، تامەولامەی سیستەم و چاککردنی و ئاڵوگۆڕی دیاریدەکات.
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی کێشە کەڵەکەبوە نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی، ژینگەیی و سروشتیەکانەوە بزوتنەوەو تێکۆشانی هەمەجۆرو هەمەچەشن هەیە. سەری لەبڕی جیاناکرێتەوە. بۆیە هەر جوڵانەوەیەک شۆڕش نیە!. شۆڕش بەئاستی ئامانج و ئاڵوگۆڕەکانی و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکەی، نەک چینایەتیەکەی، دەردەکەوێت. بۆیە بزوتنەوە نەتەوەیی، ئایینی، فیمینیستی، ژینگەییەکان چەمک گەلێک بەکاردێنن کە ڕشتەیی و پارچەو لەچوارچێوەی تەعدیل کردنی سیستەمدا جوڵەدەکەن و پڕکەرو تێرکەر نین، بۆتێکۆشانە کۆمەڵایەتیە گەردونیەکە.
هەستانی ئەمجاری گەلانی ئێران بەهۆی مەرگی ژینای کچەکوردەوە، بوە وەرچەرخانی شۆڕشگێڕی لەکۆمەڵگەی ئێران و ناوچەکەدا. بەهۆی بەدەستەوە گرتنی وتاری “ژن، ژیان، ئازادی”ەوە. لەدوای ئەزمونێکی زۆری ڕشتەیی، نەتەوەیی و ڕەگەزی پارچەگەرەوە، گەلانی ئێران بەوە گەیشتن کە پارچەبوون و نکوڵی لە هەبونەکانی تر، دەردی کەس چارەناکات. بۆیە مەرگی ژیناو ژیان بەقەدەر تاڵەمووە دەرکەوتوەکانی سەری کیژێک، ژنێک نزیکە لەخەڵکەوە. بۆیە دەبێت ئەو تاڵەموە ئەستورو نەپچڕێن بکرێت و هەمووان پێکەوە ببەستێتەوە.
شۆڕشی ئەمجار، شۆڕشە بەومانای کە هزرو دیدێکی یەکگرتوو جەوهەری پێکهێناو هەموان بەدەوریدا کۆبونەوە، کە “ژن، ژیان، ئازادی”ە. بۆیە لەگشتی تێکۆشانەکاندا ئەوە کەوتە بەردید کە کچە تارانیەکە وتی من هەموو شتم لەپۆشین تەواوە بەڵام ئازادم لەنەپۆشینی، ئەوە جەوهەرەکەی ژنی ئازادە، کەتەواوی کێشەکانی کۆمەڵگەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتوەو بۆ ئازادیەکەی لەگۆڕەپانە.
سەرکەوتنی شۆڕش، بەدۆزینەوەی سەرچاوەی کێشەکان و بەردەوامی لەتێکۆشان و گۆڕینی زهنیەتی گشتی کۆمەڵگەدەبێت، ئەوەی کە لە تاران ژن لەمەیداندایەو ئیخوانی و چەپەکان لێرە سەغڵەت و بەیەکدا دەدات، کێشە ئەسڵیەکە بچوک دەکەنەوە بۆسەرپۆش و خوداپەرستی و ئاتەئیزم، یاساو دادگا، بۆخۆی شۆڕش و بەرهەمی کاری شۆڕشگێڕانەی ئاڵوگۆڕی زهنیەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ژنە.
تاژن نەگەیشت بە ئایدۆلۆژیای ئازادی و ڕزگاری ژن، سیستەمی مۆدێڕنیتە بەکاوەخۆ لەکۆمەڵگەبوونی دەدا، بەڵام ئێستە هەموو دەموو چاوو هێزو کەسایەتیە شاراوەکانی هێناوەتە مەیدان، بۆ لێدان لەشۆڕش و ئاستەنگ دروستکردن بۆی. بۆیە سەرکەوتنی شۆڕش بەندە بە وەرگرتنی کۆمەڵگە بەزهن و هزری “ژن، ژیان، ئازادی”ەوە، کەزهنیەتێکی گەردونی و دەستنیشانکردنێکی ڕاستینەی حەقیقەتی زوڵم و ستەم و پاوانخوازیە.
بۆیە بۆ باشوری کوردستانیش گرنگە، وەک بەشێک لە شۆڕشی زهنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر ئەو چەمکە خۆی بنیات بنێت و کۆببێتەوە. جیاوازیەکان هەبونە، ڕێگرنیە لە کۆبونەوە بەدەوری ئامانج و پەیامێکدا، بەڵام پەیامی جیاوازو گروپی، کۆمەڵگە پارچەو لەبەرامبەر یەکدی دادەنێت. تێکۆشەرانی ئازادی بۆسەرکەوتنی بەش و پارچەکانیش بەتێکۆشانی کۆمەڵایەتی وەڵام دەدەنەوە، هێزی هەموان گرەنتی مافی بەش و پارچەکانیشە. بۆیە شەڕێک، وەرچەرخانێک و شۆڕشێک دەستی پێکردوە مێژوویەکی هەیەو گەردونی بوەتەوە. بەوتەیەک دەستی پێکرد ” کوردستان کۆلۆنیەکی نێودەوڵەتیە” ئازادی کۆمەڵگە پەیوەستە بەشۆڕشی کوردستان و “ژن، ژیان، ئازادی”ەوە.
ئەو پەیامەی لە تارانەوە، لە تەبرێزەوە لەناوەندو مەترۆپۆڵە گەورەکانەوە دەدرێت، نیشانەی بەردەوامی سەرکەوتنی پەیامی یەکەمە، کەمێژوویەکی لەئەزموون، تێکۆشان و قوربانی پێشکەش کردوە و بوەتە پێکەوە ژیانی گەلان و دەشبێتە کۆمەڵگەی هەروەزی و ئیکۆلۆژی.

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *