چوار ژنی کورد لە لیستی 100 کاریگەرترین ژنی جیهاندان

 

دامەزراوەی پەخشی بەریتانی – بی بی سی ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهان بۆ ساڵی 2022ـی بڵاوکردەوە و ناوی دوو ژنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دوو ژنی  خەڵکی باشووری کوردستانی تێدایە.

 

نیگار مارف، پیشەی پەرستارە و دانیشتوی شاری سلێمانیە، ماوەی ٢٥ ساڵە لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکات، کارەکەی بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەو ژنانەی کە خۆیان سوتاندوە، هەروەک کاردەکات لە بواری سوتانی مناڵان و چاودێری چڕیشدا.

ژنێکی دیکەی کورد رۆزا ساڵح-ە کە لە پاڵ پریانکا چۆپرا، ئەکتەری هیندی، بیلی ئایلیش، گۆرانیبێژی ئەمریکی و ئۆلێنا زێلینسکا، خانمی یەکەمی ئۆکراینا بە یەکێک لە کاریگەرترین ژنەکانی جیهان بۆ ساڵی 2022 هەڵبژێردراوە.  رۆزا لە ئایاری 2022 بووە یەکەمین پەنابەر بتوانێت ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی شاری گلاسگۆی سکۆتلاند لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، رۆزا خەڵکی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 2001، کاتێک کە تەمەنی 12 ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەکەی وەکو پەناخواز چوونە سکۆتلاند، دوای ئەوەی کە باپیر و دوو مامی لە لایەن حکومەتی سەدام حسێنەوە لە سێدارەدران.

رۆزای تەمەن 33 ساڵ “لە گەنجییەوە دەستی بە هەڵمەتی داکۆکیکردن لە مافی پەنابەران کردووە و خۆی و هاوڕێیانی لە قوتابخانە خۆپێشاندانیان دژی دەستگیرکردنی هاوڕێیەکیان کردبوو. هەڵمەتەکەشیان کە بە ناوی “کچانی گلاسگۆ”یەوەیە، سەرنجی تەواوی سکۆتلاند و بەریتانیای بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان راکێشاوە.  لە دامەزراندنی رێکخراوی “هاوسۆزیی سکۆتلەندا بۆ کوردستان” بەشداربووە و چەندین جار وەکو چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ، سەردانی باکووری کوردستانی کردووە.

هەروەها زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە سنە. کچە چالاکوانی خەڵکی سنەیە، ساڵی پار لەلایەن دادگەی سنەوە سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا لە گرتووخانەیە.

هەروەها روئیا پیرایی، کچی مینوو مەجیدییە، دایکی لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. روئیا کاتێک ناوبانگی دەرکرد کە لەسەر گۆڕی دایکی قژی بڕاوی بەدەستەوە بوو و بەشیوەیەکی خۆڕاگرانە راوەستا. روئیا پیرایی چەند رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە، لەگەڵ چەند کچ و ژنێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە پاریس لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆنەوە لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لێکرا.

 

س_ع

 

 

هەروەها چێکی بکە

ژنانی تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لەبارەی ٨ی مارسەوە بڵاوکردەوە

هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی تێكۆشەر و ڕەنجدەر پیڕۆزبێت ‎بە درێژای مێژوویەكی هەزاران ساڵە، ژنان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *