بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی و ئەندامانی بنەماڵەکەی و هاوشاریی و دۆستەکانی، بەسەرپەرشتیی تەڤگەری ئازادیی یەكەمین مەراسیمی ساڵیادی شەهید مامۆستا شەماڵ بەڕێوەچوو.
دوێنێ ئێوارە لە شاری كفریی-هۆڵی ڕۆشنبییریی شارەکە، بە سەرپەرشتیی تەڤگەری ئازادیی، مەراسیمی یەكەمین ساڵیادی شەهید سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، نووسەر و مێژوونووس و جوگرافیاناس و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان سازدرا.
سەرەتا بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهید شەماڵ و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی كوردستان دەستی پێكرد و ژمارەیەك مۆم لەلایەن كەسوكاری شەهیدانەوە داگیرسێندرا.
عەلی پەرلەمان، سیاسەتمەدار چەند كۆپلەیەكی ئەدەبیی پێشكەش بە شەهید شەماڵ كرد، پاشان مامۆستا ڕەحیم، هاوڕێی نزیكی شەهید، چەند یادەورییەكی نێوان خۆی و شەهید مامۆستا شەماڵی گێڕایەوە.
سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وتاری تەڤگەری ئازادی خوێندەوە و رایگەیاند:لە كەسایەتی شەهید شەماڵدا، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی و بەبییردێنینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لەمەقامی ئەو شەهیدانەدا دادەنەوێنین، بۆچیی لەم قۆناغەدا هێرش دەكرێتە سەر تەڤگەر و مامۆستا شەماڵ شەهید دەكرێت و لەناو جەرگەی گەرمەسێردا قڕدەكرێین؟.
وتیشی: كولتوری نەتەوەی دیموكرات دەكەینە بنەمای هەموو پێكهاتەكان، بە پێداگرییەوە ئێمە پەیامی خۆمان ئاڕاستەی هەموو پێكهاتە و مەزهەبە جیاوازەكان دەكەین، دەبێت هەموو پێكهاتەكان وەكو بییرکردنەوەی مامۆستا شەماڵ پێكەوە بژێین.
پاشان بە داتاشۆ، ژیاننامە و كار و هەڵوێستەكانی شەهید مامۆستا شەماڵ پێشکەشکرا.
ئامەد سوهەیل، كوڕی شەهید شەماڵ وتاری بنەماڵەی خوێندەوە و وتی: بەخێرهاتنی هەموو میوانان و لایەنە سیاسیی و كەسایەتییەكان دەكەین كە لە دوور و نزیكەوە هاتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، مامۆستا شەماڵ شەهیدبوونی جێگای پرسیارە لە ڕۆژی ڕووناك لەبەردەم ماڵەكەی خۆت، بەڵام دوژمنان پێویستە باش بزانن، كە ناتوانن بە تیرۆركردن ناسنامە و شوناس و جیۆگرافیای ئەم گەلە بسڕنەوە.