تورکیا، مرۆڤ ئەکوژێ یان مێشومەگەز!

کامیار سابیر
1. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، تورکیا و دەسگا موخابەراتییەکانی بە هاوکاریی حکومەتی هەرێم و دەسگا موخابەراتییەکانی هەرێم( هەر دوو حیزب)، کۆمەڵێ کاری تێر-ۆر-یستانەی لە دژی گەر-یلاکانی پە-کە-کە لە قووڵایی کوردستانی عێراقدا( لە گەرمیان و ناوچەکانی کەرکوکەوە، بۆ پێنجوێن و شارباژێر) وێڕای باڵەکایەتیی و ناوچەکانی بادینان، چەندیین بۆردومانیان بە درۆن کردووە و لە نێویشیاندا چەندیین کەس لە کوردی کوردستانی عێراق بوونەتە قوربانیی، بەڵام کەمتریین ناڕەزایەتیی هەیە لە بەرامبەر ئەم هەموو خوێنەدا، کەچیی رێک بە پێچەوانەوە، بۆ گرتنی زارا محەمەدیی، بەس مردووەکان مابوون، بە دەنگ بێن و لەگەڵ مێدیای سێبەری دەسەڵاتدا، هاوئاواز بخوێنن( طەبعەن بەو نوخبە کوردییانەی خۆیشیان بە سەربەخۆ ئەزانن)
2. ئەمڕۆ لە کەلار و دوێنی لە ناوچەکانی چەمچەماڵ، چوار و پێنج ئینسانی کورد ئەکوژرێن، یەکێک لەو قوربانییانە خەڵکی ناوچەی ئاغجەلەر و قەڵاسێوکەیە و باوک و مام و کەسوکارەکەی ئەناسم، زۆریینەی هەرەزۆریان کە دانیشتووی گوندی سەرچناری سەر بە ئاغجەلەر بوون، ئەنفال کران و پاش ٣٣ ساڵ منداڵێکی ئەوکات کە لە ئەنفال رزگاری ئەبێت، کەچیی بە درۆنەکانی تورکیا، لە ٢٠٢٢شەهید ئەبێت. پێرێ لە ناو سلێمانییدا لە بەختیاریی، خاوەن رێستۆرانتێک تێر-ۆر ئەکەن کە کوردی تورکیا بوو، دوێنێش لە شەنگال، مێردمنداڵێک، خەڵتانی خوێن کرا و شەهید کرا. ئیتر ژمارەی قوربانییەکان تا دێت هەر بەرزئەبنەوە، بەڵام بێدەنگییەکی زۆر بەرامبەر تاوانەکانی تورکیا هەیە و بەرامبەر تاوانەکانی ئێرانیش، ئەگەر تۆپێ هەڵبدات یان درۆنێ بۆ مۆڵگەی موخابەراتیی ئیقلیمیی و ئیسرائیلیی لە هەولێر، لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، بۆ ئەوانەی هەرێم، هەموویان ئیدانەی ئەکەن و بە کاری تێکدەرانە و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و کوردستان، لەقەڵەمی ئەدەن!
3. ئێمە بینییمان، نوخبەی کوردیی( بە حیساب رەخنەگری دەسەڵاتیش)، بە رۆشنبییر و رۆژنامەنووس و مێدیای بەناو سەربەخۆوە، کەم کەس ماوە گرتنەکەی زارا محمەدیی نەلاوندبێتەوە و لای کەم شیعرێکی ئیرۆتیکیی بەسەردا نەکردبێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەموو قەصابخانانەی تورکیادا، هەمان تەعبییری موخابەراتی تورکیا بەکارئەهێننەوە، ئایا گەر-یلای پە-کە-کە لە گەرمیان و ئاغجەلەر و چەمی رەزان و شارباژێر. چیی ئەکەن؟ بەڵام قەطعەن ناپرسن ئەرێ چەکداری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کوردستانی عێراق چیی ئەکەن و جاروباریش بە کەرنەڤاڵەوە، بە ئاوازی شۆڕشگێڕانەی رووداو و کەی ٢٤ ەوە، تا سەر سنوورەکان ئەبرێن و نمایشێکی موخابەراتییان پێ ئەکەن و ئەیانهێننەوە؟
4. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە کە ئایا بۆچی گرنگیی بە کەیسی زارا محەمەدیی ئەدرێ، بەڵام گرنگیی بەو هەموو قەتڵ و وێرانکارییەی تورکیا نادرێ؟ لە باری فیکریی-مێژوویی-کولتووریی و سیاسییەوە، وەڵامەکەی ئەوەیە ئێمە لە کوردستانی عێراقدا، لە ئیمتیدادی نزیک بە ٦٠٠ ساڵی دەسەڵاتی عوثمانییەکان و بە تایبەتییش لە دوای شەڕی چاڵدێرانەوە، چەند چەرخێک لەژێر نفوذی سیاسیی و عەقیدەیی و مەذهەبیی عوثمانییەکاندا بووینە و بە تایبەتییش لە ئیالەتی شارەزوور و دواتریش لە ویلایەتی موصڵدا، ئێستایش کۆنەستی زۆریینەی کوردی کوردستانی عێراق تەباهیی لەگەڵ ئەو نەهجە طائیفییە( مەذهەبییە)دا هەیە کە ئەردۆغان و تورکیای ئێستا، بۆ ئیدارەی کێشە سیاسییەکیان، تەبەنیی ئەکەن.
5. بە واتایەکی تر لە کۆنەستی ئینسانی کوردی عێراقدا( بە رەهایی نا، بەڵام زۆریینە) جێکەوت بووە کە ئێران و شیعە دوژمنی کوردن، ئیسلام نیین، رافیضەن یان ئیسلامەتییەکەیان ئەصیڵ نییە، لەبەرامبەریشدا، ئەوەی تورکیا ئیسلامەتییەکی دروست و تەواوە! کۆنەستێک بە صەدان ساڵ شەڕی عوثمانییەکان و صەفەوییەکانی تێدا زاخاو درابێت و بەردەوامیش لایەنگریی عوثمانییەکان کرابێت، ئێستا نووکی درێلەکەی گەیشتووەتە مەغزی زۆربەی هەرە زۆری نوخبە و رۆشنبییر و سیاسییەکانمان، بۆیە ئەو مەغز و کۆنەستە، خۆ بە خۆ، بە تایبەتییش لە دوای نەوەدەکانەوە، ئەو راسانە ئایدیۆلۆژییەی ئیسلامی سیاسیی-سوننیی، ئەوەندەی تر ئەم حیقد و کەراهییەتە طائیفیی و مەذهەبییانەی گەشاندەوە.
6.
7. رێک بە پێچەوانەوە، لە پەنجاکانەوە تا کۆتایی هەشتاکان، گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا، تەبایی و خۆگونجاندنی لەگەڵ شیعەکانی عێراقدا ئەکرد، چونکە مەظڵومییەت لەدەست دیکتاتۆرە عوروبییە-سونییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق یەکیخستبوون، ئەمە لە دوای ٢٠٠٣ ەوە، رێک قڵپ بووەتەوە. بەتایبەتییش لە ١٠ ساڵی رابردوودا، ئەم ناسیۆنالیزمە کوردایەتییەی کە بیزنسی دەیان میلیارد دۆلاریی بە قەضییەی کوردەوە ئەکات، لەگەڵ ناسیۆنالیزمە سوننییە بەعثییە عوروبییەکەدا، هاوڕایی و مەصڵەحەتیان هەیە و پێکەوە دووبارە لەگەڵ ئەو تەیارە ئیسلامییە سیاسییەی ناو کورد و عەرەبی سوننەدا، هەروەها لەگەڵ هەندێ حەرەکەی جۆراوجۆری چەپ( لە ناو کورددا)، بە ئاگایی بێت یان بە جەهل، بە مەصڵەحەت بێت یان بە صەدەقەی وەلائیی، هەموویان کەوتوونەتە بەرەی ئەردۆغان و درۆنەکانیەوە، کەوتوونەتە بەرەی ناسیۆنالیزمی تورکیی-سوننیی( هەندێجار پانتورکیی)ەوە .
8. سەرەنجام، چونکە گوتاری زاڵی کوردایەتییە-سونییە- طائیفییەکە بە دەست پارتییەوەیە و هەموو ئەو نووسەر و سیاسیی و حیزبانەی کە خۆیشیان بە ئۆپۆزیسیۆن ئەزانن، بە خورافاتی ئایدیۆلۆژیی لە چەشنی ئەوەی گوایە شوناسی کوردبوون لە مەترسییدایە، گرتنەکەی زارا محەمەدیی ئەگەیەنن بە کەشکەلانی فەلەک، بەڵام لەبەرامبەر دەستدرێژیی و داگییرکارییەکانی تورکیادا، نوطق ناکەن! و بگرە کوشتنی مرۆڤی کورد، وەکو کوشتنی مێشومەگەز، وێنە ئەکرێ و لە ترسی تەخویینیش، کەس ناوێرێ باسی جەریمەکانی تورکیا بکات. ئەی ئەگەر وا نییە، بۆچی حەماسی خورافاتە ئایدیۆلۆژییەکانی کوردبوونیان، دەماری نەتەوەییان! هەڵناسێنێت؟ چونکە دەمارێکی طائیفیی و مەذهەبییان تێدایە و لە خەتی کوردایەتییە طەریقەتییە سونییگەراییەکە، دەرناچن.
هەر ئەمەیشە کە ناسیۆنالیزمی کوردایەتیی، قەطعەن ناتوانێ کوردە شیعییەکانی ناوچەی کرماشان و خانەقین( جگە لە دابڕانەکەی مەلا بەختیار و ئاشە دێریینەکان و کۆمەڵە دێریینەکان) ، هەروەها ناتوانێ کوردە عەلەوییەکانی کوردستانی تورکیا و سوریا، لەگەڵ شەنگالییەکان و زازاییەکاندا لە خۆ بگرێت، بەڵکو بەردەوام هەڵاوێردیان ئەکات. بە واتایەکی تر نییوەی کورد، سوننیی مەذهەب نیین یان ( دینییان نییە)، کەچیی بە ناوی کوردبوونەوە( چەمکێکی تر وەکو بەدییلی کوردایەتیی)، کۆمەڵێ نووسەر و مێدیاکار و رۆشنبییر لەگەڵ کۆمەڵێ سیاسییدا، بەردەوام ئەکەونە ناو گەمە موخابەراتییەکانی حیزبەکانی ناسیۆنالیزمە سوننییە کوردایەتییەکەوە و چەمکی کوردبوون بە هەڵە و بە سەقەتیی، بۆ ئەجێندایەکی گوماناویی، تەوظیف ئەکەن. بە کورتییەکەی مێدیای سێبەری پارتیی، چۆنی بوێت ئەم جۆرە کەس و حیزب و رەوتانە، ئەجوڵێنێت! هەروەکو لە کەیسی زارا محەمەدییدا، مەعلومە بە قازانجی کێ شکایەوە؟ لە بەرامبەریشدا، گەنجێکی ناصرییە کە خۆی لەدەست میلیشیاکانی جنوب هەڵاتووە و لە سلێمانیی دائەنیشێت، ئیدانەی کوشتنی ئەو منداڵە ئەکات و بە ئیر-هابی دەوڵەتی تورکیا لەسەر عێراقییەکان، ئەیچوێنێت!

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *