ژن، ژیان، ئازادی Woman, Life, Freedom

کەمال چۆمانی
– ژن، ژیان، ئازادی -زن، زندگی، ازادی- دروشمی سەرەکیی خۆپیشاندانەکانی کۆی شارەکانی کوردستانی ئێران و ئێرانە. ئەو دروشمە هەڵقوڵاوی ٤٠ ساڵ خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستانە و لە تێڕوانینە فەلسەفییەکانی ئۆجەلانەوە سەریهەڵداوە.
– ئۆجەلان ئازادی کۆمەڵگا بە ئازادی ژن دەبەستێتەوە. ئۆجەلان دەڵێت: <<بۆ من، ئازادیی ژن تەنانەت لە ئازادیی نیشتیمانیش بەنرخترە.>> هەر بۆیە لە رۆژئاڤا بینیمان چۆن دروشمی ژن، ژیان، ئازادی تەنانەت لیبراڵێکی وەک هیلاری کڵینتۆنیش لە باوەشی گرت، لە فێستیڤاڵی کانەوە بۆ تاران دەنگدەداتەوە.
– ئۆجەلان دەڵێ: <<مێژوی کۆنی ٥٠٠٠ ساڵی شارستانییەت لە بنەڕەتەوە مێژوی کۆیلەکردنی ژنە. لە ئەنجامدا، ئازادیی ژن تەنها بە شەڕکردن دژ بە بناغەکانی ئەو سیستەمە حوکمڕانییە بەدەستدێت.>> سیستەمی کۆماری ئیسلامییش بەشێکە لەو سیستەمە ٥٠٠٠ ساڵییە.
– کوشتنی ژینا ئەمینی جارێکی تر بۆگەنبونی سیستەمی نادیمکوراتیکی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێئاشناکردینەوە. دوای ٤٠ ساڵ ئەو سیستەمە ناتوانێت گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات و چەندەش ئەو سیستەمە توندتر و دڵڕەقتر دەبێ، هێندەش ویستی ئازادی باڵاتر.
– ئەوەی لەو ساڵانە سەردانی ئێرانی کردبێ، دەزانێت رەوشی ئابوریی ئەو وڵاتە لە چ وێرانەیەک دایە و رەوش و گوزەرانی خەڵک چەند سەخت بوە، بەڵام ئەوە تەنها نان نییە خەڵک لەپێناویدا خۆپیشاندا دەکات، بەڵکو ئازادییە پێش نان.
– پۆلیسی ئەخلاق یەکێکە لە کێشە بونیادییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەک تەنها کێشە. خۆپیشاندان تەنها دژ بە روداوێک نییە، دژ بە کۆی ئەو سیستەمەیە پۆلیسی ئەخلاقی بۆ پرچی ژنان هەیە نەک پۆلیس بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
– بەپێی هەندێک داتا، سەدا ٦٠ خەڵکی ئێران لە ئاستی هەژاری رێژەیین relative poverty، واتا بەزەحمەتە دەتوانێت تا سەری مانگ کرێی خانو و خواردنیان هەبێ و ئەوانە رێژەی هەرە زۆری کۆمەڵگان. لەو سەدا ٦٠ ە، سەدا ٣٠ لە ئاستی هەژاری تەواو absolute poverty دان. لە کاتی کۆرۆنادا زیاد لە سەدا ٣٥ی دانیشتوانی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەوە بون. بێکاری لەنێو گەنجان سەروی سەدا ٢٥ ە.
– ئێران بۆ ئەو کێشانەی کە هەڕەشەی گەورەن لەسەر ژیانی دەیان ملیۆن خەڵکەکەی، پۆلیسێکی نییە، بەڵام بۆ داپۆشینی پرچی ژنان و کام جلوبەرگ لەبەردەکەن، پۆلیسێکی تایبەتی هەیە و <<بەباشی>> کارەکانی ئەنجامدەدات.
– ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێرانی تا رادەیەک یەکگرتوە. ئازادیی ژن و دژایەتیی رژێم یەکیخستون. ئەوەی پڕۆفیسۆر د عەباسی وەلی ناویناوە <<دیواری ئێتنیکی>> لەو روداوەدا شکێنراوە. کوشتنی ژنێکی کورد لەلایەن رژێمەوە وای کردوە تاران و سنە پێکەوە خۆپیشاندان بکەن.
بۆیە؛ ئازادی هەمو نەتەوەکان پێکەوە پەیوەستە. هیچ نەتەوەیەک ئازاد نابێ لەو بەشەی دونیادا تا هەمو نەتەوەکان ئازاد نەبن. ئازادیی هیچ نەتەوەیەکیش، وەک ئۆجەلان گوتی، بێ ئازادیی ژن مەحاڵە.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *