بۆچی کۆمەڵگای ئێمە نابێت بە کۆمەڵگایەکی دیموکرات؟

ن. محموود سریع القلم

و. هێمن کاکە

ئەو کۆمەڵگایانەی کولتووری زاڵیان زیاتر کولتوورێکی زارەکییە، هەوراز و نشێوی زۆر دێتە ڕێیان. بەڵام کاتێک ئامرازی کارلێکی کولتووری لەنێو نوخبەکانیشدا زارەکی بێت، هەواراز و نشێو جێی خۆی بۆ قەیرانەکان و دووبارەبوونەوەی قەیرانەکان چۆڵ دەکات.

مەبەست لە ئامرازی کارلێکی کولتووری چییە؟ بە نموونەیەک ئەم بابەتە شیکار دەکەین. ئایا تا ئێستا دەرفەتی ئەوەت هەبووە بیر لەوە بکەیتەوە کە بۆچی مامۆستایانی ئایینی لە هەر گروپ و ڕێبازێکی فکری جیاوازیشبن، دواجار هەست بە نزیکایەتی و هاوڕاییی دەکەن لەتەک یەکتردا؟

لەوانەیە هۆکاری سەرەکی ئەوە بێت کە: (دەقی هاوبەشیان خوێندووە.) کتێب، ئەدەبیات و چەمکی هاوبەشیان هەیە. ئەگەر ڕای جیاوازیشیان هەبێت، میکانیزمەکانی کارلێک و تەحەمولکردنیان لە نێو خۆیاندا ئاسایی کردۆتەوە.

دیموکراسیش دەق، ئەدەبیات و چەمکگەلی تایبەت بە خۆی هەیە. چەند سەدەی خایاندووە تا ئەم ئەدەبیاتە شێوەی گرتووە و خراوەتەڕوو و بووە بە هەڵقەکانی پێکگەیشتنی نوخبەکان. نوخبەکان کە نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، سیاسییەکان، هونەرمەندان و کارسازان دەگرێتەوە، پێوستیان بە کتێب و ئەدەبیاتی هاوبەشە تا بتوان لە حوکومڕانی و ڕۆڵیان کاریگەر و بەبەرهەم بێت.

مێژووی یەکێتی سۆڤیەت پیشانی دەدا کە مارکسیزم تەنیا مێشکی ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی ڕەنگڕێژ نەکردبوو، بەڵکو لەنێو زانکۆکان، چاپەمەنی، پیشەسازی،  زانایان و هاوڵاتیانی ئاساییشدا شکڵی گرتبوو. دەق و چەمکە هاوبەشەکان، گشتگیری و کارەکانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی پێکەوە  گرێدابوو. هەمان ئەزموون لە ڕۆژئاوای ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا لە دەوری دیموکراسی لە “ژان بودەن”ەوە (١٥٣٠ – ١٥٩٦)، دەستی پێکرد و ئێستاش بە نووسینە جۆراوجۆرەکانی “هابرماس” لە گەشەسەندندایە. هەرچەندە دیموکراسی نوسخەی جیاوازی لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا خستۆتەڕوو، لێ لە گشتدا ئەم وڵاتانە خاوەنی بنەما و چەمکگەلی هاوبەشن.

چۆن دەتوانی ببیتە خاوەنی دیموکراسی و ڕەفتار و بیرکردنەوەی دیموکراتیکت هەبێ، بەڵام لە نێو سەدان بەرهەمی سەنگین، لانی کەم ئەم دەقانەی خوارەوە نەخوێنیتەوە:

Social Contract (1762)

Jean-Jacques Rousseau

The Federalist Papers (1780)

Alexander Hamilton

Democracy in America (1835)

Alexis de Tocqueville

On Liberty (1859)

John Stewart Mill

Democracy and Education (1916)

John Dewey

Capitalism, Socialism and Democracy (1942)

Joseph Schumpeter

 The Origins of Totalitarianism (1951)

Hannah Arendt

A Preface to Democracy (1956)

Robert A. Dahl

Social Origins of Dictatorship and Democracy (1966)

Barrington Moore Jr.

The Wheels of Commerce (1979)

Fernand Braudel

بیربکەرەوە نزیکەی بیست تا سی هەزار نەفەر لە نوخبەی وڵات، وەک سیاسییەکان، نووسەران، خوێندکارانی زانکۆ، پسپۆڕان، ڕۆژنامەنووسان و پیشەواران و بازرگانان ئەم کتێبانە و (هاوشێوەکانیان) لە ڕێی سیستەمی پەروەردە لە قوتابخانە و زانکۆکان لەگەڵ مامۆستاکانیان خوێندبایە. ئەدەبیاتێکی هاوبەشی ئاوها  سیستەمێکی فیکری و هەڵهێنجانی هاوبەشی لێ دەردەچێت. خوێندنەوەی مێژووی ئەوروپا، ئەمەریکای باکوور و یابان ئەوە پیشان دەدات کە بیرکردنەوە و باوەڕە هاوبەشەکانی نوخبەکان هەنگاو بە هەنگاو دەبنە کولتووری گشتی خەڵک. دەق و ئەدەبیاتی هاوبەشی دەستەبژێر دەبێت بە جیهانبینی و پاشان ئاگایانە یان نائاگایانە دەبنە پێوەر و باوەڕی عامەی خەڵک.

لێ کاتێک مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای خۆمان دەخوێنینەوە، لە هیچ کات و زەمەنێکدا هاوپشتی و پەیوەستی فیکری لە نێو چینی نوخبەدا نابینرێت. لە دوای قاجارەکانەوە، لە هەر گروپێک بکۆڵیتەوە، دەبینی لە ڕەوتگەلی فیکریی جیاواز پێکهاتوون کە هەریەکە و باوەڕی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە بازنەی خۆیاندا جموجۆڵ دەکەن و دەژین. بە درێژایی سەد ساڵی پێشوو، چەندین دەستە لە ئەدەبیات هەرچەند دژیەکیش بووبن لەتەک یەکتردا، هەبوون. لە دەورانی پەهلەوی ئەدەبیاتی نوخبەی سیاسی، دێرینگەرای  و کۆنەپارێزی بوو، لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاوی  نووسەران و مامۆستایانی زانکۆ، باوەڕیان بە ئەدەبیاتی چەپ هەبوو،  لە هەمان کاتدا چالاکانی ئابووری باوەڕیان بە تێکەڵەیەک لە لیبراڵیزم و بازرگانی نەریتی هەبوو.

وەک بەراوردکاری، شتێکی جێی سەرنجە کە بەشێکی زۆر لە نوخبەی فەڕەنسا لەو زانکۆیانە خوێندویانە کە ئابووری، سیاسەت و قانوونیان تێدا وتراوەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدا کە ئەو دەق و کتێبانەی لەبارەی دیموکراسیەوەن لە ١٢٠ ساڵی ڕابردووی مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمەدا، لە بازنەیەکی سنورداردا بوون و لە هیچ سەردەمێکدا نەبوونەتە ئەدەبیاتی بنچینەی و زاڵ لە نێو نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، سیاسییەکان و پسپۆڕانی زانکۆ.

 خوێندنەوە، وتار و سیمیناراتی پەرت و بڵاو  لەبارەی دیموکراسیەوە، نابێتە هۆی هاوپشتی و کۆدەنگی فەلسەفی و مەفهوومی و پاشان ڕەفتاری.

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، دەتوانین ئاماژە بە چوار ڕەوتی چەپ، نەتەوەیی، دینی و دیموکراتی بکەین. کە هەرچەند ئەم چوارە لە هەندێ چەمک و تێگەیشتندا هاوڕایی لە نێوانیان تێبینی دەکرێت، لێ بەگشتی سەربەخۆ و دوور لەیەکتر کاریان کردووە و لە هەمووی گرنگتر، هەر ڕەوتەو ئەدەبیات و سەرچاوەی تایبەت بە خۆی هەبووە. بۆ نموونە، سەبارەت بە پرسێکی کلیلی وەک گەشەسەندن، هەر یەکەیان چەندین بۆچوون و وەڵامیان هەیە کە ناتوانرێ کۆبکرێنەوە و بکرێن بە هێڵێکی گشتی سیاسی بۆ حوکمڕانی!

 هۆکاری سەرەکی هەوراز و نشێوییە بەردەوامەکان لە بواری سیاسەت و دروستبوون و لەنێوچوونی سیستمە سیاسییەکان لە کۆمەڵگای ئێمە، بەهۆی کێماسیی کۆدەنگیە لەسەر ئەدەبیاتێک کە بتوانێت ڕاوبۆچوونی نوخبەکان لە دەوری شتێک کۆبکاتەوە.

کام ڕەهەندی تێگەیشتنی هاوبەش دەکرێت لە نێوان دەرچوویەکی ئابووریی زانکۆی کامبرجی بەریتانیا و کارمەند لە (فەرمانگەی بەرنامە و بودجە) لە لایەک و، ئەندامێکی پەرلەمانی دەرچووی حوجرەدا هەبێت؟ ئەم دوو ئەندامەی نوخبەی وڵات، دوو جۆر ئەدەبیات و مەنهەج و کتێبیان خوێندووە و پێناسە و تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە بۆ چەمکگەلی وەک گەشەسەندن، کولتوور، پەیوەندی نێودەوڵەتی، بەرهمهێنانی سامان و دیبلۆماسی کە دەکرێت تەنانەت یەک بەستەر و خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا نەبێت. لە کۆتایدا کاتێک دە تا پانزە هەزار نەفەر کە لە نوخبەی وڵات پێکدێن، خاوەنی ئەم سەرچاوە جیاوازانەی تێگەیشتنبن، دەست دەدەنە وتاری گشتی و وەهمی، گۆڕێنی بابەتە ڕۆژانەییەکان و هەوراز و نشێوی بەردەوام دروست دەکەن و کردە و چالاکی دژبەیەک ئەنجام دەدەن.

دیموکراسی سەبارەت بە مرۆڤ، کۆمەڵگا، کات، بەرهەمهێنان، ڕاگەیاندن، دەسەڵات، بەرژەوەندی گشتی، کۆکردنەوەی سامان، ئازادی، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیستەمی نێودەوڵەتی تێڕوانینی تایبەتی خۆی هەیە. هەرچەند ئەم پێناسە و بۆچوونانە ڕەها نین، بەڵام یەک بنچینینەی نەگۆڕیان هەیە. بۆ نموونە، دیموکراسی ڕەسەنایەتی فیکرە جیاوازەکان دەپەژرێنێنت و بە مافی خەڵکی دەزانێت کە فیکر و بیروبۆچوونی جیاوازیان هەبێت. بەڵام زۆرێک لە جیهانبینیەکانی جیهانی سێیەم، دان بەم مافەدا نانێن. بیرمە کەسێک لە داڤۆس (٢٠١٥)، کە لە لایەن نوسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە هاتبوو، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا لە بارەی یەک ملیۆن پەنابەری سووریەوە ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی ئەڵمانیا لەگەڵ زانکۆی ئەزهەر ڕێکەوتنێکی کردووە تا ۱۲۰ مامۆستای ئاینی بنێرن بۆ ئەڵمانیا بۆ پەنابەرە سووریەکان. ئەم هەنگاوە پێش ئەوەی کردەیەکی سیاسی بێت، جۆرێکە لە بیرکردنەوە سەبارەت بە مافی مەزهەبی و دینی پەنابەرە موسڵمانەکان لە ئەڵمانیا.

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە دیموکراتیزە نابێت، بریتیە لەوەی بەشێکی زۆر لە نووسەران، ڕۆژنامەوانان، خوێندکارانی زانکۆ، سیاسیەکان و پسپۆڕان شارەزای زمانە بیانییە گرنگەکانی وەک ئینگلیزی و فەڕەنسی و عەرەبی نین. خوێندنەوەی دەق و ئەدەبیاتی هەر بابەتێک بە زمانی ڕەسەنی خۆی، بە هیچ جۆرێک بەراورد ناکرێت بە نوسخەی وەرگێڕدراوی ئەو دەقە، تەنانەت گەر باشترین وەرگێڕانیشی بێت. لە وەرگێڕاندا ڕۆحی چەمک و زاراوەکان لەنێو دەچن و نازانرێت تا چەند خوێنەر ئاشنا دەبێت بە دیقەت و شکڵبەندی نووسەر. هاوتەریبی خوێندنەوە و تێگەیشتنی وردی دەقەکانی جیهانبینیەک، باوەڕپێکردن و هێنانە ناوەوەی کولتووری ئەو دەقانە، دیوێکی سەختی دیکەی بە کردەییکردنی ئەو جیهانبینیەیە. بە لێکۆڵینەوە لە سیستەمە دیموکراتیکەکان، وا دەردەکەوێت کە تا سیستەمی ماف و قانوونیی دیموکراتی دروست نەبێت، ڕەفتاری دیموکراتی نایەتە کایەوە.

یابان و ئەڵمانیا وەکو یەک سیستەم کار دەکەن. سیستەمی فیکری و هەڵهێنجان لە هەر دوو وڵاتدا لە ژێر کاریگەری بۆچوونە هاوبەشەکانی لایەنە جیاوازەکانی نوخبەی ئەم وڵاتانەدایە.  بیروباوەڕە هاوبەشەکانیش بەشبەحاڵی خۆیان لەژێر کاریگەری  دەق و ئەدەبیات و سیستمێکی پەروەردەیی گشتگیردان. وشەی دیموکراسی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە زۆری لە سیمینارەکان و بەشێوەی زارەکی  دەخرێتە ڕوو و هیچ پشتگیری و دیراسەیەکی مێژوویی بەرچاوی لە پشتەوە نییە. تەنانەت ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین لە دەیەکانی داهاتوودا ئەدەبیاتی دیموکراسی زیاتر دیراسە بکرێت، ئاڵنگاری دوای ئەوە، ڕەفتاری دیموکراتی و بەکردەیکردنی دەبێت. تا کاتێک لە کۆمەڵگایەکدا سیستمی قانوونیی دیموکراسی جێنەگرێت، چاوەڕوانی ڕەفتاری دیموکراتی، خەیاڵپڵاوییە.

لە ساڵی ۲۰۰۱ ئاماژەم بەم خاڵانە کرد بۆ چالاکوانێکی سیاسی: ئێوە کە دەتانەوێ سیاسەت و دیموکراسی گەشەپێبدەن، یا ئاشنای ئەدەبیاتی دیموکراتی نین، یا کۆمەڵگای خۆتان بەباشی ناناسن. ناکرێت بە باوەڕی پێنج لە سەد لە نوخبەی وڵات دیموکراسی بەرقەرار بکەن. دیموکراسی پێویستی بە پرۆسەیەکی درێژمەودای پەروەردەیی و خوێندنەوە و تێگەشتنی گشتگیرە لە چەمکە دیموکراتیکەکان. کێماسی و بگرە دژیەکیەکی فیکری زۆر هەیە لە نێو نوخبەی ئەم وڵاتەدا. باوەڕ بە دیموکراسی لە نێو نوخبەدا زۆر کەمە و میکانیزمی قانوونی ئەو، بوونی نیە. بە سیمینار و میتینگ ناتوانی دیموکراسی بەدەست بێنی.

سەرەڕای ئەوە، ئەم کۆمەڵگایە کولتوورێکی کەڵەکەبوو لە ناخودئاگایدا هەیە کە پێویستی بە گۆڕانی پەروەردەیی جدی هەیە تا کولتووری دیموکراتیک بپەژرێنێت و لە نەوەیەکەوە بۆ ئەوی دیکەی بگوازێتەوە. بێ هۆ نیە کە بە درێژایی ۱۲۰ ساڵی ڕابردوو، پرۆژەکانی مەشروتە، ئازادی سیاسی، دیموکراسیخوازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی یەک لە دوای یەک شکستی هێناوە و بە ناکامی ماونەتەوە.یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی، نائاشنای زۆرینەی چالاکوانان بووە بە تیۆری گۆڕانکاری و بونیادنان.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *