ئۆجەلان، کوردێک لە ژێر تارمایی هەواڵگری دونیادا

نوسینی : جەعفەر عەلی

پەکەکە، لەگەڵ جانەوەرێکی گەورەی دونیای مۆدێرندا چووەتە شەڕی ددانپێدانان بە شوناس و کولتور و بوونی کورد، جانەوەرێک جگە لەوەی لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا بایەخی ستراتیژی خۆی هەیە، ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکاش بووە لە ناوچەکەدا. بۆیە ململانێ و شەڕی سیاسی و چەکداری پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، هەم لە ئاستی ناوەوەی تورکیادا، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کارێکی ئاسان و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێ گرفتی گەورە نابێت.

پەکەکە، لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیدا، لەڕووی دیسپلین و ڕەوشتی شۆڕشگێڕانە و خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ئەوروپا، بەشداری و پێگەی ژنان لە خەباتی سیاسی و چەکداریدا، نموونەیەکی بێهاوتای نێو جوڵانەوەی سیاسی کوردە. لە ڕووی بەهێزی پێگەی ژن و کاریگەرییان لە کاری ڕێکخراوەیی، خەباتی سیاسی و چەکداریدا، پەکەکە لەگەڵ هیچ حیزبێکی سیاسی کوردی لە هیچ بەشێکی دیکەی کوردستاندا قابیل بە بەراوردکردن نییە.

لەمێژووی حیزبی سیاسی کوردیدا، یەکێک لە گرفتە بنەڕەتییەکانی بریتیبووە لە سەری حیزب، کەسی یەکەم و بڕیار بەدەستی حیزب، هەمیشە کەسی یەکەم شادەمار و جوڵێنەری کۆی ئۆرگانە جیاوازەکانی حیزب بووە. بە دەگمەن حیزبێکی کوردی دەدۆزیتەوە دوای نەخۆشکەوتن، یان مردنی کەسی یەکەم، لە ناوەوەیدا ئاڵوودەی دەیان نەخۆشی و جەستەی ڕووبەڕووی لەرزینی گەورە، دابەشبوون، یان لاوازبوون و هەڵتەکاندن نەبووبێتەوە. دەوڵەتی تورکیا دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان چاوەڕوانییەکی وەهای لە پەکەکە هەبوو، چاوەڕوانی زەلیلکردنی کەسی یەکەم، داڕزین و هەڵوەشانی پەکەکەش لە غیابی بڕیار بەدەستی یەکەمی حیزب، بەڵام واقیعی سیاسی، دیسپلین و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەی پەکەکە، تەواوی چاوەڕوانییەکانی فاشیزمی تورکی بۆ هەمیشە لە ئاستی خەیاڵدا هێشتەوە.

لە خەیاڵی فاشیزمی تورکیدا، پەکەکە یەکسان بوو بە ئۆجەلان، بۆیە هەر لێدانێک لە ئۆجەلان واتە لێدان لە پەکەکە، دەستگیرکردن،زیندانیکردن و کوشتنی ئۆجەلان، واتە دەستبەسەرداگرتن، لە قاڵبدانی چالاکی سیاسی و چەکداری، یان کوشتنی پەکەکە. ئەم بۆچوون و بیرکردنەوەیە ئەگەر ڕاستی مێژوویشی تێدابێت، ئەوا مانەوەی شکۆمەندانەی ئۆجەلان لە زیندان و وەستانەوەی پەکەکە لەسەر قاچەکانی خۆی، پووچێتی ئەم خەیاڵەی دەوڵەتی تورکیای سەلماند. دوای ئۆجەلان، پەکەکە وەک هێزێکی خاوەن دیسپلینی توندی حیزبی، بۆ دەوڵەتی تورکیا و هەموو دونیای سەلماند، ئۆجەلان ببێ یان نا، پەکەکە هەیە و دەبێت.

نە تەنیا پەکەکە، بەڵکو ئۆجەلانیش وەک ڕێبەری یەکەمی حیزب، دوای توندکردنی لە زیندان لە ١٩٩٩ وە بۆ ئێستا، هەر گەورە و بە گەورەیی ماوەتەوە، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، هیچ سیاسییەکی کورد، نە لە ناو پەکەکە و نە لە دەرەوەی پەکەکەدا، بە پشتیوانی و کۆمەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش، هێشتا توانای نەک تێپەڕاندن، بگرە گەیشتن بە هێزی کاریزمایی و پێگەی جەماوەری ئۆجەلانی لە ئاستی کوردستانیدا نەبووە. تا ئەم چرکەساتەش ئۆجەلان، وەک کاریزما و سیمبولێک بۆ کورد بەگشتی و پەکەکە بەتایبەتی، وێڕای پەلاماردان و چەواشەکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارانیشی، لە دەرەوەی تێپەڕاندندا ماوەتەوە.

لە ماوەیەکی کەمی دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا، نووسەرێکی کورد لە یەکێک لە گۆڤارە کوردییە گرنگەکانی کوردستان و ئەوروپادا لەسەر بنەمای تیۆری گومانگەرایی، نووسی: (ئێمە نازانین ئۆجەلان وەک جاسوسێک، یان وەک شۆڕشگێڕێک لە زیندان دێتەدەرەوە). ئەم ڕستەیە ئەگەر گومانێکی عەقڵانی و فیکری لە پشت بووبێ، دەشێ هەرچی زیاتر گومان بێت لەسەر بنەمای سیاسی و مێژوویی، چونکە مێژووی سیاسی ئێمە بەدەر نەبووە لە شکست، کەوتن و هەندێجاریش چۆکدادان لەبەردەم دوژمندا. بۆیە گومانکردن لە شۆڕش و سەرکردە سیاسییەکان، دەبێ وەک گومانێکی فیکری و سیاسی ڕەوا ببینرێت. جگە لەوەش ئۆجەلان خۆیشی لە (سۆسیۆلۆژیای ئازادی)دا گوتوویەتی: “لەو کاتەوەی خۆم ناسیووە هیچ کاتێک گومان یەخەی بەرنەداوم و وەک شەوە بەدوامەوە بووە”. بەڵام دوای بیست و چوار ساڵ زیندانی، ئۆجەلان هێشتا وەک سیاسییەکی پاک، وەک شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە ماوەتەوە، ئەو هێشتاوەک سیمبولێک بۆ کورد و پەکەکەلە دەرەوەی هەر گومانێکی نێگەتیڤ لە زیندانێکی تاکەکەسیدا بە شکۆوە لەسەر پێکانی خۆی وەستاوە.

ئۆجەلان بەرەو کوێ؟

نە تەنیا ئازادکردن، بەڵکو گۆڕینی شوێنی زیندان و کرانەوەیەک لەبەردەم پارێزەران و کەسوکاری ئۆجەلان لەلایەن دەوڵەتی تورکیادا، یەکێکە لە ئەگەرە هەرە دوور و نائومێدکەرەکان. ئەم نائومێدبوونە تەنیا لە سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپەی هاوپەیمانییەوە نەهاتووە، بەڵکو لە سیاسەت و گوتاری ئەو حیزب و فیگەرە سیاسیانەشەوە دێت، کە مێزی شەش کەسی کۆیکردوونەتەوە. هیچ حیزب و فیگەرێکی سیاسی لە تورکیا، نە لە ئێستا و نە لە ئایندەدا، ناچێتە ژێرباری هەوڵێک بە ئاراستەی دروستکردنی دۆخێکی باشتر، کە کەمێک ڕێزی مرۆڤبوونی تێدا بێت بۆ ئۆجەلان. دەوڵەت، هەر هێزێکی سیاسی تورک تێیدا باڵادەست بێت، ئۆجەلانێکی زیندانیکراو، لە ڕووی ناسیۆنالیستییەوە وەک سیمبولی سەرکەوتنی تورک بەسەر کورد و لە ڕووی سیاسی و یاساییشەوە وەک هێمای سەرکەوتنی دەوڵەت و قانون بەسەر “تیرۆر”دا لێکدەداتەوە.

بۆیە ئەگەری دەرچوون، یان باشترکردنی دۆخی ئۆجەلان لە زینداندا تا ڕادەی ئەوەی وەک مرۆڤێکی ئاسایی مامەڵە بکرێت، هەرچی زیاتر لە چوارچێوەی دەوڵەت و سیاسەتی دەوڵەتدا، لە ئەگەر و چاوەڕوانییەکی سەرابی دەچێت. پشتیوانی نێودەوڵەتی، ئەمریکا، ڕوسیا، یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ تورکیا لە ڕێی ناسینی پەکەکە وەک “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” و ئۆجەلانیش وەک “سەری تیرۆر”، ئەم بۆچوونەمان لەلا بەهێزتر دەکات.

پرسیار ئەوەیە، کەی دونیا لە بەشداری و وەستانەوە لە پشتی ستەم لە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر ڕووی زەوی بە ئاگا دێتەوە، ئایا ئەمڕۆ دەبنە بەشێک لە ستەم و سبەی لەسەر زاری کونسوڵێک، یان دیپلۆماتکارێکی بێ کاریگەر لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بە داوای لێبووردنێکی سادە دڵمان دەدەنەوە، وەک چۆن لە هەندێ بابەتی مێژووییدا لەسەر ئاستی کوردستان و دونیادا خەریکی ئەم یارییە تێپەڕ و بێمانایەن. هەڵەکردن وەک چۆن بۆ هەر سیاسییەک کارێکی نۆرماڵە، بۆ دەوڵەت و دامەزراوەی بڕیاردانی دەوڵەتیش ڕەنگە نۆرماڵ بێت، بەڵام بەردەوام بوون و درێژەدان بەو هەڵەیە و یاریکردن بە ژیان و کەرامەتی نەتەوەیەکی گەورە، نە بە داوای لێبووردن ڕاست دەکرێتەوە، نە بەو ملکەچی و دۆخە وێرانەیەی لە ناوەوەی ئێمەدا وەک کورد، بوونی هەیە.

ڕاستە دواتر هەڵوێست و بۆچوونەکان لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا گۆڕان، بەڵام بیرمان نەچێت ڕۆژگارێک یاسر عەرەفات وەک سیاسییەکی تیرۆریست دەبینرا، دواتر لە باڵاترین ئاستی بڕیار و سیاسەتی دونیادا پێشوازی لێدەکرا، سەرەنجامیش خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدرا. نیلسۆن ماندێلا تا ماوەیەکی کەم بەر لە ئازادبوونی لەلایەن (مارگرێت تاتچەر)ەوە وەک سەرۆکی گروپێکی تیرۆریستی ناودەبرا، کەچی دواتر بوو بە جێگەی شانازی هەموو ئازادیخوازانی جیهان، هێمایەک بۆ وەستانەوە دژ بە ئاپارتاید و ڕاسیزم، سیمبولێک بۆ لێبوردەیی و بەیەکەوەژیان، سەرەنجامیش بە شایستەیی خۆی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت. ئەمانە نموونەی سادەی ئەم دونیا بێ مۆڕاڵەن لە پشتیوانی لە ستەم و ستەمکاری و مامەڵەکردنی گەلان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابووری و بازرگانی ڕووت.

ئایا ئەم پێچەوانەبوونەوە لە سیاسەتی دونیا دەرهەق بە پەکەکە و ئۆجەلان ڕوودەدات. بە بڕوای من، بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، جوگرافیا و پێگەی جیۆپۆلەتیکی دەوڵەتان، ئەم ئەگەرە لە ئێستادا، ئەگەرێکی دوور و تەواو لاوازە، بەڵام ئەوە ڕووبدات، یان نا، ڕاستییەک هەیە و ناگۆڕێت، ئەویش ئەوەیە، هەم پەکەکە و هەم ئۆجەلان، نوێنەرایەتی دۆزی ڕەوای گەلێک، بەشێکی گرنگ لە کورد لە ئاستی ناوەوەی کوردستان و دونیادا دەکەن.

وەک چۆن جیهان هەڵە تێگەیشتنی خۆی بەرامبەر عەرەفات و ماندێلا ڕاستکردەوە، وەک چۆن ئەو فیگەرە سیاسیانەی لە کەسانی (تیرۆریست)ەوە بۆ سیاسەتمەدار و پیاوی دەوڵەت گۆڕی، دڵنیام زوو، یان درەنگ، لە ماوەی ژیانی ئۆجەلان خۆیشی نەبێت، دوای خۆی ئەم تەوقی (تیرۆریست) بوونە لە گەردنی خۆی و پەکەکەش دەبێتەوە، هیچ دووریش نییە، پاڵێوراو و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیش بێت. ئێمە دەزانین گۆڕینی فیگەرێک کە لە ژێر ناوی (تیرۆر) لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ناسێنراوە بۆ کەسێکی شایەن بە خەڵاتی نۆبڵ، کارێکی قورسە و ڕێگەیەکی دوورودرێژیشی دەوێت، بەڵام وەک چۆن مێژووی شەرم و بەرژەوەندی ڕۆژئاواو و ڕۆژهەڵات لەبەردەم شکۆ و گەورەیی ماندێلادا چۆکیدادا، بەم جۆرەش لەبەردەم شکۆ و سیمبولی ئازادی گەلێک، لەبەردەم سیاسی، نووسەر و بیرکەرەوەیەکی گەورە، لەبەردەم ئۆجەلاندا، چۆک دادەدات.

پەکەکە بۆ هات؟

 لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێک پەکەکە دامەزرا، بارودۆخی کوردەکان لەوپەڕی خراپیدابوو. دەوڵەتی تورکیا هەر داوایەکی سیاسی و کولتوری کوردی، بە زەبری ئاگر و ئاسن سەرکوت دەکرد. دوای کودەتاکەی کەنعان ئیڤرین لە ساڵی ١٩٨٠، دۆخی کوردەکان زیاتر خراپ بوو، تۆمەتی جوداخوازی دەدرایە پاڵ هەر جوڵەیەکی کوردی و بە یاسای تیرۆر وەک تیرۆریست مامەڵە دەکران.

هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە بوون، کە دۆخی کوردان نەک باشتر نابێت، بەڵکو فشار و ستەمی دەوڵەت لەسەر بوون و شوناسی کورد، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر و گەورەتر دەبێت. بۆیە ئاسایی بوو ئەگەر پەکەکەلە بەرامبەر فاشیزمی دەوڵەتدا بڕیاری شەڕی گەریلایی بدات و، لە ساڵی (١٩٨٤)یشدا ئەم شەڕی گەریلاییەی دەست پێکرد. ئەم شەڕە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا، وێڕای ئەوەی لە ماوەی دەستپێکردنی شەڕی گەریلاییەوە بۆ ئێستا چەندین جار فیگەر و حیزبە سیاسییەکانی دەسەڵات لە ئەنقەرە گۆڕاون، سەرەڕای هەندێجار وەستان و ئاگربەست، بەڵام ئەم شەڕە بە کردەیی تا ئێستا درێژەی هەیە و بەردەوامە.

لە بەردەوامی و درێژەکێشانی شەڕدا، پەکەکە نەک بێهێز نەبوو، بەڵکو بوو بەهێزترین بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری جەماوەری ڕێکخراو لە ناو کوردانی تورکیا، چ لە باکوری کوردستان، چ لە ئەوروپادا. پەکەکە نوێنەری داکۆکی لە ماف و ئازادی سیاسی و کولتوری چەندین ملیۆن کوردە لە باکوری کوردستان و دونیادا، تەنانەت ئەو کاتەی ئۆجەلان هێشتا لە ڕۆما بوو بە پارێزەرەکانی دەڵێت: “لە یادی نەکەن ئەم مەسەلەیە (مەسەلەی کورد) پەیوەست نییە بە شەخسی منەوە، ئەوە مەسەلە و چارەنووسی میللەتەکەمە. مەسەلەی کورد دەبێت چارەسەر بکرێت، من لەبەرئەوە هاتوومەتە ئەوروپا. ئەوروپییەکان دەبێت لەوە تێبگەن، کە پرسی کورد، پرسی ئەوروپاشە”.

 بچووککردنەوەی جیهان لەبەردەمی ئۆجەلاندا

سیناریۆی دەستگیرکردنی ئۆجەلان، یەکێک لە قێزەونترین سیناریۆ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە، کە دەرهەق بە مرۆڤێکی ئازادیخواز کرابێت. لە ناو ئەم سیناریۆیەدا، ئۆجەلان نە لە نیشتیمانەکەی خۆی جێگەی دەبێتەوە، نە لە بستێک زەمینی ئەم دونیایەدا. پلان، پەیوەندی، تۆڕی هەواڵگری هاوبەش و پارە، بەرژەوەندی ئابووری، سیاسی و بازرگانی، هەموو ئەمانە خرانەکار بۆ بچووککردنەوەی ڕووبەرەکانی دونیا لەبەردەم تێکۆشەر و سیاسییەکی کورد، ئازادیخواز و بانگەشەکارێکی ئاشتی و بەیەکەوەژیان، بچووککردنەوەی دونیا تا ئاستی ژوورێکی تاکەکەسی لە زیندان، زیندانی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا لە ئمراڵی.

ئەوەی لە سیناریۆی دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا ڕوویدا، بەدڕەوشتییەکی جیهانی هێندە گەورەیە دەبێت تا ئەبەد ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وەک بەشێک لە مێژووی شەرم بینووسنەوە. ئۆجەلان و پەکەکە، مەسیح ئاسا فوویان بە ڕۆحی ماندوو و جەستەی شەکەتی کورد لە باکوردا کرد و زیندوویان کردەوە. بوون و شوناسی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری کوردیان لە هەردوو ئاستی ناوەوەی باکوری کوردستان و دەرەوەیدا لە سڕبوون و توانەوە پاراست.

دەوڵەتی تورکیا، نە تەنیا پەکەکە، بەڵکو تەواوی گەلی کوردی خستووەتە چوارچێوەی تاوانبارکردنەوە. پێشمەرجی مانەوەی کورد لە دیدی فاشیزمی تورکی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، ڕازیبوونیەتی بە قەدەغەکردنی زمان و کولتور و مانا سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی، وەک هەنگاوێکی مێژوویی بۆ تەواوکردنی سیاسەتی سەد ساڵەی فاشیزمی دەوڵەت لە کاڵکردنەوەی هۆشیاری مرۆڤی کورد بە بوونی خۆی و سەرەنجامیش توانەوەی لە بوونی نەژاد و نەتەوەی سەردەستدا.

لە هەرجێگەیەکدا، جوڵەیەک، چالاکییەک، لێداونێکی ڕۆژنامەوانی،گوتاری سیاسی و پەرلەمانتارێکی کورد، یان هەر ئەندام و لایەنگرێکی هەدەپەی بە دڵ نەبێت،ڕاستەوخۆ بە پشتیوانی تیرۆر، کە مەبەست لێی پەکەکەیە، تۆمەتبار دەکرێت. ڕێگە زۆر کورتەکەی فیکری فاشیزمیش لە بەشینەوەی تۆمەت و تۆمەتبارکردن، هەمیشە هەوڵدانە بۆ بینینی دەرەوەی خۆی وەک گوناهبار، خیانەتکار و تیرۆریست. دەوڵەتی تورکیش دەرهەق بە کورد، لە دامەزراندنییەوە بۆ ئێستا، جگە لەمە هیچی دیکەی نەکردووە.

لێرەوە دەوڵەت وێڵی دوای ئامانجە ستراتیژی و گەورەکەیەتی، ئامانجێک لە خەیاڵی ئەودا کۆتایی بەو (دومەڵە/ لە دیدی دەوڵەتی تورکیاوە)ی سەر دڵی دەوڵەت دێنێت، کە ناوی پەکەکەیە، ئەویش لێدانە لە سەری پەکەکە و پلانداڕشتنە بە ئاراستەی قۆڵبەستکردنی ئۆجەلان و چەمانەوەیەتی لەبەردەم وەحشەکەی ناوەوەی فاشیزمدا. دەوڵەتی تورکیابە هاوکاری و پشتیوانی نێودەوڵەتی، توانی ئۆجەلان بگرێت، توانی جوگرافیای بەرینی دونیا لەبەردەمیدا تا ئاستی زیندانێکی تاکەکەسی بچووک بکاتەوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی لەبەردەمی فاشیزمدا بیچەمێنێتەوە.

چیرۆکی دەستگیرکردن، بێ مۆڕاڵی دونیا

دۆسیەی ئۆجەلان، وەک (بریتا بولەر)ی پارێزەری دەڵێت: “بە ڕوونی پێشانیدا، کە چۆن یاساکانی مافی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێن ئەگەر بێتوو بەرژەوەندییە سیاسییەکان بخاتە ژێر مەترسییەوە”. ئەم بۆچوونەی بولەر تەواو ڕاست دەردەچێت، کاتێک دۆسیەکە پەیوەندی بە مرۆڤێکی بێ دەوڵەت و نەتەوەیەکی پەراوێزخراوی ئەم جیهانەوە هەیە، بەڵام کاتێک پەیوەندی بە مافی ئەمریکی، ئەوروپی، یان گروپێکی دیکەی مرۆییەوە دەبێت، کە لە سەنتەری بڕیاری دەوڵەتانی گەورەی دونیادا جێگەی بایەخ پێدانن، ئیدی گرنگ نییە سەر بە کام نەتەوە و دین و ڕەنگ و نەژادن، ئەوە بابەتەکە جۆرێکی دی و دۆسیەکەش ئاراستەیەکی دیکە وەردەگرێت.

کورت و پوخت، لەو شوێنەدا مافی تۆ وەک مرۆڤێک دەخرێتە چوارچێوەی یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، کاتێک لە هاوکێشەی سیاسی و بەرژەوەندی دەوڵەتانی بڕیار بەدەستدا تۆیان وەک مرۆڤ لە ناو سەنتەر و دامەزراوەی بڕیاری خۆیاندا ناسیبێت. ئەم بۆچوونە چەند بۆ دەوڵەتانی گەورەی بڕیار بەدەست لە دونیا ڕاستە، هێندەش بۆ دەوڵەتانی دینی و تەنانەت حیزبە دینییەکانیش ڕاست دەردەچێت.

بۆ نموونە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا ئاساییە داکۆکی، یان لانیکەم ئیدانەی هێرش و پەلاماری چین بۆ سەر موسوڵمانە سوننە ئیگۆرەکانی چین بکەن، یان لە پشتی دروستکردن و سەرکەوتنی هێزێکی تاریکی وەک تاڵیبان بوەستنەوە، چونکە لە پشتی ئەو ئیدانەکردنانەوە دوو دەوڵەتی نەیاری مێژوویی ئەمریکا و ئەوروپا هەن، چین و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، ئێستایش ڕوسیا. ئەم بۆچوونە زۆرینەی کات بۆ دەوڵەت و حیزبە دینییەکانیش هەر ڕاست دەردەچێت. ئەگەر لەوێدا بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری بڕیار لە مرۆڤبوون بدات، لەویتر ئایدیۆلۆژیا بڕیاردەر دەبێت. لێرەوە هەر خوێندنەوەیەک بۆ دۆسیەی دەستگیرکردن و ڕفاندنی ئۆجەلان لە دەرەوەی ئەم بینینەدا، بە بڕوای من تا ڕادەیەکی گەورە دەستکورت دەبێت لە نزیککردنەوەمان بۆ تێگەیشتن لە کرۆکی بابەتەکە.

چیرۆکی ئۆجەلان، چیرۆکی مرۆڤێکی تەنیایە، چیرۆکی مرۆڤێکە خەمی گەلێکی بە کۆڵەوە و لە دەرگای دونیای ماف و ئازادی و عەدالەت دەدات، چیرۆکی مرۆڤێکە لە دونیایەکدا، کە گوێی مرۆڤەکانی بە پاراستنی مافی مرۆڤ و دابینکردنی ئاسایش و دادپەروەریکاسکردووە، بۆ ماڵێک، بۆ بستێک زەوی دەگەڕێت بۆ ژیانکردن و بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی، بەڵام جگە لە ئمراڵی هج بستێکی دی لەم جیهانە بە شایستەی ئەو نابینرێت. بۆیە ئەو ڕووبەرەی ئۆجەلانی تێدا دەستگیردەکرێت، هێندەی ڕووبەرێکی جەنگەڵییە، هێندە سەرزەمینێکی دادپەروەرانە نییە بۆ هێنانەدی بانگەشەکانی دابینکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسایش، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە کەرامەتی ئینسان. ڕووبەرێک جێگەی دەیان جەللاد و خوێنڕێژی گەورەی تێدادەبێتەوە، بەڵام لەبەردەمی ئۆجەلاندا دەکرێتە تەلبەندێکی پۆڵایین و کۆدەکانی کردنەوەی ئەو تەلبەندە دەخرێتە ناو لەپی دەستەکانی دەسەڵات لە ئەنقەرە.

ئەو کاتەی ئۆجەلان لە سوریایە، ئەنقەرە لە چەند مانگی کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ەوە دیمەشق ڕووبەڕووی هەڕەشە و پەلاماردانی سەربازی دەکاتەوە ئەگەر بێتوو سوریا ئۆجەلان لە وڵاتەکەی دەرنەکات. سوریا و تورکیا لە ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد، بەر لەم ڕێککەوتنەش حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەوکاتی میسر، سەردانێکی بە پەلەی ئەنجامدا و دیمەشقی لە مەترسی دۆخەکە ئاگادارکردەووە.  بەپێی ڕێککەوتنەکە سوریا ناچارکرا هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی خۆی بۆ ئۆجەلان و پەکەکە ڕابگرێت. سەرەنجام دەبوو ئۆجەلان سوریا بەرەو ڕوسیا بەجێبهێڵێت و لەوێشەوە بەرەو ئیتاڵیا بڕوات. گەشتە ناچارییەکەی ئۆجەلان، دوای گەیشتن بە ئیتاڵیا، بەرەوڕوسیا، پلاندانان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە هۆڵەندا گەڕانەوە بۆ یۆنان بەردەوام دەبێت.

پلانی گەشتی ئۆجەلان بەرەو هۆڵەندا لە ماوەی دوو ڕۆژدا، دووجار شکست دەخوات. کاتێک هۆڵەندا لە ڕێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بەوە دەزانێت،ئەوفڕۆکە تایبەتەی لە ڕوسیای سپی (مینسک)ەوە دەیەوێت بەرەو وڵاتەکەی بفڕێت ئۆجەلانی هەڵگرتووە، مەودای ئاسمانی وڵاتەکەی لەبەردەم نیشتنەوەی فڕۆکەی تایبەت، جگە لەوانەی پەیوەندیان بە کاروباری ئاسایشەوە هەیە، دادەخات. ئەم هەواڵە لە هەر وڵاتێک زیاتر بۆ تورکیا گرنگ بوو، بۆیە ڕۆژنامەی (سەباح)ی توندڕەو ڕۆژی دواتر بە مانشێت نوسیبووی: “براڤۆ هۆڵەندا”.

دوا وێستگەی ئۆجەلان، لە نایرۆبییەوە بۆ ئمراڵی

دوای چەندین کاتژمێر چاوەڕوانی لە (مینسک)ی ڕوسیای سپی، جارێکی دی فڕۆکەکەی ئۆجەلان بەرەو یۆنان دەچێت.دەوڵەتی یۆنان بە مانەوەی ئۆجەلان لە خاکەکەی ڕازینەدەبوو،  چەند پێشنیارێکیان خستبووە بەردەم ئۆجەلان سەبارەت بە دۆزینەوەی شوێنێکی نوێ بۆ نیشتەجێبوون. حکومەتی یۆنان ئەوەیان بە ئۆجەلان ڕاگەیاندبوو، ئەوان پێیانباشە لە وڵاتێکی وەک یەمەن، سودان، لیبیا، یان سربیا،شوێنێکی نیشتەجێبوون بۆ ئەو بدۆزنەوە، دواتریش باشووری ئەفریقا وەک پێشنیارێک دێتە بەرباس. حکومەتی یۆنان دەرفەتی بە ئۆجەلان دابوو بۆ ماوەی سێ ڕۆژێک لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا لە یەکێک لە دورگەکانی وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە و لەو ماوەیەشدا دەوڵەت هاوکاری دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.

دەزگای هەواڵگری یۆنان پلانێکی نوێ دادەڕێژێت و بە یەکێک لە هاوەڵەکانی ئۆجەلان ڕادەگەیەنن، کە ئەوان قسەیان لەگەڵ پارێزەرەکەی نیلسۆن ماندێلا کردووە و باشووری ئەفریقا ئامادەیە پێشوازی لە ئۆجەلان بکات، بەڵام گوتوویانە لانیکەم پێویستیمان بە دە ڕۆژ دەبێت تا ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی ئۆجەلان تەواو دەبێت، بۆیە تا ئەو دە ڕۆژە دەزگای هەواڵگری یۆنان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە کینیا داڵدەی دەدەن و لە ژێر پارێزگاری ئەواندا دەبێت بە مەرجێک جگە لە هاوەڵەکانی خۆی، نابێ پارێزەرە هۆڵەندییەکانیشی بزانن ئەو لە نایرۆبی کینیایە. بەگوێرەی قسەی پارێزەرەکەی (بریتا بولەر)، پلانی یۆنان ئەوە بووە، لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانە ئۆجەلان لەلایەن پۆلیسی نایرۆبییەوە دەستگیر بکرێت، بەڵام ئەو پلانە سەرکەوتوو نابێت.

دوای تێپەڕبوونی تەنیا یەک ڕۆژ لە گەیشتنی ئۆجەلان بە نایرۆبی، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی یۆنان هەوڵدەدات لە ڕێی پێشنیاری پشوودانەوە  بیخاتە داوەوە و فریوی بدات. جارێک دەڵێن دەیانەوێت بینێرن بۆ کێڵگەی کەسێکی یۆنانی لە نایرۆبی، جارێک هەوڵدەدەن بەشداری لە گەشتێکی شکاردا بکات و جارێکی دیکەیش داوا دەکەن بە ئۆتۆمبێل گەشتێک بەرەو سۆماڵ بکات، بەڵام ئۆجەلان کۆی پێشنیارەکانی ڕەتکردوونەتەوە.

یۆنان هەوڵدەدات بە هەر نرخێک بووە ئۆجەلان ناچار بکەن باڵیۆزخانەی یۆنانی لە نایرۆبی جێبهێڵێت، چەند ڕۆژێک بەر لە ڕفاندنی، چوار کەسی هەواڵگری یۆنان دێن بۆ کینیا و هەوڵدەدەن هاوەڵەکانی ئۆجەلان لەگەڵ خۆیاندا بەرن، بەڵام لەم پلانەشدا سەرکەوتوو نابن و دەگەڕێنەوە بۆ یۆنان. یۆنانییەکان مەبەستیان بوو خۆیان وا پێشانبدەن، کە هیچ بەشدارییەکیان لە پلانەکەدا نییە، چونکە ئەگەر ئۆجەلان بە خواستی خۆی لە باڵیۆزخانەکە دەرچووبا، دەرفەتێک بۆ تورکیا دەڕەخسا تا بیخەنە تەڵەکەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە گەشتێکدا تورکەکان دەستگیریان بکردبا ئەوکات یۆنان بە فەرمی لە ڕووداوەکە بەرپرسیار نەدەبوو.

لە کۆتاییدا بیر لە هاوکاری دەوڵەتی کینیا لە سەرخستنی پلانەکەدا کرایەوە. سێ ڕۆژ بەر لە دەستگیرکردنەکە، واتە لە ١٢شوباتی ١٩٩٩، باڵیۆزی یۆنان (کۆستاولاس) لەلایەن وەزیری دەرەوەی کینیا (بۆیانا گۆدانا)وە بە تەلەفۆن داوای چاوپێکەوتنی بە پەلەی لێدەکرێت. دوای ئەوەی کۆستاولاس ڕۆژی ١٥ شوبات چاوی بە گۆدانا دەکەوێت، ئیتر ئۆجەلان و هاوەڵەکانی ئاگاداردەکاتەوە، کە دەبێ باڵیۆزخانەکە جێبهێڵن، ئەگەرنا ڕەوشەکە بۆ خۆی (باڵیۆز) و بۆ ئەوانیش مەترسیدار دەبێت. کۆستاولاس بە ئۆجەلانی ڕاگەیاندووە، کینییەکان بەڵێنیان داوە ئۆجەلان و هاوەڵەکانی بۆ وڵاتێکی ئارام دەگوازنەوە.

کەمێک دوای گفتوگۆی کۆستاولاس لەگەڵ ئۆجەلان، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری کینیا دەگاتە باڵیۆزخانەکە و پێیانڕادەگەیەنێت، کە دەبێ هەر ئێستا ئۆجەلان لە کینیا نەمێنێت، ئەگەرنا ناچار دەبن بەهێز بچنە ناو باڵیۆزخانەکە و ئۆجەلان دەستگیر بکەن، یان بیکوژن. بەگوێرەی قسەی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری کینیا، لەو ساتەدا تاکە شتێک کە فریای ئۆجەلان بکەوێت ئەوەیە لە باڵیۆزخانەکە بێتەدەر و لەگەڵیان بڕوات، تەنیا شتێک کە پێویستە ئۆجەلان بیکات ئەوەیە، بزانین دەیەوێت بۆ چ وڵاتێکی بەرین، ئۆجەلان لە وەڵامدا گوتوویەتی دەیەوێت بڕوات بۆ هۆڵەندا.

دوای تەلەفۆنێکی کورت، کینییەکان بە ئۆجەلانیان ڕاگەیاندووە زۆرباشە هەموو شتێک ئامادەیە. ئۆجەلان داوای کردووە لە ڕێی تەلەفۆنەوە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕاوێژکارەکانی لە دەرەوەی وڵاتدابکات، بەڵام ڕێگەی پێنەدراوە. هەمانکات لە ئاستی باڵای حکومەت لە یۆنان تەلەفۆن بۆ ئۆجەلان کراوە و داوای لێکراوە، ئەم داوایەی کینییەکان پەسەند بکات و لەگەڵیاندا بچێت بۆ فڕکەخانە، چونکە باشترە بگەیتە ئەوروپا.

کاتێک ئۆجەلان و هاوەڵەکانی لەگەڵ باڵیۆزی یۆنان بە ئۆتۆمبێلی باڵیۆز لە باڵیۆزخانەکە دێنەدەرەوە، دەبینن چوار ئۆتۆمبێل لە جۆری جێپ لە دەرەوە وەستاون. پۆلیسەکانی کینیا ئۆتۆمبێلی باڵیۆز ڕادەگرن و ئۆجەلان لەگەڵ خۆیان دەبەن، کاتێک کۆستاولاس و هاوەڵەکانی ئۆجەلان داوا دەکەن لەگەڵ ئۆجەلاندابن، لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێدەکرێت و پێیاندەڵێن: “لە فڕۆکەخانە یەکتر دەبینینەوە”. ئۆجەلان دەخرێتە ناو یەکێک لە جێپەکان و دەرگاکان دادەخەن و بەخێراییەکی زۆرەوە بەرەو فڕۆکەخانە دەڕوات.

کاتێک ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دەگەنە فڕۆکەخانە، دەبینن دەرگاکانی ئەو جێپەی ئۆجەلانی تێدابوو هێشتا کراوەن و ئۆتۆمبێلەکەش هیچ کەسێکی تێدا نییە، ئۆجەلان ئەو ساتە خرابووە ناو فڕۆکەیەکی تورکی و بەڕێوەبوو بەرەو تورکیا.

لەو کاتەوە بۆ ئێستا، ئۆجەلان وەک سیمبولێکی ئازادی و مافی ئینسان، بیست و چوار ساڵی تەواوە لە زیندانی تاکەکەسی ئمراڵی، ئەو زیندانەی کاتی خۆی یەڵماز گۆنەی سینەماکار و دەرهێنەری کوردی تێدا زیندانیکراو بوو، ڕۆژەکانی ژیانی لە ژێر چاودێرییەکی توندی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا و تەنیاییدا بەسەردەبات.

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *