نەورۆزی قەندیل بووە مینبەری چەند پەیامێک، کە هەموویان کۆکبوون لەسەر گرنگی کارکردن بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پێکهێنانی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان.
محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: واتای نەورۆز پێشەنگایەتی گەلی کوردە دژی زوڵم و ستەم و زوحاکەکانی سەردەم و شۆڕشی ڕووناکییە دژی تاریکی، ئێستا تێکۆشانێک بە ڕۆحی نەورۆز بەڕیوەدەچێت بۆ ئازادیی، کە داینامۆکەی لە قەندیلە، گەلەکەمان پێویستی بە تێکۆشانێکی نوێ هەیە و ئەو تێکۆشانەش ئەمڕۆ لە تەڤگەریی ئازادیدا بەڕێوەدەچێت و دەبیت گەلی کورد پشتیوانی ئەو تێکۆشانە بکەن و بەئاگابێنەوە، کە گەلی ئێمە پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی و تێکۆشانێکی نەتەوەیی هەیە.
محەمەد عەبدوڵا بانگەوازییشی کرد، کە نەورۆز بکەیەنە ڕۆژی تێکۆشان و بەرخۆدان و سەرکەوتن، “دەبێت تەڤگەری ئازادیی بە تەنها نەهێڵینەوە چونکە سیمبۆلی تێکۆشانی نەتەوەییە و پێشەنگی تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسییە، دەبێت هەڵوێستی یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەییمان وەڵام بێت بۆ ئەم قۆناغە، ئەم تێکۆشانە و ڕێبازی شەهیدان سەردەخەین و سەرۆک ئاپۆ ئازاددەکەین”.
هاوکات ڕزگار محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، وتاری کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی قەندیلی پێشکەشکرد و تێیدا هاتبوو: دەبێت ناوماڵی کورد یەکبخرێتەوە، بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجەکانمان، هەمیشە کورد تێکۆشانی کردووە و هەندێک کوردیش هەمیشە خیانەتیان کردەوە، بۆیە دەبێت کورد بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر بۆردوومان لەسەر ئەم ناوچانە ئەنجام نەدرێت.
هەر لە ئاهەنگەکەدا شاڵاو میتانی پەیامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالانی خوێندەوە و تێێدا هاتبوو: جەژنی نەورۆز جەژنی ژیانەوە و ئازادیی، بەرخۆدان و بونیاتنانەوەیە، لەسەرەتادا لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان و هەموو شۆڕشگێڕەکانی ئازادیی پیرۆزدەکەین، گەلی کورد ئەمڕۆ بووەتە گەلێکی نەورۆزیی و بەڕۆحی نەورۆز دژی زوحاکەکانی سەردەم تێدەکۆشێت، بۆ ئەوەی ئەم گەلە بژێتەوە و لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێتەوە ڕێبەر ئۆجالان تێکۆشانێکی ئازادیخوازانەی بەرپاکرد و گەلەکەمانی لە قڕکردن و لەناوبردن ڕزگارکرد و ئەمڕۆ بەرەو ئازادیی هەنگاودەنێن، کات کاتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و نەورۆزی هەڵوەشاندنەوەی فاشیزمە.
دواتر لەلایەن شنیار محەمەدەوە بەیاننامەی پیرۆزبایی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێز خوێندرایەوە، جەختیان لە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان کردەوە بۆ تێکۆشانی ئازدیی و ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، بۆ ئەم مەبەستەش بانگەوازییان لە تەواوی گەنجان و ژنانی کورد کرد