چەند سەرنجێکی سەرپێیی لەو تای دەمارگیرییە ئیسلامییەی هەرێمی کوردستانی داگرتووە

یاسین ئەفتاو

 

ئیسلامیزم، یاخود ئیسلامی سیاسیی، پرۆژەیەکی ئایدۆلۆژیی نوێیە، خەونێکە دوای درووستبوونی دەوڵەت-نەتەوە و پرۆژەی مۆدێرنیتیی سەری هەڵداوە، ڕیشەکانی لە مێژووی ئیسلام و قورئان و فەرموودەشدا هەن، بەڵام ئەو بەئیسلامییکردنەی کۆمەڵگە کە ئیسلامییستەکان خەونی پێوە دەبینن هیچکات لە مێژووی ئیسلامدا پیادە نەکراوە، بەهەرحاڵ ئەم پرۆژەیە لە چوار پنتی سەرەکیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە هەڵدەقوڵێت:

یەکەم؛ سعودییە: سەرەتا بە وەهابیزم، ئینجا سەلەفیزم دەستی پێ کرد، وەهابیزم-سەلەفیزم؛ لە دەسپێکدا پرۆژەیەکی ناوچەیی بوو کە شانشینی سعوودیە لەسەر بنەما فیکریی و عەقیدەییەکانی ئەو ڕەوتە بە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئالسعوود درووست کرا. وەهابیزم ئایدۆلۆجیای کۆکردنەوەی کۆمەڵێک خێڵ بوو کە جگە لە ئیسلامێکی کۆنکرێتیی توند بە هیچ شتێکی دیکە کۆنەدەکرانەوە، دیارە پاڵپشتیی ئینگلیز و ئەمریکاش بۆ جێکەوتکردنی ئەم ڕەوتە و کردنی بە بناغەی دەوڵەتی سعودیی شتێکی شاراوە نییە و دواتر بەکارهێنانی جەنگاوەرانی موجاهیدی ئەم ڕەوتە وەکو چەکێکی کاریگەر لە دژی سووپای سووری سۆڤێت لە ئەفغانیستان و دواتر لە بۆسنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی کۆماری یۆگسلاڤیای شیوعیی بەهای ستراتیجیی و سەربازیی خۆی هەبوو.

هەنووکە و پاش تێپەڕینی نزیکەی ١٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی شانشینی سعودییە و فەرمانڕەواییکردن لەسەر بنەمای وەهابیزم و سەلەفیزم، ئەو شانشینە، بە ڕوئیا و فەلسەفەیەکی نوێوە و لەسەر دەستی محەممەد بن سەلمانی وەلی عەهد، خەریکی وەرچەرخانە لە وەهابیزمەوە بەرەو جۆرێک لە لیبڕاڵیزمی مسوڵـمانانە، کە هێڵە گشتییەکانی فەرمانڕەوایی تێیدا هاوشانە بە بەها گشتییەکانی ئیسلام.

کرانەوەی سعوودیە بە ڕووی هەموو بەها و چالاکیی و نەریتە نوێیەکاندا دەستی پێ کردووە، دوێشەو سعودیە بۆ یەکەمجار ڕێگەی دا خەڵک ئازاد بن لەوەی پێڕەوی جەژنی هاڵوین بکەن (وەکو لە فۆتۆ هاوپێچەکاندا دامناوە)، چەند ساڵێکە ڕەوتێکی پێداچوونەوە و ڕیفۆرم لەو وڵاتە سەرڕێ خراوە، ئەو پرۆگرامانەی خوێندن کە لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکانی سەدەی بیستەوە لەژێر هەژموونی پەنابەرانی ئیخوان موسلمین لە سعوودیە و بەشێک لە سەلەفییەکانی ڕەوتی سەحوەی سعودیی دانرابوون، هەموویان پێداچوونەوەیان پێدا کراوە و بەشێکیشیان گۆڕدراون، ئەوە جگە لە دەرگا کردنەوەیەکی زۆر سەخییانە بۆ کاری هونەریی و کولتووریی و ئەدەبیی، بانگهێشتکردنی هەرچی هونەرمەندی عەرەبیی و جیهانییە بۆ سعوودیە، ئێستا سعودییە هەر قیبلەی مسوڵمانان نییە بەڵکو بەهۆی میهرەجانەکانی جەددە و ڕیازیشەوە بۆتە قیبلەی چالاکیی هونەریی و ئەدەبیی، میهرەجانەکانی ئەو دوو شارە شەوقیان لە بەعلەبەک و جەرەش و قاهیرە بڕیوە، ئازادیی جلپۆشین، سڕکردنی هەیئەی ئەمر بە مەعرووف و نەهیی لە مونکەر، ڕێگرتن لە گوتاری دەمارگیریی دژ بە مەسیحیی و شیعە و جوولەکە، ڕێگەدان بە ئاهەنگی سەری ساڵ؛ وازهێنان لە جیاکردنەوەی کوڕ و کچ و هەموو ئەو دیوارانەی لەنێوان ئەو دوو ڕەگەزەدا قوت کرابوونەوە؛ ئەمانە و زۆر شتی دیکە هەموو ئەو ڕووکارانەن کە سعوودیەی نوێ بەرەو ڕوویان دەئاژوێت و بە پێی زانیارییەکان هەنگاوی زۆرتر و ڕادیکاڵتریش بەڕێوەن.

ئەگەر وەکو لێکۆڵەرێک تەماشای ڕەوتی وەهابیزم بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین وەهابیزم ڕەوتێکی ئاسایی خێڵەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبیی بوو، کە بۆ سەردەمێک کۆکەرەوەی ئەو خێڵانە بوو کە هیچ شتێکی دیکە نەیدەتوانیی کۆیان بکاتەوە، هەمان شت بۆ خێڵەکانی ئیمارات و کوەیت و بەحرێنیش ڕاستە، هەربۆیە وەهابیزم بەرلەوەی فەلسەفەیەک بێت بۆ ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەی سعوودی ئامرازێک بوو بۆ لەبۆتەدانی کۆمەڵێک خێڵی قیرسیچمە و یاخیی، بەڵام ئێستا دانشمەندانی سعوودیی دەزانن کە ماوەی سەڵاحییەتی ئەم فەلسەفە و ڕەوتە بەسەرچووە و کاتی نەماوە، بەتایبەتیی کە ڕەوتی وەهابیزم- سەلەفیزم هەموو ئەرکە لۆکاڵیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانی خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە و کارێکی دیکەی نەماوە، هەربۆیە محەممەد بنسەلمان بۆ ئیلغاکردنەوەی هەندێک لە بنەما سەرەکییەکانی وەهابیزم بۆ نموونە داژیەتیی سەرسەختی شیعیزم و تەقدیسکردنی فەرموودە و تەبەننیکردنی فیقهی حەنابیلە و فەلسەفە پەڕگیرەکەی ئیبنتەیمیە، زووزوو ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان لە وەرچەرخانەکەیاندا زۆرتر دەست بە هێڵە گشتییەکانی قورئانەوە دەگرن، تەبەنیی تەفسیری هێمنتر و کراوەتر دەکەن بۆ ئیسلام، ئێران دۆستێکی شیمانەیییە لە داهاتوودا و شتی دیکەی لەم بابەتە. وەکو هەندێک توێژەری ئاگادار لە ڕەوشی سعوودیە باسی دەکەن، ئەگەر بنسەلمان هیچی بەسەر نەیەت و لەسەر هەمان ڕەوت بەرەو پێشەوە بڕوات، هەتا ساڵی ٢٠٣٠ دەوڵەتی سعودیە دەبێتە دەوڵەتێکی مسوڵماننشینی نیمچە سێکیولار.

دووەم؛ میسڕ: مەنبەعی ئیخوان موسلیمین و سەلەفیزمی جیهادیی. دەتوانین بڵێین، ڕەوتی ئیخوان موسلمین سەرەتا خەونە ڕیفۆرمخوازییەکەی محەممەد عەبدە و جەمالەدین ئەفغانیی بوو کە دواتر بە فلتەری سەلەفیزمی ڕەشید ڕەزا و حەسەن بەننادا ڕۆیشت و بووە هێزێکی سەرتاپاگیرخوازی ئیسلامیست، ئەم پرۆژەیە هەتا ئەم ساتە یەکێکە لە پرۆژە هەرە شکستخواردووەکانی ئەم ناوچەیە، دواجار لە میسڕ و توونس بە کۆدێتا و لە مەغریب بە هەڵبژاردن کۆتایی پێ هێنرا، لە سووریا و لیبیا بووە داردەستی ئاردۆگان، هەتا توانیی بەکاری هێنان و ئێستاش کە وردە وردە بوونەتە عائیقی وەزیفیی بۆ سیاستە تورکخواییەکەی ئاردۆگان، وردە وردە پشتیان تێ دەکات و دەیانفرۆشێت، ئیبلیسێکی وەکو ئاردۆگان لە پرسێکی وەکو کوشتنی خاشوقچییدا، هەتا توانی بەکاری هێنان و کردنی بە گژ سعودییە و بنسەلماندا، ئەوەی جەزیرە و ڕۆژنامەنووسە ئیخوانییەکانی ئەو کەناڵە بە سعودییەیان کرد با بە دەواری شڕی نەکردووە، بەڵام کاتێک ئاردۆگان پێویستیی بە خەزێنە پڕەکەی بانکی ئیستیسماراتی سعودیی بوو، شەقی لە خوێنی خاشوقچیی و هەموو لەوچەلەوچی موحەلیلە ئیخوانییەکان دا و باوەشی کرد بە بنسەلماندا، ئینجا کاتێک خۆی لە بەرانبەر هاوپەیمانیی میسڕی-یۆنانی-ئیسرائیلی بینیەوە بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بکەن کە سامانی گازی سرووشتی دەریای ئیجە و ناوەڕاست داگیر بکات، ئاردۆگان کەوتە سازشکردنی زەلیلانە بۆ میسڕ، کێش لە ئیخوانەکانی برای باشترە بیانکاتە قۆچی قوربانیی؟ ئەوەتا ماوەی ساڵێکە هەر لەقاویان دەدات و پاکتاویان دەکات و ڕاویان دەنێت و هێشتا سیسی قاییل نەکردووە و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی میسڕ ڕایگەیاند کە هەتا توورکیا دەسبەرداری خەونەکانیشی نەبێت لە لیبیا مومکین نییە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، دەسبەرداربوونی خەونەکان لە لیبیاش یەکەم هەنگاوی بە قوربانییکردنی حكومەتە ئیخوانمەشرەبەکەی لیبیا دەبێت و ئاردۆگان بۆ ئەوەی ئابووریی مسوڵمانە توورکە سپیپێستە چاوشینەکان زیاتر نەکاتە قوربانی، زۆر ئاساییە دەسبەرداریی برا بۆرەکانی تەڕابڵووس بێت، دوا کاریشی کە سووکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە بە فەتوای شەیخولئیسلامەکەی ئیستانبووڵ (بەڕێز د. عەلی قەرەداغی)، قۆڵی کردووە بە قۆڵی بەنی ئیسڕائیلدا و خەریکی ئامادەکارییە بۆ مانگی هەنگوینی لەگەڵ تەلئەبیب و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە بە نیازن هەردووکیان پێکەوە شەڕی تێرۆر بکەن، دیاریشە لە ئەدەبیاتی سیاسیی توورکدا تێرۆریست کورد و لە هی ئیسرائیلیشدا فەلەستینیەکانن، بە تایبەتیی ئیخوانەکانی کەرتی غەززەی برای ئاردۆگان و بەڕێز قەرەداغی.

ئاردۆگان خەریکیی هەنگاوێکی بێشەرمانەی دیکەیە، ئەویش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ بەششار ئەسەد، ئەسەدی منداڵکوژ و ژنکوژ، ئەسەدی خوێنمژ و زۆمبی، ئەوەی لە ئەدەبییاتی ئیخواندا یەکسان بوو بە خودی ئیبلیس، لە ئاساییکردنەوەی هەردوو پەیوەندییەکەدا چاوشئۆغڵۆ و ئاردۆگانیش زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە کە نە برا فەلەستینییەکان و نە موعارەزەی سووریی ناکەنە قوربانی، بەڵام کێ باوەڕ بە پشیلە دەکات کاتێک دەڵێت من دەبمە پاسەوانی ئەو بەزەی لەوێدا کەوتووە.

بە هەموو پێودانگەکان، پرۆژەی ئیخوان موسلیمین پرۆژەیەکی شکشتخواردووە، بێگومان ستەمیان لێ کراوە و ئەوەش جێگەی مشتومڕ نییە، مرۆڤکوژێکی وەکو سیسی بە سەدان و هەزاران مرۆڤی ئەم ڕەوتەی بە ناهەق کوشتووە و لە کونجی زیندانی توند کردوون، لە توونس بە شێوەیەکی زۆر شەرمەزارانە کۆدێتایان بەسەردا کرا و لە دەسەڵات دوورخرانەوە، بەڵام سەرەنجام یەک هەقیقەت  دەمێنێتەوە: ئیخوان موسلیمین پرۆژەیەکی نەزۆکە، واقیعیی نییە و قابیلی پراکتیزەکردن نییە، بەس کێشەکە لەوەدایە ئەم هێزە نە بە خۆیدا دەچێتەوە، نە دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە و نە ڕێگەیەکی جیاواز لەوەی هەیە دەگرێتە بەر.

سێیەم؛ توورکیا: بە گشتیی ڕەوتی ئیسلامیی سیاسی توورکی ڕەوتێکی حەربائاسایە، زووزوو ڕەنگی خۆی دەگۆڕێت و ئاراستەیەکی دیاری نییە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک تایبەتمەندیی ئیخوانی تێدایە، بەڵام لە هەمانکاتدا سۆفییمەشرەب و دەروێشتەبیعەتیشە، بە گشتیی ڕەوتێکە بە دوای براگەورەییدا دەگەڕێت و دەیەوێت سەرلەنوێ ببێتەوە بە براگەورەی مسوڵمانان، جا بە هەر نرخێک بێت، سەرەتا باش هێنای، هەموومان هیوایەکمان هەبوو کە ئەم ڕەوتە بە جۆرێکی دیکە تەفسیرێکی سەردەمیانەی ئیسلام و نزیک لە ڕۆحی مرۆڤی ئەم چاخەوە پێشکەش بکات، بەڵام زۆری نەبرد ئەم هیوایە بووە تراویلکە و ئەوانەشی خەونیان بە ئیسلامێکی جیاوازەوە دەبینی تووشی کابووسێکی ڕاستەقینە بوون، هێزێک کە پاڵپشتی داعشی دەکرد، منداڵ و کاروانچییانی دەکوشت، بگرە کەوتە وێزەی برا دینییەکانی خۆی و بە هەزارانی لێ تارومار کردن، ئەم هێزە کۆمەڵگەی توورکیی تووشی شەڕی بێپاساو و داڕمانێکی ئابووریی گەورە کرد، لەرزۆکیی و دووڕوویی پرۆژەی ئیسلامیزەکردنەکەی لەسەر ئاستیی ناوخۆ و دەرەوەش بۆ هەمووان ڕوونە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گەر نەشدۆڕێت زەبری گەورەی بەر دەکەوێت و زۆر لاواز دەبێت.

ئەم ڕەوتە کە هەموو ڕەتە ئیسلامییەکانی دیکەی کردە قوربانی سیاسەتە پانتورکیستەکانی، بە نزیکەیی میسداقییەتی خۆی وەکو هێزێکی بەئاکاری ئیسلامیی لەدەست داوە و لە داهاتووشدا گورزی دیکەی بەر دەکەوێت و لانیکەم خەونی ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەی توورکیی دەبێتە خەونێکی دوور.

چوارەم؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران: ئەم ئەزموونە بۆ هەر ئایدۆلۆژیست و دەمارگیرێک پڕە لە وانە و پەند و ئامۆژگاریی (مرۆڤی ئایدۆلۆژیست و دەمارگیر هەر لە پەند و وانە و ئامۆژگاریی تێ دەگات). کۆماری سێدارە نموونەیەکی زەقە بۆ بیرۆکەیەک کە پێی وایە بیرو باوەڕ و شەریعەت و نەریتەکانی دین و مەزهەبێک دەکرێت لە ڕێی دەسەڵات و سوپا و موخابەرات و شەقوەشێن و یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگەوە سەر بگرێت. ئێران ئێستا یەکێکە لە بێدینترین کۆمەڵگەکانی سەر ڕووی زەوی، بە دەگمەن ئێرانییەک دەبینیت چارەی دین و دینداریی بووێت، خۆ دینداریی هەندێک لە نەتەوە سوننەمەزهەبەکانی وەکو کورد و بەلووج و عەرەبی ئەهواز هیچ نییە جگە لە دیندارییەکی پەرچەرکردارانە، کە ئەگەر شیعیزمی نەتەوەی سەردەست نەبێت هەرگیز ئەو تەوژم و گەرموگوڕییەی نابێت.

مێتۆدی ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەی ئێرانی، بەدەر لەوەی ئەزموونێکی شیعییانەیە، هەمان میکانیزمی ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەیە لای هەر ئیسلامیستێکی دیکە، بۆیە شکستی ئەم ئەزموونە دەبێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ئیسلام بەم جۆرە نە دەتوانێت حوکم بکات و نە دەشپارێزرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەمێکە مردووە، بەڵام هێشتا نەنێژراوە، دەوڵەتێک تەنیا بە ئاگر و ئاسن بتوانێت بە پێوە بووەستێت درەنگ یان زوو دەکەوێت، بەڵام کەوتنی ئیسلامی شیعیی، بە دوای خۆیدا خەونی زۆرێک لەو ئیسلامیستانەی کە دەیانەوێت بەو جۆرەی خۆیان لە ئیسلام گەیشتوون کۆمەڵگە داگیر بکەن، هەرەس پێ دەهێنێت و دەینێژێت.

ئەمە هەمووی پێشەکیی بوو بۆ ئەم چەند پەرەگرافەی کە دەمەوێت ئاراستەی ئەوانەی بکەم کە تازە بە تازە لە هەرێمی کوردستان هەمان خەونی خومەینی و محەممەدی کوڕی عەبدولوەهاب و حەسەن بەننا دەبینن، من نە دژی خەونەکەیانم و نە گاڵتەی پێ دەکەم و نە مافی ئەو خەونبینیشەیان بە ناڕەوا دەزانم، بەڵام تەنیا بانگهێشتیان دەکەم بۆ تێڕامان لەو چوار چاوگەی ئیسلامیزەکردن و ئەو ئەزموونانەی کە بونیادیان نا و ئەو هەموو بەڵا و نەهامەتییانەی کە بەسەر ئەم ناوچەیەیاندا هێنا.

پێم سەیرە خەڵکی (ئەکادیمیی) هەیە کە تازە بە تازە گوزارشتی (غەربزەدەگیی) وەکو جنێو و سووکایەتی بەکار دەبات، هەر دەڵێی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە، دەڵێی ئەو ٤٣ ساڵەی تیایدا ئەنتی غەرەبزەدەکان ئەوانەی درووشمی “لا شرقیة ولا غربیة جمهوریة اسلامیة”یان دەوتەوە ئەزموونێکی هێندە جوانیان پێشکەش کردووە کە هەر بۆ ئەوە باشە مرۆڤ شوێنپێیان هەڵبگرێت و سوپاسگوزاریان بێت کە هێندە جوان غەربزدەکانیان ڕاونا و تاروماریان کردن و خۆیان بە فەلسەفەیەکی زۆر باڵاتر لە غەربزەدەگیی حوکمیان کرد و کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ئاسوودەگیی و دادپەروەریی و ڕەفاهییەتیان بونیاد نا.

(ئەکادیمیست) و (سۆسیۆلۆجیست) و (مێدیاکاری بنکۆڵکار)ی عەنتیکە و سەیروسەمەرە هەن کە پێیان وایە کۆمەڵگە مسوڵمانەکەی ئەوان و بەها باڵاکانی بە بڕگەیەکی یاسایی کە تەجریمی “بەتۆپزیی سەرجێییکردن لەگەڵ هاوسەرەکەی” دەکات، بە سیمینارێکی هاکەزایی لەبارەی جێندەرەوە، بە مەراسیمێکی هاڵوین، بە مشتێک ڕێکخراوی ژنان کە بە قەولی ئەو (ئەکادیمیست) و (سۆسیۆلۆجیست) و (مێدیاکارە بنکۆڵکار)انە بە مەنجەڵێک یاپراخ تێر دەبن؛ هەڵدەوەشێتەوە، ئینجا بە تۆقاندنی کۆمەڵگەی کوردیی لەبنەماداتۆقیو بە مەسەلەی هاوڕگەزخوازیی و بەرەڵڵایی سێکسیی، دەیانەوێت ڕەوایەتیی بە مەشروعێک بدەن کە لە سعودیە ١٠٠ ساڵ و لە کۆماری ئیسلامیی ٤٣ ساڵە پیا دەکرێت و سەرەنجام شکستی هێناوە، تازە بە تازە دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ سەردەمی محەممەد عەبدولوەهاب و خومەینی، کاتێکیش دەنگێکی ڕەخنەگر پێیان دەڵێت تکایە ئەو ڕێگایانەی تاقیکراونەتەوە و شکستیان هێناوە تاقیی مەکەرەوە، هەزار و یەک تەشهیر و جوێن و قسەی ناشرین دەکەن.

ئیسلامەتیی و مسوڵمانێتیی، بەو تێگەیشتنە قورئانیی و ئەخلاقیی و پەیامبەرییەی من تێی گەیشتووم و هەر بە ڕاستییش زانیاریی باش و فراوانم هەیە لە بارەیەوە، ئەو جۆرە ئیسلامەتییە کە ئامانجی کورسی دەسەڵات و زۆرداریی و حوکمی تۆپزیی نییە؛ ئەو ئیسلامەتییەی کە پاڵفتە کراوە بە زوهد و عیرفان و ئەخلاق، کە زاخاو دراوە بە حیکمەت و خۆشویستنی دانایی، ئەوەی کە لۆجیکییانە بونیاد نراوە و لە پاشەڵی خۆی ناترسێت، ئەو ئیسلامەتییە پتەوەی کە کرۆکەکەی تێگەیشتنە لە بێئەرزشیی دونیا و پشتکردنە باقوبریق و کەشوفشی ئەم ژیانە فانییە، لەباریدایە ببێتە زەمینەسازیی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ئاشتیی و خۆشەویستیی و پێکەوەژیان.

ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت و هەندێک لە (خوێندەوار) دەیکەن بەهەڵەدابردنی کۆمەڵگەی ئێمەیە، شەڕکردنە لەسەر دەرمانێک کە عەیامێکە بەسەرچووە، هەڵپەیە بۆ دەسڕی سەرچۆپییەک کە ڕۆژگارێکە ئاهەنگەکەی تەواو بووە.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *