ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی لەبارەی بایکۆتی مامۆمۆستایان و فەرمانبەران رایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هیچ باکێکیان نییە، نایانەوێت کێشەی مووچە چارەسەر بکەن و چارەسەرییش ئەوەیە هاووڵاتییان فشارێکی توند بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم.
چرۆ شوانیی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگە کوردستان بە ماڵپەڕی تەڤگەری ڕاگەیاند:بایکۆت شێوازێکە لە شێوازەکانی داواکاریی یاخود ناڕەزایی، کاتێکیش گرنگیی خۆی دەبێ و ئامانج ئەبێت، چینی بایکۆتکار بەیەک دەنگیی هەڵوێست وەرگرن. لەئیستاشدا بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران لەبەرامبەر نەدانی مووچە دا ئامانجی نەپێکاوە، چونکە یەک ڕیزیی و یەک هەڵوێستیی نییە ئەمەش وایکردووە لەجیاتی سوود زیانی زیاتر بێ، بەتایبەت خوێندکاران وای کردووە جیاکاریی لەنێوان خوێندکاران بکرێت، ئەبینین لە زۆنی سەوز بایکۆتە، بەڵام لە زۆنی زەرد دەوام هەیە ئەمە جگە لە خوێندنگا ئەهلییەکان، کە ئەوانیش دەوامی ئاسایی خۆیان ئەکەن، ئەمەیش وای کردووە جیاکاریی لە بەرامبەر خوێندکارانی بکرێ و چینی مامناوەند و هەژاران نەتوانن دەوام بکەن، یان قوتابیان بەشێکیان هێشتا ئەلف و بێیەک فێر نەبوون، لەکاتێکدا قوتابیانی قوتابخانە ئەهلییەکان خوێندنی خۆیان ئەکەن.
ئەوەشی روونکردەوە: بەتایبەت خوێندکارانی پۆلی دوانزدە کە ئەبێ مەنهەج تەواو بکەن، خوێندنی ئەو قۆناغە چارەنووس سازە و زەرەرمەندی یەکەم ئەوانن، هەروەها فەرمانبەران تەنها ڕۆژەکانی دەوام یان کاتەکانی دەوامیان کەم کردووەتەوە کە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە بۆ سەر دەسەڵات، تەنها هاووڵاتییان زەرەر مەندن و ئیش و کاریان دوا ئەکەوێت و گرفتیان بۆ درووست بووە، کەواتە ئەتوانین بڵێین بایکۆتکردن بەم جۆرە زەرەری زیاترە .
شوانیی وتیشی: نەدانی موچە کاریگەریی لەسەر هەموو لایەک کردووە، هەر لە کرێکارێکەوە تا خاوەن پیشە و بازاڕ، چونکە هەموو گرێدراوی یەکن، کاتێک موچە نادرێت، ئەوا کڕین و فرۆشتنیش سست ئەبێ و جوڵەی بازاڕ کەم ئەبێتەوە، ئەمەیش دووبارە زیانێکی ترلە ئابووریی وڵات ئەدات. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هیچ باکێکیان نییە، چارەسەریی بۆ ئەم دۆخە ئەوەیە هاووڵاتییان بەهەموو چینەکانەوە لە موچەخۆرانەوە تا پیشەوەران و کاسبکاران هاووڵاتییان و خوێندکاران بەیەک دەنگ هەڵوێست وەربگرن فشارێکی توند بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژیە بەوەشکرد، کێشەی نەدانی مووچە لە ٢٠١٤ تا ئێستا بەردەوامیی هەبووە، لەکاتێکدا هەرێم نەوتی سەربەخۆ ئەفرۆشتووە و بوجەشی لە بەغدادوە بۆ ئەهات، بۆیە بیانوی ڕادەستکردنەوەی نەوت پاساو نییە بۆ نەدانی مووچە، کێشەی موچەمان نییە، بەڵکو کێشەی ئیدارە نەدانێکی درووستمان هەیە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی ئەوەشی وت: لەماوەی ٣٢ ساڵی حوکمڕانیی دەسەڵات نەیتوانی ئیدارەیەکی درووستی ئەم هەرێمە بکات، نەبوونی خزمەتگوزاریی و دانەمزراندنی دەرچوان لەماوەی ئەم نۆ ساڵەیش، نەیتوانیوە چارەسەریی بۆ بابەتی مووچە بدۆزێتەوە یان ئەتوانین بڵێین نایانەوێت چارەرسەری بکەن، پێموایە چارەسەریی بۆ ئەم دۆخە بایکۆتی سەرتاسەریی هەموو چین و توێژەکانە، ئەویش بەهەڵویست وەرگرتن و فشار درووستکردن بۆ سەر دەسەڵاتداران ئەبێت.