ناتۆ و تورکیا و کورد

عادل عوسمان

لەدوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ساردی نێوان بلۆکی ڕۆژئاواو بلۆکی ڕۆژھەڵات، ھاوکێشەی ھێزی جیھانی بەھۆی بۆشایی و ڕوخانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتەوە کە ڕوسیاو ووڵاتانی سوسیالیزمی بونیاتنراو بەڕێوەیان دەبرد. دەرفەت بۆ ئەمریکا خوڵقا کە تاک لایەنە ھەژمونیەتی خۆی بەسەر جیھاندا بسەپێنێت. دیارە ئەو بۆشاییە قەیران و شەڕی گەورەی لەجیھاندا دروستکرد. کە گەورەترین جەنگەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدابوو، کەبەجەنگی کەنداوە یەک بەدوایەکاندا بەنەوبانگە. کەلەخۆشیدا کێشەو قەیرانەکانی دەوڵەت – نەتەوەکانی ناوچەی گەورە کردو تەقاندیەوەو تووشی پێکدادان و لەبەریەک ھەڵوەشان بوەوە.
دەوڵەتی عیراق، ئەفغانستان یەکەمین دەوڵەتەکانی ھەڵوەشاوەی ناو شەڕەکانی کەنداوبوون. ھەڵوەشانەوەی دەوڵەت لەعیراق، دەستپێکی شەڕو گۆڕانکاریەک بوو، کە کێشەی کوردی ھێنایەوە سەرمێزی گفتوگۆو دەوڵەتەکانی ناوچەو جیھانی ناچاری بینین و چاوخشاندنەوە کرد بە نەخشە داڕێژڕاوەکانی کۆن و باسی دۆسیەی کوردو لەبەرچاوگرتنی. ئەو چاوخشاندنەوە بەدڵی کۆمەڵێک دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان نەبوو، لەھەوڵی لێدان و ھێشتنەوەی دۆخی کورداندابوون وەک خۆی، واتە بەئینکار کراوی و بێناسنامە ھێشتنەوەی. تێکۆشانی گەلی کوردیش ئاستێکی تێپەڕاندبوو کەنەدەتوانرا پشتگوێ بخرێ و لەبەرچاو نەگیرێت.بەرەنگاربونەوەی ئەو تێکۆشانەی گەلی کورد بەزۆرقۆناغی دژوار، ھێرش و پەلامار، ھاوپەیمانی و لەدژ وەستانەوەدا تێپەڕیوە. قۆناغەکانی ئاڵوگۆڕی شەڕو گۆڕانکاریەکانی ھاوکێشەی ھێز زۆربواری گرنگ و گەورەی بۆ کوردان بەدەستخستوە. ھەڵبەت ئەوەش بە تێکۆشانی بێ پسانەوەو بەردەوامی تێکۆشانی گەلی کورد خۆی بوە. ئەگەر توانای تێکۆشانی گەلی کورد لەبەرچاو نەگرین دەکەوینە ناو دۆخی نەخوازراوو کێشەوە.
بۆلێدان لەودەسکەوت و تێکۆشانانەی گەلی کورد ھەمیشە دەوڵەتی تورک لەدژ وەستاوەو لەھەوڵی پیلانگێڕی و ھاوپەیمانی وفشاربوە لەسەر دەوڵەتان و ھاوپەیمانیە نێودەوڵەتیە دژە کوردەکان. بۆیە لەسەروبەندی شەڕەکانی ئۆکرانیاو ئاڵوگۆڕەکانی داواکاری سوید و فنلند بۆ ئەندام بوون لەناتۆدا. تورکیای ھێناوەتە سەر داخوازی تەسلیم کردنەوەی ئەو کوردانەی کەلەتێکۆشانی گەلی کورددا سەنگ و قورساییان ھەیە و داوای بەتیرۆریست ناساندنی پەکەکەو گوایە بڕینی ھاوکاری ئەو دەوڵەتانە بۆ کوردانی ئازادو ڕێگری لەکاروچالاکی ڕێکخستنە تێکۆشەرەکانی کوردان دەکات.
ئەوروپیەکان، وڵاتانێکی ترسنۆک، ھێزدار بەڵام بێ ئیرادەو ھەژارن، بۆیە بەرامبەر دڕندەیی دەوڵەتی تورک سەریان لێ دەشێوێت! بەڵام ئەوەی دۆخەکە بۆ ئەوروپیەکان ڕادەگرێت، چاوتێبڕینەکانی ئەمریکا- ئینگلیز- جولەکەیە بۆ سیستەمی ھەژمونیەتی جیھانی و بەتایبەت بۆ ژێردەستکردنی ئەوروپا و گرێدانی بەخۆیەوە. بۆیە ھاوکێشەی ھاوپەیمانیەکان بەپێی ئەو وێناو دەربڕینانەی دەردەکەون، بەقازانجی دەوڵەتی تورک و بەتایبەت ھێڵی ئەکەپە – مەھەپە نابێت.
ئەوەی دەکەوێتە سەر گەلی کورد، ھێزە سیاسیەکان، کۆڕو کۆمەڵە دیموکراتیک و ئازادەکان، دروستکردنی بەرەی تێکۆشانی ئازادی و بەرەنگاری و بەرحۆدان و یەکیەتی ھێزی سیاسی و گەلە. ئەوە ڕێبازە ھەرەگرنگەکەی بەدەستھێنانی ناسنامە، سەرکەوتن و کاریگەریە لەسەر ھاوپەیمانی و ھاوکێشە نوێکانی دوای شەڕی ئۆکرانیاو سەرکەوتنەکانی کوردان لە قەندیل، شەنگاڵ و ڕۆژئاوا، یان باکوری سوریا.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *