ژن كوشتن..

پەیمان عزەدین

ژن کوشتن پەیوەندی بە بیرکردنەوە و کەلتورێکەوە هەیە کە سەدان ساڵە ڕەگی داکوتاوە ، لەو کەلتورو بیرکردنەوەیەدا ژن مرۆڤێکی کامڵی خاوەن بڕیار نیە ئەگەر گەیشتبێتە بەرزترین ئاستی خوێندەواری یا سیاسی و ئیداری ، ژن لە ناو خێزان و شوێنی کار و تەنانەت حیزبەکەشیدا هەمان ئەو تێڕوانینەی لەسەرە کە سەدان ساڵە چەقی بەستوە ، ژن ئامڕازێکە بۆ خۆشکردنی ژیان، باشکردنی ژیان ئەرکی ئەو نیە و پێویست ناکا خۆێ تێهەڵقورتێنێ .

لە کۆمەڵگای ئێمە و زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەریشماندا ژن ئەو بەشەی خێزان و خێڵ و عەشرەت پێک ئەهێنێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەشەرەفەوە هەیە ،بۆیە هەر لادان و سەرکێشیەک کە ببێتە هۆی لەکەدارکردنی ئەو شەرەفە ،هەق لای نێرینەکانی خێزانەکەیەتی ڕایگرن بەهەر شێوازێک کە بەشایستەی لادانەکەی بزانن. کەواتە ئەسڵی کێشەکە تێکەڵەیەکی کەلتوری ،قانونی ، زهنیە کە ژنی کردۆتە بونەوەرێک خاوەنی خۆی نیە و توانای بڕیاردانی لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی خۆی نیە. لێرەوە ڕێگرتن لە کوشتنیان ، لە لێدان و سوکایەتی پێکردنیان بە دەستگیرکردن و سزادانی بکوژانیان نابێ ، ڕێگرتن لەو دۆخە خراپەی بەسەر ژناندا دێ لە گۆڕینی هۆکار و تێڕوانینەکانی بەکەم سەیرکردنی ژنانە ، چارەسەری بنەڕەتی لە گۆڕینی کەلتوردایە ،ئەمەش بە چاوسورکردنەوە و دروشمی ناوبەناوی بەرپرسان نابێ .

ئەبێت بنەماکانی عەدالەت و یەکسانی بەر لە هەرشتێک لە پەروەردە و پڕۆگرامی خوێندندا ڕەنگ بداتەوە تا بتوانرێت لە داهاتودا نەوەیەک پێبگەیەنرێ کەبوو بە پارێزەر یا دادوەر

وابیرنەکاتەوە ئەگەر ژن لە دابونەریت دەرچوو هەقی کوشتنی هەیە ، ئەگەر پۆلیس بو چاوپۆشی نەکات لەدەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لەبەرئەوەی ژنەکە بە بێڕەوشت ئەزانێ،

کە ئەبێتە مامۆستا گاڵتە بە هاوڕێیەتی کوڕو کچ نەکا و بۆ سزادان کوڕەکان نەخاتە لای کچەکانەوە ، ئەگەریش بوو بە مامۆستای ئاینی هەموو توانای نەخاتە گەڕ بۆ پەخشکردنەوەی توندوتیژی .

هاوشان لەگەڵ  پەروەردەدا ، ئەم دەسەڵاتە ڕابوەستێ لە ئاودانی ڕۆحی عەشیرەتگەری ، تا دیوەخانەکان بە پارەی حیزب و لە بودجەی گشتی ئاوەدان بن،

ئەو کەلتور و تێڕوانینە نێرسالاریەی هەیە تۆختر و قایمتر ئەبێ. لەگەڵ ئەمانەشدا دەقە سزاییەکان بۆ کوشتنی ژن و ئازاردان و سوکایەتی پێکردنی

هێندە قورس بکرێن کە ببنە بەربەستێکی تۆکمە لەبەردەم ئەم نەوەیەی ئێستا کە سی ساڵە ڕق و توندوتیژی تیا پەروەردە و گەورە ئەکرێ. ئەگەر بەمجۆرە دەست نەدرێتە گۆڕانکاری ڕاستیی،

ئەوەی ئێستا حکومەتی هەرێم و زۆرێک لە ڕێکخراوەکان ئەیکەن لە ڕۆڵی مردو شۆر تێپەڕناکات کە دوای مردنی کەسەکە ئامادەیە بۆ شتن و کفنکردنی .

هەروەها چێکی بکە

ژنانی تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لەبارەی ٨ی مارسەوە بڵاوکردەوە

هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی تێكۆشەر و ڕەنجدەر پیڕۆزبێت ‎بە درێژای مێژوویەكی هەزاران ساڵە، ژنان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *