عادل عوسمان
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و دروستکردنی کۆماری فیدراڵی عێراق، کەلەسەر بنچینەی ناسنامەو ھەبوونە جیاوازەکان و بەتایبەت بوونی نەتەوەیی کوردان دامەزرا، ھەلومەرجێکی نوێ بە کاڵ و کرچیەوە بەھۆی ھەستیاری و بوونی کێشەی کورد لە ووڵاتە دراوسێکانی عێراقدا، ھاتە کایەوە. لەدەستوری عێراقدا لەژێر فشاری دوو لایەنەی ھێزە دەرەکیە داگیرکەرەکان و ھێزە کوردیە کلاسیک و تێکۆشانە دیموکراتیکەکەی کورداندا، وەک زمان! نەک نەتەوە! دان بە بوونی زمانی کوردیدا نرا، ھەمان چەمکی تەڵەزگەی کێشەی کورد بەداڕشتنی جیاوازترەوە.
ئەم ددانپێدانانە ئەگەر ھەموو لایەنەکانی بەجوانی شیبکەینەوە، زۆری دەوێت. بەڵام ئەم ددانپێدانانە بەگوێرەی ھاوکێشەی ھێزی ئەو سەردەم ڕێکخراو نوسرا. ھێزەکانی سەر ئەرز ڕازی نەبوون پێی بەڵام ھاوکێشەی ھێز لەوەزیاتری پێشکەش نەدەکرد، بۆیە بەناچاری ھەموویان ڕێککەوتن و قبوڵیان کرد. بەڵام ھەمووان بەگوێرەی خۆیان ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئەو دەستورە کرچ و کاڵە دەداو بەگوێرەی خۆیان دەستێوەردانیان لە ھاوکێشە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانی عێراقدا دەکرد بۆ لەباربردنی ئەو دەسکەوتە کرچ و کاڵە، بەڵام پێشکەوتوو بەگوێرەی ناوچەکە!.
ئەوەی گرنگە عێراق بە پێکھاتەکانی و ھێزە سیاسیەکانی و کۆمەڵگەکەیەوە خاوەن شوێنگەیەکی گرنگ و پڕ دەوڵەمەندیە. خاک شوێنێکە کە ھێزەکان لەسەری جێگەدەگرن و یان بەڕێوەی دەبەن یان وێرانی دەکەن. شەڕی کۆمەڵگەو دەسەڵات، لەسەر ئەو بەڕێوەبردن و وێرانکردنەیە. بەداخەوە ھێزە سیاسیەکان بەھێزە کوردیەکانیشەوە، ھەڵقوڵاوی ناو خواستی گەلانی عێراق و چارەسەری کێشەکانی گەلانی عێراق و کێشە نیشتیمانیەکان نەبوون، بۆیە کەوتنە خزمەت بەرژەوەندیە دەرەکیەکان، ڕێکخستنیەکان و کەسێتیەکانی خۆیان. گەلانی عێراقیش، لەسەردەمی ئاواکردنی دەوڵەتی عێراقەوە لەسەر دەستی ئینگلیزەکان ھەر لێی دەدرێت و لەھاوکێشە سیاسیەکانی کۆمەڵگەو عیراقدا بێکاریگەر دەکرێت.
لەبری ئەوەی ھێزە سیاسیەکان ئەو دەستورەی نوسراوە، بکەنە بنگەی گۆڕینی زھنیەتی خۆیان و ھێزەسیاسیەکان و کۆمەڵگە بە چارەسەرکردن و تێگەیشتنی مێژووی عێراق و پێگەی جیۆپۆلەتیک، جێۆسیاسی و ئیکۆنۆمی و مۆزائیکی پێکەوەی ھەبونەکانی عێراەوە کەوتنە ماشینەوە، دزی و گەندەڵی و کەوتنە خزمەتی داگیرکەرانی کورد و عیراق و ھێزە دەستێوەردەرەکان. کۆمەڵگەش سەرگەرمی سەردەمی ئازادی ساختەی زێڕینی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوو. گەلانی عێراق بەھۆی شەڕە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی عێراقەوە، چ لەناوخۆو چ لەگەڵ دەرەوە ھەژاریەکی کوشندە بەرۆکی پێگرتبوو، زھن و فکری تێکدرابوو وێرانکرابوو. نەیدەتوانی چارەسەری کێشەکانی لەڕێگەی تێکۆشان و ڕێکخستن و پەروەردەی دیموکراتیکەوە بکات. بۆیە لەو ئاڵوگۆڕانەدا خۆی دەدایە دەست ھێزە سیاسیە خێڵەکی، ئایینی بنەماڵەیی و باڵادەستەکان. ئەوانیش لەڕێگەی تاڵان و وێرانکردنەوە ھەرشتیان بەناوی ڕژێمی پێشوەوە وێران و تێک دەدا.
بەوە ھێزە سیاسیەکان کەوتنە خزمەتی خۆیان و بنەماڵەو کەسایەتیە باڵادەستەکان و بەکارھێنانی ھێز بۆ مانەوە لە پای دەسەڵاتدا. عێراقیش بەھۆکاری پێگە گرنگەکەی دەستێوەردان تێیدا نابڕێت و واش دروستکراوە کە ناکۆکیە گەورەکان وەک بۆمب تێیدا بچێنرێت و لەدژی گەلانی عیراق بەکاربھێنرێت و دەرفەت بۆ دەستێوەردان ئاواڵابێت. دابەشکردنی عێراق بەسەر سوننە، شیعەو کورددا، بۆخۆی ھۆکارێکی گەورەی دەستێوەردانە. جگەلەکورد کەگەلێکی داگیرکراوە، ھەردوو ھێزی سوننەو شیعە دوراییەکی نەتەوەیی، ئاینی و دەرەکییان ھەیە. بۆیە لەڕێگەی ئەو ھێزانەوە دەستێوەردان ئاسان و بەکاریگەرە.
ڕژێمی پێشووی بەعس بەھۆی دڕندەیی و شەڕانگێزیەکەیەوە دەرفەت و ھەناسەی نە بۆکۆمەڵگە نە بۆ ھێزی سیاسی نەھێشتبوەوە، بۆیە ھەموو ھێزە سیاسیەکانی عیراقی لە ووڵاتانی دراوسێ و دەرەوە بڵاوبوبونەوەو تەسلیم بوبون و ھەڵگیرابوون بۆ ڕۆژگاری تەقینەوەو ئاڵوگۆڕەکانی عیراق. بەھۆی ئەو ھەلومەرجەوە دەستێۆەردان لەعیراقدا ئاسان و ئامادەبوو. بەتایبەت کە چەمکێک ھەیە دەڵێت ( ئێوە لەسەر پشتی دەبابەکانی ئەمریکا ھاتنەوە). بۆیە ھەمیشە ملکەچی ھێزە دەرەکیەکان بوون.
سروشتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش وایە، کەلەسەر ناکۆکی و باڵادەستی دامەزراوە، بەتایبەت بەھۆی بونی کێشەی کوردەوە ناوچەکە بوەتە گۆڕەپانی شەڕو پێکدادانی خوێناوی و ڕاپەڕینی بەردەوامی کوردەکان. بەھۆی ئەوکێشانەوەو ئامانجی پێکەوەیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لەدژی کوردان ھەمیشە ئامادەیی ھەبوەو لەدژی یەکتریش کوردانیان بەکارھێناوەو بەوھۆیەوە ھەم پێکەوەبوون ھەم دژی یەکبوون. کوردانیش لەو نێوەندەدا لەئاستی جەماوەری بە کاردانەوەو لەئاستی سیاسیدا لەڕێگەی ھێزە سیاسیە خێڵەکی و پاسیڤەکانەوە لەدژی ئەو داگیرکاریە لەڕێگەی دەستبردن بۆ چەکەوە پارێزگاری لەخۆی کردوەو توانیویەتی تاسەردەمانێک خۆی بپارێزێت. کاتێک ھاوکێشەی ھێز گۆڕاوە، بەپێی دەرھاویشتەکانی ئەو ئاڵوگۆڕە کوردانیش بێ کاریگەرو یاریەکە لەسەر کوردان کۆتایی پێھێنراوە.
بۆیە کوردان لەدەرەوەی توندوتیژی تێکۆشانی چەکداری، خۆی نەسپاردۆتە شێوازەکانی تری تێکۆشان. کاتێک دەوڵەتە داگیرکەرەکان و ووڵاتانی زلھێز بەیەک گەیشتبن و ناکۆکیەکانیان یەکلایی کردبێتەوە، لەڕێگەی سەرکردایەتیە خێڵەکی بەرژەوەندپەرستەکانەوە کۆتاییان بە تێکۆشانە جەماوەریەکان ھێناوەو سەرکەوتنی خۆیان ڕاگەیاندوەو وەک پەندە کوردیەکەش دەڵێت ” ئاو بێنەو دەست بشۆ”.
ماوەی چەند ساڵە چ لەڕێگەی توندوتیژی، چ لەڕێگەی بێھیواکردن، چ لەڕێگەی دەستێوەردان و ھێزە پاسیڤە کوردیەکانەوە دەیانەوێت دەستێوەردان لەدۆخی کوردان لەباشوری کوردستان بکەن و لەو دەسکەوتە سیاسی، نەتەوەیی، دەستوری و یاساییانە بدەن کەلە عیراقدا بەدەستھاتوە. ئەو دەسکەوتانە (بە کەموکوڕیەکانیشیەوە) بەرھەمی خوێن و ڕەنجی گەلی کوردستانە، کە سیاسیەکان نەیانتوانی بەجوانی جێگیری بکەن لەدەستوری عیراقدا وەک مافی بێچەندو چوونی نەتەوەیی دیموکراتیکی کوردان. کەکەس نەتوانێت و بوێری بنپێ کردنی نەبێت. بەڵام؛
لەم ھەلومەرجەی پاوانخوازی بنەماڵەیی و حیزبی ھەرێمی کوردستاندا، کێشەگەلێک بەھۆی سیاسەتی دەسەڵاتخوازی و گرێدڕاوی و ھەڵەی سەرانی ھەرێم و عیراقەوە لەم عیراقەدا سەری ھەڵداوەو بەرۆکی بە سیاسەت و دەوڵەت و کۆمەڵگەی عیراقی گرتوە، کە چارەسەر کردنی قورس دێتە بەرچاو، بەڵام کاتێک دەسەڵات – پاوانخوازی وەدەرنرێت ھەرشت ئاسانە چەندیش قورس بێت بۆ چارەسەری.
لەعێراقدا وەک وتمان دەستورێک نوسراو ھەندێک لایەنی ھەبوونی جیاوازی تێدا بەیانکرا. بەڵام ئەم دەستورە نەبوە بنەمای جێبەجێکردنی ئەرێنی و ڕاستەقینەی سیاسی کۆمەڵایەتی و پەرەی پێنەدرا. یەکێک لەکێشەکان کارنەکردن بوو بۆ ئامادەکردنی زھنیەتی سیاسی دیموکراتیکی پارتە سیاسیەکان و دەزگاو بەڕێوەبەریە دەوڵەتی و حکومیەکان و لەھەمووشی گرنگتر کۆمەڵگە. بۆیە کێشەکان سەریان ھەڵدا، دەوڵەمەندی عیراق چ وەک سەرچاوەی ژێرزەمینی و سروشتی، چ وەک سروشت و ژینگە، چ وەک گرنگی جیۆپۆلەتیک و جیۆئیکۆنۆمی و چ وەک لایەنی مێژووی دایک و لانکەی شارستانیەت بوە ھۆکاری باڵادەستیەکی کوشندە کە کۆمەڵگەی عیراقی بۆ خراپترین ئەگەری وێرانکاری کردەوە.
بێگومان دەستێوەردانەکان بەھۆی کێشەی کوردەوە قوڵترو کاریگەرتر بوو. ھێزە کوردیەکانیش بەھۆی پابەندی خۆیان بەدەسکەوت – گرێدراویەوە کەوتنە خزمەتی جێبەجێکردنی ئەجنداو سیاسەتی داگیرکەران و زلھێزەکان لەبری چارەسەری کەوتنە چنینەوەی دەسکەوت – پارە،گێڕانەوەکەی بریمەر دەرخەری ئەوەیە. ھەروەھا دواخستنی پرسی ماددەی ٥٨ و گۆڕینی بۆ ماددەی ١٤٠ بۆخۆی یەکەمین لێدانەکان بوون لە دەستوری عیراق و گوێ لەمستی دەنگە دەرەکیەکان. لەوێ ڕۆژەوە تائەمڕۆ قۆناغەکانی شەڕی ناوخۆ، ھێنانی سوپای عیراق، تورکیا، ئێران و ھاپەیمانانی ڕۆژئاوایی، ھاتنی داعش و پرسی جێگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆناوچە جێناکۆکەکان لەبەرامبەر پارەو ڕێککەوتن لەسەری و ڕیفراندۆم و دزین و گەندەڵی و ڕێککەوتنی ٥٠ساڵە لەگەڵ تورکیاو ڕادەستکردنی نەوت لەبەرامبەر مانەوە و بەناوی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، ئەو ناکۆکی و تەقینەوانەبوون کە عیراقی بەرەو ھەڵوەشان و پێکدادان و لەناوبردن دەبرد.
لەناو ئەو ھەموە ناکۆکی و پێکدادانەدا کە حکومەتی عیراقیش لەژێر کاریگەری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا لەبری ئەوەی چارەسەری پرسەکان و جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستورو پرسی دیموکراسی فراوانتر بکات. بوە بەشێک لە پیلانگێڕی و قوڵکردنەوەی کێشەکان و بێ چارە ھێشتنەوەی و پێکدادان لەگەڵ ھێزو پارتە قۆرخکارەکانی ناو ھەرێمی کوردستان. ئەوەی گرنگە دەسکەوتە دەستوری و یاساییەکانی ھەرێمە لەدەستوری عیراقدا، دەسکەوتی تێکۆشان و ڕەنجی نەتەوەیی کوردانە، نەک ھی پارتە سیاسیەکان! چونکە کاتێک باسی بەندە یاساییەکان دەکات ناڵێت لەبەرخاتری پارتە سیاسیەکان یان فڵان و فیسار پارت، بەڵکو بەناوی کوردانەوە باسی بونی ستاتیۆی سیاسی و ھەبونی ئەو ستاتیۆیەو تەنانەت سنورەکانیشی دەکات. بۆیە دەستبردن بۆ ھەرێمی کوردستان، جیایە لەدەسبردن بۆ پارتە سیاسیەکان و دەستبردنیشە بۆ بنپێ کردنی دەستوری نوسراو.
بۆگەلی کوردیش پێویستە لەبری خۆشخەیاڵی و باسکردن لەگەڕانەوەی دەسەڵاتی عیراقی باس لە دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی بکرێت و بەندو یاساکانی دەستوری عیراق بکرێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەبونە جیاوازەکان و لەچوارچێوەی پێکەوە ژیان و بونیاتنانی عیراقێکی دیموکراتیکدا ھەوڵەکان دەست پێبکەن و بۆ ئەو مەبەستە، ڕێکخستنە دیموکراتیکەکان، ژینگەییەکان، ڕەگەزیەکان، دەستوری و یاساییەکان، ئاینیی و ئاینزاییەکان، ڕۆشنبیری و سیاسیەکان دروست بکەن و بۆچارەسەری کێشەو قەیرانەکان دەست بەکاربن. مانەوە بەھۆی قوڵبونەوەی قەیرانەوە لەدەوری گەڕانەوەی ناوەندگەرایی سەرەڕای ئەوەی بێ ھیواییە بە پارتە سیاسیە خێڵەکیەکان، بۆخۆشی بنبەست و تێکشکان و کۆتایی سیاسەتی کلاسیکی کوردایەتی خێڵەکیە. کەدەبێت بە سیاسەت و تێکۆشانی نەتەوەی دیموکراتیک سەر ڕاست بکرێتەوەو کێشەکان لەچوارچێوەی پرسی دیموکراتیزەکردن و گەڕانەوەی سیاسەت بۆ کۆمەڵگەو تاک و ئاواکردنی کۆمەڵگەی ئەخلاقی سیاسیەوە بەڕێوەببرێت.
ھەروەھا پێویستە چارەسەری پرسی قەیرانەکانی عیراق بە بەرپرسیارەتی و ھۆشمەندی عیراقیانەوە چارەسەر بکرێت، عیراق خاوەنی پێگەیەکی گەورەیەو پێویستە ھۆشمەندی ئەو پێگەیەش دروست ببێت و عیراق بچوک نەکرێتەوە بۆ ھێزگەلێک کە ئەرکیان پاراستنی سنووری ووڵاتانی داگیرکەر، تێکدەرو دەستێوەردەری عیراق بێت و کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان ئاوردەی ووڵاتی ئێمە بکەن. بەھۆی کێشەی کوردانەوە سەنگی عیڕاقیش بوەتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆیە گرنگە عیراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەدا دەوری ھێزی چارەسەری دیموکراتیکانەی کێشە نەتەوەیی، ئاینی و ئاینزاییەکان ببینێت. بەوە عیراق دەبێتە ووڵاتێک، کۆمارێکی دیموکراتیک و خاوەن پێگەی بەھێز لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە بەکارھێنانی سیاسەتی دروست لەسەر بنچینەی سیاسەتی دیموکراتیک، کێشەکانی ئابووری و ھەژاریش چارەسەر دەکات.
عیراقێک بەو مەزنیەوە، بەو خاوەن مێژوەوە ئەمڕۆ بوەتە عیراقێکی نامۆ تێکشکاو و تەسلیم بوو. کۆمەڵگەی عیڕاقی کەسێتیەکی بەرھەمھێناوە نامۆ بەخۆی، ئاڵۆز و بێھێز. بێگومان عیراق کاتێک دروستکرا ھەبونی کاریگەری تێدابوو لەسەرپرسی خێڵ – عەشیرەت خاوەنی دەستپێشخەری و ئاواکردنی ژیانێکی پێکەوەیی و دەستەجەمعی بوو. تێکۆشانەکانی دژی داگیرکاری و شەڕە مێژوویەکان نیشانەی لانکەی دەوڵەت شارو پەیوەندیە فڕەڕەنگەکان بوو. کە سەردەمانێک لەشەڕو سەردەمانێکیش لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و ژیانی ئاساییدا بوون. بەڵام لەسەردەمی نوێی دەوڵەت – نەتەوەدا دۆخەکە گۆڕاو پەیوەندیە ئاساییەکان لێی دراو بەگوێرەی نەتەوەی ھۆمۆژەن( یەکڕەنگ و تواوە لەنەتەوەیەکدا) ئاواکراو خێڵ – عەشرەت – بنەماڵەش بەگوێرەی سیاسەتی باڵادەستی و مرۆڤی ملکەچ و کۆیلە ئاواکرا. لەوێ ڕۆژەوە عیراق ئارامی، ئاشتەوایی و ئاسایشی بەخۆیەوەنەدیوە.
بۆیە لەو چوارچێوەیەدا ھەوڵ و کارێکی زۆردراوە بۆ تێکشکاندنی کەسێتی ئازاد، ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵایەتی. تاکێک بەرھەمھێنرا کە ھەمیشە وابەستەو گرێدراوی باڵادەستی سەرۆک خێڵ، عەشرەت، بنەماڵە، حیزب و دەوڵەت بێت، ھەموو سەرۆکایەتیەکانیش تێکشکاوو تەسلیم گیران، بەوە گورز لە کەسێتی ئازادو تێکۆشەر درا. بەتایبەت پرسی ژن یەکێک لە لێدانە گەورەو گرانەکان بوو کەلەسەردەمی سۆمەرەوە خرایە سۆزانیخانەکان و بێ کاریگەر کرا. ھەستانەوەی پرسێکی لەو شێوەیە بە کەسێتی ئازاد، دیموکراتیک، خاوەن بڕوا بە ھێزو تواناییەکانی و دروستکردنی کەشی پێکەوەیی و بەھێز لەچارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکاندا، بەخۆباوەڕ، مراندنی ئاراستەی بیرو ھزر لەسەر ھێزی دەرەکی و بانسەر.
بۆتاکی کوردیش پێویست دەکات دەست بە تێکۆشانە دیموکراتیکەکان، دەستوری و یاساییەکانەوە بگرێت و کەسێتیەکی بەخۆبڕوابێت. کەلەتێکۆشانی نوێدا کۆمەڵێک دەسکەوت و کەناڵی دەستوری و یاسایی ھەیە کەمرۆڤی کورد بتوانێت جوانتر و باشتر سیاسەتیان لەسەر بکات. تێکۆشانی گەلی کورد بەخاڵێک گەیەندراوە ھەم پێویست دەکات بپارێزرێت، ھەم پەرەی پێبدرێت. لەڕێگەی تێکۆشانی ھزری، مەعنەوی و کۆمەڵایەتیەوە. تواناکانی کۆمەڵگەی کوردی بۆ دەرخستنی تێکۆشانی نوێ و ڕێکخستنی نوێ گەورەو بەرچاوەو پێویستە خۆمان بە بێھیوایی و تاریکی نەسپێرین. حیزبەکانی ناو حکومەتی ھەرێمی ئێستا خاوەنی دەسکەوتە یاسایی و دەستوریەکان نین. ئەوە گەل و تێکۆشانی نەتەوەیی گەلە کەخاوەنی ئەو دەسکەوتانەیە. بۆیە گرنگە بە ڕۆحی پاراستنی دەسکەوتە دیموکراتیکەکانی گەلەوە خاوەن لەتێکۆشان و پەرەپێدانی دەرکەوین. دیموکراتیزەکردنی، بیر، سیاسەت و کەسێتی بەخۆباوەڕو بەشدار لە کایەی سیاسی و بەڕێوەبەرێدا دەمانگەیەنێت بەدۆخی بەخۆداھاتنەوە و چارەسەری و ئارامی. ئەوە دەکاتە واتای کۆمەڵگەی سیاسی ئەخلاقی دیموکراتیک و ڕێگر لە باڵادەستی و دەسەڵاتخوازی.