ئیدریس سدیق
جەنابی سەرۆك درۆت فەرموو، ئەگەر پاساوێك بۆ تەنها بۆ یەك درۆ بهێنیتەوە؛ ئەوا سەدان پاساو قوتدەبنەوە کە تۆ تاوانباری جەنگی!
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 2024/9/12، لە نامەیەکی ڤیدیۆییدا، رەجەب تەیب ئەردوغانی ئیخوانی داعشی تیرۆریستی سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ سەرانی کۆنگرەی لوتکەی پەیوەست بە (داهاتوو)، کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە ئامادەبووان دەکات “دەنگیان دلێرانە و یەکگرتووانە بەرزبکەنەوە دژی سیاسەتی فراوانخوازی و جینۆسایدی ئیسڕائیلییەکان لە کەرتی غەززەی فەلەستین، لەو شەڕە سەپێنراوەی کە لە 2023/11/7 هەڵگیرسا و بووەتە 342 رۆژ، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پتر لە 41 هەزار هاوڵاتی، قوربانی 17 هەزار منداڵ و جگە لە برینداربوونی 100 هەزاری تر، ئاوارەبوون و کاولبوونی غەززەی لێکەوتەوە! لە درێژەی قسەکانیدا لە رێگەی ئامادەبووان و نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، دژی سیاسەتی داگیرکاری، ستەم و زۆرداری بوەستنەوە، وڵاتەکەی بێوچان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی و هاریکاری ستەملێکراوان و پاشگەزبوونەوەی لە هەڵوێستە مرۆڤایەتییەکان نییە! لەجیهاندا، هیچ کاتێ هەست بە ئارامیی و ئاسوودیی ناکرێت و بە ئازارتریش ئەوەیە کە لەبەرچاومان کاتێ منداڵان لە ژێر بۆمباکان گیان لە دەستدەدەن! هەروەها داوای لە بەشداربووانی لوتکەکە کرد، هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و شەپۆڵی رەگەزپەرستی و بزووتنەوەی راستڕەوە توندڕۆکان لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی بوەستنەوە، پێکهێنانی بەرەیەکی فرە جەمسەری بۆ بنیادنانەوەی سیستەمێکی دادپەروەری، سەقامگیری ئارامیی و ئاشتەوایی! ئەمە لە کاتێکدایە کە لەسەر کوشتنی چاڵاکوانی عائیشە نور ئێزغی بە رەچەڵەك تورکی – ئەمریکی، کە هەفتەی رابردوو، لە کەرتی غەززە بە گولـلەی سەربازانی ئیسرائیلییەکان گیانی لە دەستدا. تا ئێرە نوقتەی سەردێڕ.!!!!!
شارەزایان، لێکۆلەرەوان، شێکەرەوان و چاودێرانی بواری سیاسەت هاوڕا و کۆکن لەسەرئەوەی “ئەوەی دکتاتۆرەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، هەڕەشە دەکەن، پەنجە هەڵدەبڕن، شین و مۆر دەبن……؛ لە ناخەوە نەخۆشن و نەخۆشی دەروونیان هەیە، ئەوەی ریکلامی بۆ دەکەن دووڕوویی و درۆیەکی ئابڕووبەرانەی شاخدارە و پێچەوانەکەی دروستە.”
ئەو تاوانانەی ئەردوغان کردوویەتی بەرامبەر ئازادیخوازان، رۆژنامەنووسان، نووسەران، پەرلەمانتاران (پاش هەڵگرتنی پارێز بەندی)، رۆناکبیران، هونەرمەندان، مامۆستایانی زانکۆ، دادوەران و…. (تیرۆرکردنی هرانت دینکی سەرنووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەرمەنی رۆژنامەی ئاگۆس لە 2007/1/19، (شەهیدکردنی رۆناکبیر و تێکۆشەر نەجمەدین بیوك کایا (هەڤاڵ نەجۆ) لە 1984/1/23)، (کۆچە لە ناکاو و گومانیاوەکەی تۆرگۆت ئۆزاڵی سەرۆکی تورکیا لە 1993/4/17) (تیرۆرکردنی جوانترین و خوێنەوارترین مرۆڤەکانی مێژوویی چەرکەز، حەقی قەراری سەرکردە لە 1977/5/18)، (کۆچی دوایی شاعیری شۆڕشگێڕی بەناوبانگی تورکیا نازم حیکمەت لە ئاوارەیی لە مۆسکۆ لە 1963/6/3) ( شکاندنی کێڵی ئەحمەد کایای مەزن لە لایەن گورگەبۆرەکان و میت و توکیایان لەسەر نووسیوە لە 2024/7/6)، (مانگرتنی پاکڕەوانانی باکوور و گیانبەختکردنیان گەیشتە کاروانی شەهیدان، عاکیف یەڵماز، کەمال پیر، محەمەد خەیری دوورمووش و عەلی چیچەك لە 1982/7/14)، (ژیانئاوایی بەیتۆجانی هونەرمەندی ناوداری باکوور، دوور لە وارگەی خۆی لە وڵاتی سوید لە 2023/9/12)، ( تیرۆرکردنی رۆشنبیر و پێشەنگی رۆژنامەگەری نوێی کوردی باکوور موسا عەنتەر/ئاپێ موسا، ئەو کوردەی کە تورکی داگیرکەر لە فیکەی دەترسا لە 1992/9/20)، (هێڕشە تیرۆریستییە خوێناوییەکەی گردبوونەوەکەی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە، 103 قوربانی و 500 برینداری لێکەوتەوە لە 2015/10/10)، (زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە 2016/11/4)، (ژیانئاوایی گەورە هونەرمەندی بە توانا و وڵاتپارێزی کورد ئەحمەد کایایای مەزن دوور لەواری خۆی لە وڵاتی فەڕەنسا لە 2000/11/ 16)، (هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوڵاتییان لە 18 پارێزگای ناوخۆی تورکیا ئەنجامدرا و نزیکەی 100 هاوڵاتی دەستگیرکران لە 2023/11/29)، (کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی لە ناوچەی قلەبانی سەر بە پارێزگای شڕنەخ، 34 هاوڵاتی سڤیل، لەوانە 19 یان مێرد منداڵبوون بوونە قوربانی لە 2011/12/28)، (لە سێدارەدانی عەدنان مەندەریس و لەکارخستنی حزبی دیموکراتی تورکی لە 1961/9/17)، هێڕشە دڕندانە، پاکتاویی ، خوێناوی و نامرۆڤانەی (شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران، دێرسیم، ئاگری/ ئارارات و…) لە وڵاتەکەی بەگشتی، بەرامبەر گەلی کوردی ستەمدیدە لە باکوور، رۆژئاوا و باشووری کوردستان بەتایبەتی بە ئەژمار نایەت.
لە بنەڕەتدا دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، لەسەر بنەمای نکوڵیکردن لە ناسنامە و خەباتی رەوای گەلان دامەزراوە، هێز و توانای خۆی لە قووڵکردنەوەی رەگەزگەرایی و نەتەوەپەرستیدا دەبینێتەوە، لە پڕۆسەی داگیرکردنی عەفرین 2018/3/18، گرێ سپی و سەرێکانی، هێڕشە شکستخواردووەکەی سەر کۆبانێ، بە هەماهەنگی گرووپە تیرۆریستەکانی داعشی تاریکپەرست، بەرەی (النصرة)، (أحرار الشام)، بەکرێگیراوانی ئەنەکەسە و هاوئاوازەکانی، بە سیستیماتیك دەستیان بە سیاسەتی ئاوارەکردن، جینۆساید، گۆڕینی دیمۆگڕافیا، سوتماککردنی خاك، وێراکردن، خوێناوییکردن، بە تورککردن، تاڵانکردن، خاپوورکردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری و…، بە بەرچاوی هەموو دنیا، نیشتیمانی کوردان خوێنی لێدەچۆڕێ، دنیاش کەڕ و لاڵ و کوێرە، ئەگەر ئەمانە پێشێلکردنی سادەترین مافی مرۆڤ نەبێ لەبەچاوی دنیای مۆدێڕن، ئاخۆ چی دەگەیەنێ؟ سەلاحەددین دەمێرتاش وتەنی: (دەوڵەتی تورك پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانێ).
لە باشوورریش، لە بەکرێگیراوەکان، لە کۆیلەکان و کەواسوورەکانی بەرلەشکری تورك دەپرسین: کوا ئەبڕامز شکێنەکانی پردێ؟ داستانە درۆینەکەی سحێلا؟ سوپای تورکیای داگیرکەر، لە جیاتی یەك بست، سەدان کیلۆمەتر هاتوونەتە قۆڵایی باشوور، تانك و زریپۆش و جەندرمەکانیان ئۆپەڕاسیۆن لە گوندەکانمان ئەنجامدەدەن، لە بیرتانە خۆگیڤکردنەوەیان (یەك بست، تەنها یەك بست، بێنە ناو خاکی کوردستانەوە ئەمرین، بەڵام ناهێڵین ئیرادەمان بشکێنن!) وەك دروشمە ژەنگاوییەکەی کوردستان یان نەمانی سەدەی رابردوو! دەپرسین: سوپای داگیرکەری تورك بەو هەموو کەلوپەلە لۆجستییە لە بەرواری باڵا، مەتینا، گارە، زاپ، گۆهەرزێ، گەلی هەسپان و…، جێگیرکردنی هەزاران سەرباز و قەرەوڵ و جەردەوان لە بنکە سەبازیی و چاودێرییە مکومەکان، چی دەگەیەنێ؟ بەهۆی هاتنی ئەو سوپایە، تا ئێستا (162) گوند چۆلکراون و (602)ـی دیکەش لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان، زیاتر لە (20) هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچانە و لەگەڵ% 55 ی رەز و باغی هاوڵاتییان سووتاون. تورکیا لە هەوڵی ئەوەشدایە بۆ بەرفراوانکرنی ناوچە داگیرکراوەکان، دواتر هەرچی تەواوی رێکخراوە تیرۆریستیەکان هەیە بە داعشیشەوە بگوازێتەوە و لەو شوێنانە جێگیریان بکات، بەمەش سەقامگیری تەواوی ناوچەکە بە ئێران، سووریا، عێراق و باشوور تێکبدات.
شەهیدکردنی د.سیروان و چوار هەڤاڵەکەی لە گوندی قەڵا چووغەی شێخ کەریم لە ناوچەی ئاغجەلەر لە 1996/10/4، شەهیدکردنی ژنە چاڵاکوانی سیاسی فریال سلێمان خالید لەدایکبووی حەسەکە، بە دەستڕێژی گولـلە لە شاری کەرکووك لە 2024/1/18، بە هاوکاری ناوخۆ و میت، تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێڵێکی بەرازیلی بۆمبڕێژکراو لەناو بازاڕی زاخۆ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 94 هاوڵاتی و برینداربوون و کەم ئەندامبوونی 185 هاوڵاتی سڤیل لە 1995/2/27، تیرۆرکردنی هاوڵاتی باکوور عەبدولقادر سەبری تۆپڕاق لە سلێمانی لە 2024/2/29، تیرۆرکردنی رۆناکبیر و مامۆستای زانکۆ د.سەڵاح هەورامی نووسەر و رۆژنامەنووسی وڵات لە 1995/3/13، تەقاندنەوە و کەوتنە خوارەوەی هەردوو هێلیکۆپتەرەکەی یەکینەکانی دژەتیرۆری رۆژئاوای کوردستان YAT کە نۆ شەهیدی لێکەوتەوە لە ئەرکێکی فەڕمی بەرەو سلێمانی دەڕۆیشتن لە 2023/3/15، تیرۆرکردنی هاوڵاتی وڵاتپارێز حوسێن تورەلی باکووری کوردستان، لە ناو فامیلی مۆڵ لە دهۆك لە 2023/4/17، بەتۆمەتی پەکەکە بوونیان، بنەماڵەی رەشید مزوری رادەستی میت کران و دواتر بە گەوره و بچووکیان کۆمەڵکوژکران لە 1994/4/26، لە راپۆرتێکی CPT ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار پەلاماری باشووری داوە، هێرشە بەربڵاو و تاوانکارییەکەی میت بە هاوکاری و رێنمایی دەسەڵاتی باشوور بۆسەر رۆژنامەی وڵات و دام و دەزگاکانی یەکێتی نەتەوایەتی و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمەڵکوژی 83 کادیر و خەباتکار و وڵاتپارێزی خاوەن ئەزموونی تێدا شەهید کران لە هەولێر لە 1997/5/16، بە ئامانجگرتنی سێ گەریلا، لە گوندی بێخمێی سەر بە خەلیفان لە بۆسەیەکدا شەهیدکردنیان و شوونبزر کردنیان لە 2021/7/26، کۆمەڵکوژییەکەی زارگەڵی بناری قەندیل، شەهیدبوونی 8 هاوڵاتی و دەیان بریندار لە 2015/8/1، کۆمەڵکوژییەکەی کەندەکوڵانی هەرکییەکان لە 2000/8/15، تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵ خورشید لە کفری لە 2022/8/28، لە خەلیفان 7 گەریلا لە بۆسەیەکدا بە ئامانج دەگیرێن و شەهید دەکرێن لە 2021/8/28، شەهیدبوونی دوو ژنە رۆژنامەنووسی تێکۆشەر گوڵستان تارای باکوور و هێرو بەهادین بە رێنمایی هێڵێ خیانەت لە شارۆچکەی عەربەت لە 2024/8/23، تیرۆرکردنی هاوڵاتی ئۆزال ئاتێلا لە بازاڕی حەسیرەکە لە کەرکووك لە 2023/8/31، لەبەر قسەکردن بە کوردی بە تێلیفۆن لە شاری ئیستەنبۆڵ هاوڵاتی حەکیم لوقمانی خەڵکی دهۆك، بەر چەقو دەدرێت و شەهید دەبێ لە 2024/9/1، ئاژاوەگێڕییەکەی کەرکووك بە فیتی میت لە 2023/9/2، شەهید بوونی باوکێك و دوو کوڕی لەسەر رێگای خەلەکان – کانی وەتمان لە 2024/9/4، شەهیدبوونی سێ هاوڵاتی کە یەکێکیان منداڵە و کانیولای لە دەستە لە سنووری ناحیەی زەڵان لە 2024/9/5، گەمارۆدانی گرووپێکی گەریلا لە سنووری خەلیفان و شوونبزرکردنیان لە 2022/9/6، تیرۆرکردنی هاوڵاتی دەنێز جەودەت/ هێڤی بەرپرسی نووسینگەی KNKە لە شاری هەولێر و هاوڵاتی گەڤەر/باکوور لە 2023/9/18، تیرورکردنی ئەکادیمیست و نووسەر و داکۆکیکاری مافی ژنان ناگیهان ئاکار سەڵ لە سلێمانی لە 2022/10/4، بۆردومانکردنی گوندی خانکێی دەڤەری ئامێدی و خاپوورکردنی مزگەوتەکەی ئەو گوندە (لای ئیسڕائیلییەکان تاوانە) بەڵام هی کوردان رەوایە لە 2023/12/1.
لە وڵاتانی دەرەوەش، دەستی رەشی میت و گورگەبۆرەکان رۆڵی بەرچاو و کارایان بینیوە لە تیرۆر، کۆمەڵکوژییەکەی پاریس و تیرۆرکردنی هەرسێ ژنە چاڵاکوان و وڵاتپارێزان: ساکینە چانسز/ سارا، فیدان دۆغان/رۆژبین، لەیلا شایلەمەز/رۆناهی لە 2013/1/9، هێرشە تیرۆریستییەکەی میت بۆ سەر سەنتەری ئەحمەد کایا لە پاریس، لەو کۆمەڵکوژییەدا ئەڤین گۆیی، عەبدولڕەحمان کزڵ و میر پەروەر بوونە قوربانی لە 2022/12/23.
ئەوانە مشتێکن لە خەرواری داگیرکاری، ستەم و زۆرداری تورکی داگیرکەر بە بەرچاو و بێدەنگی و دووڕوویی دنیای مافی مرۆڤ، کۆمەڵگای بەناو موسڵمان، نۆکەر و دەستوپێوەندە خۆفرۆشەکانی کورد، چیتر فرمێسکی هاوسۆزی درۆزناوی بۆ غەززەییەکان هەڵمەڕێژن، ئێرە وڵاتی کوفرە، خوێنڕشتنیان حەڵاڵە، بەڵام گۆزەی پڕ زەلکاو، هەرگیزشەربەتی لێهەڵناهێنجرێ!
سوود لە ناوەندی هەواڵەکان وەرگیراوە