کەماڵ چۆمانی
لە ٢٠٠٩ەوە داوا لە گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامییەکان و بەرهەم ساڵح و دواتریش نەوەی نوێ دەکرێت لە دەرەوەی <<یەکڕیزیی کوردیی>> -بێگومان واتا یەکڕیزییەک بۆ خزمەتی ماڵی بارزانی و پارتی- لەگەڵ هێزە عێراقییەکان رێکبکەون و کۆتایی بەو سیاسەتە درۆییینەی کوردییە بێنن کە جگە لە نەهامەتیی لەدوای ٢٠٠٣ەوە هیچی بۆ کورد پێنەبوە. سیاسەتی ناسیۆنالیستانەی کوردیی لەدوای ٢٠٠٥ کە دەستوری هەمیشەیی عێراق نوسرایەوە و هەرێمی کوردستان بەڕەسمیی ناسێنرا و داواکانی کورد جێبەجێبون، بەهایەک بۆ ئەو سیاسەتە بیرتەسکە نادیموکراتیکە نەماوەتەوە. هێزی دیموکراتخواز و پێشکەوتنخواز دەبوایە لەدوای ٢٠٠٥ بە سیاسەتێکی دیموکراتیک و خزمەتگوزار بۆ بەسرە و هەڵەبجە تێکۆشابوایە چونکە بەدڵنیایی باشبونی گوزەران لە بەسرە باشبونی گوزەرانیشە لە زاخۆش.
ئێستا بارزانی و حەلبوسی و سەدر لە دەرەوەی یەکڕیزیی کوردی و سونی و شیعی رێککەوتون. ئەوە دەرفەتە بۆ ئەوەی بقۆزرێتەوە و رەنگدانەوە لە کوردستان دروستبکات و کۆتایی بەو رێککەوتننامەیەی یەکێتی و پارتی بهێنرێت کە کوردستانیان لەسەر واقیعی شەڕی ناوخۆ دابەشکردوە پەنجا-بە-پەنجا. کەچی هەر ئەو هێزانەی پێشتر گلەیییان لە پارتیی دەکرد کە سیاسەتێکی دژ بە عێراقی هەیە، ئێستا پێی دەڵێن بۆ ئەوانیان جێهێشتوە. تەنانەت نەوەی نوێ و یەکگرتو و کۆمەڵ و گۆڕانیش داوای گەڕانەوە بۆ ئەو سیاسەتە دەکەن کە لە ٢٠٠٣ەوە خەڵکی کوردستانی پێ ئەزیەت دەدرێ.
ئێستا هاتون گاڵتە بە پارتی و هۆشیار زێباری دەکەن کە عێراقچیین دوای ریفراندۆم.
ئەوانە زۆر ساویلکەن کە بەو جۆرە سیاسەت دەکەن، هەر بۆیەشە نە لە پارتی و نە لە بارزانی و نە لە سیاسەتیش تێنەگەییشتون و دژایەتیکردن و دۆستایەتیکردنی بارزانی و پارتیشیان هەر دەچێتەوە خزمەتی پارتی و <<یەکڕیزیی کوردیی>>.
پارتی خۆی دەرفەتی داوەتە ئەو هێزانە کە ئەوانیش بەدوای هاوپەیمانێتییەک بگەڕێن، کەچی هەر هەمویان، بە بەرهەم ساڵح و نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان و گۆڕانیشەوە، واز لە یەکێتی هەر بێنن، داوای یەکڕیزیی و براگەورەیی لە پارتی دەکەن.
ئا ئەو هێز و کەسایەتییانەنەن جورئەتی هیچ روبەڕوبونەوەیەکی پارتییان نییە چونکە پێیان وایە پارتی و بارزانی دەستیان بەسەر کوردستاندا گرتوە و نەوت و گازی لەڕێی تورکیاوە داگیرکردوە و تەنها داوای پشک لە پارتی دەکەن نەک سنور بۆ پارتی دابنێن.
تا هاوپەیمانێتی یەکێتی و پارتی لە هەولێر هەبێ، تا یەکڕیزیی کوردیی لە بەغداد هەبێ، هیچ گۆڕانکارییەکی جدیی دروستنابێت. ئەو هێزانە دەیانەوێت بە ترساندنی خەڵک بە هۆی هەبونی میلیشای پێشمەرگەیانەوە هەمیشە باس لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بکەن تا کەس داوای چاکسازییان لێ نەکا.
بەڕاستی کۆمیدییە لە ٢٠١٧ پارتی بەو رەخنەگرانی ریفراندۆمی دەگوت عێراقچی و دژ بە یەکڕیزی کوردیی تەخوینی دەکردن، ئێستا بەشێک لەو کەسانە پارتی بە عێراقچی و دژ بە یەکڕیزی کوردیی تۆمەتباردەکەن. ئەوە ساویلکەیییە، سیاسەتکردن نییە و دەچێتە خزمەتی پارتی.