نمایشکردنی فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ڕاگیر

فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیدا، لەلایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە ڕاگیراوە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، تورکیا دەستێوەردانی کردووە بۆ ڕاگرتنی نمایشی فیلمەکە.

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمشەو کاتژمێر ١٠ فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە دووەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیدا نمایش بکرێت، بەڵام بەگوێرەی ستافی فیلمەکە کە فیلمێکی درێژی کوردییە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لە شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان، لەلایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە نمایشکردنی فیلمەکە ڕاگیراوە.

ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە پاساوی ‘هونەری’یان بۆ ئاستەنگکردنی فیلمەکە دەهێننەوە، بەوەی کە فیلمەکە ساڵی ٢٠١٩ بەرهەمهاتووە، بەڵام هەر لە کارنامەی فێستیڤاڵەکەدا دوو فیلمی دیکە دانراوە کە یەکێکیان بەرهەمی ٢٠١٤یە و ئەوی دیکەش بەرهەمی ٢٠١٩یە و نمایشیش دەکرێن.

دانەر عومەر، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەبارەی ڕاگرتنی ئەو فیلمەوە ڕایگەیاند: ئێمە بڕیارمانداوە هەر فیلمێک بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەدواوە بێت لە فێستیڤاڵەکە نمایشی بکەین، بەڵام فیلمی ژ بۆ ئازادیی ساڵی ٢٠١٩ بەرهەم هاتووە، ئەوەش وایکردووە ڕەخنە بێتە سەرمان.

بەڕێوبەری فێستیڤاڵەکە جەختیشیکردەوە، کە فیلمەکە “ئاستەنگ ناکرێت بەڵکو تەنها نمایشکردنی دوادەخرێت” بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ کاتی نمایشکردنی فیلمەکە دیاریی بکات.

فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ بەرهەمی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستانە و ئەرسین چەلیک کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، ماوەی فیلمەکە ١٤٢ خولەکە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لەماوەی شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان.

ستافی بەرهەمهێنی فیلمی ژ بۆ ئازادیی دواخستنی نمایشی فیلمەکە بە “سیناریۆ” لەقەڵەمدەدەن و پێیان وایە، هۆکاری سیاسیی لەپشت ئاستەنگکردنی نمایشی فیلمەکەوە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە ستافی فێستیڤاڵەکە ئاشکرایکرد “پاش ڕیکلامکردن بۆ نمایشی فیلمەکە لە میدیاکانەوە، ئەمڕۆ کۆنسوڵخانەی تورکیا پەیوەندی بە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە کردووە بۆ ئەوەی نمایشی فیلمەکە قەدەغە بکرێت و ئەوەش هۆکاری قەدەغەکردنەکەیە”.

بەڵام دانەر عومەر ئەو زانیارییە ڕەتدەکاتەوە و ڕادەگەیەنێت “بەهیچ شێوەیەک هۆکاری سیاسیی لەپشت دواخستنی نمایشی ئەو فیلمەوە نییە”.

ئەوە لەکاتێکدایە بەوتەی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە، خەڵکێکی زۆر پەیوەندیی پێوەکردوون و ویستی تەماشاکردنی فیلمەکەیان هەبووە، بڕیاریشیان داوە سبەینێ بەفەرمیی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ڕاگرتنی فیلمەکەوە دەرببڕن.

ستافی فیلمەکە باس لەوەش دەکەن، کە ناساندنی فیلمەکەش لە کارنامەی فێستیڤاڵەکەدا سانسۆرکراوە، بەشێوەیەک ڕاستیی سیناریۆی فیلمەکە باس نەکراوە، بەڵکو گۆڕانکاریی لە ناونیشان و ناساندنی فیلمەکەدا کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی ٢٠١٩یش نمایشکردنی ئەم فیلمە هەر لە شاری سلێمانی و لە سینەما سالم قەدەغەکرا، ئەوکاتیش ڕاگەیەندرا کە قەدەغەکردنی نمایشی فیلمەکە لەسەر داوای تورکیا بووە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە بەشداریکردنی فیلمەکە لە فێستیڤاڵيکە لەسەر داخوازی ستافی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە بووە

 

هەروەها چێکی بکە

سلێمانی: ئێوارەخوانێک ڕێکخرا

  لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، ئێوارە خوانێک چەندین خێزان و ماڵباتی کۆکردەوە. ئێوارەی دووشەممە ٢٥/٤/٢٠٢٢بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *