گروپی كۆشان داوای یەكڕیزیی نیشتمانیی دەکات

گروپی کۆشان بۆ پرسە نیشتمانییەکان لە شاری رانیە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا  پێشھات و مەترسییەکانی بۆسەر ھەرێمی کوردستان بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە و داوای یەکڕیزیی نیشتمانیی دەکات.

گرووپی کۆشان بۆ پرسە نیشتمانییەکان لە بارەی پێشهات و مەترسییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازدا و تیایدا  بەیاننامەکەی بۆ رایگشتیی خوێندەوە و تیایدا هاتووە: لە كاتێكدا جیهان و ناوچەكە بە دۆخ و پڕۆسەیەكی سیاسی ئاڵۆزدا گوزەر دەكەن، پڕیشكی ئاگری شەڕی ماڵوێرانكار تا ڕۆژهەڵاتی ناوین هاتووە و قەیرانی جۆربەجۆر بەرۆكی گرتووین، لە هەموو كات زیاتر نێوماڵی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی ناكۆك و لێكترازاوە و دووبەرەكی تیایدا پەرەیسەندووە، سەرباری ناكۆكییە نێوخۆییەكان، هەروەها ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی فراوانتر و ئاڵۆزتر بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو: وێڕای هەموو ئەمانەش، بارودۆخی بژێوی خەڵك و موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزاری گشتیی لەوپەڕی خراپیدایە، بەشێكی زۆری ئەمانەش بە هۆی نەبوونی سیاسەتێكی ڕاست و دروستی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە كە لەسەر بنەمای گوتاری هاوبەش و نیشتمانییانەی بەرژەوەندی خەڵكدا بووبێت.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ناڕەزایەتی خەڵك و نەبوونی متمانەیان بە دەسەڵات گەیشتۆتە ئاستێكی چاوەڕواننەكراو، كە لە جیاتی برسیكردنی خەڵك، دەبێ ئەم دۆخە هۆكاری چاكسازی و یەكڕیزی بێت لە پێناو خزمەتی هاونیشتمانیان. ئەگەرنا، پێشهات و ڕووداوە خێراكان، ئاماژەن بۆ قەیرانی زیاتری نێوخۆیی و هەرێمی، كە زۆرترین زیانەكان بەر خەڵك و هەرێمی كوردستان دەكەون، لە لەشكركێشییەوە تاكو دوبەرەكی نێوخۆیی و لاوازبوونی زیاتری هەرێم و دامەزراوەكانی.

هێما بۆ ئەوەشکراوە: ئێستا كاتی ئەوەیە هێزولایەنە سیاسییەكان و كەسانی نیشتمانپەروەر بەشداری و پارێزگاری لە پڕۆژە و گوتاری نێشتمانی بۆ كوردستان بكەن و بەرژەوەندی بەرتەسكی كەسی و حزبی و سیناریۆی دەرەكی وەلاوە بنێن، بگەڕێنەوە بۆ خواستەكانی خەڵك و نیشتمانپارێزیی.

گرووپەکە ئەوەشی وتووە: هاوكات، پێویستە گەلی كوردستانیش لە هەمبەر پێشهات و ڕوداوەكان چاوكراوە بن و خاوەندارێتی لە خاك و نیشتمان و دامەزراوەكانیان بكەن. سیاسەتی هەڵە و بەرتەسك بێ ئومێدیان نەكات و وەك هەمیشە داكۆكی لە ماف و ئازادی و خواستەكانیان بكەن.

گروپی كۆشان، داوای یەكڕیزی نیشتمانیی و چەسپاندنی دادی كۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی یاسا و مافە جۆربەجۆرەكانی خەڵكی كوردستانین، داوا دەكەین مەترسی و پیلانە هەرێمییەكان لەسەر خەبات و دەسكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی نەتەوەكەمان لە باشوری كوردستان و كەڵەكەبوونی قەیرانە نێوخۆییەكان بە ئاڕاستەی لەبارچوونی خەونی نەتەوەیی كورد لەبەرچاوبگرن.

هەروەها چێکی بکە

حسێن کەرکوکی: سەردانەکەی ئەردۆغان سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق

بەرپرسی نووسینگەی بەغدادی  تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سووکایەتیی کردنە بە …