لە هەشتەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی٢٠١٤دا، بەڵێ بۆ ئازادی و ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگەی ئێزدی
ئاشکرایە کۆمەڵگەی ئێزدی یەکێکە لەو کۆمەڵگە دێرینانەیە کە مێژوویەکی درێژە بووەتە ئامانجی هێرش و پاکتاوکاری هێزە دەرەکی و ناوخۆییەکان هۆکاری سەرکی ئەو شاڵاو و فەرمانانەش بۆسەر گەلی کوردی باوەڕ ئێزدی پابەندبوونیانە بە کولتوور و فەرهەنگ و حەقیقەتی ژیانی سروشتی و کۆمیناڵییەوە،
٣ ئابی ٢٠١٤ ش ئەو ڕۆژە ڕەشە لە بیر نەکراوەیە کە هێزی ڕەشەکوژی داعش بە پاڵپشتی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی هێرشیان کردە سەر جڤاکی ئێزدی لە شەنگال و دەور و بەری و بە دڕندانەترین شێوە بە هەزاران ژن و منداڵیان کۆمەڵکوژ کرد و بە هەزارانیشیان وەک کۆیلە و سەبایە لەگەڵ خۆیان برد و سەروەت و سامانیان بەتاڵان بردن، ئەو ڕۆژە بۆ هەموو مرۆڤایەتی ساتەوەختێکی هەژێنەر و تراژیدیا بوو،
ئەو کارەساتە لە کاتێکدا بوو دڕندەکانی داعش لە هێرش و پەلامار دابوون و ئەگەری هێرش بۆسەر ئێزدییەکان لە ئارادا بوو بەڵام ئەو هێزانەی پارتی و سوپای عێراق کە دەیان هەزار بوون ئەرکیان بوو شەنگال و ناوچەکە بپارێزن، بەڵام بێ هیچ بەرگرییەک هەڵاتن و خەڵکی ناوچەکەیان بۆ تیرۆریستانی داعش بەجێ هێشت،
ئەگەر هێزەکانی یەپەگە لە ڕۆژئاوا و ئەو گرووپە فیداکارەی گەریلا نەبووایە کە بوونە قەڵغان بۆ پاراستنیان ئەوا کۆمەڵگەی ئێزدی بەتەواوی لەنێو دەبرا و دەسڕایەوە و قوربانییەکان سەدان هەزار دەبوون، هەر بۆیە تا ڕۆژی ئەمڕۆ ئێزدییەکان دەستیان گرتووە بەو ئیرادە شۆڕشگێڕییە و بەو ڕۆحییەتەوە بەهێزی جەوهەری کوڕان و کچانی یەپەشە و یەژەشەی ئێزیدخان پارێزگاری لە هەبوون و کولتوور و ژیانی ئازادی خۆیان دەکەن و لەسەر خاک و زێدی پیرۆزیان ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری خۆیان دروست کردووە و ڕێگە نادەن جارێکی تر غافڵگیر و کۆمەڵکوژ بکرێنەوە،
ئێستا کە هەشت ساڵ تێ دەپەڕێت بەسەر ئەو فەرمانەدا و داعش شکستی هێناوە و لەنێوبراوە هێزە هەڵهاتووەکانی پارتی و بەشێک لە سوپای عێراق و تورکیای داگیرکەر بەردەوام لە پیلانگێڕی و شەڕ فرۆشیدان و دەیانەوێت جارێکی تر شەنگال و ئێزدییەکان بکەنەوە بە کۆیلە و بە زۆرداری حوکمیان بکەن لە لایەکی تر دەوڵەتی تورکیای فاشیست بۆ تۆڵەکردنەوە لەو ئیرادەیەی داعشی تێک شکاند و خەونی داگیرکاریی ئەوانی تێک دا بەردەوام هەڕەشە و هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەی ئازا و بەرخۆدێری شەنگال، بەڵام ئیدی گەلی کوردی باوەڕ ئێزدی لەوە تێگەیشتووە کە تەنیا مەرجی مانەوە و هەبوونیان پەیوەستە بەوەی ئەرکی پاراستن و بەڕێوەبردن دەبێت بۆ خودی گەل بێت و چاوەڕوانی لە کەس نەبێت. جێهێشتن و ڕادەستکردنی شەنگال لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو ڕاستییەی سەلماند کە نابێت ئەرکی پاراستن بسپێردرێتە هێزی دەرەوەی کۆمەڵگا، هەر کۆمەڵگایەک دەبێت خۆی بپارێزیت و خۆی بەڕێوەبەرێت.
ئێستاش دوای هەموو شکستەکانیان دواجار لە ٩ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ پەیمانی پارتی و کازمی و تورکیا هاتە ئەنجامدان هێرشی هەمەلایەنەیان بۆسەر دامەزراوە و ناوەندەکانی خۆ بەڕێوەبەری گەل دەستی پێ کرد و دەیان هاووڵاتییان لەو ئێزدییانە شەهید کرد کە ڕۆڵیان هەبوو لە شەڕی دژ بە داعش بەڵام ئیتر ئیرادەی ئێزدییەکان هەرگیز سەر بۆ هیچ ستەم و داگیرکارییەک نەوی ناکات و شکست بەو پیلانگێڕیەش دەهێنێت و هیچ ڕێکەوتنێکیش لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی زوڵملێکراوی شەنگال قبووڵ ناکات، پێداگری دەوڵەتی تورکیا لەدژی خۆ بەڕێوەبەری شەنگال لەو عەقڵیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە نابێت گەلی کورد لە هیچ جێیەک خاوەن ئیرادە و هزری خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی خۆیان بن، بەڵکوو دەبێت بێ ئیرادەبن و بەڕێوە ببرێن دوور بن لە گەشەکردن و و پێشکەوتن، بۆ یە دەبێت لەبەرامبەریدا هۆشیار و بەئاگابین دەرفەت بەهێزی گێرەشێوێن و تێکدەر نەدرێت ببنە زمانحاڵیان، ئەمڕۆ خۆبەڕێوەبەری دەستکەوتێکە نەوەک تەنیا بۆ ئێزدییەکان بەڵکوو بۆ تەواوی باشووری کوردستان و گەلان پێویستییەکی ژیانییە و تەنیا ڕێگەی چارەسەرییە بۆ گشت کێشەکان، بۆیە پشتگیری و پاراستنیشی ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانییە.
لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕوانگەی پرەنسیپی ئەخلاقی سیاسی و ویژدانییەوە پشتیوانی هەمەلایەنە لە خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەکەین و دژی هەموو پیلانگێڕ ییەک دەبین بۆسەر کۆمەڵگەی ئێزدی و داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان و ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان لە عێراق و کوردستان و جیهان دەکەین کە پاڵپشتی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بکەن و ببنە دەنگی خەڵکی ستەملێکراوی شەنگال و ڕێگە بە کۆمەڵکوژی و دووبارە بوونەوەی فەرمانێکی دیکە نەدەن.
سەرکەوتبێت ئیرادەی ئازاد و خۆبەڕێوەبەری ئێزیدخان
ڕیسوایی بۆ ستەمکار و داگیرکەرەکان
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
02/08/2022