ڕوونەدانی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەباشور و هۆکارەکانی.

هاوڕێ جبار

تاوەکو نەگەڕێینەوە بۆ مێژوو نە لە ئەمڕۆمان تێدەگەین نە ئایندەشمان دەبینین،
بۆیە بۆ ناسینی هەر سیستەم و بزاوت و پارت و تەنانەت کەسێتیش دەبێتە بگەڕێینەوە بۆ لانکەکەی.
ئەگەر سەیری باشوری کوردستان بکەین بەتایبەتی لەم سەددە دەیەی کۆتاییدا دەبینین ڕووداو گەلێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە تووشی هەڵکشان و داکشانێکی زۆر بۆتەوە گەلێک ڕێکخراو پارت و سەرهەڵدان دروست بوون،

بەڵام گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕووی نەداوە ئەو پارت و بزاوتانەش دروست بوون نەیانتوانیوە چارەسەری بخوڵقێنن لەنێو هەمان بازنەی سیاسەتی خێڵەکی و کلاسیکدا خولاونەتەوە و تەنها تەمەنی دەسەڵات و سەرکردایەتی کلاسیکیان درێژکردۆتەوە.

لەسەددەی نۆزدەدا هەرچەندە جوڵانەوەکان هەوڵیاندا قۆناخی خێڵەکی و پارچەپارچەیی تێپەربکەن هەنگاو بەرەو قەوارەی فراوانتر و سەربەخۆ بنێن هاوشێوەی نەتەوەکانی تر، بەڵام نەیانتوانی سەرکەوتووبن، ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانەی دراوە شکست و خۆدووبارە کردنەوە بووە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پێشەنگێک کە بتوانێ لەکەس خۆی وجوڵانەوەکەیدا نوێنەرایەتی ئیرادەو خەمی نەتەوەیەک بکات، نەک بنەماڵە و عەشیرەت یاخود پارچەیەک له کورد و کوردستان لەخۆیدا بەرجەستە بکات
بەم ڕەنگە گەلی کورد لە سەددەی نۆزدەدا نەیتوانی سیاسەتێک پەیڕەوبکات کە چارەسەری بخوڵقێنێت و لەبەرامبەر سیاسەتی دەرەوەدا سەرکەوتووبێت و بێ گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەو سەددەیەی تێپەڕکرد.

لە سەددەی بیست ئەو جوڵانەوانەی دروست بوون خواستیان هەبوو شێوازی کلاسیکی جوڵانەوەکانی پێش خۆیان تێپەڕبکەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هاوشێوەی جوڵانەوەکانی سەددەی نۆزدە درێژە بەخۆیان دەدەن،
ئەو پارت و ڕێکخراوانەی دروست بوون لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان وەکو (کۆمەڵەکانی تەعالی و تەرەقی، هێڤی، کۆمەڵەی دارکەر، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، پارتی هیوا، خۆیبوون، پارتی ڕزگاری، ئازادی).
ئەم کۆمەڵەو پارت و ڕێکخراوانە گومانی تێدانیە لە تێکۆشانی خۆیاندا هەنگاوی باشیان ناوە بەڵام چارەسەریان نەخوڵقاندووە.
ئەم کۆمەڵەو پارت و ڕێکخراوانە دەتوانین بۆ دووجۆر پۆلێنیان بکەین:

جۆری یەکەم: ئەم ڕێکخراو کۆمەڵانە نەیانتوانی ببنە ڕێکخراو کۆمەڵەی جەماوەری لەسنورێکی دیاریکراودا مابوونەوە بەتایبەت لە چینی نوخبەی ڕۆشنبیران خۆیان قەتیس کردبوو پاش ماوەیەک کۆتاییان پێهات نەیانتوانی ببنە بزاڤێکی بەردەوام.

جۆری دووەم: ئەم جۆرەیان پەنایان بردۆتەبەر چینی سەردەستی کۆمەڵگەی کوردی خواستویانە لەڕێگەی ئەم چینەوە پرۆسەی بەجەماوەریبوون ئەنجام بدەن، خۆیان لەو قەیرانە ڕزگاربکەن کە جۆری یەکەم بەدەستیەوە ناڵاندویانە،
ئەمەش وایکرد جوڵانەوەکانی ئەم جۆرە بەناو ڕوخساری نوێوە بەڵام بە ناوەڕۆکی کۆنەوە خۆیان دووبارە بکەنەوە.

نمونەی جوڵانەوەکانی ئەم جۆرە، ڕێکخراوی ئازادی لەباکوری کوردستان پەنا دەباتە بەر (شێخ سەعیدی پیران)، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لە ڕۆژهەڵات پەنا دەباتە بەر (قازی محمد)، پارتی هیوا و ڕزگاری لە باشوری کوردستان پەنا دەبەنە بەر (مەلا مستەفای بارزانی و شێخ لەتیفی حەفید).
ئەم پارت و ڕێکخراوانە بوونە جەماوەری جوڵانەوەیان لەگەڵ خۆیاندا دروست کرد، بەڵام نەیانتوانی پرسی کورد چارەسەر بکەن سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران لەباکور و کۆماری مەهاباد لە ڕۆژهەڵات بەرهەمی ئەو موتوربانە بوون هەردوو ئەزمونەکەی باکور و ڕۆژهەڵات تەمەنیان کورت بوو دواتریش جوڵانەوەکانیان نەیانتوانی بەردەوامی بە تێکۆشان بدەن.

هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان و جوڵانەوەی ئەیلولیش بەرهەمی ئەو موتوربەیە بوو، ڕۆڵی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال طاڵەبانی لەنێو ئەم پارتەدا.
باڵی مەکتەب سیاسی و ئەوانەی پێشەنگایەتی پارتیان دەکرد باوەڕیان بە هێزی خۆیان و هێزی گەل نەبوو بۆیە ئەمەش وای لێکردن پەنا ببنە بە کاراکتەری بارزانی کە لەچینی سەردەست بوو خواستیان سوود لە پێگە و ناوبانگی بارزانی ببینن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان،

ئەمە لە کاتێکدا باڵی مەکتەب سیاسی خۆیان ڕێکنەخست بوو بێ هێز بوون و زەمینەی جەماوەرییان لاوازبوو،
سکرتێر و مەکتەبی سیاسی لەسەر ناوی مەلا مستەفا خەڵکیان کۆکردبووەوە و گەلیان هۆشیار نەکردبووەوە زیاتر لەسەر هەست و سۆزی جەماوەر کاریان کردبوو نەک لەسەر بیر و هۆشی جەماوەر، ئەمەش وایکرد جەماوەر هەم لەڕووی فکری نەبنە خاوەن دیدگای نوێ بۆ کوردایەتی و تێکۆشان هەم جوڵانەوەکە بە موڵکی بارزانی بزانن.

بارزانیش دوای شۆڕشی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ گەڕانەوەی بۆ کوردستان ئەم حەقیقەتەی باش درک پێکرد ئیتر ئامادەنەبوو کەسانێک لە دەورووبەری خۆی پەسەند بکات کە وەکو ئەو بیرنەکەنەوە یاخود بڕیارەکانی قبوڵ نەکەن،
لە ئەنجامی ئەمەشدا باڵی مەکتەب سیاسی جیابووەوە هەرچەندە ئەو ناکۆکی و ململانێیە لەسەر دەسەڵات بوو نەک ناکۆکی فکری.

ئەوەبوو باڵی مەکتەب سیاسی کە ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال طاڵەبانی سەرکردایەتیان دەکرد لەجیاتی ئەوەی پشت بە جەماوەر ببەستن تێکۆشان بکەن ڕووبەڕووی مەلا مستەفا ببنەوەو گۆڕەپانەکە چۆڵ نەکەن خۆیان ڕادەستی ڕژێمی ئێران کرد. گۆڕەپانەکەیان بۆ بارزانی چۆڵکرد خواستیان بە پشت بەستن بە دەرەوە ململانێی بارزانی بکەن،
ئەوبوو ڕژێمی ئێران ئامادەنەبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارزانی بگۆڕێتەوە بەم باڵە، چونکە ڕژێمی ئێران دەیانزانی لە پەیوەندیان لەگەڵ بارزانی زیاتر سوودمەند دەبن پێیان وابوو کە باڵی مەکتەب سیاسی کە خاوەنی جەماوەرێکی ئەوتۆ نیە ناتوانن هێندەی بارزانی خزمەتی ئێران بکەن.

ئەمەش وایکرد ئەم باڵە ڕوو لە عێراق بکات و لەگەڵ عێراق ڕێکبکەوێت، بەڵام دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس هاتە سەر دەسەڵات لە ساڵی ١٩٦٨ دانوستانی لەگەڵ بارزانی دەست پێکرد ئەوی وەکو نوێنەری کورد ناسی،
لەم حاڵەتەدا باڵی مەکتەب سیاسی دوو بژاردەیان لەبەردەم دابوو یان دەبوو ئەو واقیعە پەسەند بکەن و خۆیان ڕادەستی بارزانی بکەن یان دەبوو وەکو نەیاری دەوڵەت و بارزانی دەستیان بەخەبات بکردایە،

بەڵام بەداخەوە ئەم باڵە لە بری یاخی بوون و تێکۆشان خۆیان ڕادەستی بارزانی کرد و بارزانیش لێبوردنی بۆ دەرکردن و چوونە ناو پارتی.

ئەم خۆڕادەست کردنە لوتکەی بێ باوەڕی و بێ پرەنسیپی لەناو جەماوەردا پەرەپێدا، ئەمەش سەرچاوەی خۆی لە تایبەتمەندی ئەو چینەوە دێت کەخۆی لەهەژموونی چینی دەرەبەگی کوردستان و دەوڵەتانی داگیرکەر و هێزە نێودەوڵەتیەکان ڕزگار نەکردووە، ئەمە بۆخۆی ئەو جەماوەرەی بێ هیوا کرد کە چاوەڕوان بوون ئەم کۆمەڵە کەسە چەمک و ڕێبازێکی نوێ و سەربەخۆ بونیادبنێن و جێگری بکەن لە کوردستاندا،
بەڵام لە بەرامبەریشدا وورەو مۆڕاڵێکی مەزنی دایە چەمک و پێوانەکانی سەرکردایەتی کلاسیکی کوردی و تەمەنی درێژکردەوە.

دورست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان و کاتی ئیعلانکردنی نەوشیروان مستەفا بەهۆی شارەزاییەوە کاتی باشی دیاریکرد بۆ پرۆژەکەی دەتوانین بڵێین سوودی لە ئەزموونی طاڵەبانی ساڵی حەفتاکان بینیوە، هەروەها ناڕەزایەتی جەماوەر لە دەسەڵات و زۆری گەندەڵی و ناعەدالەتی هەم ڕەخسانی زەمینە بابەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دروست بوونی ئۆپۆزیسیۆن ڕەخسابوو.

ئەگەر لەکاتێکی تردا نەوشیروان مستەفا بەم کارە هەستایە ڕەنگە هاوشێوەی سامی عبدالرحمان و ڕەسوڵ مامەند و مەلا بەختیار کەسێتی خۆی تێکبشکاندایە،

هەرچەندە گۆڕان هەڵگری پەیامی گۆڕانکاری ڕیشەیی بوو بەڵام لە ناوەڕۆکدا بەو ڕەنگە نەبوو چونکە خودی نەوشیروان مستەفا هاوشێوەی بزاوتەکانی پێش خۆی پشتی بە چینی سەردەست بەستبوو،
لەپەرتوکەکانیشدا زۆر بەڕوونی درک بەوە دەکرێت بەتایبەتی کاتی گەڕانەوەی لەدەرەوە زۆر گرنگی بە چینی سەردەست ئاغا و کوێخا داوە کەمتر باسی گرنگیدانی بە لاوان و چینی هەژار کردووە،
لەناو گۆڕانیشدا ئەوەندەی پشتی بە بەرپرسانی پێشوو و ناڕازی ناو یەکێتی و چینی سەرەوە دەبەست نێو هێندە پشتی بە گەنجان و ژنان و چینی هەژاران نەبست بوو.

دەتوانین بڵێین بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵدانێکی سەرکردایەتی کلاسیکی کوردی و هێزە هەرێمی و جیهانیەکان بوو بۆ بەردەوامیدان بە هێڵی ژیان و تێکۆشانی ئەو سەرکردایەتیە کلاسیکیە کوردیە، لە ئەنجامدا بزووتنەوەی گۆڕانیش هاوشێوەی ساڵانی شەستەکان لە لوتکەدا گەلی باشوری نائومێدکرد هیوای لەتاکەکاندا کوشت لەگەڵ ئەوەش دا تەمەنی دەسەڵاتی کلاسیک و خێڵەکی درێژکردەوە.

نەوەی نوێ: دروست بوونی نەوەی نوێ لە کات و ساتێکدایە کە ئۆپۆزیسیۆن لە گۆڕەپانەکەدانیە ناڕەزایەتی جەماوەر گەشتۆتە لوتکە، هەندێکیشی پەیوەندیدارە بە قوڵنەبوونەوەیەکی باش لە ڕووی فکری و سیاسیەوە لای تاک و کۆمەڵگەی باشور،
لەسەر ئاستی دەرەوەش ئەوە دەبینرێت ئەوەیە کە ئەوانیش ئەو حەقیقەتە دەبینن کە سەرکردایەتی کلاسیکی کوردی کە هەتا ئێستا خزمەتێکی زۆری بەسیاسەتی داگیرکەران و هێزە نێودەوڵەتیەکان کردووە، ئەمڕۆ تەنگاو بووە و لە ناو جەماوەردا زەمینەی ئەڵتەرناتیڤی دروست دەبێت.

ئەم بارودۆخە ئەگەر بەردەوام بێت ڕەنگە بە ئاقارێکدا بچێت کە خزمەت بەبەرژەوەندی ئەوان نەکات، لەبەر ئەوە یارمەتی کەسێکی وەکو شاسوار دەدەن، ڕەنگە بۆچوونێک هەبێت بڵێت داگیرکەران و هێزە نێودەوڵەتیەکان کەسیان دەست ناکەوێت هێندەی پارتی و یەکێتی خزمەتیان بکات، بەڵام دەبێت ئەو حەقیقەتە ببینین کە باروودۆخ بەمڕەنگە بڕوات ئیتر پارتی و یەکێتی بەتەواوی ڕەوایەتی خۆیان لەدەست دەدەن و ناتوانن خزمەت بەوان بکەن.
لەبەرامبەریشدا ڕەنگە جوڵانەوەیەکی وەها سەرهەڵبدات کە ئامادەنەبێت خزمەت بە داگیرکەران و هێزە نێودەوڵەتیەکان بکات، ئەمەش بەزیانی ئەوان دەشکێتەوە لەبەر ئەوە چرای سەوز بۆ شاسوار هەڵدەکەن و لەناو ململانێیەکی کۆنترۆڵکراویشدا درێژە بەژیانی پارتی و یەکێتی دەدەن.

ئەم بارودۆخە بۆ پارتی و یەکێتیش لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە باشترە چونکە هاوشێوەی ڕابردوو وەکو گۆڕان دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی چەمکی ژیان و تێکۆشانی ئەوان، هەر ئەمەش وایکردووە کە لەلایەک وەکو دژێکی سەرەکی ئاماژەی پێ بکەن، لەلایەکی دیکەوە زەمینەی ژیانی پێ دەدەن.
وەکو پێدانی دەیان پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێ بوون و ڕەخساندنی هەلی خزمەت کردن بۆ بانگەشەی خۆیان وەکو تەنکەرە ئاوەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر و دابەشکردنی بەنزینی (٥٠٠)دیناری لە سلێمانی، کارئاسانی بواری ڕاگەیاندنی وەکو هەبوونی چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن.

لە ئەنجام دا نەوەی نوێش هاوشێوەی بزووتنەوەی گۆڕان شتگەلێک بیکات ئەوەیە کە لێدانە لە هیواو باوەڕی خەڵک بۆ گۆڕانکاری و چارەسەری ڕیشەیی تەسلیم بوونی تاکی باشور بەو حەقیقەته تاڵەی کە تەنها پارتی و یەکێتی شیاوی دەسەڵات و حکومڕانین لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات و سەرکردایەتی خێڵەکی کلاسیکی کوردی.
دروست بوونی هەر ڕەوت و بزاوتێکی دیکە کە خاوەن ڕووئیایەکی خۆماڵی و خاوەن ئیرادەیەکی سەربەخۆ نەبێت و پشت بەستوو نەبێت بە گەلی خۆی بەدیلی ئەو سیستەمە دەسەڵاتخوازەی پێ نەبێت و چارەسەری لەدەسەڵاتەوە ببینێت سەرکەوتوونابێت، لەناو هەمان بازنەی دەسەڵاتدا دەخولێتەوە و ژیان دەکاتەوە بەبەرگی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە شکست خواردووەدا و زیاتر تاکی کوردی بێ هیوا دەکات و کۆمەڵگە زیاتر لە ڕزگار بوون دوور دەخاتەوە.

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *