شۆڕشی مەعنەوی وسەرکەوتن

عادل عوسمان

لەتێکۆشانی نەتەوەیی کورددا، ھێڵی ھەرە کوشندە بێھیوایی، خۆبچوک بینین و ناڕێکخراوبوونە. گەلی کورد لەسەردەمێکی تێکۆشانی پڕھیواو سەرکەوتنی بەرچاوو بەردەوامی شەڕی سەرکەوتندا ژیان بەڕێ دەکات. ھێزەکانی داگیرکاری و گرێدراوانی و ناحەزانی تووشی تەنگاوی و بەلەنگازی کردووە. لەبەرامبەر دەسکەوتەکانی گەلی کورددا ناڕەحەت و پەستن. نایانەوێت ئەوسەرکەوتنانە بە موڵکی گەل و ڕەنجی شەھیدان و تێکۆشەرانی بزانن. بۆیە لەبەرامبەریدا دەوەستنەوەو دەیان پیلانی دژبەرو دژایەتی پێش دەخەن. ناتوانن لەگەڵ گەل و ھێزە تێکۆشەرەکانی گۆڕەپانی تێکۆشان و شەڕی ڕزگاریدا ئارام و پێکەوەیی بن. بۆیە بەرژەوەندیەکانیان و خانەی ژیانیان لەگەڵ داگیرکەر گرێداوە. ئەویش چ داگیرکەرێک:
ئەو داگیرکەرەی کە دان بەبوونی نەتەوەیی و مرۆیی و نیشتیمانی کورداندا نانێت. دان بەخاکی کوردستانی بێ کوردیشدا نانێت! دەڵێت ” خاکێک لەھیچ جوگرافیایەکدا بەناوی کوردستان نیە!.” ئاخر دەکرێت خاکێک ناوی کوردستان بێت، بەڵام کوردی لەسەر نەژی!. ئاخر ئەم کوردستانەی کەلەسەر ئەم خاکە ھەیە مێژوویەکی دێرینی ھەیەو گەلانی تریشی لەسەر دەژین. خۆناکرێت کوردی لەسەر بسڕیتەوەو ناوی نیشتیمانەکەشی بەخاکی کوردستان نەھێنیت!. کوردستانێک کە لە دەیان و ھەزاران بەڵگەنامەی تورکە عوسمانیەکان، فارسە سەفەویەکان، فەیلەسوف و مێژوونوسە گریکەکان، ڕۆمە بێزەنتیەکان، تاتەقوڕە ئاشوریەکان، نوسینە ئەکەدیەکان و مەغۆلە باپیرەکانی تورکە ڕەگەزپەرستەکان و کۆماری تورکیای نوێ و دەوڵەت نەتەوە نوێکانی ناوچەکەو ڕێککەوتننامەو گەڕیدە ئەوروپی و ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکاندا ناوی ھاتوە، چۆن دەتوانیت نادیدەی بگریت و نکوڵی لەبوونی بکەیت!.
لەکاتێکدا ئەو پەڕلەمانەی کە وەزیرە بکوژەکەی دەوڵەتی تورک قسەی تێدا دەکات، دامەزراندنەکەی بەپێکەوەبوون و پشت بەستن بەکوردەکان بەناوی مەجلیسی گەورەی تورکیاوە دروستبووە. لە دوای دەرکەوتنی مەیلی توندوتیژو کوژەری تورکە ڕەگەزپەرستەکان، دەستکرا بە ھێرش بۆسەر کوردەکان و ھەتا ئێستەش ئەو شەڕو ھێرش و بەرخۆدانەی بەرامبەر نەوەستاوەو کۆتایی پێنەھاتوە. ئەگەر پشتیوانی و پێکەوەبوونی کوردەکان نەبوایەت، ئێستە تورکیایەکی بەم شێوەیە بوونی نەبوو. تەنگاوی بەرامبەر بوون و ناسنامەی کورد مانای قوڵی خۆی ھەیە.
دەوڵەتی تورک بوونی خۆی لەسەر ئینکاری بوونی کورد دەھێڵێتەوە. ڕەگەزپەرستی تورک بەبێ بونی شەڕ ناتوانێت مانەوەی خۆی ڕابگرێت بۆیە شەڕ لەدژی گەلی کورد بەڕێوەدەبات. ئەو شەڕەی دەیکات، لەدەرەوەی پێوانەکانی شەڕە. تەواوی توانای خۆی و دەوڵەتەکەی و ھەبونە نەتەوەییەکەی خستوەتە خزمەتی ئەو شەڕەوەو دەیەوێت سەرکەوێت تێیدا. بەڵام لەڕووی مرۆیی و سەربازی و تەکنکیەوە تێکشکاوەو توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئەو شەڕەی نیە. بۆیە پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای سەربازی خستە گەڕو ترسناکترین چەکی قەدەغەکراوی بەکارھێنا، چەکی کیمیاوی، کە چەکێکی قەدەغەکراوی جیھانیە. بەڵام ئەنجامی بەدەست نەخست و تێکشکا.
لە ئەنجامدا ویستی کوردی بەکرێگیراوی جۆراوجۆر بەکاربێنێت. بۆیە ھێزە توندڕەوە ئیسلامیەکان، جاش و بەکرێگیراوەکان، پەدەکەو ھاوپەیمانەکانی حکومەتی ھەرێم و زۆرێکیتر لە کەسایەتی بنەماڵەو عەشیرەتەکانی خستە ناو ئەو شەڕەو ویستی لەڕێگەی شەڕی ناوخۆیی کوردیەوە سیاسەتی پاکتاوو شکاندنی بەرخۆدان بەڕێوەببات. بەڵام نەیتوانی ئەنجام بەدەست بخات. ئەم شەڕە تەواو نەبوەو تەواو نابێت. ھەتا زھنیەتی دەسەڵات، پاکتاوو بەکرێگیراوی ھەبێت ئەم شەڕە کۆتایی نایەت. ئەم شەڕە لەسەر دوو ئاستیش بەڕێوەدەبرێت.
١-لەسەرئاستی دەوڵەت نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان و مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری.
٢-لەسەرئاستی نەتەوەیی کوردو ھێڵی بەکرێگیراو.
دەوڵەت نەتەوەکان ھێزو وزەیان لەم سەردەمەدا تێری تێکشکان و پاکتاوی گەلی کورد ناکات. لەبەرئەوەی توانای شۆڕش و تێکۆشەرانەی گەلی کورد گەیشتوەتە ئاستێک لەڕێبەری و ڕێکخستن و پاراستن کەدوژمن ناتوانێت تێی پەڕێنێت و تێکی بشکێنێت. ئەوەی باری شانی گەلی کوردو تێکۆشەرانی ئازادیی قورس کردوە، ھێڵی بەکرێگیراوی و خیانەتی ناوخۆیە. ھەرچەندە ئەم ھێڵەش ناوەرۆکەکەی بۆگەل دەرکەوتوە بەڵام ھێشتا خاوەن ھێزو توانایە بۆ مانەوەو دژایەتی کردنی خواستی گەل و ھاوکاری داگیرکەران. ئەویش بەدوو ھۆکارە
١-زلھێزەکان و ھێزە پاشڤەڕۆکان ھاوکاریانن لەسەر لەسەرپێ مانەوەیان. لەبەرئەوەی پێویستیان بەبونیان ھەیە!.
٢-ناھوشیاری کۆمەڵگەی کوردی بەڕێکخستنبوون، نەتەوەیی بوونی دیموکراتیک و تێپەڕاندنی مێژووی کۆن و نوێبوونەوە.
ئەم ڕۆژانە کە داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەت دەوڵەتی تورک کەلەژێر زەبری تکۆشانی گەلی کورددا تێکشکاوەو لەپەڕلەمانی تورکیادا لێپرسینەوە لەسەر بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لەدەوڵەتی تورک دەکرێت.

وەزیری بەرگریەکەی بەناوی خەلوسی ئاکار، نەک ناڵێت بەکارمان نەھێناوە، بەڵکو نکوڵی لە گەلێک و لەخاکێک دەکات بەناوی کوردو کوردستان، بەوە ڕەوایەتی بەبەکارھێنانی چەکی کیمیاوی دەدات. ئەم ئینکاری بوونی کوردە ئەم حکومەتی ھەرێمە و حیزبەکانی ناوی ڕانەچڵەکاندو بەتەنیا وشەیەکیش ئیدانەی ئەو ھێرشە نکوڵی کارەی نەکرد.
ئەمە دەمانخاتە بەردەم پرسیارو لێپرسینەوەیەک، ئەم حکومەتە کاتێک گەل داوای مافەکان و ئازادیەکانی دەکات، کاتێک داوای مووچەو خزمەتگوزاری تەندروستی و کارەباو ڕێگاوبان و ھەرزانی و دابینکردنی کارو ئارامی و یەکیەتی نەتەوەیی دەکات. بەھێزی چەک و سەرباز دێتەسەری و لێی دەدات و زیندانی دەکات و دەیفڕێنێت و دەیکوژێت و دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت و دزی و گەندەڵی دەکات و کۆمەڵگە تووشی خراپی و ئاوارەبوون و ھەزاران دەردی ئەخلاقی دەکات و خۆی بەخاوەنی حکومەت و دەسەڵات و نوێنەری پاراستنی کوردایەتی دەزانێت! ئەی چۆنە بەرامبەر ھێرشێکی داگیرکاری نکوڵی کاری لەوشێوە زار ناجوڵێنێت؟
وەڵامی ئەوپرسیارە، یان نەدانەوەی دەمانخاتە ئەو شوێنەی بگەڕێینەوە بۆ مێژووی حکومەتی ھەرێم و پارتە بەشدارەکانی و ئامانجی دروستبوونەکەی. بۆئەوە گرنگە کۆمەڵگەی ئێمە یەکەمین بڕیارەکانی ئەم حکومەتە بێنێتەوە بیری خۆی، ئامانج و کردەوەکانی ئەم حکومەتە بێنێتەوە بەرچاوی خۆی و بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە سەیری مێژووی ڕابردوو بکات و لەسەر ئەوڕەخنەیە تێکۆشانی نوێ بئافرێنێت و بۆی بەڕێکخستن ببێت. تواناو وزەی کۆمەڵگە ئەگەر بەجوانی خۆی بەڕێکخستن بکات، ئامانجەکانی دیاری بکات. زۆر لەوە گەورەترە کە ھێزگەلێکی خۆسەپێن بتوانێت سوارسەری شەپۆلی تێکۆشانی ئازادی گەلێک ببێت.
خۆدەربازکردن لەھەڵوێستی مێژووی، دەستگرتن بەڕابردوو شانازی و دەست گرتن بەو ڕابردوەوە وەک شانازی مانەوەو خۆسەپاندن، دۆخی گەل و سیاسەت و بەڕێوەبردن خراپ دەکات. ھیچ تێکۆشانێکی گەل نەموڵکەو نەدەسکەوتە بۆ ھیچ حیزب و بنەماڵەو کەسایەتیەک. بەڵکو ئەوە نرخ و بەھای تێکۆشانی نەتەوەییە کە پێویستە بۆھەموان وەک یەک جێی شانازی، بەڕێوەبردن و سودمەندی بێت. دەوڵەمەندیەکانی خاک و نیشتیمان بۆھەموان و سودی ھەموان بێت. بۆ نەھێشتنی جیاوازی چینایەتی و بۆشکاندنی دوری شێوەژیانی خۆشگوزەران و دەوڵەمەندی بەشێک و ھەژاری بەشێکیتر بێت. شکێنەری قۆرخ کردنی دەسەڵات و لەناوبەری دەسەڵاتدارەتی و ئاواکردنی بەشداری و بەڕێوەبردنی ھەموان بێت. ئاواکەری کۆمەڵگەی ئازاد، ئارام و ئاشتەوابێت. کەھەر تاک و کۆمەڵێک ئازادی و ئاشتەوایی ئەوانیتر بەھی خۆی بزانێت و لەپێناویدا لەتێکۆشانی بێ پسانەوەدا بێت.
کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەگۆڕینی زھنیەت و تێگەیشتنی لەوجۆرە ھەیە کەخۆی بەرپرسیاری لێپرسینەوە لە ناشرینیەکان ببینێت و ڕاگوزەر تێنەپەڕێت بەلایدا. بەرپرسیارەتی ئەرک و بەڕێوەبردنە، لێپرسینەوەیەو ڕێگریە لەخراپەکان و ئاواکردنی یەکیەتی و پێکەوەیی و چارەسەرییە. کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە شۆڕشی زھنی و تێگەیشتن لە ژیانی ئازاد، یەکیەتی نەتەوەیی و بەرپرسیارەتی مێژووی ھەیە، ھەڵھاتن و بەجێھێشتن ھێز بە قۆرخکاران ودەسەڵاتداران دەدات، بەوە نەک سەرکەوتن بەڵکو ژیانێکی نوێ ئاوا دەکرێت دور لە پاوانخوازی، خۆسەپاندن، بەکرێگیراوی، ماف خوراوی و ماف خواردن و خزمەت بەوانیتر. لەپێناوی ئاواکردن وسەرخستنی وەھا تێکۆشانێکدا مرۆڤ دەبێت بەتەگبیرو بەرپرسیارەتیەوە بەشداری بکات و تێبکۆشێت. بۆیە دەڵێین” سەرکەوتن، سەرکەوتن، تێکۆشان و پەروەردەی شۆڕشگێڕی دیموکراتیک”

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *