ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پارلمانی عێراق ئاشکرایئەکات، پارتی تۆمەتبارە بە دزینی نەوتی دیان بیری نەوت لە نەینەوا، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەك رەوانەی نەینەوا ئەکات.
وەعد قەدۆ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پارلمانی عێراق بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاندوە، پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبارە بە دزینی نەوتی دەیان بیری نەوت لە نەینەوا، هەروەها محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانیش ئاگاداری وردەكاریی هەموو كێشەكانەو سێشەممەی داهاتوو لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان رەوانەی نەینەوا ئەکات.
جەختی لەوەکردەوە: پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنتڕۆڵی ١٧ بیری نەوتی لە شارەدێی بەعشیقە و حەمدانییە كردوە، هەروەها لە رەبیعە و موسڵ دەستی بەسەر ٤٧ بیرە نەوتی دیكەدا گرتووە، وتیشی: پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی بەكارهێنانی گوند و شارەكانی نەینەوا بۆ هەڵبژاردنەكان دەدات.
ئەو پارلمانتارەی عێراق باسی لەوەشکرد، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵئەدات بە هەموو شێوەیەك خەڵكی نەینەوا زەلیل بكات و دەست بەسەر سەرچاوەكانیاندا بگرێت، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا ئەو دەرفەتانە بقۆزێتەوە.