سنەوبەری تورکی و زەیتونی عەفرین

عەزیز ڕەئووف

سنەوبەرێک لە ئەنتالیا و ئالانیا لەگەڵ زەیتونێکی عەفرین و داربەڕوویەکی قەندیل، هەر درەختن و ئەوەی لێکیان جیادەکاتەوە عەقڵیەتی شۆڤێنی و ناسیۆنالیستیە. سروشت هی هەموومانە هەرچەندە دنیای ئێمە، سنورە دەسکردەکان لە ئێستادا چیا و ڕووبار و دارستانەکانیشی دابەش کردووە. ناکرێ سنەوبەری قەندیل و زەیتونی عەفرین ببڕی بیکەیتە خەڵوز و لە کەنارەکانی تورکیا بەسەرخۆشی گۆشتی پێ ببرژێنی و نەک داری کورد بەڵکو سەرزەمینی کوردان بکەیتە خۆڵەمێش و چاوەڕێ فرمێسکی ئەوی تر بیت بۆ دارستانەکانت. من دەزانم هێلانە چۆلەکەیەكی تورکی دەسوتێت کە لەگەڵ کۆترێکی کوردیدا جیاوازیان نیە، بەڵام دەزانم تورک دڵخۆشە بەوەی کە تورکە و خەمبارە بەوەی کە کوردێک لەسەر زەوی بوونی هەیە. بێدەنگی بەشێکی زۆری کورد لە بڕینی داربەڕووی خواکوڕک و زەیتونی کۆبانی و عەفرین و هاوخەمی بۆ دارستانەکانی ئەنتالیا و ئالانیا، کەمێک قبوڵکردنی ئەوەی دی وەک براگەورە و بینینی خۆیه‌تی وەک مەخلوقێکی گرگن و برابچوک. مەسەلەکە تەنها فاشیزمی قەومی نیە و شتەکە مقاوەمە و مانەوەیە. دەیان ساڵ بتسڕنەوە و دارو بەرد و مرۆڤ و ژینگەت بسوتێنن، خوت وەک کورد بەناوی ئیخوان یان بەناوی چەپ و ژیاندۆستی بەرگری لە دارستانی تورکی بکەیت و باوەش و فرمێسکی گەرمی پیرەژنێکی عەفرین کە توند داری زەیتونی بڕاو ڕادەموسێ دڵت خورپە نەکا، ئەوا گومان لە ئایین و مرۆڤدۆستی و ئایدۆلۆژیات بکە. دیاردەی سورشتی و دەستکرد جیاوازییان هەیە، تۆ سەرزەمینی کوردان بسوتێنی و دارەکانیان ببڕیتەوە و بیکەیتە خەڵوز بۆ یانەی شەوانی ئەستەمبوڵ لەگەڵ دیاردەیەکی سروشتی وەک سوتانی دارستانەکانی تورکیا وەک یەک ڕووداوی هاوشێوە سەیر بکەی، ئەوا گومان لە دید و تێڕوانینت بکە.

سەرزەمین هی هەموومانە و بای شەماڵێک لە تورکیاوە هەڵبکات فێنکاییمان پێدەبەخشێ، وەک چۆن سیبەری داربەڕوویەک لە قەندیل و خواکوڕک، یان زەیتونێکی عەفرین، بە خاکمان دەبەستێتەوە.

که‌ ڕووداوێک ڕوودەدا نە دڵخۆشبە و نە خەمبار بەڵکو بیری لێ بکەرەوە. بیرمه‌ندێك جارێك وایوت.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *