“ژن هۆگری سروشتە و پارێزگاری لە ژینگە دەکات”

یەریڤان شاسوار، چالاکوانی ژینگەیی باسی لەوەکرد، کە چۆنیەتی بەکارهێنان و پارێزگاریکردن لە ژینگە و سروست پەیوەندی بە کرۆکی مرۆڤەکانەوە هەیە، ژنیش بەو پێیەی هۆگری سروشتە، ڕۆڵی لە پاراستنی ئەو ژینگەیەدا هەیە کە تیای دەژی.

یەریڤان شاسوار، باس لە ڕۆڵ و کاریگەری ژن دەکات لە پاراستنی ژینگەدا و وتی: ژن چۆن بە سروشتی خۆی نەرم و نیانە پابەندە بە پاک ڕاگرتنەوە، بە هەمان شێوەش بۆ ژینگەی دەوروبەری خۆی میهرەبانی دەنوێنێت و هۆگری سروشتە، ژن زیاتر گرنگی بە سەوزکردنی دەوربەری دەدات، لە ماڵەکەی خۆیەوە دەستپێدەکات تا ئەو شوێنەی کاری تیادا دەکات، جێپەنجەی خۆی بەجێدەهێڵێت و دەتوانێت کاریگەری ڕۆڵی خۆی لەسەر کۆی خێزان و کۆمەڵگە دروست بکات، لە پاراستنی ئەو ژینگە گەورەیەی تیایدا دەژی.

“پێویستە خزمەتگوزاری زیاتر دابین بکرێن لە شوێنە گشتیەکان و سەیرانگاکاندا”

یەریڤان شاسوار باسی لەوەکرد، پێویستە لە شوێنە گشتیەکان و سەیرانگاکاندا زیاتر خزمەتگوزارییەکان بخرێنە بەردەست بۆ هاوڵاتیان، وەک دابینکردنی ژمارەیەکی زیاتری تەنەکەی خۆڵ، زیادکردنی ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی خۆڵ و پاشماوەکان و ڕۆژانە پاشماوەکان کۆبکرێنەوە کە دووربێت لەناو شار و لەناوببرێن بە ڕێگەیەک کە کار لە هەوا نەکات، وتیشی: ئەرکی بەرێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بە گشتی و دەستەی گەشتوگوزارە بە تایبەتی کە شار و گوندەکان بپارێزێت و گرنگی بە پاراسنتی ئاو و هەوا و خاک بدات، پاک ڕاگرتنی ژینگە ئەرکێکی نیشتمانییە و دەگەڕیتەوە بۆ پەروەدەی تاک.

“سیستمی پشتێنەی سەوز ڕێگەیەکە بۆ جوانکردنی سیمای شار و زیادکردنی هەوای پاک”

یەریڤان شاسوار باسی لەوەکرد، لە کاتی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی هەندێک جار نازانستی و نابەرپرسیارانە  مامەڵە دەکرێت، بۆ نمونە ڕواندنی دارەکان پێویستیان بە ڕواندن و گونجاندن هە کە لە چ کەشوهەوایەکدا دەژین، بەڵام ئەگەر شارەزایی لە کاتی ڕواندنیدا نەبێت، دەبێتە هۆی وشک بوون و فەوتاندنی پانتاییەکی زۆر لە درەختەکان، وتیشی: زۆرجار بە هۆکاری دەستێوەردانی سیاسی و ئابووری سودمەندی تاکەکەسی بەرپرسانی دەسەڵات، شوێن دیاری دەکرێت بۆ پرۆژەیەک لەپێناو ئەمەدا دار و درەختێکی زۆر لەناو دەبرێن، کە ئەمە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، ئێمە وەک ژینگەپارێزان پێشنیاری پەیڕەوکردنی پشتێنەی سەوز دەکەین کە گرنگی خۆی هەیەم چونکە بێجگە لە پێدانی سمای جوان بە شار، بۆ پاک ڕاگرتنی هەوا و ڕاگرتنی خۆڵ بارینە، دەبێتە هۆی پاراستنی خاک لە ڕوودانی داڕماڵین و ڕۆچوونی خاک، هەروەها دەبێت بزانرێت سیستمی پشتێنەی سەوز بۆ چ هۆکارێک دروست دەکرێت لە کوێی شارەوە دەست پێبکرێت و پانتایی سەوزاییەکە چەند بێت.

“پەروەردەی تاک ڕۆڵی لە دروستبوونی هەستی خۆشەویستی بۆ پاراستی ژینگە هەیە”

یەریڤان شاسوار باسی لە پەوەردەی خێزان کرد بۆ دروستبوونی خۆشەوستی بۆ خاک و ژینگە و وتی: دایک لە خێزاندا ڕۆڵی سەرەی دەبینێت لە دروستبوونی خۆشەویستی بۆ ژنیگە و سروشتی دەوروبەری، خۆشەویستی ئەو ناوچەیەی تیایدا گەورە دەبین، وامان لێدەکات دەستبکەین بە پاراستی ژینگە، دڵسۆزیمان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تێکەڵاوییەک لە نێوان پرسی ژینگە و پرسی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دارایی و حزبی هەیە، بەو هۆیەوە زۆر کات لایەنەکان پاراستی ژینگەی ناوچەکان بە هی خۆیان نازانن و هەریەک ناوچەیەک بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان دەپارێزن.

 هەروەها باسی لەوەشکرد، کە زۆرینەی ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە و چالاکییەکانی بواری ژینگە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێت، چونکە ژن هەمیشە لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵ و ئەرکی بەرپرسیارانەی خۆیان دەردەخەن بەرامبەر پاراستی بەها مرۆڤایەتییەکان، زیندەوەرەکان، خزمەتکردن بە سروشت و ژنانی گەنج دەنگیان بەرز دەکەنەوە دەیانەوێت ژینگەکەیان پارێزراو بێت و شەڕ بۆ پاراستنی گیانی ئاژەڵانی کێوی و پاراستنی فرەجۆری زیندەوەران دەکەن.

دانانی سزای قورس بۆ سەرپێچیکارانی ژینگە

یەریڤان شاسوار، چالاکوانی ژینگەیی لە درێژەی قسەکانیدا کاری بەرپرسان و بەڕێوەبەرایەتی ژینگە بەدواداچوونە بۆ کۆکردنەوە و چۆنیەتی لەناوبردنی پاشماوەکان، بنبڕکردنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، چونکە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندەها جۆری نەخۆشییە وەک تەنگە نەفەسی، نەخۆشی سییەکان، زەهایمەر، نەخۆشی ڕەبۆ، جۆرەکانی شێرپەنجە، وتیشی: ئەرکی بەرپرسانی شارەکانە کە بە توندی بەرپەرچی ئەو کەسانە بدەنەوە ژینگە پیس دەکەن و یاسایەکی قورس دابنرێت بۆ سزادانی ئەو کەسانەی دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و لەناوبردن و شێواندنی سروشت و پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و کانیاوەکان، ڕێگە لە زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل بگیرێت، یاسا و سزا بۆ سزادان دابنرێت و ڕێگری لەو کەسانە بکرێت دەبنە هۆی لەناوبردنی ئاژەڵە کێوییەکان و شێواندی سروشت و دەستدرێژی کردنە سەر ژینگە.

 

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …