ئایا ئێران و ئەمریکا دەگەنە ڕێککەوتن؟

سەردار عەزیز

  

ئێران و ئەمریکا لە سەر سێ پرس بە ناڕاستەوخۆیی لە دانوستاندان. پرسەکان بریتین لە چەکی ئەتۆمی، ڕۆکێتی بالیستی لە گەڵ ھاوکاریی ئێران بۆ میلیشیاکان لە دەرەوەی ئێران. ئێران تەنھا دەیەوت لە سەر پرسی پیتاندنی ئەتۆمی دانوستان بکات، بەڵام ئەمریکا لە ژێر فشاری کۆمارییەکان و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، دەیەوێت ئەو دوو پرسەی تریشی بۆ زیاد بکات. بەڵام پێش ئەوەی ئێران ھەر زیادەکردنێک قبوڵ بکات، دوودڵ  و پڕ لە گومانە لە دانوستان لە گەڵ ئەمریکادا.

 

ھۆکاری ھەرە سەرەکی ئەم گومانەش پەیوەستە بە دۆخی سیاسی ئەمریکاوە. ئێرانییەکان وەھا دەبینن کە ئەگەر ھاتوو لە گەڵ بایدندا ڕێککەوتن، پرۆسەی ڕێککەوتنەکە ھیچ نەبێ ساڵێکی دەوێت. ئەگەر ھاتوو بایدن تەنھا یەک خول سەرۆک بوو، لە ھەڵبژاردنی داھاتودا کۆمارییەکان ھاتنەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە ڕێککەوتنەکە ھەڵبوەشێننەوە، چونکە ترەمپ بە ھەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکە لە ٢٠١٨، پرسی ھەڵوەشانەوەی کردە بەشێک لە خواست و ئامانجەکانی کۆمارییەکان و ھەروەھا ھاوەڵەکانی.

بەم پێییە ئێران لە ئەوە نیگەرانە کە ڕەنگە ڕێککەوتن ھیچ سودێکی نەبێت کاتێک تەنھا بۆ چەند ساڵێکی کەمە و لە ئەنجامدا ئێران ھێندە سودی لێنابینت.

ئەوەی ئێرانییەکان ھەوڵی بۆ ئەدەن بە دەستھێنانی جۆرێک لە دڵنیاییە. بەڵام بە دەستھێنانی دڵنیایی لە ناو کایەی دیموکراسیدا بە گشتی کارێکی ئەستەمە، چونکە چ لە قۆناغی کەمپەین و چ لە قۆناغی بەڕێوەبردندا، ڕوداو لە گەڵ دۆخی ساتەوەختەکە بڕیار لە سەر ئاراستەی کارەکان دەدەن.

ئەوەی ئێرانییەکان ھەوڵی بۆ ئەدەن، بەڵام ھێشتا نەیانگوتوە، بە دەستھێنانی ڕەزامەندی فەرمی کۆنگریسە بۆ ڕێککەوتنەکەیان لە گەڵ ئەمریکادا. ئەمەش نە بایدن خواستی ھەیە و نە لە کۆنگریسێکی جەمسەرگیری ئێستادا فەراھەم دەبێت. لە ڕاستیدا بایدن ناتوانێت ئەم پرسە بوروژێنێت لە کۆنگریس ھەتا پاش ھەڵبژاردنی مید-تێرم. مید-تێرم ئەو ھەڵبژاردنە ناوەندییە کە ساڵی داھاتو بۆ بەشێک لە کورسییەکانی کۆنگریس دەکرێت. ئەگەر ھاتوو جارێکی تر کۆمارییەکان بوون بە زۆرینە، ئەوا ڕێککەوتن لە کۆنگریس مەحاڵ دەبێت.

 

ئەوەی وەھای لە بایدن دەکات کە ئەم پرسە گەورە نەکات، ئەوەیە بایدن نایەوێت لە پرسێکی وەک پرسی ئێران، کە ھێندە ستراتیژی نیە، کۆنگریس بکات بە نەیاری خۆی، چونکە پێویستی بە کۆنگریسە بۆ ئەو چاکسازییانەی کە لە ناوەوە دەیەوێت بیکات.

دیارە ئێران لە پلەی پێنجەمیندایە لە پرسە ستراتیژییەکان بۆ ئیدارەی بایدن. ھۆکاری بونی ئەم پرسە لە  پلەی پێنجدا، ئەوەیە کە ئەمریکا بە گشتی نایەوێت پرسی ئێران ببێت بە پرسێکی گەورە لە ناوچەکەدا و ئەمریکا ناچار بکات جارێکی تر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە بە پرسێکی سەرەکی.

ئەم دۆخە ئاڵۆزە و ئەم دانوستانە لەرزۆکە چێمان پێدەڵێت؟

وەک دەردەکەوێت ئامانجی بایدن ئەوەنیە کە بگاتە ڕێککەوتن لە گەڵ ئێراندا، ھێندە ئەوەیە کە چۆن ئێران نەبێتە ھۆکاری ھاتنەوەی ئەمریکا بە چڕی بۆ ناوچەکە. بە زانینی ئەم ستراتیژە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە بە لای ئیدارەی بایدنەوە کێشە نیە ئەگەر دانیشتنەکان درێژە بکێشین و ناو بە ناو پچڕییان تێبکەوت. وەک دەزانین ئێستا ڕەوتی دانوستانەکان وەستاوە، ھەتا ناوەڕاستی مانگی ئاب دەست پێناکاتەوە. لە ھەمانکاتدا ناوەندە جیاوازەکانی ئێران پەیامی ئەوە دەنێرن کە نابێت دەست پێبکاتەوە. دیارە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی نوێی ئێران سێی مانگی ئاب دەست بە کار دەبێت. پاش دەستبەکاربونی بە فەرمی بڕیار لە سەر ئەو پرسە دەدات. بەڵام ڕاڕایی ئێرانییەکان وەھای لێدەکات کە بە حەماسەوە بەرەو ڕێککەوتنەکە نەڕۆن، بە تایبەتی ئەگەر بایدن سوربێت لە سەر پرسی بالیستی لە پەیوەندی لە گەڵ میلیشیاکاندا.

دەستبەرداربون لە ئەو ئامرازنە بە لای حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانەوە سەخت دەبێت چونکە ئەوان ئەو ئامرازانە وەھا دەبینن کە سەرچاوەی ھێز و کاریگەرییانە لە ناوچەکە. بۆیە ئەگەری ھەیە لە فشاری ئەمریکا، ئەوان زیاتر جەخت لە سەر ئەو دوو بوارە بکەنەوە.

ئەم ھۆکارەشە کە پاڵنەرە لە پشت چالاکی زۆری میلیشیاکان دژ بە ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تایبەتی عێراق. ئەو پەیامەی ئێران دەیەوێت بیگەیەنێت ئەوەیە کە ئەو میلیشیایانە دەتوانن ئەمریکا لە ناوچەکە ھەراسان بکەن و وەک چۆن تالیبان ئەمریکای لە ئەفگانستان ناچار بە کشانەوە کرد ئەوانیش ھەمان کار بکەن. ئەم ئەگەری ھەراسانکردنە، لە لایەن ئێرانییەکانەوە وەک کارتێکی فشار بەکاردێت بۆ سوککردنی داواکاریی و خواستەکانی ئەمریکا لە سەر ئێران.

ئەمریکاییەکان لە وەڵامدا  ھەوڵی بەکارھێنانی چەند ئامرازێک دەدەن. ئامرازی یەکەم، ئاماژەدان بەوەی کە دانوستانەکان ناکۆتا نین. ھەرچەندە من گومانم ھەیە لەوەی کە ئەمریکا لە درێژەکشانی دانوستانەکاندا ھیچ کێشەیەکی ھەبێت. چونکە لە ئێستادا کەسێکی وەک ڕۆبەرت مالی بۆ ئەو پرسە دیاریکراوە و حکومەتی ئەمریکی ھێندە پێوە سەرقاڵ نیە.

 

ئامرازێکی تر کە ئەمریکاییەکان ئاماژە بە پەنابردن دەبەن بۆی سیاسەتی کۆنتەینمێنت یان ئیحتیوایە. ئەوەی دەرخەری پەنابردنە بۆ ئەم پرسە، ھەوڵی ئێستای ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوە یان وەستاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین. ھەرچەندە وەک سەرچاوە تایبەتەکان ئاماژەی پێدەدەن، ئێران بە ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگای ھەندێک وڵاتەوە، وەک عومان، مالیزیا، نەوت بە چین دەفرۆشێت، بەڵام پەنابردنی ئەمریکا بۆ ئەم ڕێگایە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا بیر لە ئیحتیوا دەکاتەوە. ئیحتیوا، کە نازانم وشەی گونجاو چیە لە کوریدا بۆی، پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئەمریکا سەردەمێکی زۆرە ئێران ئیحتیوا دەکات. لە سەردەمی کلینتۆندا ھەردوو عێراق و ئێران پێکەوە ئیحتیوا کرابون. ھەندێک لە چاودێران دەڵێن لە کاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت ئامادەبونی راستەوخۆی لە ناوچەکە لاوازبکات، ئەوا ئیحتیواکردنی ئێران ئاسان نابێت. بۆ نمونە بۆ ئەوەی ئێران دەورەبدەی و لە دونیا دایببڕیت، کە ئامانجی پرۆسەی ئیحتیوایە، ئەوا دەبێت ئەمریکا لە ئەفگانستان بونی ھەبێ، بەڵام وەک دەبینین ئەمریکا لە ئەو وڵاتە دەکشێتەوە، لە عێراقیش ھەتا ئێستا ڕون نیە کە دەیەوێ چی بکات، بەڵام ڕۆژانە لە ژێر فشاری زیاتردایە بۆ کشانەوە. ئێستا کە عێراق و ئەمریکا لە دوا قۆناغی دانوستانیاندان، ئێران بە کازمی گوتوە کە دەبێت داوا لە ئەمریکا بکات کە ھێزی شەڕکەری لە عێراق بکێشێتەوە و تەنھا لۆجستی و ڕاھێنانی لە وڵاتەکەدا بھێڵێتەوە.

ئەم پێشنیارە بە سودی گەورەی میلیشیا دۆستەکانی ئێرانە لە عێراق. ھەرچەندە ھەندێک سەرچاوە جەخت لە سەر ئەوە

دەکەنەوە کە برێت مەکگۆرک پەیامی ئەوەی بە عێراقییەکان داوە، کە ئەمریکا قۆناغ قۆناغ بە تەواوی دەکشێتەوە.

ڕەنگە ئەو کشانەوەیەی کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژئاواییەکان و جێگرتنەوەیان بە کۆمپانیای چینی سەرەداوی ئەوەمان پێبدات کە چ لە ئاستی سەربازی و چ لە ئاستی بازرگانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری عێراق دەبێت.

ئایا عێراقێکی بێ ئەمریکا قازانجە بۆ ئێران؟ ڕەنگە لە ئاستی ئاسایشیی و سەربازی بە سودبێت. بەڵام عێراقی بێ ئەمریکا عێراقێکی داڕماوی ھەژاری پڕ لە قەیران دەبێت. ئەمەش بە سودی ئێران نیە.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *