جارێکی تر، بەدیاری! دیار غەریبەوە!

نەجیبە قەرەداغی

بۆ من نوسین کردەیەکە کە ئاسودەم دەکات، هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە مێشکم بکڕێنم بۆ ئەوەی بنوسم، زۆریش هەوڵمداوە کە لە نوسیندا خۆم بم. بە قەد ئەوەش ئەو کەسانەش بم کە رۆژێک لە ڕۆژان ئەلف و بێیەکیان فێرکردووم، چ جا ئەگەر لەپێناوی ئازادیدا بووبێت. کەم کەس هەیە لە ژیانمدا شتی لێوەرفێرنەبووبم، بەڵام کەمن ئەوانەی کە لە ژیانمدا ناسیومن و لەناخەوە کاریگەرییان لە من کردووە و ڕەوتی ژیانی منیان بەرەو ئازادی گۆڕیوە. ژمارەیەک لەوانە ژیانیان بۆ ئازادی بەخشی.

گیانبەختکردوانی ئازادی هەریەکەیان پێگە و کاریگەری و ڕۆڵی تایبەتی خۆیان هەیە، هەڵگرتنی یادەوەرییان، شاندانە بەر ئامانجەکانیان  ئەرکێكی ئەخلاقی و ویژدانیە بۆ من، بە هێندەی ئەوەش ئەرکێکی سیاسی و دیموکراتیە. بەڵام دەبێ بڵێم سەختترین شت قسەکردن و نوسینە لەسەر ئەو شەهیدانە. هەر وشەیەکی بەکاردێنم لە نیگەرانی ئەوەدام لەئاست گەورەیی ئەواندا نەبێت، هەمیشە دەڵێم؛ ئێمە و نەوەکانی تریش مەگەر دواتر بزانین چیمان لەدەستداوە؟ یەک لەوانەی سەختە قسەکردن و نوسین لەسەری، دیار غەریبە.

بۆ ئەوەی لەسەر دیار غەریب بنوسی مەرج نیە خەڵکی قەرەداغ بی یان باشوری بیت یان کورد بیت، هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ بی و ڕۆژێک ناسیبێتت، بەڵێ هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ بی بەڵام چۆن مرۆڤێک، چ جا مرۆڤێكی کورد کە سەختترین پێناسەیە بۆ کوردبوون کە لەژێر نیری داگیرکاری، دەسەڵاتداری، پیاوسالاریدا مرۆڤبوونی لێسەندراوەتەوە. 

بۆ ئەوەی بتوانی لە سەر دیار غەریب قسە بکەی و بنوسی ناچار وەک ئەو رۆچیتە نێو قوڵاییەوە و ڕووکەش نەبیت، لە واتاناسیدا قاڵ بیت و لە بەکارهێنانی وشەکان بزانی، ئەگەر “پیاو” بی دەبێ وەک ئەو لانی کەم و کەمێکیش خۆت لەو پیاوێتیە کلاسیکە داشۆڕیبێت کە مێژووی دەسەڵاتداری یەک بەیەک لەسەر کەسایەتی تۆ کەڵەکەی کردووە و تۆی کردۆتە پاسەوانی ناموسی ژن، دەبێ وەک ئەو خاکی و دڵنزم بی لەئاست ئازادی ژندا، هەر هەنگاوێکی ئازادی ئەو لەئازادی خۆت و ئازادی خۆت لەئازادی ئەودا ببینی. چ واتادارە کە هەڤاڵ دیار بە هەڤاڵێکی ژنی گوتووە؛ ” ئەوەی لە مندا گەشەی کردووە، بەخێری خۆم نیە، ئاستی پێشکەوتنی بزوتنەوەی ژنی کوردە”. بۆ ئەوەی لەسەر دیار غەریب بنوسی ناچاری لەو هەوەس و مەیلی دەسەڵاتدارێتیە خۆت شۆردبێتەوە کە هەموو هەبوونێکی دەوری دەکاتە قوربانی لە پێناوی هەڵکشان بەسەر پشتیاندا. دەبێ ئاوڕت لە خاک و بەها هەروەزییەکانی کۆمەڵگەکەت بێ.

بۆ ئەوەی لە سەر دیار غەریب قسە بکەی و بنوسی دەبێ هەستت لەئاستێکی باڵادا بێت، هەستت نەدەیتە بەر بای بێخەمی، دەبێ ئەخلاقیانە بیر بکەیتەوە و ئەخلاقیانە بژی، نەک گەمە بەوشە بکەی لەپێناوی چەواشەکردنی حەقیقەتدا، کە ئەخلاقیانە بیرت کردەوە ئەو کات دەزانی کە تۆ دەبیتە هەڤاڵێکی ڕاستەقینەی دیار غەریب، لەبەرئەوەی ئەو ملیتانی ڕێی حەقیقەتە.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …