“پارچەبوونی مێژووی ژنان، مێژووەکەی ون کردووە”

تەلار عەلی-دکتۆرای لە مێژوو هەیە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی ژن باس لە نووسینەوەی مێژووی ژنان دەکات و ئاماژەی بەوەکرد، لە مێژووی کورددا، ژن بە شێوەیەکی گشتیی لە کارکردنی دەرەوە لەلای کۆمەڵگە بوونی نەبووە، لە بنەڕەتدا ژن ڕۆڵی گرنگی لە کۆمەڵگەدا هەبووە.

راشیدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو ئەقڵیەتەی بەردەوام حوکمی کردووە و پیاوی وەک پاڵەوان دەرخستووە، ڕۆڵی ژنیشی بە شێوەیەکی گشتی لە ماڵدا هێشتووەتەوە، لەکاتێکدا ژنان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە سەردەمی میر و پاشاکان و ئاڕاستەیان کردوون، بەڵام بە پشتی پەردەی دادەنێن.

ڕوونیکردەوە، هەندێک کات ژنان بڕیاردەر بوون، بەڵام ئەوەی بڕیارەکەی ڕاگەیاندووە خاوەن پلە و پۆستەکان بوون، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی کەسی خاوەن بیرۆکەکە نەناسرێت تەنها بڕیاردەکەرە دەناسرێت و لە مێژوودا دەنووسرێتەوە، وتیشی: لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری جیهانیدا هەمیشە ڕۆڵی ژن وەک هاوکارێک و تەواوکەرێک نیشاندراوە، پیاوان وەک ڕۆڵی سەرەکی باسکراون.

“ژنان بوون کە ئاڕستەی سیاسیان کردووە، بەڵام دواجار ناوی سەرکردەکان هێنراوە”

باسی لەوەکرد، ئەو ئەقڵیەتەی لە مێژوەوە تا ئێستا لەسەر ژن و کۆمەڵگە پەیڕەو دەکرێت، بووەتە هۆکار بۆ ونکردنی گرنگی ڕۆڵی ژن، پیرۆزی کارکردنی ژنانی ون کردووە، چونکە هەرچەند ژنان لە ماڵەکانیشیاندا ڕۆڵیان بینیبێت و ئاڕاستەی فکریان کردبێت دواجار بە کەم تەماشایان کردوون، دەشڵێت: نەک تەنها لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەڵکو لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ژنان بە پلە دوو تەماشا کراون، کاتێک کەسێکیش داوای کردووە ژنان بخوێنن و بێنە ڕیزەکانی پێشەوە بە ڕوویدا وەستاون و بە تێکدەری شیرازەی کۆمەڵگە باسیان کردوون.

هێمای بۆ ئەوەشکرد، یەکەم مێژوونووسی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا مەستورەی ئەردەڵانە، یەکەم ژن کە لە عێراقدا خوێندویەتی کورد بووە و ناوی سانیحە کچی مەحمەد ئەمین زەکی بەگ بووە کە کۆلێژی پزیشکی بەغدا و وەرگێڕی تەواو کردووە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە زۆرینەی یەکەمەکان لای ژنانی کورد بووە، بەڵام تیشکی نەخراوەتەسەر.

“تۆمارنەکردنی ناوی ژنان لە مێژوودا بووەتە هۆکاری ونبوونی مێژووی ژنان”

لەوەشدەدوێت، مامۆستا، لە مێژوودا چەندین ژن هەن کاری باشیان کردووە بەڵام ناویان تۆمار نەکراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ونبوونی مێژووی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا، ڕوونیکردەوە بەم دواییانە کۆمەڵگە ئاشنای مەستورەی ئەردەڵان و چەندین ژنی دیکە بوون، بەڵام ژنێکی وەک زوهرە خانی یاموڵکی یەکێکە لەو ژنانەی کەم کەس ئاشنایەتی، لە کاتێکدا بە ناوی خۆیەوە بابەتی لەناو ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە.

ئەوەش رووندەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام بەربەست و ڕێگری هەبووە لەبەردەم دەنگی ژنان، بۆیە لە زەمەنێکدا کاتێک ژنان بڵاوکراوەیان هەبووە بە ناوی خۆیانەوە بڵاویان نەکردووەتەوە، بەڵکو ناوی پیاوێکیان بەکارهێناوە، بۆیە کاتێک مێژوو تۆمار دەکرێت و لێکۆڵینەوە بۆ نووسینە کۆنەکان دەکرێت ناوی پیاوان دەبیندرێت، مێژوونووسانیش لە لێکۆڵینەوەکانیاندا گرنگیان بە ژنان و هەوڵی ژنەکان نەداوە.

“مێژوونووسان زیاتر گرنگیان بە ژنانی سیسەتمەندار داوە”

ئەوەش دەڵێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مێژوونووسان زیاتر گرنگی بە مێژووی سیاسی دەدەن، بابەتەکانی دیکە وەک لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت تەماشا دەکەن و ئەوەی بۆیان گرنگە تەنها سیاسەت و سەربازییە ئەمەش دووبارە ژن ون دەکات، وتی: هەرچەندە ئەرکی مێژوونووسانە گرنگی بە ژن بدەن بەڵام هێندەی گرنگیان بە ڕۆڵە سەرەکییەکە داوە، ئەوەندە گرنگیان بە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان نەداوە، لە کاتێکدا بەشی زۆری سەرکردەکان ژنان ئاڕاستەیان کردوون، ئەو ژنانەشی دەرکەتوون وەک عادیلە خان، حەپسەخانی نەقیب لە سیاسەتدا ڕۆڵیان بینیوە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە تەنها سیاسەت و کۆمەڵەێک لایەن گرنگی پێدراوە.

نووسینەوەی بەشێکی کەم لە مێژووی ژن بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕێکخراوەکان دادەمەزرێن و بواری ڕۆشنبیری پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێت ئەوکات هەندێک لە ژنان وردە وردە دەردەکەون، ئەو مامۆستایە ڕوونیکردەوە پارچە پارچەبوونی مێژووی ژنان بووەتە هۆی ونبوونی مێژووی ژن، لە کاتێکدا مێژوو ناسنامەیە و هەموو نەتەوەیک بە مێژووەکەی دەناسرێتەوە، بەڵام تا ئێستا کورد بە شێوەیەک مێژووی نەنووسیوەتەوە ببێت بە دەق.

“پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەوڵی ئاشناکردنی مێژووی گەلی کورد و ژنانی بدات”

تەلار وتیشی، گەلی کورد بە گشتی مێژوویەکی نییە بە تەواوەتی پشتی پێ ببەستی، بەڵکو بۆ دەستکەوتنی زانیاری پشتی بە سەرچاوە بیانییەکان بەستووە، دەربارەی مێژووی ژن ئەوە کەمترین کاری لەسەر کراوە، بۆیە مێژووی ژنان بەتەنها نا، بەڵکو مێژوو بە گشتی پارچە پارچە بووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرەکی لە ونبوونی مێژوو بە گشتی و مێژووی ژن بەتایبەت.

بۆ ئاشنابوونی گەلانی دیکە بە مێژووی ژنانی کورد تەلار عەلی بە پێویستی دەزانێت، کۆنفرانسی گەورە بکرێت کە تیایدا وڵاتانی بیانی بانگ بکرێن بۆ ئاشنابوون پێی، جگە لەمە ڕاگەیاندن، زانکۆکان، نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە ڕۆڵ ببینن تا مێژووی گشتی گەلی کورد و مێژووی ژن ئاشنا بکەن، وتیشی: ئەرکی هەموو لایەنێکە ڕۆڵ و تێکۆشانی ژن بگەیەنن، با هەمیشە ژنە قوربانییەکان نەخرێنە بەرچاو، بەڵکو ژنە شۆڕشگێڕ و خاوەن بڕیارەکانیش بخرێنە بەر باس و ببنە مێژوو بۆ گەل، چونکە باس نەکردنیان دووبارە مێژووی ژن ون دەکاتەوە.

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …