بە شکۆوە دووەمین ساڵیادی شەهید دیار غەریب کرایەوە
دووەمین ساڵیادی شەهید دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت
لە شاری سلێمانی، بەرز ڕاگیرا و سەدان کەس بەشداری مەڕاسیمەکە بوون.
سەر لە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ٥/٧/٢٠٢١دووەمین ساڵیادی شەهید دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە، لە بەردەم ماڵی باوکی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان، دەستی پێکرد و پاشان لەلایەن گروپی ئەستێرەکانی هیوا-ی شارۆچکەی کەلارەوە، سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی پێشکەش کرا.
دواتر وتاری خانەوادەی شەهید دیار غەریب لەلایەن لاڤە غەریبی خوشکییەوە خوێنرایەوە و تێیدا جەختکرابوویەوە، “پێویستە لەسەر ڕێبازە مەزنەکەی شەهید دیار ببینە هێز و پشتیوانی بەرخۆدانی گەریلاکانی کوردستان و بتوانین تێکۆشانی گەریلا لە لوتکەی چیا بە سەرکەوتن بگەیەنین”.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، وتاری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لەلایەن تابان عومەر، خوشکی شەهید بڵێسە عومەر خوێنرایەوە و تیایدا هاتبوو: “هەڤاڵ هەڵمەت وەک میلیتانێکی ئاپۆیی کە زیاتر لە ٢٥ ساڵ تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی کردووە، لە کەسێتیی هەڤاڵ هەڵمەتدا هەم تەواوی تەڤگەرەکەمان بەئامانج گیراوە، هەم تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی باشوری کوردستان بەئامانج گیراوە”.
پاشان تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: “هەڤاڵ هەڵمەت تا ئەوکاتەی ڕۆحی خۆی بەخشی هەوڵیدا هەموومان یەکدەنگ و یەکڕەنگ بین بەرامبەر داگیرکاریی، بەڵام ئەمڕۆ داگیرکاریی بەڕێژەیەکی بەرچاو هاتووەتە ناو خاکەکەمان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕاستەوخۆ هاوکارە لەو هێرشانە”.
هەر لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، وتاری هەریەک لە کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ئەنجومەنی گەلی کامپی مەخمور و مامۆستا مەلا نادر عەلی پێشکەش کران و تێیدا جەختیان لە درێژەدان بە ڕێبازی هەڤاڵ هەڵمەت کردەوە تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
هەروەها هەڵؤ شیرکۆ بێکەس شعرێکی پێشکەشکرد لە مەڕاسیمەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید دیار غەریب نمایش کرا و لەلایەن هەریەک لە شاعیران هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، عەلی مەعروف و سەردار قادر-ەوە چەند پارچە شیعر و پەخشانێک پێشکەش کران. لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەیشدا، دروشمەکانی “شەهید نامرێ” “هەڵمەت نامرێ” لەلایەن ئامادەبووانەوە وترانەوە و کتێبەکانی شەهید دیار غەریبیش دابەش کران.