بابەتی پەیوەندیدار
نەجیبە قەرەداغی
زۆربەی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمی کوردستان (باشوری کوردستان) هەرچەندە دابڕاو نیە لە قەیران و گێژاوی جیهان و ناوچەکە، بەڵام لەم قۆناغەدا دەرئەنجام و دەرهاویشتەکانی هزر و ئایدیۆلۆژی نەتەوەپەرستی، ئاینگەرێتی و چەپی کلاسیک بێئومێدی و بێزاریەکی زۆری لە کۆمەڵگەدا سازکردووە کە بەرهەمی هزر و سیستەمێکی ناوەندگەرێتی و پیاوسالارییە و دەرفەتی دیموکراتی بۆ بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دا بۆ کۆمەڵگە بە گشتی و ژن نیە، مۆدێلێکی سیاسی حکومڕانی لە سەرەوە ڕا و هەرەمییە، ڕێ بە دەستپێشخەری تاک و گروپی بچوک نادات. لەم تابلۆ سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا ژن بەشدارێکی سەرەکی نیە. ژن زیاتر بە توندوتیژی لە ڕۆژەڤ دایە. توندوتیژیش نەک تەنیا لە ڕووی فیزیکیەوە بەڵکو لە زۆر بواری تر لە ئاستی قڕکردن دایە. جگە لە هەندێ هەنگاوی لیبرال و پەناگە، ڕێوشوێنێکی دیکەی ڕیشەیی بۆ چارەسەری پرسی توندوتیژی نیە لەبەرئەوەی لەدەستنێشانکردنی سەرچاوەی پرسەکەدا کێشەی دید و تێڕوانین هەیە. ئەوەندی سەرنج لەسەر دەرئەنجامەکان و دەرهاویشتەکانە ئەوەندە باس لە ڕیشەی سەرەکی کێشەکان نیە.
هەڵوێستەکان لە ئاست توندوتیژی دا جگە لە کاردانەوەیەکی ڕۆژانەیی و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و هەندێ جار پەنادانی ئەو ژنانەی توندوتیژیان لەبەرامبەر دەرکرێت لە پەناگەکان دا کە خۆبەخۆ جارێکی تر جێگەی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژییە، ڕێوشوێنی دیکەی چارەسەری نیە.
فرناند بروادل مێژووناس و سۆسیۆلۆگ لە ئاماژەیەکی دا لەسەر کاریگەری ڕوداو قسە دەکات و دەڵێ؛ ” ڕووداوەکان خۆڵن” بەبۆچونی ئەو “ڕووداوەکان تەنها تۆز نین چونکە کورتخایەن یان کاتیین، بەڵکو وێنەی مێژووییش تەمومژ دەکەن” واتە ڕوداوەکان وامان لێدەکەن کە ڕاستیە مێژووییەکانی کە پاشخانی ئەمڕۆیە نەبینین.
لەو ئاماژەیەوە دەبێ بڵێین پرس و قەیرانەکان تەنیا بەرهەمی ئەمڕۆیی نین، بەڵکو بەرهەمی داگیرکارییەکی مێژوویی و کاریگەری ڕۆژانەیشی زۆر بە زەوی دیارە کە پێویستی بە ڕاست پێناسەکردن، تێگەیشتن و تێکۆشان هەیە. پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان خەسڵەتێکی بنەماڵەیی و ئەم جۆرە پەیوەندیانە لە پارتە سیاسیەکانیش هەمان شێوەیە. خێزان، ئایین و ناوەندەکانی پەروەردە و چ ناوەندەکانی پەروەردەی تایبەت، لە ژێرکاریگەری زهنیەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەبرێت. ئەگەر ڕاست ئەم دەزگایانە شینەکرێتەوە زەحمەت تەنیا بە زانیاری و وردەکارییەکانی ئەمڕۆیی بگەیەنە ئەنجامێک بۆ دەستنیشان کردنی کێشەکان و چارەسەرکردنی چ جا کێشەیەکی وەک توندوتیژی کە وەک دوانەیەکی لێهاتووە لەگەڵ ژن.
وێرای هەوڵی ژن بەشێوەیەکی تاکەکەسیانە یان گروپ بۆ گۆڕینی جۆری پەیوەندی و ناوەرۆک و سیمای ئەو دامەزراوە و دەزگایانە کە ڕوداوەکان ئاراستە دەکەن بەڵام زۆر سەختە بتوانێ لە دەرەوەی عەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێی جوڵەیان پێبدرێ بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەشێک لە ژنانی ناو گروپە سیاسیەکانیش دەیانەوێ لە بازنەی ئەو زهنیەتەدا بە دوای چارەسەری دا بگەڕێن و دەیانەوێ هەمان هیواش لای ژنان دروست بکەن. ئەوانەشی دەیانەوێ لە دەرەوەی بازنەی ئەو زهنیەتە بەدوای چارەسەری دا بگەڕین لە ڕووی ڕێکخستنکردن و خۆڕێکخستن کردنەوە کەموکوڕی جددیان هەیە، ئەگەر بە پێناسەی باوی سیاسەت قسەکە لەسەر ئەوە بێ کە گروپێک لە دەسەڵات و گروپی دیکەش لە ئۆپۆزیسیۆن دا لە ململانێدا بن.
دیارە باس لەهەر بوارێکی ژیان بکرێت ڕەنگی پیاوی بەسەرەوەیە، ئەگەر ژن بەشداریش بکات، ڕێکخستنکراو و بەڕەنگی خۆیەوە بەشداری ناکات، بیشیکات کاریگەریەکی گەورەی لە گۆڕانکاری ڕیشەیی نیە، بەڵکو بەشداری پارچەبووی ژن لە نێو دەزگاکان دا بۆتە هۆکاری ئەوەی کە سیستەمی پیاوسالاری، ناوەندگەرێتی و دەسەڵاتدارێتی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت و لەو بوارەشدا ژن قاڵبونەوەی هزری، ڕێکخستنی و میکانیزمای بەدواداچوونی لاوازە، لەهەندێ دۆخ دانەک هەر لاوازە بەڵکو نیە.
ژن لە مەیدانی سیاسەت دا بەڕێژەیەکی کەم بەشدارە، بڕیاردەر نیە، لە چەسپاندنی کۆتای بەشداری ژن لە دەزگاکانی بەرێوەبردنی سیستەمیشدا ئەو ژنانە بەشداریان دەکەن کە بەرنامەیەکی گشتیان لە سیاسەت دا هەیە و زۆر جاریش دەکەوێتەوە خزمەت سیاسەت و زهنیەتی پیاوسالاری. پەرتەوازەیی ژن و بێڕێکخستنیان جەسارەتی بە زهنیەتی پیاوسالاری داوە کە هەموو کایەکانی ژیان کۆنترۆڵ بکات. کۆتای بەشداری ژن لە پەرلەمان دا نەک بە پلان و خواستی پارتەکان بوو بەڵکو لەئەنجامی مشتومڕێکی زۆر لە لایەن ژنان و رێکخراوەکانی ژنان، لەسەر گوشاری نێونەتەوەیی دا و لە ژێر کاریگەری ئەو پێشکەوتنانە بووە کە بزوتنەوەی ئازادی کوردستان هێناویەتیە ئاراوە، ئەو کۆتایە هەرچەندێک بێت کاریگەری گەورەی لەسەر هاوسەنگی ڕەگەزی نەکردووە. ئەوەش بە کۆتا نەتوانرا کە گۆڕانکاری دیموکراتیانە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا ئەنجام بدرێت و یاساکان بەو ئاراستەیە دانەڕێژران.
کاتێ کۆنگرەی پارتەکان سازدەکرێت ژنان جێیەکی دیاریان نیە و هەشبێ پەراوێزە و نابێتە بەرنامەی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی سەرتاپاگیر. وەک ژمارە و وەک ناوەرۆکیش چ باسێک لەسەر پرسی ئازادی و پرسەکانی کۆمەڵگە نابێتە بابەتی باس، بەڵکو ژن لە ژێر کاریگەری شەڕی دەسەڵاتی نێو گروپەکانی پارتەکان دا دەجوڵێنەوە. دەبێ ئەوەش بڵێم کە بەهۆی دابەشبوونی ئایدۆلۆژییەوە ژنان خۆشیان پلانێکی ستراتیژییان نەبووە.
بەکراوەیی ئەندامێکی ژن لە ئاستی دەستەی سەرۆکایەتی پارتێکی باشوردا بە کراوەیی گووتی؛ ” لە نێو پارتەکەمان دا ڕەگەزگەرێتی لە بەرامبەر ژن هەیە” و یەکێکی تریش گووتی؛ ” کە لە کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی حزبەکەم دادەنیشم لێیان دەپرسم بێزار نەبوون لە دەموچاوی یەکتری و من تاکە ژنم لە نێویان دا ” و یەکێکی تر کە لە ئاستی سەرکردایەتیدایە گووتی؛ ” کۆبونەوەی دانوسانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بۆتە دیوەخانی پیاوان ” بە شێوەیە ژنان بوێرانە ڕەخنە لە پێکهاتەی سەرکردایەتی پارتەکان دەگرن. ڕەخنەگرتن بە دەنگی بەرز لە پلاتفۆرمی کراوەدا، و واتای جوڵەیەک دێت، بەڵام گرنگە لە ئاستی سکاڵا و گازندە دەرچێت.
پاڵپشتی یاسایی و دەستوری بۆ دیموکراتیزەکردنی سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١١ دا یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرکرا کە لە هەندێ ڕووەوە بەربەستی لە بەردەم توندوتیژی خێزانیی دادەنا و یاسایەکی ئەرێنی بوو بەڵام بەهۆی نەبوونی میکانیزمایەکی بەهێزی چاودێری و کاریگەری زهنیەتی پیاوسالاری لەسەر دەزگا حکومیەکان یاساکە لەسەر کاغەز مایەوە. کۆمسیۆنێکی ژنان هەبوو لە پەرلەمانی کوردستان ئەویش هەڵوەشێنرایەوە. وەزارەتێکی کاروباری کۆمەڵایەتی هەیە ژن بەرێوەیدەبات بەڵام لەئاست ئەو قەیرانە قوڵە کۆمەڵایەتیەدا نیە کە ژن ڕووبەڕووی دەرهاویشتەکانی بێتەوە. پرسی ئازادی ( پرسی ڕەگەزی ) وەک پرسی ژن پێناسە دەکرێت، نەک وەک پرسی پیاو.
دەتوانرێت ڕۆڵی ژن لە چێشتخانەدا لە هەموو کایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا بەئاسانی ببینرێت. چێشتخانە بە واتا باوەکەی نا ئەڵبەتە، ژنان بە ڕوویەکی ” جوان” و ” نمایشیانە” ەوە سەکۆکانی قسەکردن بە پیاوان ئامادە دەکەن، دۆسیە، ئامادەکارییەکانی هەموو کۆبونەوەکان دەکەن، لە سەر تا ژێر ژن ڕەنج دەدات، ئەوەی قسە دەکات، ئەوەی لە ڕیزی پێشەوەیە، ئەوەی بڕیارەکان دەدات پیاوە. ژنان تەنیا لەو کۆبونەوانەدا جارێکی ڕۆڵی چێشتخانەی ماڵیان پێدەدرێتەوە، ئەو کێشەیەی کە ماریا میس وەک بە ” کەیبانووکردنی ژن houswifeziation” پێناسەی دەکات، ئەڵبەت نە تەنیا لەماڵ بەڵکو لەهەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا.
لەم ساڵانەی دواییەدا لە ژێر جوڵەکانی بەهاری گەلان و بە تایبەتیش دیسکۆرسە هزری و پراکتیکیەکانی تەوەری شۆڕشی ڕۆژاڤا و پەرەسەندنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە جیهان دا گفتوگۆ لەسەر چیەتی پرسی ئازادی هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاو و پرسی بەشداری ژن لە سیاسەت و بەگشتیش کۆمەڵگە و لەسەرنوێ پێناسەکردنەوەی سیاسەت پەرەیسەندووە. بەڵام لەم دەڤەرەی ئێمە هەر هەوڵێکی هزری و تیۆری، ئامانج و تێکۆشانێکی ژن لە پشتیەوە نەبێ شکڵی دەمێنێتەوە و ناتوانێ خزمەت بە ئامانجە سەرەکیەکە بکات کە دیموکراتیزەکردنی سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتیە، چ جا ئەو هزر و تیۆرییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد بێکەڵکی و کارنەکردەیی سەلماوە لە مەیدانی سیاسەت دا، کەواتە ئێمە لەم بەشەی کوردستان دوو کێشەمان هەیە بەشێوەیەکی گشتی. یەکەم؛ بەکەڵکبوون و چەقبەستوویی ئەوەی هەیە لە تیۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دووەم؛ نەگەڕان بە دوای تیۆری هزری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەلتەرناتیڤ دا.
ژن لەم بەشەی کوردستان بە ڕێژەیەکی کەم خاوەن ئابورییەکی سەربەخۆیە یان گروپییە ، ئەوەش تەنیا بۆ دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیە و کاری تاکەکەسییانەیە و وەرنەچەرخاوەتە سەر کاری هەرەوەزی و ڕێکخستنکراو. ژن تەنیا لە ناوەندەکانی خزمەتگوزاری گشتی دا هەن، لەوێشدا لە ئاستی بەڕێوەبەری دا کەمن. زیاتر لە شارەکان دا، لەو کارانەی پیاو دەیکات، ژنیش لە ڕووبەرێکی کەم و سنوردار دا بەشداری دەکات بەڵام ئەو بەشداریەش نەبۆتە هۆکاری گۆڕانکاری لە پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا، لە لایەکی تر بەشداری ژن لە کارەکانی کەرتی تایبەتی ” کۆمپانیا سەرمایەدارەکان، مۆڵ و دەزگا و دامەزراوە تایبەتیەکان ” بەهۆی نەبوونی یاسا و هەروەها دەزگای چاودێری بەهێز و سەربەخۆ واتە دادگاکان ئەم کەرتە خستنەکار تاکەکان ودەرخستیان لە کار و بیمەی کار و پاراستنی کەرامەت و ژیانی ژن لە دۆخێکی گوماناویدایە. ژمارەیەک ڕوداوی گێچەڵ و دەستدرێژی ئەو گومانانەی زیاتر کردووە. ئەم دۆخە لە هێنانی ژمارەیەکی زۆر لە خزمەتکاری ماڵان بۆ کارکردن لە ماڵی دەوڵەمەند و تەنانەت ژمارەیەک لەو ژنانەی کە گوایە کار بۆ دۆزی ژن دەکەن، یەکێکی تر لەو دیاردە قێزەونانەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ پەرەیسەند کە تەواوی لاسایی کردنەوەی وڵاتانی کەنداوە و زۆرێک لەو کرێکارانەی کە بە زۆری لە بەنگلادیش، فیلیبین، نیپاڵ ، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقیا هێنراون لە ماڵان و جێی کاردا ڕووبەڕووی گێچەڵ و دەستدرێژی دەبنەوە. چەندین ژن تەنانەت جەسارەتی ئەوەیان نەبووە کە باسی لە کەیسەکانی خۆیان بکەن لەبەرئەوەی کە مەترسی دەرکردنیان لە کار لەسەرە.
پرۆسەی ” خودتوانەوە ” یەکێکە لەو دیاردانەی کە لە ڕێی ژنەوە کاریگەریەکی گەورەی هەیە و تەنانەت پەڕیوەتەوە بۆ دروستبوونی کەلتورێکی زاڵ و بەکاریگەر. بەهۆی کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ناوەند، دەزگا و دامەزراوەی نامۆ بە کەلتوری کۆمەڵگە لە ژێر ناوی پێشکەوتن و پەروەردە، ڕێکخراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگای “خێرخوازی ” بە بێ ئەوەی پێویستیەکانی بە وردەی هەڵسەنگێنرێت کە وەڵامدەرەوەی چ پێویستییەکی کۆمەڵگەیە، بەبێ بوونی لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆژی و کاریگەریەکانی لەسەر گۆڕانکاری کۆمەڵگە، کارەساتی گەورەی لە ڕووی لێترازانی کۆمەڵایەتی، دروستبوونی چینی نوێ و گروپی نوێی کۆمەڵگە و بە زۆریش کاریگەری لەسەر ژنان کردووە و بە دەستی ژنانیش هەموو ئەو دیاردانە ڕەوایی پێدەرێت و ڕاگەیاندنیش بۆتە مەیدانێکی کراوەی ڕەوایی پێدان بەکەلتورە نامۆیانە.
بەشێکی زۆری میدیا و راگەیاندنە بیستراو، بینراو و نوسراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان پەردەپۆشکردنی ئەو دیاردانەیە کە دەرئەنجامەکانی بە توندوتیژی سەر ژن تەواو دەبێت، نەک کار لە سەر بڵاوکردنەوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و چەمکی یەکسانی و ئازادی و رۆحی تێکۆشان و بەرەنگاربونەوەی داگیرکاری و گەندەڵی کۆمەلایەتی ناکەن بەڵکو بە بەرنامەی سەرگەرمکردن و بەکارهێنانی ژن لەو بەرنامانە، ڕەکلام ، کلیپ و درامای دۆبلاوکراوی تورکی، کۆری و هندی جۆرێک لە سایکۆلۆژی تێکشکاو و بەخۆنەباوەڕی ژن بڵاو دەکەنەوە، ، ئەو پرۆفایلەی کە لە ڕاگەیاندنەکان دا زەق دەکرێتەوە، ژنێکی بێچارە، ملکەچ، بێدەنگ، ڕازی بە کۆیلایەتی، فێڵباز و درۆزن و ژنێک کە هەمیشە رۆڵی پێکدادان لەنێو پیاوەکان دا دەبێنێت و دەیانخاتە دۆخی پێشبڕکێیەوە بۆ ژن، ژنێک کە خیانەت لە هاوسەرەکەی دەکات، ئەو پرۆفایلەی بۆ پیاویش دەیخەنەڕوو؛ پیاوێکی میهرەبان، فریادڕەس، بەهێز، پاسەوانی ناموسی ژن و هتد….
قوڵترین شەڕی سایکۆلۆژی لەسەر ژن بەرێوەدەچێت بەڵام لە درکی ئەو شەڕەدا نیە، ئەم دۆخە وەک هانا ئارینت دەڵێ؛ ” ئاساییبوونی خراپیی” واتە دۆخێکی خراپ هەیە بەڵام هێندە ئاسایی کراوە کە هەستی مرۆڤەکان و رایەڵەیان لەگەڵ ئەو واقیعەی هەیە پچڕاوە. پێناسەیەکی چەوت بۆ ئازادی هەیە. ئازادی ئەگەر لە سادەترین پێناسەی کە ع.ئۆجالان دەڵێ؛ ” ئازادی هێزی خۆبونیادنانی کۆمەڵگەیە” لە ڕاستی دا بە پێناسەی چەوتی ئازادی و مومارەسەکردنی ئەو پێناسە چەوتە وەرچەرخێنراوە بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە بە لاساییکردنەوەی کەلتوری رۆژئاوایی و قەتیسبوون لەنێوان دوو کەلتوردا کەلتورێک کە بەرێی میدیا، میوزیک، فیلم، دراما، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە رۆژئاواییەکانەوە لەسەر ناوی خزمەتگوزاری و هاوکاری هێنراون و کەلتورێکی موحافەزەکاری دۆگماتیکی ئایینی کە لە بۆشاییەکی مەعنەوی، ئەخلاقی و ئایدۆلۆژی دا کۆمەڵگە بۆ ڕەحمەتی ڕەوتی ئیسلامی دەسەڵاتخواز بەجێهێڵراوە و زیاتریش ژن کاریگەرن بەم دوو کەلتورەی کە دوو ڕووی دراوێکن. لە هەروو مۆدێلەکەی دا ژن کەرەستەی بەکارهێنانە لە ژێر ناو ئازادی بیروڕا و ئازادی پۆشین، ئازادی جوڵانەوە بەڵام ئەو پێناسانەی ئازادی چ پەیوەندی بەو بەرپرسیارێتیانەوە نیە کە دەبێ لە ئاست کۆمەڵگە و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیزەکردنی سیاسەت دا بنرێت. تەنانەت ئازادی لە نەشتەگەری جەستە، بەکارهێنانی چەندین ماددە و کەرەستەی کیمیاوی بۆ دەستکاریکردنی جەستە و ڕوو، بڵاوبونەوەی کەلتوری بەرخۆری کە کلتور و زهنیەتی سیستەمی سەرمایەداری و بە ئاگاییەوە لە لایەن بازرگانانی چاوچنۆک و تەنانەت کۆمپانیا نێونەتەوەییەکانەوە بۆ چەواشەکردنی واتای راستەقینەوەی ئازادی و فەتح کردنی ئەخلاق، زهن و ویژدانی کۆمەڵگە و دوورخستنەوەی لە رۆژەڤی سەرەکی و پێویستی سەرەکی کۆمەڵگە پەرەدانە بە خۆرێکخستنکردن و بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیدا.
کێشەیەکی گەورەیە ئەوەیە کە کۆمەڵگە وێرای ناڕەزایی و بێزاریشی، بەشێکی هێشتاش لە دۆخی چاوەڕوانی فریادڕەسێکدایە کە گۆڕانکاری تەنیا لە ڕێی پارتە سیاسیەکانەوە بکرێ و پارتە سیاسیەکانیش لە ڕێی هەڵبژاردنێکی کلاسیک و بەناردنی نوێنەرەکانیان بۆ پەرلەمان گۆڕانکاری بکەن، ئەو ڕێبازەش نەک تەنیا بەشی گۆرانکاری ناکات بەڵکو کێشەی کۆمەڵگەی قوڵترکردۆتەوە و مەودای نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەی زیاتر کردووە. بەشێکی تریشی هەمیشە لە دۆخی چاوەڕوانی هێزی دەرەکیدایە.
بەهۆی بۆردمانی ئایدۆلۆژی لیبرالیزم بەڕێی دەزگا و دامەزراوە ئاماژەپێکراوەکان و بوونی زۆرێک لە میدیاکان بە سەکۆی کەلتوری نامۆ لە کۆمەڵگە، ژنان ئاشنا نیە بەو تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کە ژن خۆی بکاتە کردەیەکی چالاک بۆ گۆڕانکاری دا. ئەمەش نایەتە واتای ئەوەی کە لێگەڕینی کۆمەڵگە نیە بە تایبەتی پەرۆشێکی زۆر بۆ خوێندنەوەی تیۆری و هزری ئەلتەرناتیڤ لەبرەودایە و هەنگاو بەرەو قۆناغی وشیارییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی دەنێت بەڵام لە ڕووبەرێکی پەراوێزدایە و پێویستی بە هەنگاوی بەکاریگەرتر هەیە.
کرۆکی پرس و قەیرانەکان داگیرکاییە، تەنیا داگیرکاریەکی ڕۆژانەیی نیە کە لەسەر خاک و سامانەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی لەڕۆژی ئەمرۆدا، بەڵکو بەوەشەوە داگیرکارییەکە هەزاران ساڵە تەمەنێتی، داگیرکارییەکە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی بە دامەزراوەبوو، سەرەتا پێویستمان بەوەیە کە لەو داگیرکارییە تێبگەین دەبێ هەم لە ڕەهەندە مێژووییە کەڵەکەبووەکەی تێبگەین و هەم لە ڕەهەندە ڕۆژانەییەکەی. رۆڵی پارتی سیاسی و بزوتنەوە زۆر گرنگە نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە هەموو جیهان دا بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە پارتەکان دوورن لە خۆنوێکردنەوە بە تیۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی چارەسەرئامێز. ئەو تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان کاری لەسەر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان هەڵگری ناوەرۆک، پلان و پرۆگرام، کردار و تێکۆشانێک نیە کە پرسی ئازادی ڕەگەزی بخاتە چەقی پرسە سەرەکیەکانەوە کە کرۆکی هەموو کێشە کەڵەکەبووەکانە، تا ئێستا نەک تەنیا چارەسەرئامێز نیە بۆ پرسەکانی هەبوون، ئازادی و گۆانکاری لە بونیادی زهنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری دا بەڵکو کێشەکانی قوڵتر کردۆتەوە، پارچەبوونی لە نێو کۆمەڵگەدا زیاترکردووە، لەبەرئەوەی پشت بە زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەتگەرێتی و پیاوسالاری دەبەستێت کە ڕێبازی مامەڵەکردنی هێزی هەژەمونگەرایی نێونەتەوەیی و ناوچەکە بووە لەگەڵ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و باشوریش لاساییکەرەوەی هەمان مۆدێلە. لەلایەکی تر ئەو مۆدێلەی بەشێوەیەکی ڕووکەشیش لاسایی دەکەنەوە مۆدێلەکانی پارتی سیاسی رۆژئاواییە کە نەک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵامدەرەوە نیە بەڵکو بۆ خودی ئەوروپا و دونیای ڕۆژئاواش هەمان شێوەیە. گەلی کورد وگەلانی هەرێمە ناچار نین ئەزمونێک تاقی بکەنەوە کە لە جێی دیکە ناتوانێ قەیرانە قوڵەکانی سیستەم چارەسەر بکات نەخاسمە رەهەند مێژوویی و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمەکەمان پێویستی بە مۆدێلێکە لەسەر بنەمای پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی کە خۆی لە دیموکراسیەک لەسەر بنەمای بەشداری راستەخۆی کۆمەڵگە، ئەکۆلۆژییەک کە هاوسەنگی ڕەگەزی، مرۆڤ و ژینگە و هەروەها مرۆڤ-مرۆڤ و ئازادی ژن بە بنەما بگرێت.
قەیرانی چەند ساڵی دوایی ئاشکرای کردووە کە ژنان و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ژنانی نیو حزبەکانیش باوەڕیان بەوە نیە بەو ڕێبازەی تا ئێستا تاقیکراوەتەوە بتوانێ ببێتە بەشێکی کارا لە گۆڕانکاری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری هەرێمەکەدا، بۆ ئەوەش متمانەی بەوە نیە کە ئەو کەشە گونجاوە بۆ بەشداری سیاسی. کەمێکیش بێ ژن لە درکی ئەوەدایە کە پرسەکەی تەنیا پرسێکی ڕەگەزی نیە بەڵکو پرسێکی بونیادییە، بونیادی زهنیەتی ئایدۆلۆژی پیاوسالاری لە هەموو دامودەزگاکانی تەنیوە و تا دوایین خانەی کۆمەڵگە رۆچووە و پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەییە.
ژن لە درکی ئەوەشدایە کە بوونی چەند ژنێک لە وەزارەت، پۆستی باڵا، بەڕێوەبەرایەتی دا بەس نیە بۆ گۆڕانکاری و دروستکردنی متمانە لە لای ژن و کۆمەڵگە بەگشتی. ئەمە واتای ئەوە نیە کاری خراپیان کردووە بەڵام نیازییان هەرچییەک بێت بە کارانەی کردوویان ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنکەوتۆتەوە لانی کەم دووانەی توندوتیژی و ژن لە یەک دابڕینێ و هەمیشە ژن وەک قوربانیەوە نەیەتەوە ڕۆژەڤ، خۆشیان لە درکی ئەوەدان ئەو ئەقلیەتە لەسەر بنەمای زهنیەتی پیاوسالارییە رۆچۆتە هەموو خانەکانی کۆمەڵگە و تەگەرەیە لەبەردەم دیموکراتیزەکردنی خێزان، سیاسەت و دامودەزگاکانی بەڕێوەبردن.
لە ناو هەموو پارت، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەدا ژنانێک هەن کە خاوەن هەست و جەوهەرێکی وڵاتپارێزی بەهێزن، جاروبار ژمارەیەک لە پلاتفۆرم و دەستپێشخەری سازدەکرێت، ژنان لەدەوری کۆدەبنەوە بەڵام ئەو هەوڵانە ڕێنماییەکی ستراتیژی، ئایدۆلۆلۆژی و پلانسازی کورتمەودا، ناوین و درێژمەودا پێ نیە. ژنان تا ئێستا چاوەڕیی یەکتر پارتە سیاسیەکان لە ژێر هەژمونی زهنیەتی پیاوسالاری دار ڕێیان پێبدەن هەنگاو بنێن بەڵام ئەوە لە مەحاڵەوە نزیکە. زهنیەتی پیاوسالاری کاتێ بزانێ لە خزمەتی ئەودا ڕێ بە جموجوڵی ژنان دەدەن. ئەگەر نا دەتوانن بە شێوەی جیاواز و بیانوی جیاوازەوە ڕێگریان لێبکەن.
بۆ ئەوەش لە ڕووی زهنیەوە پێویست بە پێهەڵگرتن و گۆڕانکاری هەیە، نەبوونی خوێندنەوەیەکی نوێ و ڕاست لە سەر مێژوو، پرسی ڕەگەزی، داگیرکاری، پارتی سیاسی، بزوتنەوەی ئازادی ژن، گرنگی تێکۆشانی ئایدۆلۆژی وەک ئەدۆرنۆ دەڵێ؛ ژیانی چەوت ڕاست ناژێنرێت. لە ڕاستی دا وەک ئەوەی ئەدۆرنۆ ئەو قسەیەی بۆ دۆخی ئێستای باشوری کوردستان گوتووە. زەمینەی شۆڕشی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی ژن بەهۆی بۆشایی ئایدۆلۆژی و هزرییەوە زۆر لە بارتر و گونجاوترە. ئەوەی پێویستە پێشەنگایەتیەکی ڕاست بۆ ئەو ماتەوزەییەی لە ژن دا هەیە، ئەگەر ژنێک جەسارەتی ئەوەی هەیە ماتەوزەی لە ئاراستەیەکی خۆوێرانکردن و لەناوبردن دا بە خۆسوتاندن نیشان بدات و کاردانەوە لە بەرامبەر نەبوونی کەشێکی دیموکراتیانە بۆ خۆدەربڕین بخاتەڕوو ئەوە بە ئاراستەکردنی ئەو ماتەوزەیەی بەرەو تێکۆشان، خۆرێکخستن کردن و چالاکی و پێشەنگایەتی راست بۆ کۆمەڵگە دەتوانێ لە واتای ڕاستەقینەی ئازادی دا، سەرەتا بە هەنگاوی خودناسی، خودوشیاری و خۆرێکخستن دا، دەتوانێ نەک وەک قوربانیەک هەمیشە لە رۆژەڤ دا بێ بەڵکو وەک پێشەنگ، بونیادنەرێک رۆڵ ببینێ. لەهەمان کات دا ژنان لە ناو ڕێکخروەکان دا بن یان لە پارتە سیاسیەکان دا دەکرێ خاڵی هاوبەش و رۆژەڤی هاوبەشیان هەبێ و خۆیان لەو پێگەیە دەرخەن کە پیاو بەکاریان بهێنێ وەک پێپلیکانەیەک بۆ دەسەڵاتداریتی خۆیان بەڵکو وزەیان خۆیان لە ئاست رێکخستنی کۆمەڵگە و وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی کۆمەڵگە بخەنەگەڕ.
خۆرێکخستنکردنی ژن دەکرێ سنوری ئەتنیکی تێپەڕێنێ و خۆبگەیەنێتە ژنانی عەرەب، تورکمان، ئاشوری و پێکهاتەکانی تر بۆ ئەوەش لە پێکهاتەی ڕێکخراو زیاتر پێویست بە سەرپێشخستنی بزوتنەوەیەکی ژن هەیە، تیۆری و ڕێکخستن و تێکۆشان و پلانی چالاکیی تایبەت بە خۆی هەبێ، پێویستی بە میکانیزمایەکی خۆپاراستن هەیە، دەکرێ ئەو میکانیزمایە فراوانکردنی دەلاقەکانی خودوشیاری بێ لە ڕووی زانستی، ئایدۆلۆژی، ڕێکخستنیەوە و کۆتایی بە سایکۆلۆژی چاوەڕوانی بێنن، سەرەتا دەبێ سیستەمی خۆی بونیاد بنێ، خاوەن ئۆرگانی خۆڕێکخستنکردن بێ و هەوڵی گوزارە لە خۆکردن بدات لەو دەرفەت و دەلاقانەی کە ژن دەتوانێ ئیلهامی لێوەرگرێت بۆ خۆپاراستن و خۆرێکخستنکردن. کەم نین ئەو ژنە کوردانەی لە رێی خۆپاراستن و پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی دا گیانیان بەخشیوە و بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانیان کردووە. ئەزمونەکانیان و چیرۆکی بەرخودانیان لە پێناوی ئازادکردنی تاک و کۆمەڵگەدا بە زیادەوە ڕووناکەرەوەیە بۆ ئێمەش لە پێناوی بەرپاکردنی شۆرشێکی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی دا.