“شێڵتەرەکان بە پێی پێویست پارێزگاریی لە ژنان ناکەن”

سەرەڕای زیادبوونی توندوتیژیەکان لە هەرێمی کوردستان، شێڵتەرەکانی ژنان بە پێی پێویست ژنان ناپارێزن و زۆرجار کێشەکانیان قورستر دەکەنەوە، سەرەڕای کەمی ژمارەی شێڵتەرەکان، کارەکانیشیان وەک پێویست نییە و نەیانتوانیوە ماڵی پاراستنی ژنان بن.

“شێڵتەرەکان بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکان ژنان ڕادەستی خێزانەکانیان دەکەنەوە”

گەشاو عەبدولقادر، چالاکوان و ئەندامی بۆردی گەشەپێدان قسەی بۆ “ئاژاسنی هەواڵی ژن” کرد، شێڵتەر شوێنێکە بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانەی لە لایەن خێزان یان هاوژینەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە هەرێمی کوردستاندا هەرچەندە شێڵتەر بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە ژنان بکات، بەڵام زۆر جار ژنان فریو دەخۆن بەهۆی ئەو شوێنانەوە و ڕێگەیەکە بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان، بەشێک لە ژنانی گەنج کاتێک هۆشیاریان نییە، ئومێدیان بەوەیە کە ئەگەر توندوتیژیەکیان بەرامبەر کرا پەنا دەبەنە بەر شێڵتەرەکان و نازانن لەو کاتەدا دوو جار دەکەونە بەر هەڕەشەی ئەو کەسانەی لە شێڵتەر کار دەکەن و کەسانی ناو خێزانەکەیان، چونکە زۆرجار بە بێ چارەسەرکردنی کێشەکانیان ڕادەستی خێزانەکانیان دەکرێنەوە.

“شێڵتەرەکان زۆرجار کێشەکان قورستر دەکەنەوە”

گەشاو عەبدولقادر ڕوونی کردەوە، هۆکاری ئەوەی شێڵتەرەکان بەشێکی زۆری ژنان بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ ناو خێزانەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لە ئێستادا کەیسەکان زۆر بووە ئەمەش بارگرانیەکی بۆ ئەو شوێنانە دروستکردووە، یان لەبەر قورسی کێشەکانیان بەشێک لە شێڵتەرەکان لەگەڵ خێزانی ئەو ژنانە ڕێکەوتنێک دەکەن کە گوایە چیتر توندوتیژی بەرامبەریان ناکرێتەوە، بەڵام دوای وەرگرتنەوەیان زۆر جار کوشتنی لێدەکەوێتەوە، بۆیە باشتر وایە تا ڕێکەوتنێکی یاسایی و توند نەبێت، هیچ ژنێک لە شێڵتەرەوە نەنێردرێتەوە بۆ ناو خێزانەکانیان، چونکە خوێندکاری کچ هەبووە ڕۆشتووەتە شێڵتەر و دواتر گەڕاوەتە بۆ ناو خێزانەکەی خوێندنەکەی لەدەستداوە، کەواتە شێڵتەرەکان لەم کاتەدا کێشەکانی قورستر کردەوە.

هەروەها وتیشی: زۆرجاریش لەبەر ئەو هەڕەشانەی خێزانی ژنەکان دەیکەن لە شێڵتەرەکان و ئەندامەکانیان وا دەکات لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان ژنان ڕادەستی خێزانەکانیان بکەنەوە، هەبوونی شێڵتەر لە هەرێمی کوردستاندا بە پێی پێویست نییە بە جۆرێک لە هەندێک ناوچەدا هەر نییە، بۆیە زۆرجار ئەو کەیسانە دەنێردرێتە شوێنەکانی تر، هەندێک جاریش هەر لەناو خودی شێڵتەرەکان ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

“هەڵسوکەوتی کارمەندەکانی ناو شێڵتەر مرۆڤانە نییە”

گەشاو عەبدولقادر وەکو شایەتحاڵێک کە سەردانی یەکێک لە شێڵتەرەکانی کردووە بەم جۆرە دۆخی ناو شێڵتەرەکە باس دەکات، “ڕۆژێک لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕۆشتم بۆ یەکێک لە شێڵتەرەکانی کوردستان، بینیم یەکێک لەو ژنانەی کە هانای بۆ ئەو شێڵتەرە هێنابوو و لەوێ دەمایەوە داوای موبایلی دەکرد، بەڵام کارمەندەکانی ئەوێ جگە لەوەی موبایلیان پێ نەدا، بە قسەش سوکایەتیان پێ دەکرد و نەیاندەهێشت بەشێک لەو ژنانە تەنانەت بڕۆنە ناو ژورەکانی ترەوە”.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە وتی: خراپی هەڵسوکەوتی کارمەندەکانی ناو شێڵتەر وا دەکات ژنان پەنا ببنە بەر خۆکوشت، کەواتە لێرەدا شێڵتەر لە بری ئەوەی ببێتە پەناگەیەک بۆ ژنان، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر دەروونان بەجێدەهێڵێت و وایان لێ دەکات هیوایان بە ژیان نەمێنێت، بۆیە ئەو کەسانەی لە شێڵتەر کار دەکەن، پێویستە پارێزەر و توێژەری کۆمەڵایەتی بن و بە بەردەوامی لەگەڵ ئەو ژنانە بێت و مانگانە دەورەیان بۆ بکرێتەوە، زۆرجاریش هەر توندوتیژیەکە لە لایەن ئەو پیاوانەوە دەبێت کە پارێزگاری لە شێڵتەرەکان دەکەن، بۆیە شێڵتەرەکان بە پێی پێویست پارێزگاری لە ژنان ناکەن، ئەمەش وای کردووە من وەکو ژنێک بێ هیوا بم لە دروستبوونی ئەو شێڵتەرانە.

“شێڵتەرەکانی ژنان وێنایەکی جوانیان نیشانی کۆمەڵگە نەداوە”

گەشاو عەبدولقادر ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک ژنان لە شێڵتەرەوە دەدرێنەوە دەستی خێزانەکانیان، پێویستە لەلایەن شێڵتەرەوە چاودێری بارودۆخی ئەو ژنانە بکرێت، تا بزانن ئایا توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت یان نا، ئەو هەڵسوکەوتەی لە لایەن کارمەندانی ناو شێڵتەرەوە ئەنجام دەدرێت، وا لە ژنان دەکات زیاتر توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و دەزانن شێڵتەرەکان بەوشێوەن، بۆیە بە ناچاری قبوڵی دەکەن، بۆیە بینینی ئەم حاڵەتانە لە ناو شێڵتەرەکاندا وا دەکات وێنایەکی ناشرینیان بکەوێتە پێشچاوی کۆمەڵگە.

لە کۆتاییدا دەشڵێت: بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان کە چیتر ژنان پەنا بۆ شێڵتەرەکان نەبەن، ئەوەیە سەرەتا ئەو کێشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە بە شێوەیەکی ژیرانە هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین، هەروەها هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکرێتەوە بە تایبەتی لەناو گەنجاندا پێش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، وە ڕاگەیاندنەکانیش ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، چونکە شێڵتەرەکانی هەرێمی کوردستان پەنایان بۆ نەبرێت باشترە.

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …