کوردی ئازاد، مۆتەکەی پارتییە

ئامەد چیا

پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت بۆ هەمیشە کورد لە بندەستی خۆیان بهێڵنەوە، خۆشیان بۆ هەمیشە لەبندەستی داگیرکەران بمێنن.

پەدەکە چونکە هێزێکی ملکەچ و بێ ئیرادەیە، بۆیە دەرکەوتنی مرۆڤی ئازاد و خاوەن ئیرادە دەیترسێنێت. مرۆڤی بە ئیرادە و ئازاد، هەرگیز ژێردەستەیی داگیرکەر و ژیانی کۆیلایەتی پێ قبووڵ ناکرێت، بێگومان دژی داگیرکەر و نۆکەرانی ڕادەپەڕێت، ترسی پەدەکەش لێرەدایە، دەزانێت سەرهەڵدانی ئەم ڕۆحە لەنێو کورد، مانای لەناوچوونی ئەوە. بۆیە لە هەرکوێیەک مرۆڤێکی بە ئیرادە و ئازاد هەبێت، لە هەرکوێیەک بزووتنەوەیەکی بە ئیرادە و ئازاد هەبێت، پەدەکە دژی دەوەستێتەوە.

شەڕکردن دژی داگیرکەر، لەپێشدا شەڕی زیهنیەتە. خۆڕزگارکردنە لەو زیهنیەتەی ساڵانێکە داگیرکەران بەسەرتدا دەیسەپێنن. مرۆڤ تا لەم زیهنەیەتە سەپێنراوەی داگیرکەران ڕزگار نەبێت، ناتوانێت لە سوپای داگیرکەران ڕزگاربێت. داگیرکەران چەندەها ساڵ کوردیان غافڵاند، لە ڕاستی و جەوهەری خۆی دووریان خستەوە. هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەپێشدا ڕاچڵەکاندنی کوردە لەم خەوی غەفڵەتە، هەوڵێکە بۆ بونیادنانەوەی کەسێتی کورد، هەوڵە بۆ ئافراندنی مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە. هەوڵە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە کۆتوبەندە زیهنی و جەستەییەکان. بۆیە پەکەکە دروستبوو. ئەوەی هاوشان لەگەڵ پەکەکە خوڵقا، بریتی بوو لە: پیاوی ئازاد و ژنی ئازاد و گەلی ئازاد و ژیانی ئازاد. لێرەشەوە، تێکۆشانێک سەریهەڵدا دژی بنەماڵەی نەریتی و بەهای فیوداڵی و کەلتووری زایەندپەرستی و داگیرکەری قڕکەر و مۆدێرینیتەی سەرمایەداری. لێرەشەوە، کورد نەوەک هەر بیری لە ئازادی خۆی کردەوە وەک نەتەوەیەک، بەڵکو لە تێکۆشانی ڕەوای خۆیدا، تێکۆشانێکی گەردوونیی‌ش بەڕێوەدەبات. تێدەکۆشێت بۆ یەکسانی ژن و پیاو، بۆ ژینگەپارێزی، بۆ سڕینەوەی چینایەتی، بۆ ئازادی هەموو گەلانی ستەمدیدەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان. بەمەش جیهانبینییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کوردێکی ئافراند، توانی ببێتە پێشەنگی شۆڕشی ئازادیخوازی لە جیهاندا. زایەڵەی شۆڕشەکەی بگاتە دوورترین گۆشەکانی جیهان. ئەوەتا شۆڕشی ڕۆژئاوا و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بوونەتە ئیلهامبەخشی هەموو ئازادیخوازێک.

پەدەکە چونکە خاوەنی گۆشەنیگایەکی بەرتەسک و بنەماڵەییە، ناتوانێت ئەم جیهانبینییە فراوانە قبووڵ بکات. دوایین سنووری ڕوانینی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی هەر بەرژەوەندییە تایبەتەکانی حزب و بنەماڵەکەیانە. بۆیە ناتوانن لەوە تێبگەن سەرهەڵدانی مرۆڤی ئازاد و بە ئیرادە، مرۆڤی خاوەن زانین بە کێشەکانی نەتەوەکەی و کێشە گەردوونییەکان چەندە گرنگە؛ بەڵکو بەپێچەوانەوە، تەمەنا دەکەن هەرگیز ئەم جۆرە مرۆڤە لەنێو کورددا پەیدا نەبێت، لەبەرئەوەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان و هێڵی خیانەتیان دەگەیەنێت.

با بڕوانینە ئەم هاوکێشەیە: گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە چیا ئازادەکان تێدەکۆشن، پەدەکە چاوساغی داگیرکەران دەکات و هێرشیان دەکاتە سەر. لە ڕۆژئاوای کوردستان، شۆڕش هەڵگیرسا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێکهات، لەوێدا وا خەریکە مۆدێلێکی نوێی ژیانکردن سازدەکرێت، ژن لەوێ پێشەنگایەتی جڤاک دەکات، سیماکانی نەژادپەرستی سڕاونەتەوە و گەلان لەسەر بناغەیەکی دیموکراتیک پێکەوە دەژین؛ پەدەکە فشار دەخاتەسەر ڕۆژئاوا و بەردەوامە لە پیلانگێڕییەکانی بۆ لاوازکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری. گەلی شەنگال دوای دەیان فەرمان و کۆمەڵکوژی، دوای خیانەتی پەدەکە و هێزە هەژموونخوازەکانی تر و جێهێشتنیان لەکاتی هێرشی داعش و کۆمەڵکوژکردنیان لەسەر دەستی داعش، دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەری و هێزی خۆپاراستنی خۆیان هەبێت، کەچی پەدەکە لەمەش دڵگرانە و بەنیازە تێکی بدات؛ لە هەر کوێ وڵاتپارێز و کوردێکی ئازاد هەبێت، پەدەکە دەیکاتە ئامانج، یان چاوساغی داگیرکەران دەکات بۆ لەناوبردنی، نموونەش ئەو هەموو وڵاتپارێزەن بە هەماهەنگی پاراستن و میت لە باشوری کوردستان کوژراون، یاخود ئەو بکوژانەی وڵاتپارێزانی کورد کە لە هەولێر و لەلایەن پەدەکەوە داڵدە دەدرێن. هەر کاتێک کۆدەنگی کورد هەبێت، هەرکات کۆنفرانسێک یان پرۆژەیەک هەبێت بۆ خوڵقاندنی ئیرادەی هاوبەشی کورد، پەدەکە نەوەک هەر بەشدار نابێت، بەڵکو هەوڵی تێکدان و بێبەهاکردنی دەدات.

هەموو ئەمانە چیمان پێ دەڵێن؟ ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن، پەدەکە چەندێک دژی مرۆڤی ئازادە. هەموو هەوڵێکی پەدەکە پاساوهێنانەوەیە بۆ خیانەت و ملکەچی. ماشێنێکی گەورەی میدیایی خستۆتەگەڕ بۆ ئەم مەبەستە. ئەوەی پەدەکە بەهێز پێی ناکرێت دەیەوێت بە شەڕی سایکۆلۆژی و لەڕێگەی میدیاکانییەوە بیکات. پەدەکە سەرەتا دەیەوێت هەمووان ڕابکێشێتە نێو هێڵی خیانەتەوە. پاشان هەوڵدەدات هەموو ئەو هێزانە لەناوبەرێت کە دژی هێڵە خیانەتەکەی دەوەستنەوە و گوزارشت لە کوردێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە دەکەن. ئەگەر لەم هەنگاوەدا سەرنەکەوت، هەوڵدەدات لەڕێگەی میدیاکانییەوە وەها پیشانبدات هێزەکەی بەرامبەریش هەر وەک ئەمە و ململانێی نێوان دوو بەرژەوەندیی تایبەتی جودا دەکەن. بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. لەلایەک، هێزێکی وەک پەدەکە هەیە، هەموو هەوڵەکانی بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانی حزبەکە و بنەماڵەی بارزانییە، لەگەڵ درێژەدان بە پەیوەندی خیانەت لەپێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا. لەلایەکی تر پەکەکە هەیە، ئەم هێزە دوایین سەنگەری بەرگرییە لە هەبوون و ناسنامە و ئیرادەی کورد.

دەوڵەتی تورک ئەم ڕاستییە باش دەزانێت، بۆیە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە، لەبەرامبەردا پەیوەندی لەگەڵ پەدەکە دەبەستێت. دەوڵەتی تورک دەزانێت بە نەمانی پەکەکە، دەستی کراوە دەبێت بۆ قڕکردنی کورد. دەوڵەتی تورک لە هێرشکردنە سەر گەریلا، ئامانجی لەناوبردنی گەلی کورد و ژنان و سرووشتی کوردستانە، بەڵام لەبەرامبەردا، لەسەر بناغەی پارادایمی ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تێکۆشانی گەل هەیە، تێکۆشانی ژن هەیە، تێکۆشانی ئیکۆلۆژی هەیە. ئەم تێکۆشانەی دەیان ساڵە بەردەوامە، بەرئەنجامی ئیرادەیەکی بەهێز و زیهنیەتی ئازادە. ئەمەش مایەی ترسە بۆ پەدەکە، چونکە ئەوەی پەدەکەی هێشتۆتەوە، ملکەچی و خیانەت و سایکۆلۆژیای مرۆڤی بەزیوە. بۆیە پەدەکە لە میدیاکانییەوە دەیەوێت مرۆڤی کورد لە ئیرادە دابماڵێت، دەیەوێت پاساو بۆ داگیرکاری و ژێردەستەیی بهێنێتەوە. شەڕێکی سایکۆلۆژی لەگەڵ گەنجی کورد دەکات، تاوەکو نزیک نەبنەوە لە تێکۆشان و خۆپەروەردەکردن و خۆڕێکخستن.

مرۆڤ وەختێک دەڕوانێتە گوتاری پەدەکە و میدیاکانی، دەبینێت پرۆپاگەندە و ویستی داگیرکەر هەڵدەڕێژرێت. گوتاری پەدەکە، گوتاری تەسلیمبوونە، گوتاری پارچەکردنی کوردە. لە ئاستی چوار پارچەی کوردستان، پەدەکە دەیەوێت کوردی پارچەیەکی کوردستان، باکی بە کوردێکی تر نەبێت لە پارچەیەکی تر؛ لەناو باشوری کوردستانیش، دەیەوێت شارەکان و گوندەکان و تاکەکان بدات بە گژی یەکدا، تاوەکو هیچ ئیرادە و خەونێکی هاوبەش نەیەتە دی. پەدەکە دەیەوێت لە هەر مرۆڤێکی کورددا، تەسلیمبوون و سایکۆلۆژیایەکی بەزیو زاڵبکات، پاساوی بۆ خیانەت و هاوکاری داگیرکەران ئەوەیە، کورد ناتوانێت شەڕی ئەم دەوڵەتانە بکات؛ کەچی دەیان ساڵە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، بە ئیرادەیەکی مەزنەوە بەرامبەر سوپایەک دەوەستنەوە خاوەنی نوێترین چەک و کەرەستەیە؛ گەریلا بە سادەترین چەکەوە بەرامبەر چەکی کیمایی و و هەموو چەکێکی قەدەغەکراو بەرخۆدان دەکات، ڕۆژێکیش ڕەوایەتی نەداوە بە تەسلیمبوون. بۆیە پاساهێنانەوە بۆ خیانەت کەس فریو نادات، هەمووان دەزانن پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی تەنها لەپێناو مانەوە لە دەسەڵات ئەم کارە دەکەن، ئەو دەسەڵاتەی بۆتە بەڵایەک بۆ سەر گەلی کورد و ئەم گەلەی تووشی چارەڕەشی کردووە.

بەرپرسانی پەدەکە دەڵێن، دەبێت پەکەکە چەک دابێت و لەنێو تورکیا سیاسەت بکات، دیوی شاراوەی ئەم قسەیە ئەوەیە، دەبێت پەکەکە تەسلیم بێت. باشە خۆ عەفرین و سەرێکانی لەپێشچاومانە. ئەو هەموو گوندە چۆڵکراوەی باشوور دەبینین. ڕۆژانە لە ڕۆژئاوا و باشور، دەوڵەتی تورک وڵاتپارێزان و خەڵکی سڤیل دەکوژێت، سرووشتی کوردستان تاڵان دەکات. لە باکوری کوردستان، دەوڵەتی تورک ساڵەهای ساڵە سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبات، چاند و زمانی کورد دەسڕێتەوە، هەزاران سیاسەتمەدار و وڵاتپارێز و چالاکوانی کوردی خستۆتە زیندان، دارستانەکان دەسوتێنێت، دەرفەتی هەناسەیەک بۆ کورد نەماوەتەوە. بە کام لۆژیک دەڵێن، چەک دانێ و لە باکور سیاسەت بکە؟ 

لەکۆتاییدا ئەوە ماوە بڵێین، پەدەکە بەڕوونی هێڵی خۆی یەکلا کردۆتەوە، بەرژەوەندییەکانی خۆی و خیانەت و تەسلیمبوونی هەڵبژاردووە. لەبەرامبەردا، پێویستە گەلی کورد، ژنان، گەنجان، بە ستراتیژێکی تۆکمەوە دژی ئەم هێڵە بوەستنەوە. دەبێت لە بەرامبەر خیانەتی پەدەکە، هێڵی وڵاتپارێزی بەهێز بکرێت. لە بەرامبەر خواستی تەسلیمبوونی پەدەکە، ئیرادە و تێکۆشانی ئازادی گەشەبکات. پێویستە ژنان و گەنجان، لەسەر بناغەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، خۆیان پەروەردە و ڕێکخستن بکەن، ئەمە باشترین وەڵامە بۆ هێڵی خیانەت.

 

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …