٩ یەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی  کۆمەڵگەی کوردستان پیرۆزبێت

لە ٩ یەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی  کۆمەڵگەی کوردستان دا. جەخت دەکەینەوە کە تەڤگەری ئازادیی ڕێکخستنێکی دیموکراتیی، سیاسیی، ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییە، لەسەربنەمای پارادایمی دیموکراسی، ھاوسەنگیی ڕەگەزیی و ئازادیی ژن و ژینگەپارێزیی تێکۆشان دەکات.  «٩» ساڵ  لەمەوبەر  لە ٢٠١٤/١٠/١٧ بەدەستپێشخەریی کۆمەڵێک ئازادییخواز و وڵاتپارێزی ژن و پیاو لە شاری سلێمانیی بە بەشداریی ١٥١ ئەندام یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی ئەنجامدا.

تەڤگەری ئازادیی، پێشەنگایەتیی بۆ بونیادنانی سیستمێکی کۆمەڵایەتیی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی و نەتەوەی دیموکرات دەکات. نۆ ساڵە لە ھەلومەرجێکی ناسەقامگیر و پڕ کۆسپ و کێشەی زھنی و سیاسیی و ئابووریی کۆمەڵایەتیی و داگیرکارییدا بەردەوامە و پەرە بەتێکۆشانی خۆی دەدات.

تەڤگەری ئازادیی تا ئێستا سێ کۆنگرەی ئەنجامداوە، لەھەموو ئۆرگان و  ئەنجومەنەکاندا سیستمی ھاوسەرۆکایەتیی پەیڕەودەکات و دووساڵ جارێک کۆنگرە دەبەستێت. ھەر لەسەرەتاوە دەسەڵاتدارانی بەرژەوەندییخواز و هێڵی خیانەت و خۆسەپێن بەشێوازی نایاسایی و توندوتیژیی و تائاستی تیرۆرکردن و زیندانییکردن رووبەروی ئەندامان و کارو چالاکییە مەدەنیی و ڕێکخستن و ڕۆشنبییرییەکانمان بوونەتەوە، بەڵام ھەرگیز نەیان توانیوە بمان وەستێنن، بەڵکو بەسۆز و بڕیارێک کەداومانە تا بەدیهێنانی سیتستمێکی خۆبەریوەبەری دیموکراتیی بۆ گەلی کورد و گەلانی عێراق بەردەوام دەبین لەم تێکۆشانە دیموکراتییە.

تەڤگەری ئازادیی لە ئاستی باشووری کوردستان و عێراقدا، خاوەن پڕۆژەی چارەسەریی و دیموکراتییانە بووە بۆ پرسی ماددەی ١٤٠ و بەڕێوەبردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و کێشەکانی نەوت و بودجە و پێشمەرگە، بەردەوام لەبەرەی گەلدا بووە بۆ بەدەستھێنانی مافە ئابووریی و دەستورییەکان دژبەری بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران راوەستاوە و ھەڵوێست و کارە نایاسایی و قۆرغکاریی و تاکڕەوییەکانی شەرمەزارکردووە. لەئاستی گەل و نیشتیماندا بەردەوام لەھەوڵی ئەوەدابووە ھێڵی نەتەوەی دیموکرات و ئازادییخوازیی بەھێز و یەکگرتوو بێت و دەنگەئازادییخواز و ناڕازییەکان بکاتە ھێزێکی پێشەنگ و کاریگەری کۆمەڵگەی باشووری کوردستان. لەبەرامبەر ھێرشی داگیرکەران و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا خاوەن ھەڵوێست و دەستپێشخەریی بووە و ھاوھەڵوێستی و بەھێزکردنی یەکێتیی نەتەوەیی بووە لەبەرامبەر پیلانگێڕیی و ھێرشە داگیرکارییەکاندا.

لەکاتێکدا پێدەنێینە دەیەمین ساڵی تێکۆشانمانەوە، گەلەکەمان و دەسکەوتە بەدەستھاتووەکانی لەھەر کات زیاتر لەلایەن داگیرکەرانی فاشیست و ھێڵی بەکرێگیراو بەدژواریی ھێرشی دەکرێتەسەر و رۆژ بەڕۆژ فشارەکان زیاتر دەبن بۆسەر گەل و ئازادییخوازان و دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان، لەبەرامبەردا ھێڵی بەرخۆدان و کوردی ئازاد لەھەموو ئاستەکانی سەربازیی سیاسیی و دیپلۆماسییدا ھەنگاوی مەزن دەنێن و ھەرگیز سەدساڵێکی تر بەبێ ناسنامە و رێبەرایەتیی و بەبێ ستاتۆیەکی ئازاد و دیموکراسی قبوڵ ناکات. بەشانازیەوە تەڤگەرەکەمان لەبەرەی ئازادییخوایی و دیموکراتییدا جێگەی گرتووە، ھاوشان  لەگەڵ ھێزو لایەنە ئازادییخوازەکان لە پەیوەندیی و کاری ھاوبەشدا خەبات دەکات، لە کاتێکدا باشووری کوردستان لەسایەی سیاسەتی نادیموکراتیی و گەندەڵیی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان کە خۆیان سپاردووەتە ئەجیندای داگیرکەران، بەتایبەت  حکومەتە کار بەڕێکەر و سیخوڕییەکەی ئێستا کەلەبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان و لە ئاستی سیاسیی ئابووریی و پەیوەندییەکاندا شکستی ھێناوە، کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی رووبەڕووی دەیان کێشە و قەیرانی زھنیی و سیاسیی و ئابووریی کۆمەڵایەتیی  کردووەتەوە و گەیاندویەتی بەئاستی بچوک بوونەوە و لەدەستدانی تەواوی دەستکەوتەکان کە بەخوێنی ھەزاران ڕۆڵەی گەل بەدەست ھاتوون.

هەربۆیە ئێمە لەم ساڵیادەدا جارێکی تر جەختدەکەیەنەوە هەرچی زووە، لەئاستی نیشتمانیی و نەتەوەییدا، ئاشتەوایی و دیالۆگی دیموکراتییانە دەست پێ بکات و پاراستنی کوردستان لە ڕۆژئاوا تا باشووری کوردستان بخرێتە ڕۆژەڤی گەل و هەموو هێزە سیاسییەکان. ئەو دۆخە سیاسیی و ئابووریی و پەرتەوازەییەی لە باشووری کوردستاندا هەیە دەبێت کۆتایی پێبێت و ڕێگە لەو تاکڕەویی و ملھوڕییە سیاسییە بگیرێت، چونکە گەلەکەمان هەتاسەر بە هەدەردانی دەستکەوتەکان و یارییکردن بەچارەنووسی گەل و خوێنی شەهیدەکانی قبووڵ ناکات و خاوەنداریی لە خاک و سەروەریی و کەرامەتی خۆی دەکات.

تەڤگەری ئازادیی بەرۆحییەت و ئیرادەیەکی ئازاد و باوەڕ بەخۆ بوونەوە، بە پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤی چارەسەریی بۆ سەرجەم کێشە و قەیرانەکان دەخاتەڕوو بە پشتبەستن بە توانا و ھێزی جەوھەریی گەل، کار بۆ تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانە سەپێندراوەکانی سەر کۆمەڵگە دەکات، بەو بڕوا و ئێرادەیەوە بانگەوازیی لە تەواوی ھێزە سیاسییەکان و  ئازادییخوازان و ژنان و گەنجان و  چین و توێژە ڕەنجدەرەکان دەکات  ھێزی خۆیان بەڕێکخستن بکەن. بێگومان بەردەوامیی سیاسەتی گەندەڵکاران، ھەژاریی، بێکاریی، نەبوونی دادپەروەریی و ڕەشەکوژیی ژنان و نائارامیی کۆمەڵایەتیی کە لە ئەمڕۆدا باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە، بەھاتنە مەیدانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بە پەروەردە و  ڕێکخستنبوون دەتوانێت ئەو نەھامەتییانە تێدەپەڕێندرێت.

تەڤگەری ئازادیی ھەموو ھێز و دەر فەتێک دەخاتە خزمەت تێکۆشانێکی  دیموکراتییانەی بەھادار و بەرھەمداری  گەل کە دوور بێت لە دەسەڵاتپەرستیی و مشەخۆریی  و ستەمکاریی، بە ھەموو توانایەکەوە کار بۆ دەربازکردن و پاراستنی کۆمەڵگا دەکات لەو نەھامەتی و  سەختییانەی بەسەریدا سەپێندراوە، لەو ڕوانگەیەوە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییانەی کۆمەڵگە بەڕێگەچارەی ھەر گونجاو دەزانێت

لێرەوە جارێکی دیکە، سۆز و پەیمان بەخوێنی شەھیدان  و تێکۆشەرانی رێی ئازادیی و دیموکراتیی کوردستان دەدەین، پەرە بەتێکۆشان بدەین هەتا گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد و دیموکرات و خۆبەڕێوەبەر.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٢٠٢٣/١٠/١٦

هەروەها چێکی بکە

گفتوگۆی مەهاتما گاندی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد: توندوتیژی، نا-توندوتیژی و دەوڵەت

ئەم گفتوگۆیە خەیاڵییە لەنێوان مەهاتما گاندی و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەلایەن ئاشیش کۆتهاری …