ئەسەد بەرەو چین ملی پێوە دەنێت

 گیڤارا شێخ نووریی

” ئەسەد هاوڕێ لەگەڵ ئەسما ئەسەد چووە چین، ئەم سەردانە سەردانێکی فەڕمیی بوو، وەک سەردانەکانی پێش ئاڵۆزییەکانی سووریا، ناوەڕۆکەکەی پەیامێکە تا نیشانی بدات ڕەوشی سووریا وەک هیی پێش ٢٠١١ـیە”.

 بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژاوا سەردانی بەشار ئەسەد بۆ چین، بە ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێی نێودەوڵەتیی، قەڵەمبازێکە، بە تایبەت پەکین گرنگیی بە گەشانەوە و ئامادەکردنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناویین دەدات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەماهەنگییە لەگەڵ ئەمریکا. میدیا ئەلکترۆنییەکانی سەر بە حکومەتی شامیش ئەمەیان دووپات کردەوە؛ کە ئامانجی ئەم سەردانە ئابوورییە و گرێدراوی نۆژەنکردنەوەی وڵاتەکەیە.

سەبارەت بە وردەکاریی ئەم سەردانە، ئەسەد هاوڕێ لەگەڵ ئەسما ئەسەد چووە چین، ئەم سەردانە سەردانێکی فەڕمیی بوو، وەک سەردانەکانی پێش ئاڵۆزییەکانی سووریا، ناوەڕۆکەکەی پەیامێکە تا نیشانی بدات ڕەوشی سووریا وەک هیی پێش ٢٠١١ـیە.

لە لایەکی ترەوە ئامانجی ئەم سەردانە، کە لە ٢٠٠٤ـەوە یەکەمین سەردانە، دوورکەوتنەوەیە لە فشارەکانی ڕووسیا و ئێران، کە هەوڵ دەدەن نێوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و سووریا ئاسایی بکەنەوە، ئەسەد پێی لەسەر ئەوە داگرتووە کە دەبێت دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە سووریا بکشێتەوە و ئەمە مەرجی بنەڕەتی ئاساییکردنەوەی دراوسێیەتی پێشوویەتی، ئەردۆگانیش ئەم مەرجە ڕەت دەکاتەوە و بە ‘پڕووپووچ’ـی ناودێر دەکات، ئەمەش پێشوەچوونی ڕووسیا لەم بابەتەدا تێک دەدات. بەم ڕەنگەش هەڵسەنگاندن بۆ پێداگرییەکەی ڕووسیا دەکات کە دەیەوێت دەوڵەتی تورک بۆ خۆی ڕابکێشێت و ئەمریکا بە تەنیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بهێڵێتەوە، هەروەها داوایەکی تری ڕووسیا-ئێران- تورکیا ئەوەیە کە ئەمریکا لە سووریا دەر بکەن، هەر کەس بەپێی تای تەرازووی بەرژەوەندییەکانی بابەتەکە دەکێشێ.

هۆکارێکی تری پێداگریی ڕووسیا ئەوەیە کە مۆسکۆ سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرانیایە، ئەمەش لەبەر سزاکانی ڕۆژاوا لە لایەک و چەقبەستنی ئابوورییەکەی لەبەر گرنگیدانی بە جەنگ لەلایەکی ترەوە. گەر جەنگەکە بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت لە پاشەڕۆژدا ڕووسیاش وەک سووریا بە پاڵپشتییەکی دارایی هەبێت، ڕەتکردنەوەی ئەسەد بۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەردۆگان و هەلومەرجی ئابووریی ڕووسیا، وای کرد کە ڕووسیا هاوکاریی هاوتاکەی خۆی لە حکومەتی شام بکات و بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی ڕووسیی، زۆرجار و بە تایبەتیی لەم دواییانەدا، ڕەتی کردووەتەوە کە هاوکاریی حکومەتی شام بکات، 

هەروەها ئێرانیش لەبەر ئەو بارودۆخە ئابوورییەی تووشی هاتووە، پێی ناکرێت پاڵپشتیی دارایی شام بکات، هاوکات لەبەر شامیش پاڵپشتیی سەربازیی پێشکەش ناکات، بەڵکوو بۆ ئەوەی کارتی فشار دژی دژبەرە هەرێمییەکانی (سعوودییە و تورکیا) و دوژمنی نێودەوڵەتیی (ئەمریکا) بەدەست بخات، ئەمە دەکات.

پێش ئەوەی ئەسەد سەردانی چین بکات و تاران و مۆسکۆ پاڵپشتیی دارایی بۆ شام ڕەت بکەنەوە، حکومەتی شام ڕووی لە وڵاتە عەرەبییەکانی وەک سعوودییە و ئیماڕات و میسڕ و ئوردن نا، سووریا لە سەرەتای شەڕی سووریا لە ٢٠١١ـەوە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە لە ناکۆکییدا بوو، وڵاتانی عەرەبیی بەرانبەر هاوکاریی دارایی مەرجی خۆشیان هەبوو، وەک دەستهەڵگرتن لە بەرهەمهێنان و قاچاخچێتیی بە ماددەی هۆشبەر لە سووریا، کەمکردنەوەی ژمارەی چەکدارە ‘بیانییەکان’ لە سووریا و ئازادکردنی زیندانیان و ڕەخساندنی هەلومەرجێکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا.  

ئەسەد پێی وایە دوورکەوتنەوەی لە ڕووسیا و ئێران و نزیکبوونەوەی لە وڵاتانی عەرەبیی وڵاتەکە بۆ ئاسۆی چارەسەر دەبات، بەڵام ئەمە ڕەوشەکەی ئاڵۆسکاوتر کرد، ئیتر سەرباری داخوازییەکانی ڕووسیا و ئێران، داخوازیی دەوڵەتە عەرەبییەکانیشی بۆ سەربار بوو، بێگومان نزیکبوونەوەی لە چین هەوڵێکی نوێیە و نزیکبوونەوەکەش هەڵهاتنە لەم فشارە، جا نەخوازەڵا بۆ مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بێت، ڕووسیا و ئێرانیش بە هۆی سزاکانی سەریان و ئەو توانا کەمەی هەیانە لە چاو چین، ناتوانن ئەمەی بۆ بڕەخسێنن.

 

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …