ئایا بڕەژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا پێویستە؟

 

عارف گۆران

 

نادادپەروەری لە دابەشکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا ڕووی رەشی کۆمەلگای سەرمایەداری و نیولیبرالیزمی ئاشکرا کرد، ولاتە دەوڵەمەندەکانی جیھان، وەک ئەمریکاو زۆرینەی وولاتانی ئەوروپا، ژمارەیەکی زۆری ڤاکسینەکانیان کڕی و ئەمەش وایکرد بەشێکی زۆری ولاتە ھەژارەکان بێبەش بن وتاوەکو ئێستا نەتوانن ڤاکسینی پێویست دابین بکەن. لە ئێستادا بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا پلان بۆ ئەوە دادەنێن بڕەژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بدەنە ھاوڵاتیانیان .
یەکەم: لە ژێر چاودێری رێکخراوی تەندرووستی جیھان ، کۆڤاکس وەک چەترێک پێشنیارکرا بۆ ئەوەی جۆرێک لە دادپەروەری ھەبێت بۆ دابەشکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بەلام ئاشکرایە، کە ئەو ھەنگاوە شکستی خوارد ، رێکخراوی تەندرووستی جیھانی دژی پێدانی برەژەمی سێیەمی ڤاکسینەکانی کۆرۆنایە لەئێستادا وداوا لە ولاتانی جیھان دەکات ژەمی سێیەم بەلایەنی کەم تاوەکو کۆتایی مانگی نۆ رابگرن، بەو ھیوایەی تا ئەو کاتە زۆربەی ولاتانی جیھان لایەنی کەم ١٠٪‏ ی ھاوولاتیانیان ڤاکسینیان وەرگرتبێت .
دووەم: لێکۆلینەوەکان ئەوە دەردەخەن، کە رێژەی دژەتەن لەو کەسانەی کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە دوای شەش مانگ ھەندێک دادەبەزێت ، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە بە تێەڕبوونی کات ئەگەری دووبارە تووشبوون بە پەتاکە زیادبێت .
 سێیەم: لە کاتێکدا ئاشکرابووە بەشێک لەو کەسانەی، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتوە تووشی پەتاکە دەبنەوە، بەڵام ئەوەش دەزانرێت کە رێژەی ئەو کەسانەی پێوستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زۆر کەمە و مردن بە ھۆی کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە .
رۆژانە خەلکانێکی زۆر پەیوەندیم پێوەدەکەن و پرسیاری ئەوە دەکەن، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووەو دەیانەوێت ژەمی سێیەم وەربگرن . تێبینیم کردووە ئەو پرسیارە زیاتر لە نێوان ئەو کەسانەیە کە زیاتر لە پەتاکە دەترسن و تووشی دڵەڕاوکێی زۆر بووینە بە ھۆی ئەو ڤایرۆسە . ئەوە لە کاتێکدا زۆرینەی خەلکی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە تەنانەت یەک ژەمی ڤاکسین وەربگرن ، لە رووی ئەخلاقیەوە بۆ کەسێکی وەک من پێشنیاری ژەمی سێیەمی ڤاکسین بە کارێکی چەوت دەبینم، لە ھەمان کاتدا ئەرکی وەزارەتی تەندرووستیە، کە رێگانەدات کەسانی ھەلپەرست ودەست رۆیشتوو، دۆخەکە بقۆزنەوە وژەمی سێیەم وەربگرن. لە ئێستادا تەنیا ئەوە دەکرێت ئەو کەسانە دیاری بکرێن، کەدۆخێکی تایبەتیان ھەیە ومافی ئەوەیان بدرێتێ برەژەمی سێیەمی ڤاکسینەکان وەرگرن . ئەو گرووپانە ژمارەیان ئەوەندە زۆر نیەو پێدانی بڕەژەمی سێیەم کاریگەریەکی زۆری نابێت لە کەمکردنەوەی ژمارەی ڤاکسینەکان، لەوانە :
١- ئەو دکتۆرو کارمەندانەی تەندرووستی، کە لە نەخۆشخانەکانی کۆڕۆنا کار دەکەن ولە ھەموو کەس زیاتر بەریەککەوتنیان ھەیە و ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە لە کەسانی تر زیاترە .
٢-ھەندێک نەخۆشی ھەیە، بەرگری مرۆڤ زۆر لاواز دەکات، یاخود ئەوانەی کە ھەندێک دەرمان وەرگردن کە دەبێتە ھۆی دابەزانی بەرگری لەش، بۆ نموونە ھەندێک ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەری رۆماتیزم بەکاردەھێنرێت، ھەروەھا ئەو نەخۆشانەی کێشەی پەککەوتنی گورچیلە، یاخود نەخۆشی جگەری درێژخایەنیان ھەیە، ئەو نەخۆشانە تەنانەت دوای وەرگرتنی ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینیش بەرگریەکی زۆر کەم درووست دەکەن ، ھەربۆیە زۆربەی ناوەندە زانستیەکان کۆکن لەسەرئەوەی ئەو گرووپە ژەمی سێیەمی ڤاکسییانیان پێبدرێت .
٣-دەکرێت پلانی بڕەژەمی سێیەمی ڤاکسین بۆ ئەو کەسانە دابنرێت، کە زۆر بەتەمەنن، بەتایبەتیش ئەو کاتەی ژمارەیەکی باشی ڤاکسین دەکەویتە بەردەست .
لە ئەگەری بریاردان بۆ بەکارھێنانی برەژەمی سێیەمی ڤاکسین وا باشە ڤاکسینی فایزەر بەکاربھێنرێت .
بەڕێزان، بەشێکی گەورەی زانستی پزیشکی ئەخلاقە ، ھەرکاتێک بەھا ئەخلاقیەکان پووچەڵ کرانەوە، راستیە زانستیەکانیش لەگەلیدا لەناو دەچن . نابێت بە ھیچ شێوەیەک دۆخی کوردستان لەگەل ئەوروپا و ئەمریکا بەراورد بکرێت . لە کاتی ئێستادا ڤاکسین وەک پێویست لەبەردەست نیە ، بۆیە باسکردنی برەژەمی سێیەمی ڤاکسین تا رادەیەکی زۆر بە کارێکی ناڕەوا دەبینم . کوردستانیانی خۆشەویست وا دەردەکەوێت کۆرۆنا لەگەلمان بمێنێت ، ھەربۆیە ئەگەر ھەردوو ژەمی ڤاکسینت وەرگرتووە ئەوە دوو دڵ مەبەو ھەوڵ بدە دەروونت ئارام بێت و دەرفەت بە کەسانی تر بدە، کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ڤاکسین وەربگرن .
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو
لەندەن

هەروەها چێکی بکە

ڕوناک مەجید: بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی بە ئەمری ئەردۆغان بووە

روناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی رایدەگەیەنێت: داهاتووی ئەردۆغان بەندە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *