تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد

زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە پێشمانە، ئایا دەکرا ئەنفال ڕونەدا؟ ئەمانە پرسیاری جەوهەری و جدین، چونکە بە بەڵێ و نەخێر وەڵام نادرێنەوە، پێویستیان بەتیڕامان و هەڵوەستە هەیە، هەندێک جار پرسیار لە وەڵام قوڵتر و قورسترە، هەر بۆیەشە هەموو میدیاکارێک ناتوانێت پرسیاری باش و بەسود بکات. پرسیاری باشیش پێویستی بەوەڵامی باش هەیە، لەو حاڵەتەدا پرسیارلێکراویش ناتوانێ نابەرپرسیارانە بەبەڵێ ونەخێر وەڵامبداتەوە، ئەگەر وای کرد کەواتە بەهەگبەیەکی بەتاڵەوە خۆی خستووەتە بەردەم پرسیاری قورس ودەمامکی نەزانی دەکەوێ.

ئەوەی لەئەنفالدا رویدا، بە هەموو پێوەرێک جێنۆساید بوو، هۆکارەکەشی هەر بەوەندە ڕون ناکرێتەوە بڵێین کورد دەرگیری دەوڵەت و حزبێکی فاشی وەک بەعس بوو، بەڵکو دیوێکیشی ئەوەیە ئەوەی لە کوردستانیش لە دژی دەوڵەت و بەعسیەکان هەبوو، شۆرش نەبوو، تەنھا بزوتنەوەیەکی چەکداری ڕووت و پەتی بوو، کە خۆی لەجەنگی ئێران -عێراقەوە گلاند و پاساوی دایە دەست بەعس لەناو تەپ وتۆزی جەنگدا پلانی لەمێژینەی فاشیانەی جێبەجێ بکات. بۆیە ئەگەر شۆڕش بوایە تێکەڵ بەوجەنگە کۆنەپەرستیە نەدەبوو. شۆڕش بێفیکرو بێ کلتور نابێ، شۆڕش ئەوەیە بەتەنیشت خەباتی چەکدارییەوە خەباتی کلتوریشی بەگەڕ خستبێ ژیاندۆست و ژینگە دۆست بێ و ئامانجی هوشیاری و شکۆمەندی بێت. شەڕکردن لەسەر پێگەی سیاسی هیچ نیە، ئەگەر ئامانج رزگار کردنی خەڵک نەبێت لەنەفامی، شۆڕش ئەوکاتە بەهای هەیە کە شوێنکەوتووەکانی بەگورگان خواردوو نەداو کۆمەڵگە لە گۆمی خوێن ھەڵنەکێشێ.

سیاسی فاشیل بەگشتی مەرگدۆستە، هێندەی شانازی بەروبەری فراوانی گۆڕستانەکان و ژمارەی شەهیدەکانیەوە دەکات هێندە ئاوەدانی شارەکان و شکۆی زیندووەکانی بەلاوە گرنگ نییە.

ئەوەی لەکوردستان ڕوویدا ئەنجامەکەی بەبەرچاومانەوەیە، کوردستانی دوای ئەنفال (کوردستانی ئازاد؟!) بۆ جاشەکان و کۆنە بەعسیەکان بوو بەھەشت و بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دۆزەخ. کەواتە عێراقی فریدەم و کوردستانی ئازاد درۆیەکی گەورەبوو، ئەوەی ڕویدا ڕوخانی بەعس و ڕزگاربوونی عێراق و کوردستان بوو لە دەسەڵاتی سەدام نەک ئازادی چونکە لە حزبی بەعس رزگاری بوو بەڵام لە بەعسیزم و لە نەفامی رزگاری سیاسیەکانی دوای بەعس رزگاری نەبوو.

کوردستان و عێراق بووە، ژینگەیەکی لەبار بۆ مرۆڤی خۆشبەختی دەبەنگ، بۆسیاسی بێ فیکرو بێ حیکمەت، زانکۆکان پڕبوون لە بڕوانامەداری پۆشتەو بێ مەعرفەو مزگەوتەکان پڕبوون لە بانگخوازی جاهیل و هەوەسباز، بەتەنیشت سیاسیەکانەوە بوونە بازرگان سیاسیەکان، نیشتمان و هاونیشتمانی و ئەمانیش دین و بەرماڵ وماڵی خودا دەفرۆشن.

یادی ئەنفال ئەگەر هۆشیاری دروست نەکات و مرۆڤ نەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی، کەواتە یادنیەو هەرچی بکەن وبڵێن لەنمایشێکی بێگیان زیاتر نییە. دەنا چۆن دەبێت جەلادێک و قوربانییەک پێکەوە بچن بۆ یادی ئەنفال و پێکەوە ماتەم بگێڕن بێ ئەوەی جەلاد خەجاڵەتی کێشابێ و داوای گەردن ئازایی لەقوربانی کردبێت؟ چۆن دەبێت زیندانیەکی نوگرەسەلمان پێکەوە بچنە ماڵی خواو پێکەوە داوای بەخشین لەخودا بکەن ؟ جا ئەوە لەمزگەوتی شارێک بێت یان لە حەج .. هێشتا دیمەنەکە بۆمن نامۆیە کە جەلادو قوربانی پێکەوە لەنیشتمانێکدا بن بێ دادگایی و بێ لێپرسینەوە، بۆم پرسیارە دەربازبوویەکی گۆڕی بەکۆمەڵی بیابان لەگەڵ جەلادێکی بکوژی ئەو کۆمەڵکوژییە پێکەوە لەمەککەی پیرۆزببن بەحاجی و پێکەوە و بەتەنیشت یەکەوە تەواف بکەن و لەیەزدان بپارێنەوە؟ ئەی خودا چۆن تەماشای ئەم دوو عەبدە دەکات و چۆن دوعایان وەردەگرێ ؟ باوەڕناکەم خوداش وەک سەرۆک و سیاسیەکان دوعای جەللاد قبوڵ بکاو دوعای قوربانی وەرنەگرێ.

ئاخر ژنێک لە دادگای باڵای تاوانەکان رۆژی ١١/١٠/٢٠٠٦ بەبەرچاوی ئێمەو سەرۆک و دەستەی دادوەری و پارێزەرانەوە شایەتی داو وتی : لە تۆپزاوا ئەفسەرێک بەناوی حسێن حللانی هاتە ناو هۆڵەکەمانەوەو بە کچێکی وەت وەرە دەرەوە، کچەکە وەڵامی نەدایەوە، ئینجا خێراخێرا قۆڵی ڕادەکێشاو دەیگوت : وەرە دەرەوە تۆهی منیت، کچکە ملی نەدەدا دەیویست بەتۆبزی بیبات ودەستدرێژی بکاتەسەر، بەڵام کچەکە ڕەتی کردەوەو تفی کردە ناوچاوانی و پێیوت تۆسەرسەریت، ئەفسەرەکە فەرمانی بەپاسەوانەکانی کرد کە بچن دایک وباوکی بدۆزنەوەو بیانهێنن، سەربازەکان فرمانەکەیان جێبەجێکردو هێنایانن بۆناو هۆڵەکەمان، بەبەرچاوی ئەو هەموو خەڵکەوە و بە بەرچاوی دایک و باوکییەوە ئەو بێشەرەفە پانتۆڵی داناو دەستدرێژی کردە سەرکچەکەو دواتریش دووفیشەکی دەمانچەی نابەسەرییەوە. ( بۆ درێژەی ئەم چیرۆکە بڕوانە گەشتەکانی ئەنفالستان -دەزگای سەردەم-بیرەوەری ژمارە ٥٩)

دەی هاونیشتمانییەکی کورد سیاسیەک و مەلایەک و رۆژنامەنوسێک لەبەرانبەر ئەم چیرۆکەو هەزارانی تر بێهەست وبێ هەڵوێست بێت، ئیدی قسەکردنی ئەو لەسەر نیشتمان و ئاین و ئایدۆلۆژیا جگەلە درۆیەکی گەورەی پوچ چیترە ؟

 

هەروەها چێکی بکە

ماکرۆن و ئەوروپای مردوو

عادل عوسمان دوای چەند دەیە لە شەڕو و سەدەیەک لە هەژمونیەتی ئەوروپا بەسەر جیهاندا، واتە …